کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵسەنگاندنێک بۆ “کۆنگرەی ئازادیی ئێران” لە لەندەن

کنگره آزادی ایران

بەستنیکۆنگرەی ئازادیی ئێرانلە لەندەن، لە چوارچێوەی یەکێک لە واقعییەتە سیاسییە گرینگەکانی ئێران لە سەردەمی ئێستادا شیاوی تێگەیشتنە: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند دەیە دەسەڵاتدارێتی خۆیدا، وێڕای ئەوەی کە کۆمەڵگەی ئێرانی تووشی قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە، هاوکات کۆمەڵێک نەیاری ناهاوچەشنی لە دژی خۆی دروست کردووە، کە بەشێکی سەرکوت کردوون و بەشێکیشی ناچار بە ژیان لە تاراوگە کردووە. لەسەر ئاوا بەستێنێک، پێکهاتنی کۆڕ و کۆبوونەوە، دانیشتن و هاوپەیمانیی لەم شێوەیە، بەشێکە لە ڕەوتی ئاسایی ژیانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات.

ئەم کۆبوونەوەیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوە چوو کە ئێران لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی، ناڕەزایەتییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی، ئاڵۆزی ناو حوکمڕانیی، شەڕێکی مالوێرانکەر و کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی لە ناوچەکەدا بەرەوڕووە. لە ئاوا دۆخێکدا سروشتییە کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە هەوڵ بدەن جۆرێک لە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕۆڵگێڕان لە ئەگەری گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا نیشان بدەن. هەر بۆیە، ئەسڵی بەستنی کۆنگرەیەکی لەو چەشنە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێ سپۆنسەری کردووە یان نا، ناتوانرێت وەک دیاردەیەکی نامۆ یان بێ‌وپەیوەندی بە بارودۆخی ڕۆژ دابنرێت و لەم ڕووەوە بەستنی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە شیاوی تێگەیشتنە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، تێگەیشتن لەم ڕووداوە بە واتای نەبینینی پێگەی ڕاستەقینەی ئەو نییە. گرینگترین تایبەتمەندییکۆنگرەی ئازادیی ئێرانئەوە بوو کە هێزە بەشداربووەکانی، سەرەڕای هاوبەشییان لە دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی ڕوون نەبوون بۆ قۆناغی پێش ڕووخان و چۆنیەتیی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. ئایا ئەوان چاوەڕوان دەمێننەوە تا ئەمریکا و ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و دەسەڵات بدەنە دەست بەشداربووانی کۆنگرەکە، وەک ئەوەی لە عێراقدا ڕووی دا؟ یان پڕۆژەی سەربەخۆی خۆیان دەبێت؟ ئەگەر نییانە، چ پرسێکی لەوە گرینگتر هەبوو کە باسی لێوە نەکرا؟ دژایەتی لەگەڵ حکومەتی ئێستا، بە تەنیا ناتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ ڕێبازێکی کردەیی ڕوون بە مەبەستی گۆڕینی دەسەڵات.

کۆنگرەی لەندەن هەوڵی دا وێنەیەکی یەکگرتوو و هیوابەخش لە ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە نیشان بدات، بەڵام لە کردەوەدا زیاتر لەوەی دەربڕی پێکهاتنی ئیرادەیەکی سیاسی ڕیشەدار بێت، نمایشێک بوو بۆ لە تەنیشت یەک دانانی ئەو هێزە هاوشێوانەی کە ناتوانن تەنانەت لەسەر ستراتیژێکی ڕوون بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گفتوگۆ بکەن. ئایا لەناو مێشکی بەشداربوواندا شتێکی جگە لە هیوا هەڵچنین لەسەر ئەنجامەکانی ئەم شەڕە بوونی هەبوو؟

ئەوان دەزانن چییان ناوێت، بەڵام سەبارەت بەوەی چییان دەوێت و چۆن بەدی دەهێنرێت، یان بێدەنگن یان تووشی جۆرێک لە لێڵی و ناڕوونی بوون. ئەمەش بە ڕێکەوت نییە. کێشەی سەرەکیی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان لەگەڵ ناو جەرگەی کۆمەڵگەی ئێراندا نییە و هەر بۆیەش لە کێشە واقیعی و زیندووەکانی خەڵک دابڕاون.

لە کەشێکی وەهادا، سەیر نەبوو کە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ئێران پەراوێز بخرێن. لەم کۆبوونەوەیەدا قسەی زۆر لەسەر ئازادی و مافی مرۆڤ کرا، بەڵام ئەم چەمکانە بە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکەوە گرێ نادرێن. ئێرانی ئەمڕۆ لەگەڵ هەژارییەکی بەربڵاو، نائەمنی کار، بێکارییەکی لەڕادەبەدەر، جیاوازیی چینایەتی، ستەم لەسەر ژنان و نەتەوەکانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران، گوشار بۆ سەر خانەنشینان، قەیرانی پەروەردە و تەندروستی و جۆرەها نایەکسانی و زیانە کۆمەڵایەتییەکان دەستوپەنجە نەرم دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆنگرەیەکدا کە ئیدیعای قسەکردن لەئازادیی ئێرانی دەکرد، ئەم بابەتانە، نە لە چەقی سەرنجدا بوون و نە چوونە ناو بەرنامەی کارەوە.

