کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ، دوو سەنگەری چارەنووسساز لە خەباتی دوای شەڕی کرێکاران لە ئێران

IMG 4259

مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ، دوو سەنگەری چارەنووسساز لە خەباتی دوای شەڕی کرێکاران لە ئێران

لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ویست و داواکارییە کەڵەکەبووەکان وەک برینێکی کراوە بەسەر جەستەی کۆمەڵگاوە قورسی دەکەن، لەوانە نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، دەرمان، پەروەردە، ئازادی، نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی، ئازادی زیندانیانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە هەژاری و کۆتاییهێنان بە سووکایەتی. لە هەر لایەکی ئەم کۆمەڵگایە، دەنگی ڕەنج و مافێکی پێشێلکراو بەرز دەبێتەوە. بەڵام لە نێوان هەموو ئەم داواکارییانەدا، دوو ماف هەن کە ئەگەر چینی کرێکاری ئێران بتوانێت بەسەر دەسەڵاتیدا بسەپێنێت، نەک تەنیا بارودۆخی خۆی، بەڵکوو وێنەی گشتیی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە وڵاتدا دەگۆڕێت: مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ.

ئەم دوو مافە، داواکارییەکی تەنیا پیشەیی و سنووردار بە کارگە و کارخانەکان نین. ئەوان دوو کۆڵەکەی مادی و ڕاستەقینەی هەر وەرچەرخانێکی دیموکراتیک لە خوارەوەن، دوو ئامرازی بنەڕەتین کە بەبێ ئەوان زۆرینەی کۆمەڵگا لە سەرەتاییترین ئیمکانی بەرگریکردن لە ژیان و کەرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش دەبن. کۆمەڵگایەکی کە تێیدا کرێکاران مافی ئەوەیان نەبێت کە بە ئازادانە خۆیان ڕێکبخەن و ئازادانە کار ڕابگرن، کۆمەڵگایەکە کە تێیدا چین و توێژە ژێردەستەکان مافی هەناسەدانی سیاسییان نییە. هەر بۆیە، خەبات لەپێناوی ئەم دوو مافە، خەباتێکی لە پەراوێزدا نییە، بەڵکوو یەکێکە لە ناوەندیترین مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ئێرانی ئەمڕۆ و سبەینێدا.

مافی مانگرتن تەنیا بە واتای دەست لە کار کێشانەوە نییە. مانگرتن، ئەگەر بە فەرمی بناسرێت، هەڵگری کۆمەڵێک ماف و ئیمکاناتە، لەوانە مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، پارێزراوبوون لە دەرکردن و سزادان بەهۆی مانگرتنەوە، مافی وتوێژی بەکۆمەڵ و بەستنی گرێبەستی دەستەجمعی، مافی زانیاریگەیاندن بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتی گشتی، مافی هاوپشتی و بانگەواز بۆ مانگرتنی پشتگیری، مافی ئەمنییەتی جەستەیی کرێکاران لە کاتی مانگرتندا، مافی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە بەردەم ناوەندەکانی کار، مافی دەستڕاگەیشتن بە شوێنی کار و هەروەها مافی بەهرەمەندبوون لە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و دارایی، لەوانە سندوقەکانی مانگرتن. بە واتایەکی تر، مانگرتن تەنیا ڕاگرتنی کار نییە، بەڵکوو گۆڕینی هێزی پرش و بڵاوی کرێکارانە بۆ لیڤەرێکی گوشاری کۆمەڵایەتی.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ هەیە؛ مافێکی کە لەسەر بنەمای ئەو، کرێکاران دەبێت بتوانن بە ئازادانە سەندیکا، یەکێتی، ئەنجومەن یان هەر ناوەندێکی پیشەیی سەربەخۆی تر دروست بکەن و بە ڕیزەکانییەوە پەیوەست بن، نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ بەرگری لە مافی پیشەیی، حەقدەست و مافە مرۆییەکانی خۆیان بکەن. پێویستیی ئەم مافە، بریتییە لە قەدەغەکردنی دەرکردن، هەڕەشە، گوشار، پەروەندەسازی و هەر چەشنە ڕێگرییەکی ترە لە چالاکیی پیشەیی. ڕێکخراوی سەربەخۆ واتە کرێکار لە دۆخی تاکەکەسیی تەنیایی و بێپەنایی بێتە دەرەوە و ببێتە بەشێک لە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ.

