بیمە کۆمەڵایەتییەکان و سندووقەکانی خانەنشینی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا دەبێت یەکێک بن لە گرنگترین کۆڵەکەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. فەلسەفەی بوونی ئەم دامەزراوانە ئەوەیە کە کرێکاران، مووچەخۆران، هەژاران و چین و توێژە لاوازەکان لە سەردەمی نەخۆشی، بێکاری، پەککەوتەیی و بەساڵاچووندا بەبێ پەنا نەمێننەوە. مووچەی خانەنشینی، بیمەی تەندروستی و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی ساڵانێک کارکردن، پێدانی پشکی بیمە و بەشێک لە حەقدەستی پاشەکەوتکراوی کرێکاران و مووچەخۆرانە. بەڵام لە ئێران، ئەم دامەزراوە سەرەکییانە بەهۆی تاڵانکردنی سەرمایەکان، گەندەڵیی سیستماتیک، خراپ بەڕێوەبردن، جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەت و هەژموونی دامەزراوە حکومی و نیزامییەکانەوە، بەرەو مایەپووچبوون پاڵپێوەنراون.
قەیرانی بیمە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ گرێ دراوە بە ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسەوە. کەمیی ئاستی لەخۆگرتنی بیمەیی، بێتوانایی سندووقەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، دابەزینی کوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ناسەقامگیریی بژێویی ژیانی خانەنشینان، هەموویان نیشانەی داڕمانی یەکێک لە دوایین لایەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتین لە ئێران، لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و ناسەقامگیریی ئابووری ژیانی زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری تووشی ئاستەنگ کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشی هەرەزۆری کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکان لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی چەتری بیمەدان. دامەزراندنی نافەرمی، گرێبەستی کاتی، بێکاری، تۆمارنەکردن لە سیستمی بیمە، خۆدزینەوەی خاوەنکاران لە پێدانی پشکی بیمە و لاوازیی چاودێری، ملیۆنان کەسی لە سەرەتاییترین مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کردووە. تەنانەت ئەو بەشەی کۆمەڵگەش کە لە ڕواڵەتدا لە ژێر چەتری بیمە و سندووقەکانی خانەنشینیدان، لە ئاسایشێکی ڕاستەقینە بەهرەمەند نین. ئەو خانەنشین و بیمەکراوانەی ساڵانێک پشکی بیمەیان داوە، ئەمڕۆ دەبینن ئەو سندووقانەی کە دەبوو پاڵپشتی ژیانیان بن، خۆیان بەهۆی گەندەڵی و دەستێوەردانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، بێتوانا و مایەپووچ بوون.
سیستمی بیمەی ئێران لە ١٧ سندووقی خانەنشینی پێکهاتووە، چوار سندووقی سەرەکی و سێزدە سندووقی پیشەیی و تایبەت. گرنگترینیان ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتییە کە نزیکەی ٤٦ ملیۆن کەسی لە خۆگرتووە. سندووقی خانەنشینیی وڵات، سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتیی جووتیاران، گوندنشینان و سندووقی هێزە چەکدارەکانیش، لە زومرەی سندووقە سەرەکییەکانی ترن. لەم نێوەندەدا ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی پێگەیەکی تایبەتی هەیە، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی نابێت پەیوەست بێت بە بودجەی گشتییەوە و سەرچاوەکانی دەبێت لە ڕێگەی پشکی بیمەوە دابین بکرێت: ٧ لەسەد لە لایەن مووچەخۆران، ٢٠ لەسەد لە لایەن خاوەنکار و ٣ لەسەد لە لایەن حکومەتەوە.
بەڵام ئەم میکانیزمە بە ڕواڵەت ڕوونە، بەکردەوە لە لایەن حکومەت و خاوەنکارە گەورەکانەوە پێشێل کراوە. بەپێی دانپێدانانی سەرچاوە فەرمییەکان، حکومەت نزیکەی چوار دەیەیە پشکی یاسایی خۆی بە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی نەداوە یان بە تەواوی نەییداوە. بەشێکی زۆری خاوەنکارەکانیش، لەوانە دامەزراوەکانی وەک سپای پاسداران کە یەکێکە لە گەورەترین خاوەنکارەکانی وڵات، بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان لە پێدانی تەواوی پشکی بیمە دزیوەتەوە. لە ئاکامدا، ئەو سندووقەی کە دەبوو لەسەر بنەمای پشکی بیمە و سەرچاوەی بەردەوام بەڕێوەبچێت، لەگەڵ کۆمەڵێک قەرزی کەڵەکەبوو و پارەی وەرنەگیراو بەرەوڕوو بووەتەوە.
