شەڕی وێرانکەری نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، بە هەر زمانێک وەسفی بکەیت، بۆ خەڵکی ئێران هیچ مانایەکی تری نییە جگە لە مەرگ، ئاوارەیی، هەژاریی و لەناوچوونی داهاتوویان. ئەو هاووڵاتیانەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەڵگیرساندنی ئەم شەڕەدا نەبووە، ئێستا باجی سیاستە سەربازییەکانی ئەمریکا و سەرکێشی و سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بە گیان و بژێویی خۆیان دەدەن. لەم نێوەندەدا، بێبەشترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زیاتر لە هەمووان زەرەرمەند دەبن چونکە نە توانای بەجێهێشتنی ناوچە مەترسیدارەکانیان هەیە و نە پاشەکەوتێکیشیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان لەم بارودۆخە سەختەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئاسەواری وێرانییەکان لە باشووری ئێران بەرچاوترە. بەرپرسانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە لە بەشێک لە هورمزگان، خەڵک بۆ چەندین کاتژمێر بێ کارەبا و ئاوی خواردنەوە ماونەتەوە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، بنەماکان نەک هەر لەگەڵ تینوێتی و گەرمادا، بەڵکوو لەگەڵ تێکچوونی خۆراک، دژواری لە ڕاگرتنی دەرمان، پچڕانی پەیوەندییەکان و بێتوانایی لە ڕاپەڕاندنی کاروباری سەرەتایی ژیان بەرەوڕوون. ڕاپۆرتەکانی بەندەر خەمیر دەریانخستووە کە وێستگەی قەتار و چەند پردێک کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە. هر مرۆڤێک کە لەم هێرشانەدا گیان لەدەستدەدات، بەشێکە لەو داهاتووەی کە وێران دەبێت.
بەڵام ئازاری خەڵکی ئێران تەنیا بەرهەمی بۆمب و مووشەک نییە. ملیۆنان ئێرانی هەست دەکەن لە نێوان سێ هێزی وێرانکەردا گرفتار بوون: هێرشە سەربازییە تاوانکارییەکانی ئەمریکا، سیاستە سەرکوتگەر و قەیران خوڵقێنەکانی کۆماری ئیسلامی، و هەروەها ئابوورییەکی داڕماو کە توانای دووبارە بنیادنانەوەی ژیانی لە خەڵک سەندووەتەوە. ئەم شەڕە لە وڵاتێکدا ڕوودەدات کە پێشتریش لەگەڵ هەڵاوسان، دابەزینی بەهای دراو، بێکاریی، گەندەڵی، نایەکسانی و پەرەسەندنی هەژاریی بەردەوام بەرەوڕوو بوو. لەمڕووەوە، هەر هێرشێکی سەربازی بە خێرایی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان، دەستنەکەوتنی کەلوپەل، لەدەستدانی کار و زیادبوونی دڵەڕاوکێی گشتی. خەڵکی ئێران ئەمڕۆ خۆیان لە نێوان سێ هێزی تێکدەردا دەبیننەوە: هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، سیاستە سەرکێش و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و قەیرانێکی ئابووریی قووڵ کە توانای نوێکردنەوەی ژیانی لە خەڵک بڕیوە. ئەم سێ هۆکارە جیا لە یەکتر کار ناکەن. شەڕ، هەڵاوسان و کەمیی کەلوپەل قورستر دەکات، دەسەڵات بە بیانووی بارودۆخی ئەمنی سەرکوتکردنەکان زیاتر دەکات و هەژاریش توانای خۆڕاگریی لە بنەماڵەکان دەستێنێتەوە.
کاسبکارێک لە ئیسفەهان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەیامنێری نیویۆرک تایمز، بە کورتی کەشوهەوای کۆمەڵگەی بەم شێوەیە وەسف کردووە: “خەڵک هەست دەکەن لە دۆزەخێکدا گیریان خواردووە کە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕەکە هیچ کارێک ناکەن بۆ ڕزگارکردنیان. شەڕ بۆ دەوڵەتەکان، مەیدانی تاقیکردنەوەی هێزە، بەڵام بۆ خەڵک، بە مانای سفڕەی بەتاڵ، ماڵوێرانی و داهاتوویەکە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لێڵ تر دەبێت.
