ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی چینی کرێکاری لە ئێران نیشاندا، ئەو کرێکارانەی کە ساڵانێکە لە ژێر قورسایی باری هەڵاوسان و کەمی حەقدەست و گرێبەستی کاتیی و بێ مافی موتڵەق دا وەگیانهاتوون و لە هەمان کاتدا مافی ناڕەزایەتی دەربڕینیشیان نییە. ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) لە ڕۆژەکانی دوای ئەم ناڕەزایەتیانە، وێنەیەکی ڕوون و هەژێنەر لەم بارودۆخەی چینی کرێکار دەخاتە ڕوو. چیرۆکی ئەو کرێکارانە دەگێڕێتەوە کە “چەند قات لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین” و کاتێک دەچنە سەر شەقامەکان و دەڵێن “ئیتر توانای تەحەمولیان نەماوە“، لە بێدەنگی و بێ ناونیشانی دا دەدرێنە بەر گوللە. لەم ڕاپۆرتەدا عەلیڕەزا خوڕەمی هەڵسووڕاوی کرێکاریی، بارودۆخی ئەمڕۆی کرێکاران بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
کرێکاران و موچەخۆران “ئازارێکی هاوبەشیان هەیە بەڵام ناوێرن دەریببڕن، کرێکاران لە بارودۆخی ژیانیان ناڕازین بەڵام مافی ناڕەزایەتییان نییە.” ناوبراو ئاماژە بە دژوازی ڕواڵەتی نێوان قسە و کردەوەی دەسەڵەتداران دەکات و دەڵێت: “هەموو بەرپرسان، هەر لە ئەندامانی پارلمانەوە بگرە تا ئاستی سەرەوەتر، بەردەوام بەردەوام باس لەوە دەکەن کە سفرەی کرێکاران بچووک بووەتەوە و دۆخەکە باش نییە، بەڵام لە واقیعدا هەموو ئەو لێدوانانە تەنیا دروشم یان دەرئەنجامی ناکۆکیی نێوان باڵەکانە“.
ئەم لێدوانە بەڕواڵەت هاوسۆزانەیە، کاتێک لەپاڵ سەرکوتی سیستماتیکی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی کرێکاری دادەنرێت، مانا ڕاستەقینەکەیان ئاشکرا دەبێت. هەروەک وەک ئیلنا لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدەکات، کرێکارانی ناڕازی نەک تەنها ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوشار دەبنەوە، بەڵکوو لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە و دەخرێنە ناو “لیستی ڕەش“ی پایمانکاران، بانگهێشتی دادگا دەکرێن و لەگەڵ تۆمەتی وەک “ڕاگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان” و “تێکدانی نەزمی کارگە” بەرەوڕوو دەبنەوە. چارەنووسێکی کە بۆ نموونە پێنج کرێکاری کانگای خەڵوزی هەشۆن تووشی بوون.
بەم شێوەیە چینی کرێکار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەژێر گوشارێکی دوولایەنەدایە. لە لایەک هەژاری و نائەمنی پیشەیی و لە لایەکی ترەوە قەدەغەکردنی بە کردەوەی ناڕەزایەتی، دۆخێکی کە هەر هەوڵێک بۆ بەرگریکردن لە لانیکەمی مافی پیشەیی دەکات بە “تاوانێکی ئەمنی“.
یەکێک لە بەشە هەرە هەژێنەرەکانی ڕاپۆرتەکەی ئیلنا، بریتییە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری ئەو کرێکارانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا گیانیان لەدەستداوە. پەیامنێری ئیلنا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ ئامارێکی چینایەتی سەبارەت بەو کوژراوانە بە دیاریکراوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە کرێکاران و مووچەخۆران بەشێکی زۆری خۆپیشاندەرانی شەقام و گیانبەختکردوانیان پێکهێناوە. کەسانێکی کە “خەمی نان” و دوورکەوتنەوە لە بەشداریی سیاسی، ناچاری کردن بڕژێنە سەر شەقامەکان. لە گەڕانێکی مەیدانیدا لە ناوچە کرێکارنیشینەکانی وەک بەندەر ئیمام، ماهشەهر و شوش، تەنیا چەند ناوێک بەزەحمەت دەناسرانەوە: حسێن سەلیحاوی تەمەن ٢٣ ساڵ، دانیشتووی شاری ماهشەهر، کرێکارێکی بێکار کە هەڵوەدای دۆزینەوەی کار بوو، منداڵی شۆفێرێکی خانەنشینکراوی تاکسی، کە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە ناوەندی شار گیانی لەدەست دا. ئەمین سپێهری تەمەن ٢٦ ساڵ، کرێکاری کۆمپانیای پاکشوو لە شاری شوش، خاوەنی نزیکەی چوار ساڵ ئەزموونی کارکردن و هیچ پێشینەیەکی سیاسی نییە. ئەویش بە هەمان شێوە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو ڕۆژدا گیانی لەدەستدا، ئێستا هیچکەس نازانێت بابەتی خانەنشینی و قەرەبووی گیان لەدەستدان و داهاتووی بنەماڵەکەی چی بەسەر دێت.