ڕۆڵی حکومەت لە لەناوبردنی سندووقەکان تەنیا لە نەدانی قەرزەکاندا کورت نابێتەوە. حکومەت و دامەزراوەکانی سەر بەدەسەڵات، لە جیاتی دانەوەی قەرزەکانیان بەشێوەی نەختینە بە سندووقەکان، پشکی کۆمپانیا و کارگە زیانمەندەکانیان پێداون. بەم شێوەیە، بەشێک لە سەرمایەی بیمەکراوان و خانەنشینان خەرجی هێشتنەوەی ئەو دامەزراوانە کراوە کە خۆیان لە لێواری مایەپووچبووندان. سندووقەکانی بیمە لە جیاتی ئەوەی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکەر بن، بوونەتە خاوەن و بەڕێوەبەری دامەزراوە ئابوورییە ناکارامە، ڕانتی و گەندەڵەکان. ئەم پرۆسەیە نەک هەر سەرچاوەی سندووقەکانی بەهێز نەکردووە، بەڵکوو زیاتر لە گێژاوی مایەپووچیدا نوقمی کردوون.
وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی کە لە ڕواڵەتدا دەبێت بەرگریکاری کرێکاران و خانەنشینان بێت، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئەکتەرە ئابوورییەکانی وڵات. لەم دۆخەدا دوو پرسیاری بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئەگەر دامەزراوەکانی ژێر چاودێری ئەم وەزارەتە قازانج بەخشن، بۆچی کرێکاران و خانەنشینان لە قازانجەکەی بەهرەمەند نابن؟ وە ئەگەر زیانمەندن، بۆچی دەبێت لە گیرفانی بیمەکراوان و خانەنشینانەوە بەڕێوەببرێن؟ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە بۆچی خاوەنە ڕاستەقینەکانی ئەم سەرمایەیە، واتە کرێکاران، خانەنشینان و بیمەکراوان، لە سروشت، بەها، کارکرد و چارەنووسی ئەم موڵکانە بێئاگا دەهێڵرێنەوە؟
دەرەنجامی ئەم قەیرانە لە بواری تەندروستیدا بە شێوەیەکی بەرچاوتر دەرکەوتووە. خانەنشینان دەڵێن بەهۆی قەرزی حکومەت و دواکەوتنی بیمەکانەوە، ناچارن تێچووی قورسی دەرمان، نەشتەرگەری و خەواندن لە نەخۆشخانە سەرەتا لە گیرفانی خۆیان بدەن و چەندین مانگ دواتر تەنیا بەشێکی وەربگرنەوە. بۆ خانەنشینێک، دابینکردنی سەدان ملیۆن تمەن تێچووی چارەسەر، تەقریبەن مەحاڵە. بیمەی تکمیلی کە دەبوو جێگەی دڵنیایی بێت، بووەتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ. گۆڕینی بەردەوامی کۆمپانیاکانی بیمەش ئەو ناسەقامگیرییەی زیاتر کردووە و خانەنشینانی لە تەمەنێکدا کە زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیان بە پاڵپشتیی تەندروستی هەیە، لە بێ ئاسۆییدا ڕاگرتووە.
لەم نێوەندەدا دەرمانخانەکانیش لە هێڵی پێشەوەی ئەم قەیرانەدان. قەرزە کەڵەکەبووەکانی لای بیمەکان، هەڵاوسانی توندی نرخی دەرمان و کەمیی نەختینە وایکردووە زۆرێک لە دەرمانخانەکان ناتوانن کۆگاکانیان پڕبکەنەوە. دەرمانخانە دەبێت دەرمان بە نرخی ئەمڕۆ و بە پارەی نەخت بکڕێت، بەڵام پارەی فرۆشی مانگەکانی ڕابردوو، پاش ماوەیەکی زۆر و بە بەهایەکی کەمتر وەردەگرێتەوە. دەرەنجامی ئەم دۆخە، بریتییە لە خاڵیبوونی دەرمانخانەکان، کەمیی دەرمان، کەمبوونەوەی ئاستی دەستڕاگەیشتنی نەخۆشەکان بە پێداویستییە سەرەکییەکان و گواستنەوەی گوشاری دارایی بۆ سەر بنەماڵەکان. لەمڕووەوە قەیرانی سندووقەکان و بیمەکان تەنیا کێشەی خانەنشینان نییە،بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی زنجیرەی چارەسەر، دەرمان و تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگەش.
