کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی پێکهاتنی بەرەیەکی چەپی گشتگیر لەسەر بەستێنی قەیرانی سیاسی ئێستا

پێویستی پێکهاتنی بەرەیەکی چەپی گشتگیر لەسەر بەستێنی قەیرانی سیاسی ئێستا

کۆمەڵگای ئێران بە یەکێک لە قۆناغە هەرە گرینگەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئەم قەیرانە نە دیاردەیەکی کاتی و نە بەرهەمی یەک فاکتەرە، بەڵکوو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ٤٧ ساڵ دژوازی و ململانێی سیاسییە کە ئێستا گەیشتووەتە لوتکە. بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری، قوڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگایەکدا کە هەژاری و سامانێکی بێ وێنە هاوکات پەرەیان سەندووە، چڕبوونەوەی سەرکوتی سیاسی بەرامبەر بە هەر دەنگێکی ناڕازی و لە ئاسۆیەکی نزیکدا، مەترسییەکانی سەرچاوەگرتوو لە گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ ئەمریکای کردووە بە ئەگەرێکی واقیعیتر لە هەر کاتێک، هەلومەرجێکی خوڵقاندووە کە چیتر ناتوانرێت بە گرتنەبەری سیاسەتی ڕۆژانە و پرشوبڵاو چارەسەر بکرێت.

لە ئاوا چرکەساتێکی گرینگدا، پرسیارێکی بنەڕەتی دەکەوێتە بەردەم هێزە چەپ و سۆسیالیستەکانی ئێران، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەو هێزانە ئامادەن وەک ئەکتەرێکی سیاسی یەکگرتوو و کاریگەر پێ بنێنە ناو گۆڕەپانەکەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بابەتی پێکهاتنی بەرەیەکی چەپی گشتگیر وەک پێویستییەکی سیاسی، دەخاتە بەرنامەی کارەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەندێک هەوڵیانداوە بۆ پێکهێنانی چەشنێک لە هاوپەیمانی و یەکگرتوویی. ئەم هەوڵانە لەم دۆخە سیاسییەی ئێستادا خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە گرتووە. هەر لە مەیل و ڕەوتە جۆراوجۆرە سەڵتەنەتخوازەکانەوە بگرە کە لە هەوڵی گەڕاندنەوەی مەشروعییەتی سەلتەنەت لە بەرگێکی نوێدان، تا دەگاتە کۆماریخوازانی لیبراڵ دیموکرات، سۆسیال دیموکراتەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی چالاک لە بزووتنەوە نەتەوەییەکان، هەموویان لەم بوارەدا کەوتوونەتە جموجۆڵ. ئەم هەوڵانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ ناوەڕۆکی سیاسییان، ڕەنگدانەوەی واقیعێکی بابەتیانەن، ئەویش ئەوەیە کە ئەمڕۆ پرسی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی سیاسیدا نییە، بەڵکوو بووەتە بەرنامەیەکی ڕۆژانە.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان ناتوانن بە کەمتەرخەمی یان بێدەنگی کۆنەپارێزانە لەم پێشهاتانە تێپەڕبن. ئەگەر ڕەوت و لایەنەکانی تر لە هەوڵی جۆرێک لە خۆڕێکخستنی سیاسیدان بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناغە، غیابی چەپ بە واتای ڕادەستکردنی مەیدان بە هێزگەلێکە کە نوێنەرایەتی ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تەواو جیاواز دەکەن. ئەوەی لەم غیابەدا لەدەست دەچێت، تەنیا بوونی ناوی چەپ لە هاوکێشەکاندا نییە، بەڵکوو نەهێشتنی دەنگی کرێکاران، ژنان، نەتەوە ستەملێکراوەکان و زەحمەتکێشانە لە دەقی سەرەکیی دیالۆگەکانی ئینتقالدا.

حزووری چالاکانە لەم مەیدانەدا، نەک لە پێگەی شوێنکەوتەی ئەوانی ترەوە، بەڵکوو بە ناسنامەیەکی چینایەتی و  سیاسیی سەربەخۆوە، مەرجی مانەوە و کاریگەری چەپەکانە لە پێشهاتەکانی داهاتوودا. مێژوو دەریخستووە کە ئەو هێزانەی لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا مەیدانیان چۆڵکردووە، نەک هەر پەراوێزکەوتوون، بەڵکوو دوای قۆناغی گواستنەوەش، دەرفەتی گەڕانەوە بۆناو گۆڕەپانی سەرەکی سیاسییان لەدەست داوە. ئەزموونی تاڵی شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕۆڵی هێزە چەپەکان تێیدا، وانەیەکە کە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت.