واقیعییەت ئەوەیە کە کرێکاری تاک، هەرچەندە تووڕە، وشیار و خۆڕاگریش بێت، لە بەرامبەر سەرمایە، دەوڵەت، دەزگای دادوەری، هێزە ئەمنییەکان و تۆڕە فەرمییەکانی دەسەڵاتدا، لاواز و بێبەرگرییە. دەکرێت دەربکرێت، بانگهێشت بکرێت، هەڕەشەی لێ بکرێت، گۆشەگیر بکرێت و ناچار بە بێدەنگی بکرێت. بەڵام کاتێک کرێکاران ڕێکخراو بن، ئیتر تەنیا کۆمەڵێک کەسی لێک دابڕاو نین، بەڵکوو دەبنە هێزێکی کۆمەڵایەتی، دەبنە بابەتێکی بەکۆمەڵ کە دەتوانێت لە پێگەی هێزەوە بدوێت و هەنگاوی کرداری بنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوبوون بەتەنیا بەس نییە. ڕێکخراوێکی کە ئامرازی بەکارهێنانی هێزی نەبێت، زوو یان درەنگ تا ئاستی دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاریی بێکاریگەر دادەبەزێت. لێرەدایە کە مافی مانگرتن ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی خۆی دەردەخات. مانگرتن، ئەو ساتەیە کە کرێکاران پێگەی خۆیان لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، وزە، پەروەردە، دەرمان و خزمەتگوزارییەکاندا بەکاردەهێنن تا هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆیان بگۆڕن. ناڕەزایەتی ڕەنگە ببیسترێت، بەڵام مانگرتنی ڕێکخراو لایەنی بەرامبەر ناچار بە کاردانەوە دەکات. هەر بۆیە حکومەتەکان و خاوەنکاران لە سەرانسەری جیهان هەمیشە لە کرێکارانی ڕێکخراو و لە ڕاگیرانی کار دەترسن.

ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهانی نیشانی دەدات کە خەبات لەپێناو حەقدەست، سەعاتی کار، گرێبەستی بەکۆمەڵ و ئەمنییەتی شوێنی کار، زۆر زوو دەبێتە مەیدانی پرسیارە گەورە سیاسییەکان. بۆچی؟ چونکە کرێکاران لە کرداردا تێدەگەن کە بەبێ ئازادی کۆبوونەوە، ئازادی ڕادەربڕین، ئەمنییەتی هەڵسووڕاوان، میدیای سەربەخۆ و مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە، تەنانەت سادەترین داواکارییە ئابوورییەکانیش یان سەرکوت دەکرێن یان بە دەوامدار نابێت. لەبەر ئەوە، مافی ڕێکخراو و مافی مانگرتن، پردێکن لە نێوان خەبات لەپێناو نان و خەبات بۆ ئازادی لە نێوان بەرگری لە بژێوی ژیان و خەبات لەپێناو دیموکراسی لە خوارەوە.

