کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد و ئاسۆکانی بزووتنەوەی جەماوەریی لە ئێران

IMG 4249

دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد و ئاسۆکانی بزووتنەوەی جەماوەریی لە ئێران

بە ئەگەرێکی زۆرەوە، دانوستانەکانی ئیسلام‌ئاباد، تەنانەت ئەگەر نەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی بەردەوام و سەقامگیر، کە لە دۆخی ئێستادا دوور لە لەچاوەڕوانییە، بەڵام لانیکەم دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست و گەیشتن بە قۆناغێکینە شەڕ، نە ئاشتیقۆناغێک لە دانوستانی درێژخایەن، هەڕەشەی دوولایەنە، گوشاری سیاسی و ئابووری و ئامادەباشی بەردەوام. بۆ خەڵکی ئێران، ئەمە نەک کۆتایی قەیران، بەڵکوو چوونە ناو قۆناغێکی نوێی قەیرانەکانە.

وا دیارە دەوڵەتی ئەمریکا زۆر حەز ناکات بەم زووانە شەڕەکە دەست پێ بکاتەوە. ئەم دەوڵەتە پێدەچێت لە بری چوونە ناو شەڕ و ململانێیەکی پڕ تێچوو و نادیار، هەمان سیاسەتی ناسراویگوشاری  بێ ئەوپەڕبە ئامرازگەلێکی تری وەک: گەمارۆ، گۆشەگیریی دیپلۆماتیک، هەڕەشەی سەربازی، لاوازکردنی ئابووری، و ئیمتیاز وەرگرتنی هەنگاو بە هەنگاو درێژە پێ بدات. واتای ئەم دۆخە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی، تەنانەت لە نەبوونی شەڕێکی ڕاستەوخۆشدا، هەروا لەژێر گوشارێکی تونددا دەمێنێتەوە.

بەڵام ئەم گوشارانە ڕژێم دەخەنە بەردەم دووڕیانێکی مێژوویی. یەکەم، تەسلیمبوون لە بەرامبەریاندا، کە لەو ئاوا حاڵەتێکدا بە ئەگەرێکی زۆر دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ڕوخسارەکانی ناو بازنەی ڕێبەرایەتی داهاتووی کۆماری ئیسلامی. واتە جۆرێک لە ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ئەو سیستمە بە تێچوویەکی کەمتر پێک دێت. دووەم، بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتەی ئێستا، واتە تەسلیم نەبوون کە بۆ نموونە دەکرێت بە واتای هەڵبژاردنی مۆدێلی کۆریای باکوور بێت. مانەوە ل گۆشەگیرییەکی هەرچی زیاتر، ئەمنییەتیکردنی بەتەواو مانا، ئابوورییەکی داخراو، کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵکراو و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک گەرەنتی کۆتایی مانەوەی خۆی، بەشێک دەبن لەم ستراتیژە. بەڵام ڕێگەیەکی لەم شێوەیە لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێراندا، یەکەم، تەنها بە واتای دواخستنی قەیرانی مانەوەیە، دووەمیش ئەگەر ئەم بژاردەیە هەڵبژێردرێت، هەڵگیرسانی شەڕێکی تر لەگەڵ ئیسرائیل، نەک ئەگەرێکی دوور، بەڵکوو بابەتێکی جیدی و چاوەڕوانکراو دەبێت، شەڕێکی کە ئەنجامەکەشی بەهۆی ئەو زیانە قورسانەی کە بە توانا سەربازی و بەرگرییەکانی ئێران گەیشتووە، هەر لەمڕۆوە دیارە.

