بە داخەوە و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و تێکۆشەری بەڕێز دکتۆر دیار نەجیب، پزیشکێکی مرۆڤدۆست و ئەندامی حیزبی شیوعی کوردستانمان بیست.
دکتۆر دیار نەجیب لەو تێکۆشەرانە بوو کە ژیانی خۆی بە تەواوی تەرخان کردبوو بۆ خزمەت بە خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندیی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان. ئەو لە دوای ڕاپەڕینی شکۆمەندی ساڵی ١٩٩١ەوە، وەک کادرێکی چاڵاک، دڵسۆز و پابەند، شانبەشانی هاوڕێکانی خۆی لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراق و دواتر حیزبی شیوعی کوردستاندا، بە بەرپرسیاری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
هاوڕێ دکتۆر دیار لە ماوەی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیدا، وەک سکرتێری یەکێتی گشتی قوتابیانو هەروەها ئەندامی کۆمیتەی شاری سلێمانی، بە وریایی، لێهاتوویی و دڵسۆزییەکی بێوێنە خزمەتی کردووە. ئەو لەم ڕێگەیەوە توانیویەتی ڕێز و خۆشەویستییەکی فراوان لە نێو خەڵکی سلێمانی و لە ناو بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازدا وەدەست بهێنێت.
ئێمە لە نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، لە نزیکەوە شاهیدی دڵسۆزی، مرۆڤدۆستی و بەدەربەستیی ئەم هاوڕێیە بووین. خەمخۆری و هاوکاریی بێدەرێغی دکتۆر دیار بۆ پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، هەرگیز لە یاد ناکرێت. ئەو بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە هاوڕێ و پشتیوانێکی بەئەمەگ بوو بۆ بزووتنەوەکەمان و لە سەختترین قۆناغەکاندا خزمەتی بێچاوەڕوانیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵە کردووە.
ئەو خزمەت و هاوپشتییانەی دکتۆر دیار نەجیب، کە لە ڕۆحی ئینسانیەت، هاوخەمی و هاوپشتیی چەپی شۆڕشگێڕانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، هەمیشە لە یادەوەریی ئێمەدا زیندوو دەمێننەوە.
نەمانی دکتۆر دیار نەجیب لەدەستدانێکی قورس و گرنگە، نەک تەنها بۆ هاوڕێیان و نزیکانی، بەڵکو بۆ بزووتنەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازانەی کوردستان و بۆ هەموو ئەوانەی کە لە مرۆڤایەتی، و لە دڵ و دڵسۆزیی ئەو سوودمەند بوون.ل
ەم بۆنەیەدا، سەرخۆشی و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی دکتۆر دیار نەجیب، بە تایبەتی خاتوو ژینۆ، هاوسەری بەڕێزی، هاوڕێیان لە حیزبی شیوعی کوردستان و هەموو خۆشەویستان و نزیکانی دەکەین و خۆمان بەشداری خەمیان دەزانین.
نوێنەرایەتی کۆمەڵە،
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
لە هەرێمی کوردستان
2026-04-12
