کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێران لە سەردەمی دوای شەڕدا

IMG 4419

ئێران لە سەردەمی دوای شەڕدا

ئەگەری زۆرە کە دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای شکستیهێنانی خولی یەکەم، جارێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە. لەم خولەدا، و ڕەنگە لە یەک دوو خولی داهاتووشدا، ڕژێمی ئێران بە کردەوە ڕووبەڕووی سێ سیناریۆی سەرەکی دەبێتەوە: یەکەم، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە ناوخۆی ئێراندا وەک ڕێککەوتنێکیئابڕوومەندانەبەرچاو بکەوێت و لە ئەمریکاش بتوانرێت وەک نیشانەیەک لەسەرکەوتنی سیاسیلەقەڵەم بدرێت. دووەم، گەڕانەوە بۆ شەڕ، بەو دەرهاویشتانەی کە پانتایی و قووڵاییەکەی بە ئاسانی پێشبینی ناکرێت، و سێهەم، بەردەوامی دۆخی داخورانینە شەڕ، نە ئاشتیهاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان و درێژەدان بە سیاسەتی گەمارۆ هەرە توندەکانی ترامپ.

بە هەموو ئەمانەشەوە، داهاتووی سیاسی ئێران تەنها لە چوارچێوەی ئەم دانوستانانەدا شیاوی تێگەیشتن نییە، بەڵکوو کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی گفتوگۆکان، لە ناو خودی کۆمەڵگە و لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا چ گۆڕانکارییەک لە حاڵی شکلگرتندایە. ئێرانی دوای شەڕ، بەرهەمی دوو ڕەوتی هاوکات دەبێت: دووبارە ڕێکخستنەوەی دەسەڵات لە سەرەوەی حاکمییەت و بنیاتنانەوەی توانایی  و پۆتانسێلی کۆمەڵایەتی لە خوارەوە.

سەبارەت بە ڕەوتی یەکەم، لە وتارێکی «مەناهەم مەرهاوی» مامۆستایەکی زانکۆی ئۆرشەلیم کە ڕێکەوتی ۱٦ی ئاوریلی ۲۰۲٦ لە گۆڤاریفارین پالیسی، دا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی دەسەڵات لە لووتکەی حاکمییەتدا کراوە. نووسەر لەم وتارەدا دەڵێت کە ئێران لە سیستەمێکیئاخووندییەوە، بەرەو سیستمێک ئەمنییەتینیزامیی، لە حاڵی هەنگاو دەنێت. بە بڕوای ناوبراو، ئەم وەرچەرخانە تەنها بەرهەمی شەڕەکانی ئەم دواییە نییە، بەڵکوو ئەنجامی ڕەوتێکی چەند دەیەییە کە لەسەر  بەستێنی شەڕ، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، کۆنترۆڵکردنی ڕیفۆرمەکان و گەشەی بەشێنەیی هەژموونی سپای پاسداران لە بوارە سیاسی، ئەمنییەتی و ئابوورییەکاندا دروست بووە.

مەرهاوی،محەممەد باقر زولقەدروەک هێمای ئەم گۆڕانکارییە دەبینێت، کەسایەتییەکی کە نە لە ڕێگەی کێبڕکێی هەڵبژاردن و نە لە ڕێگەی سیاسەتکردنی باوەوە، بەڵکوو لە هەناوی سپای پاسداران، دامەزراوە هەواڵگرییەکان و میکانیزمە سەختەکانی دەسەڵات لە پشت پەردەوە سەری هەڵداوە. لە ڕوانگەی ئەم شیکارییەوە، ئەگەر سپا لە قۆناغێکدا تەنها سنوورەکانی دەسەڵاتی سیاسی دیاری دەکرد، ئێستا خۆی بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی. ڕۆحانییەت هێشتا لە ئاستی هێمایی، زمانی و ئایدۆلۆژیدا بوونی هەیە، بەڵام ڕۆڵی ڕاستەقینەی لە بڕیاردان و بڕیارسازیدا کەم بۆتەوە و ناوەندی دەسەڵات گواستراوەتەوە بۆ ناو تۆڕە ئەمنییەتییەکان.