لەم نێوەندەدا، جارێکی تر تێچووی سەرەکی خەڵک دەیدەن. ئێران بەبێ دەستڕاگەیشتن بە داهاتە نەوتییەکان، بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆ فرە ڕەهەندەکان و بەبێ کردنەوەی دەروازەکانی بەڕووی سەرمایە و تەکنۆلۆژیای دەرەکیدا، ناتوانێت پرۆسەی بونیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکانی بەرەو پێش ببات. هاوکات گرانی، بێکاری، هەژاریی بەربڵاوتر و گوشاری قورسی بژێوی ژیان، لە زومرەی یەکەمین دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە دەبن. ئابووری ئێران پێش شەڕیش لە قەیرانێکی قووڵدا بوو، هەڵاوسان، بێکاری، دابەزینی توانای کڕین، کەمبوونەوەی توندی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەڵێنی قووڵی چینایەتی، ژیانی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی کردبووە دۆزەخ.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قسە لە سەرکەوتن دەکەن، واقیعییەت ئەوەیە هەر ئەم شەڕەی کە لێی دەرباز بوون، بەرە بەرە زەمینە بۆ قەیرانەکانی دواتریان خۆش دەکات. ئەو پەیوەندییانەی دەوڵەت ساڵانێک بوو بەمەبەستی چاککردنەوەیان لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی کەنداو هەوڵی بۆ دەدا، ئێستا زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە و سەرلەنوێ بێ متمانەییەکی توندی ناوچەیی دروست بووەتەوە. لە ناوخۆشدا، ئەو جەماوەرەی کە پێشوەختە لەژێر باری قەیرانی ئابووریدا پشتیان چەمابووەوە، ئێستا دەبێت تێچووی شەڕ، سەرلەنوێ بونیادنانەوە، گەمارۆ و سەرکێشییە ناوچەییەکان، پێکەوە بدەن.

بەڵام ئەگەر سەیرێکی ۴۷ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ۴۷ ساڵ خەبات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمە بکەین، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئاخێز و بزووتنەوە یەک لەدوای یەکەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، ئەنجامێکی ڕوونمان دەست دەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە هەر پاشەکشەیەکی ئەم ڕژێمە، هەرچەند سنووردار، هەرچەند کاتی و هەرچەند ناتەواو بووبێت، بەڵام تەنها و تەنها بەرهەمی گوشاری خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جەماوەری خەڵک بووە. هیچ چاکسازییەکی لە سەرەوە، هیچتەگبیرێکی حکومەتی و هیچ گوشارێکی دەرەکی نەیتوانیوە دەسەڵات ناچار بە پاشەکشە بکات. لەم ڕوانگەیەوە، خەڵکی ئێران هەرچەندە هێشتا بە ئامانجی کۆتایی خۆیان نەگەیشتوون، بەڵام هەرگیز ڕەنجی بێهودەیان نەکێشاوە. هیچ کام لەم خەباتانە بێ دەستکەوت نەبوون.

نموونەی هەرە درەوشاوەیمان لە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا بینی. ڕژێمێکی کە بۆ ماوەی دەیان ساڵ، حیجابی زۆرەملێ و گەشتی ئیرشادی بە بەشێک لە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی دەسەڵاتی خۆی دەزانی، لەژێر گوشاری بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا ناچار بە  پاشەکشە بوو. واقیعییەت ئەوەیە کە تەنانەت لەناو جەرگەی ئەم دیکتاتۆرییەشدا، دەکرێت ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکرێت. ئەم خاڵە، هەم بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو پێویستە و هەم ڕێخۆشکەرە بۆ داڕشتنی نەخشەی داهاتوو.

قۆناغی داهاتوو، قۆناغی بەردەوامی گوشارەکان دەبێت بۆ سەر حکومەت. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەم گوشارانە ببێنە هۆی باشتربوونی ڕاستەقینەی ژیان و گوزەرانی خەڵک و کرانەوەی سیاسی، مەرجێکی یەکلاکەرەوە هەیە، کە ئەویش بریتییە لە ڕێکخراوبوون. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە ڕێگەی داهاتووی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئێران، لە ئاخێزە کتوپڕەکانی سەرچاوەگرتوو لە تووڕەیی پەنگخواردوو، بەڵام بێ ڕێکخراو و ڕێبەرایەتییەکی بەردەوامەوە تێپەڕ نابێت. ئەم ڕاپەڕینانە دەتوانن دیوارەکانی ترس و تۆقاندن بشکێنن، بەڵام بە تەنها ناتوانن هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی هەمیشەیی بگۆڕن.

