ڕۆژی ڕابردوو، قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیای سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پاش بە ئامانج گیرانی کەشتی بازەرگانی “تروسکا” هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کردووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کەشتییەکی بازەرگانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەوڵی تێکشکاندنی گەمارۆکانی ئەرتەشی ئەمریکای لە ئاوەکانی دەریای عومانی دابوو، لە لایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بە ئامانج گیرا و پاشان دەستیان بە سەر کەشتییەکەدا گرتووە. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سپای پاسدارانی ڕژیم جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەم کردەوەی ئەمریکایە بە ڕوونی بنپێ کردنی ئاگربەستە و لە ڕۆژانی داهاتوودا تۆڵەی ئەو هێرشە دەکرێتەوە.
