تا ئەو ڕۆژەی دەرگای زیندانەکان تێک دەشکێنرێت
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دوایین بەیاننامەی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەزاران خۆپیشاندەر و هاووڵاتی کە لە دوای دەستپێکی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥، دەستبەسەرکراون، لەژێر مەترسی جددیی ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و سزای توند، لەوانە سزای لەسێدارەداندان. بە وتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانەوە، دەیان هەزار هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران دەستگیرکراون. لەنێو دەستگیرکراوندا بەشێکی زۆر لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بەرچاو دەکەوێت، هەر لە خۆپیشاندەرانی سەر شەقام و چالاکانی مافی مرۆڤەوە بگرە تا خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، کارمەندانی چاودێری تەندروستی و ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، کە یان لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە یان پشتیوانییان لە خۆپیشاندەران کردووە. ئەو ڕێکخراوەیە هۆشداری دەدات لەوەی کە فەرمانی ئەم دواییەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ مامەڵەکردن بەبێ جیاوازی لەگەڵ خۆپیشاندەران، و لێدوانی بەرپرسانی دادوەری کە ناڕەزایەتییەکانیان وەک تاوانێکی شیاوی سزای لەسێدارەدان ناوبردووە، مەترسی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەڕادەیەکی زۆر پەرەپێداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕەوتی دەستگیرکردنەکان لە چەندین پارێزگای وڵات لەوانە لە ئەلبورز و ئەردەبیل و فارسەوە بگرە تا خوزستان، کوردستان، سیستان و بەلوچستان، تاران، خۆراسانی ڕەزەوی، گیلان، کرماشان و ناوچەکانی دیکەی ئێران هەروا بەردەوامە. دەستگیرکردنەکان لەناو ماڵ و شوێنی کار و شەقام و بازگەکان و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا ئەنجامدراوە و زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان هەر لە سەرەتاوە لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون. بەپێی بەو بەڵگانەی بەدەستهاتوون، دەستگیرکراوان لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەربووندا لەگەڵ شێوازێکی ئاشنای ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپی وەک، لێدانی توند و هەڕەشەی لەسێدارەدان، دەستدرێژی سێکسیی، بێبەشکردنی بە ئەنقەست لە خۆراک، ئاو، ئیمکاناتی بێهداشتی، دەرمان و چاودێری پزیشکی پێویست بەرەوڕوو دەبنەوە.
بە وتەی ڕێکخراوەکە، لە زۆرێک لە کەیسەکاندا دەستگیرکراوان بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەری جەستەیی و دۆخی خراپی دەروونیدا ناچار کراون فۆرمگەلێک واژۆ بکەن کە تەنانەت ڕێگەیان پێنەدراوە بیخوێننەوە، یان لەبەردەم کامێرادا بەشێوەیەکی زۆرەملێ دان بە تاوانە ئەمنییەکاندا بنێن. بڵاوکردنەوەی ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە لایەن میدیای دەوڵەتییەوە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەپاندنی سزای توند، لەوانە سزای لەسێدارەدان و هەروەها هەوڵێکە بۆ جێخستنی ئەو ئیدیعا فەرمییەی حکوومەت کە خۆپیشاندەران ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستن. یەکێک لە تاریکترین لایەنەکانی ئەم سەرکوتکردنە، بریتییە لە هێرشی ئامانجدار بۆ سەر نەخۆشخانەکان و بریندارەکان. هێزە ئەمنییەکان نەخۆشخانەکانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە هەر نەخۆشێک کە ئاسەواری گوللەی شەڕ یان گوللەی ساچمەیی پێوە بێت، دەبێ دەستبەجێ بە ناوەندە ئەمنییەکان ڕابنگەنن. خۆپیشاندەرانی بریندار ڕاستەوخۆ لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانەکان، تەنانەت ئەوانەش کە پێویستی بەپەلیان بە چاودێری پزیشکی بووە بۆ ئەوەی زیندوو بمێنن. کارمەندانی پزیشکیش بە تاوانی ئەوەی یارمەتی بریندارەکانیان داوە دەستبەسەر کراون. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێک لە کارمەندانی پزیشکی کە لە دەرەوەی نەخۆشخانە هاوکاری بریندارەکانیان کردووە، بەهۆی گەیاندنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بە ناڕازییان، دەستبەسەرکراون. داواکاری گشتی و دادستانی پارێزگاکان لە ڕێکەوتی ١٠ی ژانویەوە بە ئاشکرا لە لێدوانەکانیاندا خۆپیشاندەران بە “محارب” وەسف دەکەن، تۆمەتێکی کە بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی دەتوانێت سزای لە سێدارەدانی بەدوادا بێت.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریش داوای لە بەرپرسانی دادوەری کردووە بە خێرایی و بەبێ جیاوازی، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان بکەن و لە هەندێک حاڵەتدا، بۆخۆی ڕاستەوخۆ بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەستگیرکراوان کردووە.
واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی زیندانەکان وەک پایەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت. زیندانی سیاسی، ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدان، تەواوکەری سیاسەتێکی ئابوورییە کە سەرچاوەی هەژاری و هەڵاواردنە. کاتێک زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا بە دەست هەڵاوسان، بێکاری و بێ مافییەوە وەزاڵە هاتوون، تەنها بە ترس و تۆقاندنی ڕێکخراو دەتوانرێت بەر بە ناڕەزایەتییەکان بگیرێت. لەمڕووەوەیە کە خەبات لەپێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی، ڕاستەوخۆ خەبات و تێکۆشانە لەپێناو پاشەکشەکردن بە ڕێژیم و هەنگاوێکی جدییە بۆ ڕووخاندنی. لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی بەردەم زیندانەکان پاڵپشتی بنەماڵەکان بن. بنەماڵەکان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی دەستبەسەرکراوان دەچنە بەردەم زیندانەکان، حزووری بەکۆمەڵ هاوشانی ئە بنەماڵانە و پالپشتی کردنیان، تێچووی سەرکوتکردن دەباتە سەرەوە و دەنگی دادخوازی بەهێزتر دەکات. مافی سەردان، مافی پارێزەر و مافی چارەسەری پزیشکی دەبێ بەسەر ڕێژیمدا بسەپێندرێت. واقیعییەت ئەوەیە کە بەبێ زیندان و زیندانیی سیاسیی ڕێژیمی ئیسلامی یەک ڕۆژیش ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. ئەم ڕێژیمە، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەرکارییەوە، لەسەر بنەمای کپکردنی دەنگی نەیاران و زیندانیکردنی هەڵسووڕاوان و ترساندنی خەڵک لە مافخوازی، بنیات نراوە. زیندانە سیاسییەکان خوێنی دەماری ئەم سیستەمەن. هەربۆیە خەبات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی، تەنیا پرسێکی مافی مرۆڤ نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی جیددی و بنەڕەتییە لە خزمەت بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا. پێویستە دروشمی ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە. نابێت هیچ کەسێک بە تاوانی خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی، بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نەهامەتی ئابووری و ستەم و سەرکوتەکان، بە تاوانی هەبوونی بیروڕای جیاواز، یان بە تاوانی کار و هەڵسووڕانی سیاسی، دەستبەسەر و زیندانی بکرێت. ئەگەر بڕیارە کەسێک لە گۆشەی زیندانەکاندا بێت، ئەوە تاوانباران و سەبەبکارانی ئەم دۆخەی ئێستان کە دەبێ زیندانی بکرێن، واتە ئەوانەی کە منداڵانی خەڵک دەبەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەوانەی جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکاندا بەخاکیان دەسپێرن، واتە ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بە تاڵان دەبەن و قورسایی ئەم هەموو ئازار و بێبەشی و بێ مافییەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەوانەی کە لە کۆمەڵکوژیی ئەم دواییەدا گیانیان لەدەستداوە، بەتەنها مەهێڵن. سەردانیان بکەن، دڵنەوایییان بدەنەوە و لە تەنیشتیان بمێننەوە. ئەم هاوسۆزییە، هەم پشتیوانییەکی ئینسانییە و هەم کردەیەکی سیاسی. لە چالاکییەکانی دەرەوەی وڵاتیشدا، پێویستە بەردەوام و بە شێوەیەکی بەرچاو دروشمی “زیندانیانی سیاسیی دەبێ ئازاد بکرێن” دووپات بکرێتەوە، هەروەها زانیاری دروست سەبارەت بەو کەسانەی کە دەستگیرکراون (ناو، بەرواری دەستبەسەرکردن، شوێنی دەستبەسەربوون، باری تەندروستی، پێویستی بەپەلە بە پارێزەر و چارەسەر) بڵاو بکرێتەوە. بلاوکردنەوەی زانیاری واتە کەمکردنەوەی ئەگەری بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەی زیندانیان لە بێدەنگیدا. هاوکارییەکی ماددی ڕێکخراویش زۆر پێویستە. کاتێک سەرپەرشتی بنەماڵە لە زینداندایە، ڕێژیم بە هەژاریش سزایان دەدات. پێکهێنانی سندوقی یارمەتی ماڵیی، تۆڕەکانی پشتیوانی گەڕەک، دابینکردنی هەزینەی پارێزەر، چارەسەری پزیشکی، کرێ ماڵ و بژێوی ژیان، هەموویان بەشێکن لە خەبات. بێ گومان لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی، دەرگای زیندانە سیاسییەکان تێدەشکێن و ئەو کەسانەی کە ئەشکەنجە و مەرگیان لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا، قبووڵ کردووە، بە شانازییەوە دەگەڕێنەوە ناو باوەشی جەماوەر. بەڵام تا ئەو ڕۆژە، ئەرکی ئێمە لە دەرەوەی زیندانەکان ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ ڕێگریکردن لە ئێعدام و ئەشکەنجە و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بخەینە گەڕ.