لە ئێران، ئەم ڕاستییە ڕەهەندی قووڵتریشی هەیە. دەوڵەت لێرەدا لە نێوان کرێکار و خاوەنکاردا تەنیا ناوبژیوان نییە، بەڵکوو خۆی یەکێکە لە گەورەترین خاوەنکاران، یاسادانەرە، چاودێرە، سەرکوتگەرە و لە زۆر حاڵەتدا، لە ڕێگەی دامەزراوە نیمچە دەوڵەتییەکان، بونیادەکان، بەڵێندەرەکان و تۆڕە ڕانتییەکانەوە، لایەنی ڕاستەوخۆی ململانێکەشە. کەواتە، بێبەشبوون لە مافی ڕێکخراو و مانگرتن تەنیا بە واتای لاوازیی کرێکاران لە ناوەندەکانی کاردا نییە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی لە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی بێبەش بوون.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هەر جارێک شەپۆلێکی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پەرەی سەندبێت، یەکێک لە لاوازییە سەرەکییەکانی، بریتی بووە لە نەبوونی ڕێکخراوێکی بەردەوام. تووڕەیی بوونی هەبووە، ئازایەتی هەبووە، ئامادەیی بۆ خۆڕاگریی هەبووە، بەڵام ئەو ئەڵقەیەی کە بتوانێت ئەم وزەیە بکات بە هێزێکی بەردەوام، ڕێکخراو و ئامانجدار، زۆربەی کات غایب بووە. مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن ڕێک ئەو دوو لیڤەری گوشارەن کە دەتوانن ئەم بۆشاییە مێژووییە پڕ بکەنەوە، واتە ناڕەزایەتی لە ئاخێزە کتوپڕ و پەرتەوازەکانی تووڕەییەوە بگۆڕن بۆ هێزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراوی جەماوەری.

لەبریتانیا،یەکێتییەکرێکارییەکانتەنیابۆلەپێناوحەقدەستداخەباتیاننەکرد،بەڵکوووردەوردەبوونەیەکێکلەبنەماسەرەکییەکانیفراوانبوونیمافیدەنگدان،دروستبوونیحیزبیکرێکاروپێکهاتنیبەشێکلەدەوڵەتیخۆشگوزەران. لە

لەهستان، سەندیکای سەربەخۆیهاوپشتینیشانی دا کە ڕێکخراوێکی کرێکاریی دەتوانێت لە سنوورەکانی ناوەندەکانی کار تێپەڕێت و ببێتە بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەیەکی گشتی لەدژی ستەم وسەرەڕۆیی. لە کۆریای باشوور، شەپۆلی مانگرتنی کرێکاران لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێک بوو لە هۆکارە گرنگەکانی تێپەڕبوون لە دیکتاتۆریی سەربازیی گەیشتن بە کەشوهەوایەکی سیاسی کراوەتر. لە ئەفریقای باشووریش، یەکێتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە خەبات لەدژی ڕژێمی ئەپارتاید لەو وڵاتە.

خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم ئەزموونانە ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک کرێکاران توانیبێتیان خۆیان ڕێکبخەن و مانگرتن بکەنە ئامرازێکی ڕەوا و کاریگەری خۆیان، نەک هەر لە ناوەندەکانی کار، بەڵکوو لە ئاستی کۆمەڵگەشدا هاوسەنگیی هێز گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

دوژمنایەتی قووڵی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم دوو مافەدا لە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. حکومەت بە باشی دەزانێت کە مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ تەنیا ئیمتیازێکی ئابووری نین، بەڵکوو بناغەکانی دەسەڵاتی سەربەخۆی جەماوەرن. حکومەت دەتوانێت کرێکارێکی تاک، مامۆستایەکی تاک، پەرستارێکی تاک یان خانەنشینێکی تاک سەرکوت بکات، بەڵام لەگەڵ تۆڕێک لە ڕێکخراوە سەربەخۆکان کە توانای هەماهەنگی، ڕێکخستن و مانگرتنیان هەبێت، لەگەڵ ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکی گەورەتر بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەر بۆیە لە درێژەی دەیان ساڵدا هەوڵی داوە لە جیاتی ڕێکخراوە ڕاستەقینەکان، دامەزراوەی وابەستە و کۆنتڕۆڵکراوی وەکشۆڕاکانی ئیسلامی کار،خانەی کارگەرو هاوشێوەکانی بەسەر کرێکاراندا بسەپێنێت، دامەزراوەگەلێک کە نە بۆ بەرگری لە کرێکاران، بەڵکوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان و ڕێگریکردن لە سەربەخۆییان دروست کراون.

ئەگەر ئەم دوو مافە مسۆگەر بن، لێکەوتەکانی زۆر قووڵ دەبێ و لە چوارچێوەی ناوەندەکانی کاردا نامێننەوە:

یەکەم، هاوسەنگیی هێز لە ناوەندەکانی کار دەگۆڕدرێت، کرێکار تەنیا کەسێک نییە کە پێویست بە حەقدەستە، بەڵکوو بەشێکە لە هێزێکی بەکۆمەڵی ڕێکخراو.