جگە لەمانە، ئیلنا ئاماژە بە ناوی کرێکاران و فرۆشیارانی دیکەش دەکات: “مورادی”، کرێکارێکی جۆشکاری نەوت لە ئیسفەهان، “محەممەدی”، دەستفرۆشێکی خەڵکی ئیسفەهان، “مرووەتی”، فرۆشیارێکی سەر شەقام لە تاران، “خەلەج”، کرێکاری فرۆشگایەک لە قەزوێن، و هتد… بەڵام خودی ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمانە تەنیا چەند ناوێکن لە لەشکری بەرینی “ ئەو کرێکار و مووچەخۆرە فەرمی و نافەرمیانەی کە ” لە دژی هەژاری و برسێتی” ڕژانە سەر شەقامەکان و بە بێناونیشان و لە بێدەنگییەکی قورسدا گیانیان لەدەستدا.
ترس لە دەرکران و دەستبەسەرکردن و لێپێچینەوە ئەوەندە قورسە کە تەنانەت کرێکارانی برینداری ناڕەزایەتییەکان نەیاندەوێرا ڕاشکاوانە ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن. ئەوان پێیان باشترە کە “ماوەی پڕ ئێش و ئازاری برینداربوونیان بە بێدەنگییەکی تەواو و دوور لە چاوی ڕاگەیەنەرەکان تێپەڕ بکەن.” ئەم بێدەنگییە ناچارییە، بەشێکە لەو میکانیزمەی کە ئازارەکانی چینی کرێکار دەشارێتەوە.
ئیلنا بە دروستی باس لە “بێدەنگی و دەنگ نەدانەوەی” کوشتاری چین و توێژەکانی خوارەوە دەکات و دەڵێت، دوای ئەو “کارەساتە گەورەیە“، بەکردەوە بەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی کرێکاران، بێکاران و ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە و دەستفرۆشانی سەر شەقامەکان گیرا. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە دەستفرۆشانی سەر شەقام گیانیان لەدەستدا“، بەڵام ئەم ڕاستییە لە میدیا فەرمییەکان و پلاتفۆرمە حکومییەکاندا هیچ ئاماژەیەکی پێناکرێت.
ئەم سانسۆرکردنە هەڵگری چەند پەیامێکی ڕوونە. گیانی چینی کرێکار لە حیساباتی سیاسیی ڕێژیمدا بێ بایەخ و بێ نرخە. مەرگی کرێکاران نابێ وەک “چین” تەماشا بکرێت. نابێ ئەوە ئاشکرا بکرێت کە ناڕازییان بە شێوەیەکی سەرەکی سەر بە چین و توێژە چەوساوەکان و ژێردەستانی کۆمەڵگا بوون. بە نەهێشتنی گێڕانەوەی کرێکاران لە ناڕەزایەتی و سەرکوتەکان، مەیدان بۆ گێڕانەوەی فەرمی ڕێژیم خۆش دەبێت کە ناڕازییان بە “ئاژاوەگێڕ” ناودەبات.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا ڕۆڵی ڕاگەیەنەرە کرێکاریی و بڵاوکراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان ئێجگار گرنگە. تۆمارکردنی ناوەکان و ئاشکراکردنی ئەو ڕاستیانەی کە دەسەڵات هەوڵی شاردنەوەیان دەدات.
لەسەر ئاستی دروشمەکان هەموو شتێک جوانە. سەرۆک کۆمار چەندین جار ڕایدەگەیەنێت “ئێمە خزمەتکاری خەڵکین و دەنگی ناڕازیان دەبیستین”. بەڵام دەرئەنجامی ئەم “بیستن”ە جگە لە کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەرانی سەر شەقام هیچی تر نەبوو.