ئەم هەڵسەنگاندنە، لە هێڵە سەرەکییەکانیدا، لەگەڵ ڕەوتەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا دەگونجێت. ئەمڕۆ لە کۆماری ئیسلامیدا، هەرچەندە زمانی فەرمی هێشتا مەشروعییەتی ئاینییە، بەڵام لۆژیکی بەکردەوەی بەڕێوەبردنی وڵات زیاتر لە ڕابردوو، بابەتە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، بەرگرتن بە قەیرانەکان و هەوڵدان بۆ مانەوە پەیڕەو دەکات. بە واتایەکی ڕوونتر، ئەگەر ڕۆحانییەت هێشتا وتەبێژی نەزمی فەرمییە، بەڵام لە کردەوەدا ئەوە دامەزراوە ئەمنییەکانن کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە دیاریکردنی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیدا هەیە.

بێگومان نابێت ئەم وێنەیە بە شێوەیەکی ڕەها و بەبێ ئاڵۆزی ببینرێت. پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا هێشتا خاوەنی چین و توێژی جۆراوجۆر، کێبڕکێی ناوخۆیی و هاوسەنگییەکی لەرزۆکە لە نێوان ڕۆحانییەت، بیرۆکراسی، هێزە سەربازییەکان، دامەزراوە دەستنیشانکراوەکان و میکانیزمە سنووردارەکانی هەڵبژاردن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاڕاستەی گشتی گۆڕانکارییەکە، بەتایبەت لە بارودۆخی قەیرانیدا، بە ڕوونی بەرەو چڕبوونەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات لە دەستی پێکهاتە ئەمنییەکاندا دەڕوات.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی وتارەکەی فارین پالیسی ئەوەیە کە مەرج نییە پەرەسەندنی گوشاری دەرەکی، ببێتە هۆی چاکسازی ناوخۆیی. بەپێچەوانەوە، لە زۆر حاڵەتدا، هەڕەشەی دەرەکی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو دامەزراوانەی کە بەرژەوەندی و بوونی خۆیان لە لۆژیکیکۆنترۆڵی زۆرەملێی بەرفراوانتردا پێناسە دەکەن. ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردووش نیشانی داوە کە هەر کاتێک گوشاری دەرەکی زیاتر بووە، دەستی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتری کاروبارەکان واڵاتر بووە.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئەگەر دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد نەگاتە ئەنجام و ئەم دۆخە هەڵپەسێردراوەی ئێستا هەروا بەردەوام بێت، گونجاوترین دەرهاویشتە سیاسییەکەی بریتی دەبێت لە چەسپاندنی زیاتری پێگەی لایەنی ئەمنییەتی. تەنانەت لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنیشدا، بە وتەی نووسەری ئەم وتارە، لە باشترین حاڵەتدا شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵات ڕەنگە نەرمتر، توندتر یان ئاڵۆزتر بێت، بەڵام ئەسڵی چڕبوونەوە و تەرکیزی ئەمنی بە ئاسانی ناگۆڕدرێت.

بە هەموو ئەمانەشەوە، داهاتووی ئێران تەنها لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکانی ناو دەسەڵاتەوە لێک نادرێتەوە. ئەزموونی خەباتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە ڕوونی نیشانی داوە کە کۆمەڵگەی ئێران لە خوارەوە، نە بێدەنگە و نە بە ئاسانی دەچێتە ژێر باری تەرح و پلانەکانی سەرەوە. هیچ پلانێکی کە لە ئاستە باڵاکانی دەسەڵاتدا، لەلایەن فەرماندە نوێیەکان، بەڕێوەبەرە ئەمنییەکان یان بیرۆکراتەکانی قەیرانەوە دابڕێژرێت، ناتوانێت بەبێ بەرهەڵستی کۆمەڵایەتی و بەبێ تێچوو، بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت.

کۆمەڵگەی ئێران بە کردەوە فێربووە کە نە گوشاری دەرەکی ڕێگەی ئازادی دەکاتەوە و نە درزە ناوخۆییەکانی حکومەت خۆی لەخۆیدا دەبنە هۆی ڕزگاری. ئەگەر ئاسۆیەکی گۆڕانکاری بوونی هەبێت، ئەم ئاسۆیە بەرلە هەر شتێک بەستراوەتەوە بە بنیاتنانەوەی توانای کۆمەڵایەتی، خۆڕێکخستن لە خوارەوە و لێک هەڵپێکرانەوەی ویست و داخوازییە پرشوبڵاوەکان لە قاڵبێکی ڕوونتر و گشتگیرتردا.

