کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری سیستماتیک لە تاریکیدا، چیرۆکی هەژێنەری شەوی خوێناوی ١٩ی ڕێبەندان

WhatsApp Image 2026 01 20 at 7.38.10 AM IYPY v1308x687 box 035112841028

بیست و حەوت ڕۆژ بەسەر دەستپێکی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەو کارەساتەی کە تەنیا لە شەوی ١٩ی ڕێبەندان دا ڕوویدا، بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە. لە کاتێکدا کە ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری ئێران پچڕاون، ئەو ڕاپۆرت و بەڵگە باوەرپێکراوانەی کە وردە وردە لە ناوخۆی وڵاتەوە بەدەست دەگەن، بەیانگەری وێنایەکی ترسناکن لە سەرکوتکردنێکی سیستماتیک و کوشتاری بەربڵاوی خۆپیشاندەران.

شایەتحاڵێک کە توانیویەتی چیرۆکی ئەو دیمەنە دڵتەزێن و ترسناکانەی کە بەچاوی خۆی بینیویەتی بگەیەنێتە دەرەوەی ئێران، بەم جۆرە وسفی ڕووداوەکان دەکات. شەوی ١٩ی بەفرانبار بەرقی سەرتاسەری پارێزگای تاران لەیەک کاتدا کوژاوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان بە چەکی ئۆتۆماتیک و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و هەڕەمەکی تەقەیان لە جەماوەری سەر شەقامەکان کرد. ئەو شایەتحاڵە دەڵێت: “بۆ ئەوان هیچ جیاوازی نەبوو لە نێوان ئەو کەسانەی کە خۆپیشاندەر بوون یان کەسانی تر و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بۆنی خوێن و باڕووت هەموو شوێنێکی داگرت.

لەوەش ترسناکتر ئەو هەواڵانەن کە باس لە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لە نەخۆشخانەکان دەکەن. بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، هێزەکانی ڕێژیم ئەو بریندارانەیان کە لەلایەن هاوڕێکانیانەوە گەیاندرابوونە نەخۆشخانەکان، لە سەر تەختی نەخۆشخانە بە ڕاکێش ڕاکێش بردووەتە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان بە فیشەک کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە. ئامارە سەرەتاییەکان کە بەردەوام لە زیادبووندان، باس لە کوژراوانی ٢٥ هەزار کەس دەکەن. بۆ باشتر تێگەیشتن لە ئاستی ئەم کارەساتە دەتوانین بڵێین خامەنەیی مرۆڤکوژ لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە قەدەر نیوەی ئەو قوربانیانەی کە بنیامین نەتانیاهۆی جینایەتکار لە ماوەی دوو ساڵی شەڕی غەززەدا کوشتی، خەڵکی ئێرانی کوشت.

سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت و سنوورداربوونی توندی پەیوەندییەکان، بەردەوام بەڵگە و زانیاری نوێ سەبارەت بەم جینایەت و کوشتارە بەکۆمەڵە ئاشکرا دەبێت. تەلەویزیۆنی بی بی سی سەدان وێنەی لە ڕوخساری ئەو قوربانیانە بڵاوکردووەتەوە کە لە ساردخانەی کەهریزەک لە باشووری تاران هەڵگیراون. ئەو وێنانە ڕووخساری لانیکەم ٣٢٦ قوربانی لەوانە ١٨ ژن نیشان دەدەن.

هانا نویمان، نوێنەری ئاڵمان لە پاڕلمانی ئورووپا و ئەندامی حیزبی سەوزەکان، ئەو دڕندەیی و وەحشیگەرییەی ڕێژیمی ئێرانی بەکارەساتێکی کەم وێنەوەسف کرد و وتی: زۆرێک لە بنەماڵەکان هێشتا چاوەڕێی ئەو پێوەندییانەن کە هەرگیز ناگیرێن. ئەوان نازانن ئایا ئازیزانیان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، لە زیندانەکاندا بێسەروشوێن بوون، یان لەناو کوژراوە بێناو و نیشانەکاندان.

٨٠٠ سینەماکاری دیار و ناسراو لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، کوشتار و ئەشکەنجەی خەڵکی ئێرانیان ئیدانە کرد. لەو بەیانییەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەبری گوێگرتن لە جەماوەری ناڕازی، بڕیاری داوە بە گوللەی شەڕ، کوشتاری بەکۆمەڵ، گرتن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و بڕینی ئینتەرنێتی سەرتاسەری، وەڵامیان بداتەوە. ئەو سینەماکارانە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی مافی ئەوەی نییە لە پێناو پاراستنی مانەوەی خۆی یان بێدەنگکردنی ڕاستییەکان، جەماوەری خۆی کۆمەڵکوژ بکات.

کۆمەڵێک لە پزیشکانی پسپۆر و فریاگوزاری و پزیشکی دادوەری، بەیاننامەیەکی شیکارییان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بە شێوەیەکی سیستماتیک لێکۆڵینەوەیان لەو ویدئو و وێنانە کردووە کە سەبارەت بە برینداران و گیانبەختکردوان بڵاوکراونەتەوە. ئەو بەیاننامەیە نموونە و شێواز گەلێکی جیددی و مەترسیدار لە پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی پزیشکی، پزیشکی دادوەری و بێلایەنی دەرمانی، ئاشکرا دەکات. بوونی کەرەستە پزیشکییەکانی وەک ئانژیۆگرام، سۆندەی میز، بۆری هەناسەدان و چاودێری دڵ لەسەر تەرمەکان لە دەرەوەی ناوەندە پزیشکییەکان، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە بریندارەکان دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی چارەسەر گیانیان لەدەستداوە یان بەبێ پشتڕاستکردنەوەی مەرگیان، لە ناوەندە پزیشکییەکان براونەتە دەرەوە.

واژۆکارانی بەیاننامەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەگەرچی بەهۆی نەبوونی ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە تەرم و پەروەندە پزیشکییەکان، ئەو ڕاپۆرتەی ئێستا، زۆر ورد و تێروتەسەل نییە، بەڵام لەو ڕووەوە کە کۆی بەڵگە و دیکۆمێنتەکان لەگەڵ شێوازەکانی پێشێلکاریی سیستماتیک لە زیانە بەربڵاو و پێشێلکارییە جددییەکانی مافەکانی مرۆڤ یەکدەگرێتەوە، دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانی داهاتوو. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو هەفتە لەو کۆمەڵکوژییە، هێشتا زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندی بێبەشن. ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیمکانی پەیوەندی گرتن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەتەواوی پچڕاوە و بنەماڵەکان هەروا چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزەکانیانن. ئەم پچڕاندنی پەیوەندییە بەربڵاوە بەشێکە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی ئاستی ڕاستەقینەی ئەو جینایەتانەی کە بەڕێوەی بردووە. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ڕاستی هەمیشە ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە و وەک دەڵێن مانگ هەمیشە لەپشتی هەوردا نامێنێتەوە. ڕۆژێکی کە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم کارەساتە ئاشکرا بێت، جیهان لە سەدەی بیست و یەکەمدا لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین جینایەتەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرەوڕوو دەبێتەوە.