کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی هاوپشتی جیهانی بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران

7790de7e f672 49dd 9a92 02ba385d

دوابەدوای شەپۆلی ئەم دواییەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، دەیان هەزار کەس دەستبەسەر کراون و گەلێک ڕاپۆرت سەبارەت بە ئەشکەنجەی سیستماتیک، بێسەروشوێنکردن، دانپێدانانی زۆرەملێ و هەڕەشەی ئەگەری لەسێدارەدرانی زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان، بڵاو کراوەتەوە. هەر ئێستا لە پشت دەرگای داخراوی گرتنگە و زیندانەکان کارەساتێکی مرۆیی خەریکە ڕوودەدات. کۆی ئەم بابەتە، دۆخێکی نائاسایی مرۆیی دروستکردووە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و ڕێکخراوی جیهانیی هەیە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، بەڕێوەچوونی کەمپەین   و ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی و ڕێگریکردن لە بەردەوامیی سەرکوتی خوێناوی، پێویستییەکی بەرچاو و هەنووکەییە. سەرەتا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران پێویستی بە پێکهاتنی هاوپشتی و کۆدەنگی جیهانی هەیە. بارودۆخی دەستبەسەرکراوانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکان، ئەوەندە خراپە کە ناکرێت تەنیا وەک پرسێکی ناوخۆیی چاوی لێبکرێت. ئەم قەیرانە سروشتێکی مرۆیی و جیهانیی هەیە و دەبێت لە زومرەی یەکەم ئەولەوییەتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی جیهانیی بێت. لەمڕووەوە تەرکیزی ئاکسیۆن و ڕێوشوێنە ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوەی وڵات لەسەر پرسی زیندانیانی سیاسی و مەترسی لەسێدارەدانیان، دەتوانێ سەرنجی ڕای گشتی جیهان بۆ ئەم کارەساتە ڕابکێشێت و تێچووی سیاسی و نێودەوڵەتی سەرکوت بۆ حکوومەت زیاد بکات.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان، تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان بڵاونەکراوەتەوە. سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە لە نێوان ٤٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس دەستبەسەر کراون، ئامارێکی کە ئاستی بەربڵاوی سەرکوتەکان نیشان دەدات. ئەم نەبوونی ناشەفافییەتەش خۆی نیشانەی هەوڵەکانی حکوومەتە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و کوشتاری زیندانییەکان لە بێدەنگیدا. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی هەڵسووڕاوانی دەرەوەی وڵات، بریتییە لە بەڵگەمەندکردن، بلاوکردنەوەی ڕاستییەکان و گوشار بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئاماری ورد و ناسنامەی دەستگیرکراوەکان، کارێکی کە دەتوانێت ڕێگری بکات لە بێسەروشوێنکردنی زۆرێک لە زیندانییەکان لە بێدەنگیدا.

زۆرێک لە دەستگیرکراوان لە زیندانەکان، گرتنگە نهێنی و ناوەندە نافەرمییەکانی ژێر کۆنترۆڵی دام و دەزگا ئەمنییەکاندا ڕاگیراون. پچڕانی بەتەواوەتی پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان، دەستڕانەگەیشتن بە دادگایەکی دادپەروەرانە و بێبەشکردن لە چاودێری سەربەخۆ، ڕێگەی بۆ ئەشکەنجە و گەلێک هەڵسوکەوتی خراپ و نامرۆڤانە خۆشکردووە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، کەمپەین و ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن هاوکات لەگەڵ خواستی ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی، بابەتی سەردانی لێژنەکانی ڕاستیدۆزی نێودەوڵەتیش بێننە ئاراوە و گوشارێکی سیاسیی کاریگەر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی. ئەوەی کە دۆخەکە زۆر بەپەلە و هەنووکەیی دەکات، بریتییە لە لێدوان و فەرمانە ئاشکراکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە ئاشکرا فەرمانی بەڕێوەچوونیدادگاییکردنی خێراو سەپاندنیسزای توندیدەرکردووە. ناڕازییان بە شێوەیەکی سیستماتیک وەکتیرۆریست،هاوکاری لەگەڵ وڵاتە دەرەکییەکانومحاربناو دەبردرێن، تۆمەتێکی کە بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان. بڵاوکردنەوەی بەرینی دانپێدانانی زۆرەملێ لە میدیاکانی دەوڵەتیشەوە بەشێکە لەم پڕۆژەی سەرکوتە دەروونییە. لە بەرامبەر سیاسەتێکی لەم شێوەیەدا، بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و کەمپەینی میدیایی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەتوانێت کۆمەک بکات بە ڕاگرتنی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان و ڕزگارکردنی گیانی زۆر کەس.