بەڵام کۆمەڵگای ئێران وەک هەر کۆمەڵگایەکی تر، کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە و خاوەن بەرژەوەندی و مەیل و بۆچوونی سیاسیی فرەچەشنە. کرێکارانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، موعەلیمان و پەرستار، زەحمەتکێشانی شار و گوند، چینی مامناوەندی شار، وردە بورژوازی بازرگانی، سەرمایەدارانی پیشەسازیی و لە سەرووی هەموویانەوە، بۆرژوازی ڕانتیی وابەستە بە دام و دەزگای دەوڵەت، هەریەکەیان بەرژەوەندی و ڕوانگەی جیاوازیان بۆ داهاتوو هەیە. سەرەڕای ئەوەش، بەشێکی زۆری ئەم مەیل و ڕەوتە جۆراوجۆرانە، لەسەر یەک خاڵ هاوبەشن: کە بریتییە لە دژایەتیکردن لەگەڵ بەردەوامبوونی حکوومەتی وەلایەتی فەقی. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل و حەوت ساڵی ڕابردوودا بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و هەڵاواردن و جێبەجێکردنی ئابوورییەکی نیولیبراڵی، زۆرێک لە هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە دژبەری خۆی. ئەم فرەچەشنییەی هێزە دژبەرەکان، هاوکات هەم دەرفەت و هەم هەڕەشەیە. دەرفەتە لەبەرئەوەی زەمینەی یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوە لەدژی ستەم و سەرەڕۆیی دەڕەخسێنێ و هەڕەشەیە چونکە بەبێ ڕێکخراوبوونی وشیارانە و بەبێ بوونی دەنگی چەپی ڕادیکاڵ، قۆناغی گواستنەوەکە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی چینایەتی لە فۆرمێکی تردا، وەک ئەوەی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە و لە کاتی ڕووداوەکانیبەهاری عەرەبیدا بینیمان.

مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە کە چەپ بە چ قورسایی و بە چ یەکگرتووییەک پێدەنێتە ناو پرۆسەی گواستنەوە؟ هاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ هێز و لایەنەکانی تر، بەبێ ئامادەییەکی ڕێکخراو و یەکگرتووانەی چەپ، لە ڕووی سیاسییەوە بە مانای توانەوەی ئەو هێزانەیە لە ناو ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیدا و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بە مانای لاوازبوون یان کپبوونی دەنگی عەداڵەتخوازی ڕادیکاڵە لە قۆناغی گواستنەوەدا. ئەگەر بڕیاربێت هێزی چەپ وەڵامی هاوپەیمانییەکی بەربڵاوتر بداتەوە، دەبێت پێشوەختە خۆی  ڕێکخراو و یەکگرتوو کردبێت. بەشێوەی پرشوبڵاو و ناڕێکخراو چوونەناو هاوپەیمانییە گەورەکان، نەک هەر توانای موزایەدەی هێزی چەپ زیاد ناکات، بەڵکوو مەترسی بەلاڕێداچوون و گۆڕانکاری سیاسیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام بەرەی چەپی گشتگیر بە مانای نەهێشتنی جیاوازییەکان نییە. مەیلە جیاوازەکانی چەپ، خاوەنی جیاوازی گەلێکی تیۆری و ستراتیژی بەرچاون. ئامانج ئەوەیە کە ئەم جیاوازییانە لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا ڕێکبخرێت، چوارچێوەیەکی کە ناسنامەی چینایەتی، سەربەخۆیی سیاسی و لانیکەمێک لە بەرنامە و ئاراستەی سۆسیالیزم بپارێزێت. بەبێ یەکگرتووییەکی ئەوتۆ، چەپەکان دەکەونە پەراوێزەوە.

