ئابووریی ئێران کەوتووەتە دۆخێکی شپرزەوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەڵەکەبوونی چەندین دەیە بێتوانایی دەسەڵات، سیاسەتە سەرکێشییە ناوچەیییەکان، گەندەڵیی سیستماتیک و گەمارۆ ئابوورییەکان. ئەگەرچی ئابووریی ئێران هەمیشە لەگەڵ ئاڵەنگارییە پێکهاتەیییەکانی وەک هەڵاوسانی درێژخایەن و بێکاریی بەربڵاو بەرەوڕوو بووە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی مانگەکانی ڕابردوو، بەتایبەت دوای خولی یەکەمی شەڕ، ئەم قەیرانەی گەیاندووەتە ئاستێکی بێوێنە و ئاسۆی داهاتووی نزیکی لێڵ کردووە.
یەکێک لە گرنگترین گرێکوێرەکانی سەر ڕێگای ئابووریی ئێران، بریتییە لە بنبەستی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ قەیرانی توندی نەختینەیی و کورتهێنانی ئێجگار زۆری بودجە بەرەوڕووە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە یەکەم هەنگاوی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکدا جێبەجێ بکرێت. ئەم داواکارییە بۆ “دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ بە سەرچاوە نەختینەکان” پێش هەڵگرتنی هەر هەنگاوێکی کرداری، لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە. لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، ئازادکردنی پێشوەختی سەرچاوە داراییەکان بە واتای لەدەستدانی گرنگترین ئامرازی گوشار دەبێت بەمەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ قبوڵکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بەردەوام.
ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە ئابوورییە دژوارەیە کە دەسەڵات، کۆمەڵگەی ئێرانی تێدا گرفتار کردووە. پێویستیی لەڕادەبەدەر بە پارەی نەخت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی وڵات و پەردەپۆشکردنی بێتواناییە پێکهاتەیییەکان، حکومەتی بەرەو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پڕمەترسی بردووە بەمەبەستی دروستکردنی گوشار. بەڵام لەم نێوەندەدا، ئەوە خەڵکی ئاسایی و بەتایبەت چینی کرێکارن کە باجی ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە دەدەن. هەر ڕۆژێک دواکەوتن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، بە واتای بەردەوامیی گەمارۆکان، کەمبوونەوەی داهاتە دراوییەکان، ناجێگیریی توندی نرخی دراو و سەرەنجام پەرەسەندنی هەرچی زیاتری هەڵاوسان و گرانیی هەوسارپچڕاو. کرێکاران و مووچەخۆران کە داهاتێکی جێگیریان هە و بە ڕیاڵ وەریدەگرن، بەردەوام شاهیدی دابەزینی توانای کڕینی خۆیانن، لە کاتێکدا داراییەکانی وڵات لە دەرەوە بلۆککراون و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە خولێکی بێ ئاکامی بێتوانایی و کەلەڕەقیدا گرفتار بووە.
بەدەر لە قەیرانە درێژخایەنەکان، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دۆخەکەیان خراپتر کردووە. گەمارۆدانی بەندەرەکانی باشووری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، شادەمارە سەرەکییەکانی بازرگانیی دەرەکیی وڵاتی زیاتر لە هەمیشە ڕێک گوشیوە و پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان و هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی لەگەڵ ئاستەنگی جیددی بەرەوڕوو کردووە. ئەم گوشارە ڕاستەوخۆیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کۆتایی کاڵاکان، کەمیی هەندێک پێداویستی و سستبوون و بێتوانایی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو زیانە گەورانەی لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا بەر ژێرخانە سەرەکییەکانی وڵات، بەتایبەت کەرتی وزە و پیشەسازیی کەوت، لە مانگەکانی داهاتوودا لێکەوتەی وێرانکەریان دەبێت. زیانگەیشتن بە وێستگەکانی کارەبا، پاڵاوگەکان و ناوەندە پیشەسازییەکان، وڵات لە دابینکردنی کارەبا، گاز و بەنزین لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕوو دەکات. بڕانی بەربڵاوی کارەبا، دەبێتە هۆی ڕاوەستانی هێڵەکانی بەرهەمهێنان لە کارگەکاندا، کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەوەش، بریتی دەبێت لە پەرەسەندنی ڕکود، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و کەمبوونەوەی خستنەڕووی کاڵا. ئەم ڕەوتە، لە قالبێ هەڵاوسان و گرانیی هەرچی زیاتردا خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت. لەم دۆخەدا، کرێکاران یەکەم قوربانین، ئەوان یان لەگەڵ مەترسیی دەرکردن و بێکاری بەرەوڕوو دەبنەوە، یان ناچارن لە دۆخێکی نائەمن و بە حەقدەستێکی زۆر کەم کە تەنانەت تێچووی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان دابین ناکات، کار بکەن.