لەمڕووەوە، ئەرکی سەرەکیی هێزە چەپ، یەکسانیخواز و ئازادیخوازەکان لە قۆناغی داهاتوودا، بریتییە لە دروستکردن و بەهێزکردنی ڕێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، لاوان، خانەنشینان، پەرستاران، موعەلیمان، بێکاران و هیتر. دەبێت لە جەرگەی نەبەردی ڕۆژانە و بەردەوام لەپێناو نان، کار، ئازادی و یەکسانی، ئەم تۆڕە ڕێکخراوانە پێک بهێنرێن. ڕێکخراوبوون مەرجی مانەوە و پێشڕەویی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە. بۆ نموونە، ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری بتوانێت لە قۆناغی دوای شەڕدا تەنها دوو داواکاری سەرەکی، واتە مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن، بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت، گرێی زۆرێک لە بزووتنەوەکانی تریش دەکرێتەوە. بەبێ ئەم دوو مافە، کرێکاران بەردەوام بە پەرتەوازەیی، بێپەنا و سەرکوتکراوی دەمێننەوە. بەڵام بە بەدەستهێنانی ئەم دوو مافە، دەرفەتی بەیەکەوە گرێدانی خەباتە پیشەیی و سیاسییەکان، لە نێوان داواکارییە ئابوورییەکان و ئازادییە دیموکراتیکەکان و هەروەها لە نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تردا دەڕەخسێت. ئەمە ڕێک ئەو ئەڵقە ونبووەیە کە دەبێت یەکجار و بۆ هەمیشە بەسەریدا زاڵ بین.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئاوا ڕەوتێک لە سایەی دیکتاتۆریی دەسەڵاتداردا بە کردەوە دەردێت؟ بێ گومان وەڵامەکە ئەرێنییە. مەگەر زۆرێک لە پاشەکشەکانی ساڵانی ڕابردووش هەر لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژێمەدا بەدەست نەهاتوون؟ مەگەر ژنان، گەنجان و هەژاران سەرەڕای زەخت و سەرکوتی لەڕادەبەدەر، نەیانتوانی یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکە ئایدۆلۆژییەکانی حکومەت تووشی ئاڵەنگاری بکەن و یاسای حیجابی زۆرەملێ فڕێبدەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە؟ کەواتە ئیمکانی هەیە، ئەوەی کە هەست بە کەمبوونی دەکرێت، بریتییە لە ئاشنا بوون لەگەڵ کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێگا و تەیاربوون بە زانستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەیەکی لەو چەشنە.

ئەمڕۆ پتر لە هەر کاتێکی تر دەبێت لەگەڵ دوو وەهم سنووربەندی بکرێت: یەکەم، وەهم و خۆشباوەڕی بە ڕزگاربوون لە دەرەوە و دووهەم وەهم و خۆشباوەڕی بەوەی کە پرسی داڕمان لە ناوەوە خۆی لەخۆیدا ڕوو دەدات. نە گوشاری دەرەکی دەبێتە هۆی ئازادبوونی خەڵک، نە قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕژێم خۆی لەخۆیدا ڕێگە بۆ ڕزگاری خۆش دەکەن. مەودای نێوان لاوازبوونی حکومەتێک و ڕووخانی ئەو حکوومەتە، تەنها هێزی ڕێکخراوی جەماوەر دەتوانێت پڕی بکاتەوە.

هەربۆیە ئاگربەست ئەگەر بەردەوام بێت، دەرفەتە، بەڵام تەنها بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هەناسەیەک بدات، خۆی ڕێک بخات و خۆی بۆ نەبەرد و بەرەوڕوو بوونەوەی گەورەتر ئامادە بکات. داهاتوو لە ڕێگەی شەڕ و گەمارۆ و وێرانکارییەوە دیاری ناکرێت، بەڵکوو داهاتووی ئومێدبەخشی دوا ڕۆژ، تەنها بە ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی جەماوەر، لە ناو جەرگەی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕێگەی سەپاندنی مافە بنەڕەتییەکان بەسەر ڕژێمێکدا دەستەبەر دەبێت کە تەنیا زمانی گوشار لە خوارەوە تێدەگات.