خوڕەمی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “ئەگەر بەڕاستی ڕاستگۆن، پێویستە ڕێگایەکی ئەمن بۆ ناڕەزایەتییەکانمان دیاری بکەن، دەبێت ئەمنییەتی ناڕەزایەتییەکان مسۆگەر بکرێت، تەنیا ئەوەی کە بڵێن دەنگی ئێوەمان بیستووە چ سوودێکی هەیە؟“
ئەم پرسیارە رێک کاکڵی مەسەلەکەیە: لە سیستەمێکدا کە هیچ ڕێگایەکی ئەمن و یاسایی و کاریگەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کرێکاران نەماوەتەوە، هەر چەشنە قسەکردنێک لە “بیستنی دەنگ” تەنیا دەبێتە سووکایەتیکردن بە شعوور و کەرامەتی چینی کرێکار.
کۆی ئەو بەڵگانەی کە لە ڕاپۆرتەکەی ئیلنادا خراوەتەڕوو، لە ئاستی تەنیا “هەڵەی بەڕێوەبردن” یان “خراپ بەڕێوەبردن” تێدەپەڕن و وێنەیەکی بەتەواوی دژە کرێکاریی نیشان دەدەن: حەقدەستێکی کە تەنانەت بەردەوام مانەوە مسۆگەر ناکات، هەڵاوسانێکی کە ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەی کرێکاران بچووکتر دەکاتەوە، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، گرێبەستی کاتی و پەیمانکاری، سەرکوتی هەر چەشنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاری، ئەمنیەتیکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان و لە کۆتاییدا، دەسترێژی گوللە بۆسەر ئەو ناڕازیانەی کە بۆ “نان” هاتوونەتە سەر شەقامەکان. لە ئاوا سیستەمێکدا کرێکار نەک بە هاوڵاتییەکی خاوەن ماف، بەڵکوو بە هێزێکی کاری هەرزان و بێدەنگ و گیان لەسەردەست دادەنرێت. بوونەوەرێکی کە ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەکرێت بە “ئاژاوەگێڕ” ناوی ببەن، دەربکرێت، ببرێتە دادگا، یان تەنانەت تەقەی لێبکرێت، بەبێ ئەوەی ناوی لە هیچ ئامارێکی فەرمیدا تۆمار بکرێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ویست و داخوازییەکانی چینی کرێکار لە ئێران لە زومرەی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤن. خودی خوڕەمی لە وتووێژەکەی لەگەڵ ئیلنا دەڵێت، “کرێکار ژیانێکی ئارام و بێخەم دەوێت، سفرەیەکی دەوێت کە بەردەوام بچوکتر نەبێتەوە، دەیەوێت بۆخۆی لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا بەشدار بێت و دەیەوێت ژیانی ڕۆژانەی بەردەوام سەخت و دژوارتر نەبێت“.
ئەمویستوداواکاریانەئەگەرچیشتێکیساکاروئاسایین،بەڵاملهڕیژیمیسەرمایەداریئیسلامیدابوونەتەخەونوخولیایەکیوەدینەهاتوو. تا ئەوکاتەی مافی ڕێکخراوەی سەربەخۆ بە فەرمی نەناسرێت، مافی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەیەکی ئەمن مسۆگەر نەکرێت، لانیکەمی حەقدەست لەسەر بنەمای بژێوی ڕاستەقینە دیاری نەکەتێت و سەرکوتی سیاسی و ئەمنییەتی کرێکارانی ناڕازی کۆتایی پێنەهێنرێت، چینی کرێکار لە ئێران هەروا لە دۆخێکدا دەمێنێتەوە کە ئیلنا بەم شێوەیە وەسفی دەکات: “سەپاندنی ژیانێکی سەخت لە بێدەنگیدا”.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئەرکی ڕێکخراوەکان و هەڵسووڕاوانی چینی کرێکار، بەر لە هەموو شتێک، بریتییە تۆمارکردن و ڕەنگدانەوەی ئەو ئازار و ناڕەزایەتییە، شکاندنی ئەو بێدەنگییەی کە بەسەر ناو و ڕووخساری کرێکارانی گیانبەختکردوو و دەستبەسەرکراودا سەپێنراوە. تا کاتێکی کە داستانی ژیان و بەسەرهاتی کرێکاران، کار و هەژاری و سەرکوت نەبێتە پرسی سەرەکی ناو گفتوگۆ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، “خزمەتکاری جەماوەر” و “بیستنی دەنگی ناڕەزایەتی” لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، تەنیا دروشمێکی فریوکارانەیە و هیچیتر. ئەم دەنگانە دەبێ بەرزتر و ڕێکخراوتر و بەردەوامتر ببیسترێن. چونکە ئایندەی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و ئینسانی، تەنها بە ئازادی و ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی چینی کرێکار مومکین دەبێت.
