وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند ١٤ کەس و دامەزراوە و فڕۆکەی پەیوەندیدار بە ئێران، تورکیە و ئیماراتی، بەهۆی ڕۆڵیان لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک بۆ کۆماری ئیسلامی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی بنیادنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەو وڵاتە، كراوە. هەروەها هاتووە کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە دڕۆنەکانی شاهێد بەستووە بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە نێوان کەسە گەمارۆدراوەکاندا، ناوی بەڕێوەبەران و ئەندامانی چەند کۆمپانیایەکی پەیوەندیدار بە دابینکردنی پارچەکانی دڕۆن لەوانە “پێشگام ئەلکترۆنیک سەفە” دەبینرێت و دوو فڕۆکەی بۆینگ ٧٧٧ی سەر بە ماهان ئەیریش خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