گرانی ئێستا تەنیا کێشەی دابەزینی ئاستی خۆشگوزەرانی نیست، بەڵکوو ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆسەر تەندروستیی خەڵک. ژمارەیەک لە هاووڵاتیان وتوویانە چارەسەر و کڕینی دەرمانیان دواخستووە و لە بری میوە و سەوزە، حەبی ڤیتامینی هەرزانتر دەکڕن. ئەم جۆرە بژاردانە نیشانەی گەیشتنی ئاستی هەژارییە بە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار. بنەماڵەیەکی کە ناچار بێت لە نێوان دەرمان، خۆراک و کرێی خانوو یەکێکیان هەڵبژێرێت، بە کردەوە لە مافە سەرەتاییە ئینسانییەکان بێبەش بووە“.
شەڕ هەروەها کاروکاسبیە بچووکەکانیشی تەعتیل کردووە. کەرتی گواستنەوەی تووشی ئاستەنگ کردووە و نرخی کەرەستەی خاوی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرزکردووەتەوە. کرێکارانی ڕۆژکار، ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە، خانەنشینان و پەراوێزنشینان لە زومرەی یەکەم قوربانییەکانی ئەم ڕەوتەن. تەنانەت ئەگەر هێرشەکانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا بوەستن، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ژێرخانەکان، ژیاندنەوەی دەرفەتی کار و قەرەبووکردنەوەی دابەزینی توانای کڕین، ساڵانێکی زۆری دەوێت.
کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات هێرشە دەرەکییەکان بکاتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی بازنەی دەسەڵات و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان. هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری و نائەمنیی، لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو، دەستبەسەرکردنی ئەمنییەتی و دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی دژبەران بێ وچان بەردەوامە. ئەگەرچی هێشتا ئاسۆی کۆتایی هاتنی شەڕ، لێڵ و ناڕوونە، بەڵام دەکرێت بەرەو کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان هەنگاو بنێت. ڕەنگە کۆماری ئیسلامی، لە ژێر گوشاری سەربازی و ئابووریدا، بەمەبەستی پاراستنی مانەوەی خۆی ناچار بێت لە مەیدانی دەرەکیدا سازش بکات. لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا و ئیسرائیل لەوانەیە لەوە تێبگەن کە پرسی ڕووخانی خێرا یاخود گۆڕینی بنەڕەتیی دەسەڵات لە ڕێگەی گوشاری سەربازییەوە، نە تەنیا مومکین نییە، بەڵکوو دەکرێت ناوچەکە بەرەو شەڕ و ئاڵۆزییەکی بەربڵاوتر ببات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری جیهانی و بەرژەوەندییەکانی خۆشیان دابنێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەری ڕێککەوتنێکی سنووردار، کەمبوونەوەی هێرشەکان و کرانەوەی ڕێگای دانوستان لەئارادایە. بەڵام ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە مەرج نییە بە مانای ڕزگاربوونی خەڵک بێت. چونکە دەکرێت دەوڵەتەکان لەسەر مانەوەی دەسەڵات، ئەمنیەتی ناوچەکە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بگەنە لێکتێگەیشتن، بەبێ ئەوەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، کۆتایی هێنان بە ئێعدامەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیان یان باشتربوونی بژێویی کۆمەڵگە بێتە ئاراوە.
کۆتاییهاتنی ڕاستەقینەی شەڕ پێویستی بە ئاگربەستی دەستبەجێ، وەستاندنی هێرش بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، دەستڕاگەیشتنی ئازادانەی خەڵک بە ئاو، خۆراک، دەرمان و چارەسەری پزیشکی، و دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ هەیە بۆ تۆمارکردنی زیانەکان و پشتیوانیکردن لە قوربانیان. هەروەها سەرچاوە گشتییەکانیش دەبێت لە بری بەرنامە سەربازییەکان و دام و دەزگاکانی سەرکوت، لەپێناو سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بەکار بهێنرێت. خەڵکی ئێران نە قەڵغانی مرۆڤیی کۆماری ئیسلامین و نە قوربانیی حەتمیی هاوکێشەی دەسەڵاتە دەرەکییەکان. ئەوان مافی خۆیانە کە بەبێ بۆمباران، سەرکوت، هەژاری و ترس و دڵەڕاوکێ بژین.