یەکێک لە بەربەستە مێژووییەکانی بەردەم لێکنزیکبوونەوەی هێزە چەپەکان لە ئێران، بریتی بووە لە بێمتمانەیی بە یەکتر. ئەم بێمتمانەییە ڕیشەی قووڵی لە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی چەپی ئێراندا هەیە، هەر لە ئەزموونەکانی دەیەی شەستەوە بگرە تا ڕکابەرییە ئیدئۆلۆژییەکانی سەردەمی تاراوگە. بەڵام متمانەی سیاسی، نە بە خوێندنەوەی نییەتەکان بەدەست دێت و  نە بە دەرکردنی بەیاننامەی گشتی. ئەم متمانەیە دەبێت لە مەیدانی کردار و لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرسە واقیعییەکانی کۆمەڵگادا دروست ببێت.

خاڵە دیار و بەرچاوەکانی ئەم ئازموونە بریتین لە: چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە پیشەسازیی نەوت و کانگا و کارخانەکان، هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر هەڵاواردنی نەتەوەیی لە کوردستان، بەلوچستان، ئازەربایجان و ناوچەکانی دیکە، چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە مەترسییەکانی شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی و هەروەها یاوەریکردنی بزووتنەوەی ژنان. تەنیا لە ڕێگەی هاوکاریی کردەیی و نیشاندانی هەڵوێستەکان لەم بوارانەدا دەتوانرێت تەمی گومانە مێژووییەکان بڕەوێتەوە.

بەرەی گشتگیری چەپ، بە مانای کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ناو و ڕێکخراو نییە کە خاوەن هیچ جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا نین یان چالاکییەکانیان تەنیا لە دەرکردنی ڕاگەیاندنی ناوبەناودا سنووردار دەبێتەوە. بەرەیەکی کە نەتوانێت پەیوەندییەکی زیندوو لەگەڵ خەباتە ڕاستەقینەکان لە ناوخۆی ئێران دابمەزرێنێت، دەبێتە کۆڕ و کۆمەڵێکی تەبلیغاتیی لە پەراوێزی سیاسەتدا.

ئەو هێزانەی کە بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو لە ڕێکخستن، پشتیوانیکردن یان دەنگدانەوەی خەباتی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، ژنان و لاواندا ڕۆڵ دەبینن، دەتوانن بڕبڕەی پشتی بەرەیەکی لەو شێوەیە بن. لەم نێوەندەدا کوردستانی ئێران، بەهۆی تایبەتمەندییە ناوازەکانی، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. کۆمەڵگایەکی سیاسی، مەدەنی و وشیار و خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە خۆڕاگریی، ئەزموونی دەوڵەمەندی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی وەک مانگرتنی گشتی و خۆڕاگریی بەکۆمەڵە و هەروەها کاریگەرییەکی مێژوویی قووڵی ڕەوتە چەپەکانە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەیدا. لە کوردستاندا سیاسەت مەسەلەیەکی خەیاڵی نییە، بەڵکوو لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ڕێکخستنە مەدەنییەکان ئاوێتە بووە. هەر هێزێکی چەپ کە ئیدیعای ئەوە بکات کە خاوەنی ڕۆڵێکی سەرتاسەرییە، دەبێت بتوانێت توانایی و پۆتانسێلی خۆی لەم مەیدانەدا نیشان بدات. مەشروعییەتی سیاسی بەرەی گشتگیر چەپ، نەک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی بوونێکی ڕواڵەتییەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ کۆمەڵگا بەدەست دێت. ئەم پەیوەندییە واتە پشتیوانیی شێلگیرانە لە بزووتنەوەی کرێکاری، پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژنان و ویست و داواکاریی یەکسانیخوازانەی ئەوان، بەرگریکردن لە مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان لە چوارچێوەی چەمکی نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و وەڵامدانەوە بە نیگەرانییەکانی ئەو لاوانەی کە لە شۆڕشی ژینادا دەنگیان لە سەرانسەری جیهاندا بیسترا.

