کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە لە لایەکەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی شەڕ و لە لایەکی دیکەوە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیی بەرەوڕووە، سەرلەنوێ پەنای بردووەتەوە بەر تاقە ئامرازێکی کە لە جبەخانەی سەرکوتی خۆیدا بۆی ماوەتەوە، واتە پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە. ئەو ئامارانەی لایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۵ی زاینییەوە تا ئێستا، لانیکەم ۱۱۲۸ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ژمارەیەکی کە نیشاندەری خێراییەکی بێوێنەیە لە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای مەرگدا. ئەم شەپۆلە لە لەسێدارەدان ناتوانرێت جیا لە کەشی ناڕەزایەتیی ناو کۆمەڵگە شرۆڤەی بۆ بکرێت، لەسێدارەدان بۆ دەسەڵات، پێش ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی “تاوان“، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و چاوترسێن کردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
لە ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ەوە، بەندی ۲ی گرتووخانەی زڵحەسار بووەتە گۆڕەپانی یەکێک لە بەربڵاوترین ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئەو زیندانە لە ساڵانی ڕابردوودا. لە دوای گواستنەوەی پێنج بەندکراو بە ناوەکانی سەید ئیمان حەیدەری، ئەیووب ئەسعەدی، وەحید تەیمووری، حامید نەزەریانی و ئەمیر نەزەریانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، نزیکەی ۱۵۰۰ بەندکراو دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. بەشێکی گەورە لەم بەندکراوانە، خۆیان قوربانیی ڕاستەوخۆی، ڕەوتی هەژاری، بێکاری و بێبەشیی ئابوورین، ئەو کەسانەی کە سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی لەبری چاککردنی پێکهاتە ئابوورییەکانی سەرچاوەی هەژاری و ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەسێدارەیان دەدات. بەندکراوانی ناڕازی دەستیان خستووەتە سەر دژوازییەکی بنەڕەتی: لە کاتێکدا تۆمەتبارانی پلەنزمی دۆسیەکانی ماددەی هۆشبەر زۆر زوو بە پەتی سێدارە دەسپێردرێن، تۆڕە ڕێکخراوەکانی قاچاخ کە پەیوەندییان بە دامەزراوەکانی دەسەڵات و سپای پاسدارانەوە هەیە، بە پارێزبەندیی تەواوەوە بەردەوامن لە چالاکییەکانی خۆیان. ئەم ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە تا ڕاگرتنی تەواوی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان و گۆڕینی ئەو یاسا نادادپەروەرانە، درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.
سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی مانگرتنەکە لە قزڵحەسار، دەزگای دادوەری ڕژێم دوو ناڕازیی سیاسیی دیکەی لەسێدارە دا. عارف خۆشکار، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ۱۴۰۱، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر برا بچووکەکەی، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرابوو، ئەو بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، بووە قوربانیی تۆڵەسەندنەوەی کوێرانەی حکومەت. هەروەها محەممەد ئەمینی دێهاقانی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە ئیسفەهان بوو کە بەهۆی فشاری توند بۆ سەر بنەماڵەکەی، تا کاتی جێبەجێکردنی سزاکەی لە هیچ میدیایەکدا ناوی نەبردرا. لەسێدارەدانی هاوکاتی ئەم دوو کەسە، پەیامێکی ڕوونی دەسەڵاتە بۆ کۆمەڵگە: هەر جموجۆڵیکی ناڕەزایەتی دەبێ دەستبەجێ خامۆش بکرێت.
لەم نێوەندەدا، ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوخۆی زیندانەوە بەدەست دەگەن، باس لە بارودۆخی جەستەیی زۆر خراپی بەندکراوانی مانگرتوو دەکەن. لانیکەم بەندکراوێک بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی بەقەستی بەرپرسانەوە گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش لە بارودۆخێکی جەستەیی زۆر خراپدان. ئەم دۆخە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە جینایەتێکی بێدەنگ لە ڕاڕەوەکانی قزڵحەساردا لە ئارادایە، جینایەتێکی کە بە بڕینی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و سەپاندنی فشاری دەروونی بەسەر بەندکراواندا، هەوڵ دەدات دەنگی ئەم خەباتە بۆ ژیان، لە بێدەنگیدا کپ بکات. بەڵام خۆڕاگریی بەندکراوان تا ئەم ساتە نیشانی داوە کە سیاسەتی ترس و تۆقاندن لە بەرامبەر ئیرادەی بەکۆمەڵدا ئیتر ئەو کاراییەی پێشووی خۆی لەدەست داوە.
لەسێدارەدان، بە هەر شێوەیەک و بۆ هەر تۆمەتێک، کوشتنی ڕێکخراوی دەوڵەتییە و هیچ پاساوێکی یاسایی یان ئەخلاقی ناتوانێت ڕەوایەتیی پێ ببخشێت. سیاسەتی تۆقاندن لە ڕێگەی پەتی سێدارەوە تەنیا قووڵایی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات. تەواوی بەندکراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مافی خۆیانە کە لە پارێزەری سەربەخۆ، دادگاییکردنی ئاشکرا و شەفاف بەهرەمەند بن. ئەو دانپێدانانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا وەگیراون، لە ڕوانگەی هیچ پێوەرێکی یاسایی باوەڕپێکراوەوە شیاوی پشتپێبەستن نین. چڕکردنەوەی سزای مەرگ لەسەر چین و توێژە کەمداهات و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە، لە کاتێکدا هۆکارە سەرەکییەکانی گەندەڵی و قاچاخی ڕێکخراو لەوپەڕی ئەمنییەتدا درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن، نموونەیەکی ئاشکرایە لە نادادپەروەرییەکی چینایەتی و سیستماتیک.
دەنگی بەندکراوانی قزڵحەسار نابێت لە پشت دیوارە بەرزەکانی زینداندا قەتیس بێت. ئەمە ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە کە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان، دەرکردنی بەیاننامە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، تێچووی سیاسیی لەسێدارەدان بۆ کۆماری ئیسلامی بەرز بکەنەوە. بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە لەم ساتە سەختانەدا بە تەنیا جێنەهێڵین، پشتگیریی یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی لەوان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات دژی دەزگای لەسێدارەدان.
ئەم مانگرتن لە خواردنە، خەباتێکە بۆ ژیان و بۆ دادپەروەریی چینایەتی. بەندکراوانی قزڵحەسار بە ڕاوەستاویی خۆیان ئەم پەیامەیان گەیاندووە کە خۆڕاگریی هێشتا زیندوە. ئێستا ئەرکی ئێمەیە کە لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندان، ئەم پەیامە بکەین بە دەنگێکی بەرز لەدژی ستەم و سەرەڕۆیی و لە پێناو داکۆکیکردن لە ئازادی و مافی ژیان.