دژوازیی نێوان ئەم ڕاستییە تاڵە ئابوورییانە و پڕوپاگەندەی شەو و ڕۆژی میدیاکانی حکومەت کە بەردەوام دەهۆڵی سەرکەوتن لێدەدەن و خۆیان وەک زلهێزیی ناوچەکە نیشان دەدەن، بۆ کۆمەڵگەیەکی کە بە گۆشت و پێستی خۆی ئەو قەیرانە هەست پێدەکات، جێگای قبوڵکردن نییە.
تراژیدیای گەورەی ئابووریی ئێران لەوەدایە کە ئەم وڵاتە، خاکێکی بێ پیت و بێبەش لە سەرچاوە نییە. ئێران بەهۆی هەبوونی سەرچاوەی سروشتیی دەوڵەمەند، هێزی گەنج و خوێندەواری ئینسانی و پێگەی ستراتیژیی ژیۆپۆلەتیکی، خاوەنی توانایەکی کەم وێنەیە بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی ئابووری لە ئاستی جیهانیدا. بەڵام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، بە سیاسەتە ئایدۆلۆژییەکان، سەرکێشییە پڕتێچووە ناوچەیییەکان، گەندەڵیی سیستماتیک و بێبەرنامەیی ئابووری، ئەم توانایانەی بە هەدەر داوە و بەشێکی گەورەی پوتانسیێلەکانی وڵاتی بە بێ کەڵک هێشتووەتەوە. لەجیاتی وەبەرهێنان لە ژێرخانەکان و نوێکردنەوەی پیشەسازییەکان، سەرچاوەکانی وڵات خەرجی پرۆژەگەلێک کراون کە نەک هەر قازانجێکی بۆ بژێویی خەڵک نەبووە، بەڵکو ئێرانی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و ململانێی بێپایاندا گرفتار کردووە. ئەم
دۆخەی ئێستا تەنها دەرەنجامی شەڕ یان قەیرانێکی کاتیی نییە، بەڵکوو بەرهەمی کەڵەکەبوونی چەندین دەیە سیاسەت داڕشتنی هەڵەیە. هەر لە شۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە بگرە تا گەمارۆ بەربڵاو و کاریگەرەکان، سەرجەم دەستیان داوەتە دەستی یەک تا ئابوورییەکی لاواز و پشتبەستوو بە نەوت بگەیەننە لێواری داڕمان.
لە م نێوەندەدا، ئەوە کرێکاران و زەحمەتکێشانن کە قورسترین بار تەحەممول دەکەن. لە کاتێکدا خاوەن سەرمایەکان و ڕانتخۆرانی نزیک لە دەسەڵات، لە ناجێگیربوونی دراو، هەڵاوسان و ئابووریی ژێرزەمینی، بۆ کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانێکی ئێجگار زۆر سوود وەردەگرن، چینی کرێکار لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە.
لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەستی کرێکاران کە بەردەوام لە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە کەمترە، لە بەرامبەر گرانیی سەرسوڕهێنەری کاڵا بنەڕەتییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ بێبەهاتر دەبێت. ئەمەش واتا بچووکبوونەوەی هەرچی زیاتری سفرهی بنەماڵەکان، وەلانانی زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان و دابەزینی کوالێتیی ژیانی ملیۆنان بنەماڵە.
بە داخرانی کارگەکان و سستبوونی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، مەترسیی دەرکردن و بێکاریی، بەردەوام هەڕەشەیە بۆسەر کرێکاران. گرێبەستە کاتیی و سپی ئیمزاکان، کرێکارانیان لە هەر چەشنە ئەمنییەتێکی پیشەیی و مافێکی یاسایی بێبەش کردووە و دەستی ئەوانی لە بەرامبەر چەوساندنەوەی خاوەنکاراندا بەستووە.
کارکردن لە شوێنە نائەمنەکان، سەعات کاری درێژخایەن و دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە دابیننەکردنی بژێوی، تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی هێزی کاری ئێران بە توندی دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا، ئابووریی ئێران لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدا وەستاوە. یان بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێڕەوی ئێستا، واتە قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکە، پەرەسەندنی هەژاری و لەناوچوونی هەموو وزە و تواناکانی وڵات، یان ڕزگاربوون لە دەست کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستمێک لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی گشتی.