لەم دانیشتنەدا، کۆمەڵگە نەک وەک گشتێکی دژبەیەک و چینایەتی، بەڵکوو وەک جەماوەرێکی هاوچەشن و بێ جیاوازی وێنا دەکرێت، وەک ئەوەی کە چینە کۆمەڵایەتییەکان، کەلێنە ڕاستەقینەکان و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان لە گۆڕەپانەکە بوونیان نەمابێت. کرێکاران، مامۆستایان، ژنانی چەوساوە، خانەنشینان، بێکاران، پەراوێزنشینان و تەنانەت سەرمایەدار و بیرۆکرات و بەڕێوەبەری حکومیی ناڕازیش، هەموویان لەژێر ناوێکی گشتی و بێ‌مەترسی وەکخەڵکو جەماوەردا کۆ دەکرێنەوە. کۆمەڵگەی ئێران بەبێ بینینی ناکۆکییە مادی و کۆمەڵایەتییەکانی، شیاوی تێگەیشتن نییە و هەر پڕۆژەیەکی سیاسی کە ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات، زوو یان درەنگ لە شرۆڤە و دەستێوەردان لە واقیعدا دادەمێنێت.

بەڵام لە پاڵ ئەم ڕاستییەدا، پرسێکی گرینگی دیکەش هەیە و ئەویش بریتی بوو لە ئامادەنەبوونی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان. واقیعییەت ئەوەیە کە حزووری هێز و لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان لە چوارچێوەی سیاسیی هێزە بەشداربووەکانیکۆنگرەی ئازادیی ئێراندا نەدەگونجا. کەواتە ئامادەنەبوونی ئەوان لەم دانیشتنەدا سروشتی بوو. ئەم هێزانە، چ لە ڕووی بنچینەی کۆمەڵایەتی، چ لە ڕووی ئاسۆی سیاسی و چ لە پەیوەندی لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە پەیوەندییە چینایەتییەکان، خاوەن جێگە و پێگەیەکی جیاوازن.

لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا، ئەم غائیببوونە زیاتر لە هەمیشە بە شێوەیەکی بەرچاو گرینگی پەیدا دەکات. گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران دەکرێ خێرا، پڕ لە گرژی و چارەنووسساز بن. لە وەها دۆخێکدا، ئەگەر هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان نەتوانن لە کاتی خۆیدا بگەنە هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە، گفتوگۆ، داڕشتنی ئەولەویەتە هاوبەشەکان و خستنەڕووی پلاتفۆرمی سیاسیی سەربەخۆی خۆیان، توانای دەستێوەردانی کاریگەر و سەربەخۆیان لە مەیدانی گۆڕانکارییەکاندا کەمدەبێتەوە. دواکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت ببێتە هۆی پەراوێزکەوتنی دەنگێک کە بڕیارە نوێنەرایەتیی داواکارییەکانی کرێکاران، چەوساوەکان، ژنان، گەنجان و سەرجەم هێزە یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازەکان بکات.

ئەگەر بڕیارە ئێرانی داهاتوو نەک تەنیا لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕێت، بەڵکوو ببێتە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و خاوەن تەناهی و خۆشگوزەرانی، ناتوانرێت دڵ بە هاوپەیمانییە بریقەدار، بەڵام بێ‌ ڕەگ و ڕیشەکا‌ن خۆش بکرێت. داهاتوو لە کۆتاییدا ئەو هێزانە پێکی دەهێنن کە بتوانن لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگە، لەگەڵ ئازار و داواکارییە زیندووەکانی خەڵک و لەگەڵ ناکۆکییە مادی و کۆمەڵایەتییەکانیدا پەیوەندی دروست بکەن. بارودۆخی سیاسیی هەستیاری ئێستا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، پێویستیی هەنگاوی جیدی و خێرای بۆ پێکهێنانی ڕیزێکی سەربەخۆی چەپ بەرجەستە کردووەتەوە. هەوڵی سەربەخۆ و کاریگەری هێزە چەپەکان لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا، پێویستی بە ڕێکخستن، بەرنامەداڕشتن و پەیوەندیی ڕاستەقینە لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی ئێران هەیە. داهاتووی سیاسیی ئێران پێویستی بەو هێزانەیە کە نەک تەنیا سەبارەت بە ئازادی بدوێن، بەڵکوو لە ناو دڵی کۆمەڵگەوە سەریان هەڵدابێت، لە ئازاری هەژاری و نایەکسانی تێبگەن و بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، ستراتیژ و بەرنامەیان هەبێت. ئەمە ئەرکێکە کە هێشتا هیچ هێز و لایەنێک لە ئەستۆی نەگرتووە.