بە گوێرەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان، بەشێک لەو کەسانەش کە بە برینداریی دەستگیرکراون، لەناو زیندانەکاندا لە چارەسەری پزیشکیی بێبەش کراون یان تەنانەت بە شێوەیەکی بەئەنقەست و ئامانجدار کوژراون. جگە لەوەش، باس لە لەسێدارەدانی نهێنی و بەبێ بەڕێوەچوونی ڕێوشوێنی یاساییش دەکرێت. ئەم حاڵەتانە نیشانەی مەترسییەکی دەستبەجێ و جیددییە بۆ سەر گیانی هەزاران زیندانیی. ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بە دروستکردنی تۆڕی هەماهەنگ و کۆکردنەوەی بەڵگە و کارکردن لەگەڵ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، نەهێڵن زیندانەکان ببنە کوشتارگایەکی بێدەنگ. هەر لەو پێوەندییەدا مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداریی داوە کە کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی ئێعدام و خوڵقاندنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن، هەوڵدەدات بەر بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان بگرێت و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەزاران خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو، دوای دادگاییکردنێکی نمایشی، مەترسی لەسێدارەدان یان کوشتنی دەستبەجێیان لەسەرە، لەمڕووەوە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەی جیهانییە کە بۆ پاراستنی گیانی ئەو زیندانیانە، ڕێوشوێنی دەستبەجێ و خێرا بگرنەبەر. ئەم هۆشدارییانە ئەوە دەردەخەن کە هەر کەمتەرخەمییەک لەم بابەتەوە دەتوانێت گیانی زۆر کەسی بێ دیفاع بخاتە مەترسییەوە.

هەربۆیە پەرەپێدانی کەمپەین و ئاکسیۆنی جۆراوجۆر لە دەرەوەی وڵات گرنگییەکی دیاریکراوی هەیە. بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی بەربڵاو، وەڕێخستنی کەمپەینە جیهانییەکان، بەدواداچوون بۆ کەیسەکان لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانی یەکێتییە کرێکارییەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە زومرەی ئەو ڕێوشوێنانەن کە دەتوانن کەشوهەوای جیهانی بە قازانجی زیندانیانی سیاسی بگۆڕن. ئەزموونەکانی پێشووتر دەریانخستووە کە گوشاری بەردەوامی بیروڕای گشتی جیهانیی دەتوانێت بەر بە ڕەوتی لەسێدارەدان بگرێت و تەنانەت ئازادی زیندانییان خێراتر بکات. بەشێوەیەکی گشتی بەرگریکردن لە گیانی زیندانیانی سیاسی، نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی، بەڵکوو بەشێکە لە خەبات بۆ ئازادی و مافی ژیانی ئینسان. ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن زمانحاڵی ئەو زیندانیانە بن کە لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە دەنگیان کپکراوە. هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، هەر بەیاننامە و کەمپەینێکی جیهانی دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی گەورەتر. ئێستا کاتی ئەوەیە کە هاوپشتی جیهانی ببێتە هێزێکی ڕاستەقینە و کاریگەر، هێزێکی کە بتوانێت گیانی هەزاران کەسی بێ دیفاع لە مەترسی ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدان ڕزگار بکات.