کۆتاییهاتنی شەڕ، یان تەنانەت کەمبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێی سەرچاوەگرتوو لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی، دەتوانێت دەرفەتێکی لەو شێوەیە بڕەخسێنێت. کۆمەڵگەیەکی کە لە ژێر سێبەری شەڕدا ناچار بووە بەشێک لە ویست و داخوازییەکانی خۆی هەڵپەسێرێت، لە سەردەمی دوای شەڕدا، دەرفەتی ئەوەی دەبێت هەناسەیەکی نوێ هەڵکێشێت، پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی خۆیدا بکات و خۆی بۆ خولێکی نوێ لە بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئامادە بکات. لەم فەزایەدا، ویست و داخوازییەکانی وەک نان، کار، ئازادی، جارێکی دیکە دەتوانن ببنە هەوێنی پێکهاتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

قەیرانی بژێوی ژیان، ناسەقامگیری پیشەیی، هەژاری، داخوران و لاوازبوونی چینی مامناوەند، هەڵاواردنە پێکهاتەییەکان، قەیرانی ژینگە، ناڕەزایەتییەکانی تابەت بە نەوەکان و پرسی ماف و ئازادییە مەدەنییەکان، هیچکام لەمانە بە کۆتاییهاتنی شەڕ لەناو ناچن. بەپێچەوانەوە، ئەوەی لە کاتی شەڕ و بارودۆخی نائاساییدا بە شێوەیەکی کاتی بۆ پەراوێز دەخرێت، لە سەردەمی پاش شەڕدا، بە بەهێزتر لە ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

سەردەمی دوای شەڕ لە هەمان کاتدا، سەردەمی پێناسەکردنەوەی متمانەی سیاسی هێزەکانیشە. لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا، کۆمەڵگە وردە وردە لە ئاستی دروشمە گشتییەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە دادوەرییەکی بابەتییانەتر سەبارەت بە حیزب و هەڵسووڕاوە سیاسییەکان. ئەم پرسیارانە دێنە ئاراوە کە کێ بوون ئەوانەی لە ناو جەرگەی شەڕدا، ئازاری خەڵکیان بینی و کێ بوون ئەوانەی بوونە دیلی حیساباتی دەسەڵات، تەماحی سیاسی یان وەهم و خۆشباوەڕییەکانی خۆیان؟ چ هێزگەلێک خۆیان لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری وێرانکارییەکان گونجاند و چ هێزگەلێک هەوڵیاندا بۆ ئەوەی ڕزگاری کۆمەڵگە و بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵک بکەنە ئەولەوییەتی سەرەکی خۆیان؟

لەو ڕوانگەیەوە، کۆتاییهاتنی شەڕ، ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ پێوانەکردنی مەشروعییەتە سیاسییەکانیش. ئەو ڕەوتانەی کە بەبێ کەمترین سەرنجدان بە دەرهاوێشتە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی شەڕ، پێشوازییان لێکردووە یان لە بەرامبەر وێرانبوونی کۆمەڵگەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە ناچاری لەگەڵ لاوازبوون و داخورانی متمانەی خۆیان بەرەوڕوو دەبنەوە. لە بەرامبەردا، ئەو هێزانەی کە توانیویانە سنووری خۆیان هەم لەگەڵ شەڕ و هەم لەگەڵ ئەو نەزمەی شەڕ بەرهەم دەهێنێت دیاری بکەن و هاوکات باس لە بنیاتنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازاری گشتیی و زیندووکردنەوەی هیوای بەکۆمەڵ بکەن، توانایەکی زیاتریان دەبێت بۆ بینینی ڕۆڵ و کاریگەری لە داهاتوودا.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئەگەری هەیە ئێران لە سەردەمی دوای شەڕدا، لەگەڵ دوو ڕەوتی دژبەیەک بەڵام هاوکاتدا بەرەوڕوو ببێتەوە: لە لایەکەوە، بەهێزتر بوونی مەیلی چڕبوونەوە و تەرکیزی ئەمنی دەسەڵات لە سەرەوە و لە لایەکی دیکەوە، گەڕانەوەی بەشێنەیی کۆمەڵگە بۆ مەیدانی داخوازی، ناڕەزایەتی و خۆڕێکخستن لە خوارەوە. ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بێتە ئاراوە، ئەم ململانێیە بە شێوەیەکی هێمنانە تر بەڵام بە ڕیشەیی تر لەجاران خۆی نیشان دەداتa و ئەگەریش ڕێککەوتنێک لە ئارادا نەبێت، هەر ئەم کەلێنە لەسەر بەستێنی گوشاری ئابووری و داخورانی کۆمەڵایەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک قەیرانی نوێتر.