قەیرانی سندووقەکانی خانەنشینی و بیمە ڕیشەیی و فرەڕەهەندە. دزی و گەندەڵیی حکومی، خراپ بەڕێوەبردن، قەرزە کەڵەکەبووەکانی حکومەت، خۆدزینەوەی خاوەنکاران لە پێدانی پشکی خۆیان، وەبەرهێنان لە کۆمپانیا زیانمەندەکان، نەبوونی شەفافیەت، نەبوونی چاودێریی سەربەخۆ و بێبەشبوونی کرێکاران و خانەنشینان لە ڕۆڵی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی سندووقەکان، هەموویان ڕۆڵیان هەبووە لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا. بۆ کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێویستن:
دەبێت حکومەت و خاوەنکارە گەورەکان پشکی یاسایی خۆیان بە ڕێککوپێکی و بە تەواوی بدەن بە سندووقەکانی بیمە و خانەنشینی.
حکومەت دەبێ هەموو قەرزەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بداتەوە، نەک لە ڕێگەی پێدانی پشکی کۆمپانیا مایەپووچەکانەوە.
دەبێت سندووقەکانی بیمە لە داوی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا زیانمەندەکان و سەرمایەداریی ڕانتی ڕزگار بکرێن.
دەبێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران و خانەنشینان لە بڕیاردان، چاودێری و بەڕێوەبردنی سەرمایەکاندا ڕۆڵیان هەبێت.
بنەمای سەرەکی ئەوە بێت کە سندووقەکانی بیمە دامەزراوەی کۆمەڵایەتین، نەک کۆمپانیای قازانجبەخش لە خزمەت حکومەت و باندەکانی دەسەڵاتدا.
بەڵام بەربەستی سەرەکی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نە ئیرادە و نە توانای جێبەجێکردنی چاکسازیی لەم شێوەیەی هەیە. حکومەتێک کە خۆی هۆکاری قەیرانەکەیە، ئەمڕۆ بۆ مانەوەی خۆی دەست بۆ دوایین پاشماوەکانی سەرمایەی ناو سندووقەکانی خانەنشینان دەبات. قەیرانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەشێکە لە قەیرانێکی قووڵتری ئابووریی سیاسیی دەسەڵات، ئابوورییەکی کە پشتی بە ڕانت، گەندەڵی، سەرکوتکردن، تاڵانکردنی سەرمایە گشتییەکان و بێبەشکردنی کرێکاران لە مافەکانیان بەستووە. لەمڕووەوە، پرسی سندووقەکانی خانەنشینی ئاوێنەی باڵانوێنی پێکهاتەی گەندەڵ و دژەکرێکاریی دەسەڵاتە.
دروستکردنەوەی متمانەی گشتی بە سندووقەکانی خانەنشینی تەنیا کاتێک دەکرێت کە خەڵک، کرێکاران و خانەنشینان بتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی سەرمایەکانی خۆیاندا ڕۆڵیان هەبێت. بەردەوامبوونی سیاسەتە ڕانتییەکان، گەندەڵی و تاڵان و بڕۆ، هیچ دەرەنجامێکی نابێت جگە لە قووڵتربوونەوەی قەیران و داڕمانی بەشێنەیی بنەماکانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی کرێکاران، خانەنشینان و بیمەکراوان پێویستییەکی گرنگ و سەرەکییە. تەنیا بە ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ، ڕێکخراو، یەکگرتووانە و سەرتاسەری دەتوانرێت لە ڕووبەڕووی پرسی تاڵانکردنی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان ببنەوە و مافی ئاسایش، دەرمان، خانەنشینی و ژیانێکی ئینسانی لە حکومەتێکی سەرتاپا گەندەڵ داوا بکەن.
