ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران، چەندین ناوەند و ژێرخانە هەستیارەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، لە چەندین شار و ناوچەی وەک سنە، تاران، ئەكباتان، مێهراباد، تەورێز، هەمەدان، ئابادان و بەندەر عەباس، هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام بوون. هەروەها لە تاران، بە تایبەت ناوچەی پاسداران و دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهراباد، کارەبا بە تەواوی پچڕاوە. هاوکات لە شاری سنە چەندین ناوەندی حکومەت و هەروەها بنکەیەکی پۆلیس لە شەقامی عەباس ئاوا کراوەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا لە ناوچەکانی ئابادان و بەندەر عەباس، پێگەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە توندی هێرش کراوەتە سەریان و زیانێکی بەرچاو بەر بینا حکومییەکان کەوتووە. بەپێی دوایین هەواڵەکان، لە شاری تەورێز و هەندێک ناوچەی دیکەش، دامەزراوە پترۆکیمیاییەکان و ناوەندە پیشەسازییەکان بە توندی هێرش کراوەتە سەریان و بە تەواوی لە ناو چوون. بەپێی هەواڵی گەیشتوو، زانکۆی نیزامیی “ئیمام حسێن” لە تاران بەر هێرشێکی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیل کەوتووە و بە تەواوی ڕووخاوە.