دووهەم، دەرفەتی گرێبەستی بەکۆمەڵ و وتووێژی ڕاستەقینە دەڕەخسێت.

سێیەم، حکومەت و خاوەنکاران چیتر ناتوانن بە ئاسانی تێچووی قەیران، شەڕ، گەمارۆ و ئاوەدانکردنەوە بخەنە سەر شانی مووچەخۆران.

چوارەم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، لە ژنان و خوێندکارانەوە بگرە تا مامۆستایان و پەرستاران و خانەنشینان، لەو کەشە کراوەیەی کە لە ڕێگەی ئەم دەستکەوتەوە پێکدێت، سوودمەند دەبن.

پێنجەم و لە هەمووی گرنگتر، کۆمەڵگە لە شێوازی ئاخێزە کتوپڕ و بێ‌ڕێکخراوەکان دوور دەکەوێتەوە و بەرەو خەباتێکی ئامانجدارتر، بەردەوامتر و کەم‌تێچووتر هەنگاو دەنێت. بە واتایەکی تر، ئەم دوو مافە دەتوانن ڕێڕەوی گۆڕانکارییەکان لە ئێران، لە ئاخێزە کتوپڕ و پەرتەوازەکانی تووڕەییەوە بگۆڕن بۆ هێزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراوی جەماوەری.

ئایا لە هەلومەرجی دیکتاتۆریدا، بەدەستهێنانی ئەم مافانە مومکینە؟ وەڵامەکە ئەرێنییە، بەڵام نەک بە شێوەیەکی لەناکاو و تەنیا لە ڕێگەی نووسینی داواکارییەکانەوە. هیچ کام لە مافە بنەڕەتییەکانی چینی کرێکار لە جیهاندا وەک دیاری نەدراون، بەڵکوو هەموویان لە ئاکامی خەباتێکی دوور و درێژ، پڕ تێچوو و ئاوێتەیەک لە خۆڕاگریی ڕۆژانە و بەردەوام، ڕێکخراوبوون، هاوپشتی و سەپاندنی هەنگاو بە هەنگاو بەدەست هاتوون.

بەڵام ئەگەر بە ڕاستی مافی ڕێکخراوبوون و مافی مانگرتن، دوو گرێی سەرەکیی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوون، کەواتە دەبێت ببنە چەق و ناوەندی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی هێزە چەپ و پێشڕەوەکان. بەرگریی لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی زیندانیی، ئاشکراکردن و لەقاودانی ڕێکخراوە زەردە حکومەتییەکان، بڵاوکردنەوەی ئەزموونە جیهانییەکان، یارمەتیدان بە پەیوەندی نێوان بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی مووچەخۆران و هەروەها جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی چینایەتیی بزووتنەوەی کرێکاری، ئەرکێکی لاوەکی نین، بەڵکوو بەشێکن لە کاکڵی ستراتژیکی هەر هێزێکی کە خوازیاری گۆڕانکارییە لەخوارەوە.

داهاتووی ئێران نە لە هەناوی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکانەوە بنیات دەنرێت، نە لە گەرمەی شەڕی ماڵوێرانکەر و نە لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە، بەڵکوو داهاتوو لەلایەن زەحمەتکێشانی ڕێکخراوەوە بنیات دەنرێت، ئەوانەی کە خەباتی ڕۆژانە لە پێناو مانەوە بە ئاسۆی ڕزگارییەوە دەبەستنەوە و دامەزراوە سەربەخۆکانی جەماوەر لە خوارەوە بونیاد دەنێن. لەم ڕوانگەیەوە، مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ تەنیا دوو داواکاری لە ڕیزی داواکارییەکانی تر نین، بەڵکوو دوو سەنگەری چارەنووسسازن، دوو لیڤەری بنەڕەتین بۆ ئەوەی ژێردەستانی ئەم کۆمەڵگایە لە بابەتی سەرکوتەوە، ببنە خوڵقێنەری مێژوو.