یەکێک لە لاوازییە بەردەوامەکانی هێزە چەپەکانی ئێران، بریتی بووە لە پرشوبڵاویی میدیایی و بێتوانایی لە پێکهێنانی گوتارێکی گشتی. لە سەردەمێکدا کە میدیای مانگی دەستکرد و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان ڕۆڵێکی بێ وێنە دەگێڕن لە ئاراستەکردنی ڕای گشتیدا، ئەم پرشوبڵاوییە تێچووی قورس بەسەر ڕەوتی چەپدا دەسەپێنێت. دروستکردنی دەزگایەکی میدیایی هاوبەش لەوانە تەلەویزیۆنی مانگی دەستکرد، کاناڵی شیکاریی دیجیتاڵی، یان پلاتفۆرمێکی هەواڵیی هاوبەش، دەتوانێت بەشێکی گرنگ بێت لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی گشتگیر و یەکگرتوو. میدیایەکی لەم شێوەیە نەک هەر ئیمکانی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هێزەکاندا پێک دەهێنێت، بەڵکوو بە کردەوە نیشانی کۆمەڵگاشی دەدات کە چەپی ڕادیکاڵ خەریکە قۆناغی پرشوبڵاوییە مێژووییەکانی خۆی تێپەڕ دەکات، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پەیامێکی سیاسییە. گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە چەپەکان، پێویستە بە پلەی یەکەم تەرکیز بخاتەسەر پرسی ستراتیژی و تاکتیک و سیاسەت. لەم قۆناغەدا تەنیا خستنەڕووی بابەتی تیۆری یان گەڕانەوە بۆ ململانێ ئیدئۆلۆژییە مێژووییەکان، هیچ کۆمەکێک بە یەکگرتوویی ناکات. دەکرێت لە نێو هێزە چەپ و سۆسیالیستەکاندا چەمکگەلێکی بەرنامەیی بەرچاوی وەک ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی شۆڕایی، یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی، وەک بابەتێکی جێکەوتوو دابنرێت و تەرکیز بخرێتە سەر چۆنیەتی بەدیهێنانیان لەم هەلومەرجە تایبەتەی ئێستادا.

ئەو پرسیارە سەرەکیانەی کە پێویستە لەم وتووێژانەدا وەڵام بدرێنەوە بریتین لە: چ تاکتیکێک لە بارودۆخی چڕبوونەوەی سەرکوتدا کاریگەرترن؟ لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، چۆن هاوکات لەگەڵ دژایەتی بەرامبەر بە دەستێوەردانی دەرەکی، لە بەرامبەر ستەم و سەرەڕۆیی ناوخۆییدا دەوەستێتەوە؟ لە قۆناغی ئینتقالیدا، چ فۆرمێک لە ڕێکخستنی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت ڕێگری بکات لە سەرلەنوێ بەرهەمهاتنەوەی هەژموونی چینایەتی؟ و هەروەها پێویستە چ هاوسەنگییەک لە نێوان خەباتی دەرەوەی وڵات و پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکانی ناوخۆدا بپارێزرێت. بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران قەیراناویی و مەترسیدارە، چ لە ئەگەری سیناریۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و مەترسیی شەڕ، یان ئەگەری سیناریۆی هەڵوەرین و لاوازبوونی ناوخۆیی دەسەڵات. هەردوو ئاراستەکە دەتوانن کۆمەڵگا بەرەو قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ئەوتۆ ببەن کە تیایدا دۆخی هێزە سیاسییە ڕێکخراو و یەکگرتووەکان، گەلێک باشتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ هێزە پرشوبڵاوەکان.

چەپی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی گەورەترین فیداکاری لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە. هەر لە ئێعدامەکانی دەیەی شەستەوە بگرە تا ساڵانێکی دوورودرێژی زیندانی و دەربەدەری. ئەو هێزانە تێچوویەکی زۆریان لەپێناو خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا داوە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە فیداکاری بە تەنهایی بەس نییە. ئەوەی کە چەپی ئێران پێویستی پێیەتی،بریتییە لە گرێدانی ئەم سەرمایە مێژووییە بە پرسی خۆ ڕێکخستنی ئەمڕۆوە. پێکهێنانی بەرەی گشتگیری چەپ، هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی هیوای کۆمەڵایەتی لەسەر تەوەری ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانی، ئارمانێکی کە ملیۆنان کەس لە بزووتنەوە کرێکارییەکان، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاریی، شۆڕشی ژینا و ئاخێزی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە پێناویدا هاتنە سەر شەقامەکان. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە چەپی ئێران نیشانی بدات کە دەتوانێت لە مێژووی خۆی وانە وەربگرێت و وەک هێزێکی بەرپرسیار و ڕێکخراو و ئومێدبەخش، وەڵامی پێداویستییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگا بداتەوە.