کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێرش بۆ سەر کەمپە مەدەنییە بێ دیفاعەکان لە هەرێمی کوردستان، نموونەی ئاشکرای تاوانی جەنگییە

Picsart 26 04 18 13 13 01 430

هێرش بۆ سەر کەمپە مەدەنییە بێ دیفاعەکان لە هەرێمی کوردستان، نموونەی ئاشکرای تاوانی جەنگییە

هێرشی سەرلەنوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ماهییەتی جینایەتکارانەی سیاسەتێکی دەرخست کە ساڵانێکە گیانی خەڵکی بێ دیفاع، پەنابەرانی سیاسی و بنەماڵەی چالاکانی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. بەپێی هەواڵێکی کە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە ماڵپەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوکرایەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چەندەمین جار لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئۆردوگا مەدەنییەکانی ئەم حیزبە لە هەرێمی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، شاهین ئازەربەرزین گیانی لەدەستدا و نادر ئازەربەرزینی باوکی بەسەختی بریندار بوو. ئێمە وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەیەکی قووڵ، ئەم کردەوە تاوانکارییە بە توندی ئیدانە دەکەین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شاهین ئازەربەرزین و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ نادر ئازەربەرزین دەخوازین.

هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە ڕووداوێکی دیکەدا، گروپێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شوێنێکی دیکە کراونەتە ئامانج. لەم هێرشەدا دوو ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. ئێمە وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووانە، سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات و هاوسەنگەرانی ئەم دوو گیانبەختکردووە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارانی ئەم هێرشانە دەخوازین.

هێرشکردنە سەر کەمپە مەدەنییەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پێشمەرگە و پەنابەرانی سیاسی، نەککردەوەیەکی ئەمنی، بەڵکوو نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرای تاوانی جەنگە. ئەم کەمپانە نە بنکەی نیزامیی نهێنین و نە ئامانجی شەڕ. ئەم ئۆردوگایانە بە فەرمی و لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و لە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە پەیوەندیدارەکان، لەوانە بەشی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردستانی ئێران بوون. ئەو کەمپانە شوێنی ژیانن و منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و بنەماڵەکان تێیدا دەژین. چالاکیی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی لەم شوێنانەدا ئەنجام دەدرێت و هەر ئەم ڕاستییە، ماهییەتی مەدەنیبوونی ئەوان هێندە بە ڕوونی دەردەخات کە بە هیچ بیانوویەک ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت.

لە وەها بارودۆخێکدا، بەئامانجگرتنی ئەم ناوچانە بە مووشەک و درۆن، هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاع. هێرشکردنە سەر ماڵەکان، شوێنەکانی نیشتەجێبوون، ناوەندە مەدەنییەکان و کەمپی پەنابەران، هیچ پاساوێکی سیاسی، نیزامی یان ئەمنی هەڵناگرێت.

خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئەم هێرشانە لە کاتێکدا بەردەوامن کە تەنانەت هێوربوونەوەی کاتیی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، بچووکترین کاریگەریی لەسەر ڕاگرتنی ئەم کردەوانە نەبووە. ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەری دەخات کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی تەنیا کاردانەوە بەرامبەر بە دۆخێکی شەڕی ناوچەیی نییە، بەڵکوو بەرەوپێشبردنی بەردەوامی سیاسەتێکە کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندنی بنەماڵەکان و پەنابەران داڕێژراوە. واتە تەنانەت کاتێک ئاستی گرژییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمدەبێتەوە، ئامێری سەرکوتی ڕژێم هەروا لە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا درێژە بە کاری خۆی دەدات.

تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە هێرش بۆسەر کەمپە مەدەنییەکانەوە هەیە، ئەمە هێرشە بۆ سەر مافی پەنابەری، بۆ سەر ئاسایشی مرۆیی، بۆ سەر مافی ژیان و بۆ سەر سەرەتاییترین بنەما یاسایی و ئەخلاقییەکان. کۆماری ئیسلامی بەم هێرشانە دەوێت ئەم پەیامە بدات کە نەیارەکانی تەنانەت لە تاراوگەش، لە ئۆردوگا فەرمییەکاندا و لە ناو بنەماڵەکانیشیاندا لە دەستدرێژی و تیرۆر پارێزراو نین. ئەمە هەمان ئەو لۆژیکی تیرۆرەیە کە دەبێت لە بەرامبەریدا خۆڕاگریی بکرێت.

لەمڕووەوە، بەرپرسیارێتیی دەوڵەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم نێوەندەدا زۆر قورسە. بێدەنگی، کەمتەرخەمی و تەنیا دەربڕینی نیگەرانی، بە کردەوە ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە خۆش دەکات. ئەم هێرشانە دەبێت بێ دواکەوتن و ڕاشکاوانە شەرمەزار بکرێن و میکانیزمی کرداری بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و دانیشتووانی ئەم کەمپانە دابین بکرێت.

هێرش بۆ سەر کەمپە مەدەنییە بێ دیفاعەکان لە هەرێمی کوردستان، هێرشە بۆ سەر مرۆڤە بێپەناکان و نموونەیەکی ئاشکرای تاوانی جەنگە. ئەم تاوانە نە لەبیر دەکرێت و نە دەبێت بێ وەڵام بمێنێتەوە. بەرگریکردن لە گیانی پەنابەران، بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و خەڵکی بێ دیفاع، ئەرکێکی بەپەلەی مرۆیی و سیاسییە.