کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

با دەستکەوتەکانی ئاخێزی ڕزگاریخوازانەی ژن، ژیان، ئازادی بپارێزین

IMG 3448

با دەستکەوتەکانی ئاخێزی ڕزگاریخوازانەی ژن، ژیان، ئازادی بپارێزین

سبەی سێشەممە ٢٥ی نوامبر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژی ژنانە. بیست و پێنجەمی نوامبر، ڕۆژی کوشتنی خوشکەکانی میرابێل، پاتریا، مینێروا و ماریا تێرێزا، لە خەباتی سیاسی دژی ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری دۆمینیکێن لە ساڵی ١٩٦٠، وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەستنیشان کراوە. دوای ساڵانێک لە ناوزەدکردنی ئەم ڕۆژە، چاوخشاندنێک بەسەر ئەو توێژینەوانەی کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان ئەنجام دراون، دەریدەخات کە توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا لە ئاستی جیاوازدا بەردەوامە و تەنانەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتووە سەرمایەدارییەکانیش دا شاهیدی نموونەی هەژێنەری ئەم توندوتیژییە نامرۆڤانەین. لە ئێران گەلێک توێژینەوە لە لایەن ژنانی پێشڕەو و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە لەسەر ڕەهەندە هەژێنەرەکانی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دراون، بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانیان قەدەغە کردووە. دوایین ئاماری فەرمی لەم بوارەدا پەیوەندی بە توێژینەوەیەکەوە هەیە کە ساڵی ١٣٨٣ ئەنجامدراوە و لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکراوە. به پێی ئەم توێژینەوەیە، ٦٦ لەسەدی ژنانی ئێران به شێوەیەکی سیستماتیک لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو دەبنەوە.

دژایەتی لەگەڵ ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی و دوای شۆڕشی ١٣٥٧، بە سەپاندنی حیجابی ناچاری و سەرکوتکردنی ژنان و زەوتکردنی ئازادی جل و بەرگ دەستیپێکرد. ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، بە خێرایی هەموو بوارەکانی ژیانی ژنانی تێپەڕاند و بە توندکردنەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و سەرکوت لە دژی ژنان، هەر لە توندوتیژی بنەماڵەیی و هاوسەرگیریی منداڵییەوە بگرە تا کوشتن بەبیانووی شەرەف و تێزاب پژاندن بە سەر ژنانی ئازادیخواز و هتد، لە ئاستێکی بەربڵاودا درێژەی پێدا. بەڵام ئەم دژایەتییە لەگەڵ ژنان تەنیا هەر ئەوەندە نەبوو، بەڵکوو بە پاڵپشتی شەریعەت یاسا و ڕێسایان بۆ داڕشت. بەمجۆرە توندوتیژی دژی ژنان بە کردەوە بوو بە کردارێکی تاوانکارانەی دەوڵەتی. کاتێک توندوتیژی دژی ژنان تەنانەت لە یاسا و ڕێسا فەرمییەکانی وڵاتدا جێگیر دەکرێت، ژنان لەم بوارەدا ناتوانن بە هیچ شتێک جگە لە هێز و خۆڕاگریی خۆیان پشت ئەستوور بن.

ئەم دژایەتییە لەگەڵ ژنان، ساڵی ١٤٠١ لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران، لەگەڵ ئاڵەنگاری بەرەوڕوو بۆوە. بەڵام ئەو قۆناغە، هاوکات دڕندەیی و سروشتی دژە ژنبوونی ڕێژیمی ئیسلامیشی زیاتر ئاشکرا کرد. کوشتن و تیرۆرکردنی کچان لە شەقامەکان، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ، کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی لەمێژینەی دەستدرێژی و توندوتیژی ڕێکخراو لەناو زیندانەکان، ژەهراویکردنی قوتابخانە و بەشەناوخۆییەکانی کچان، هەموو ئەمانە لە زومرەی ئەو ڕێوشوێنە جینایەتکارانە بوون کە لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو لەدژی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی ئێران بەکارهێنران. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە بەسەر شۆڕشی ژینادا تێپەڕ دەبێت، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیانداوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای حیجاب، تەرحی نوور و بەکارهێنانی سزاکانی وەک غەرامەی قورس، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و مڵک و و هتد، بەرەوڕووی ئەو ژنانە ببنەوە کە مل بە حیجابی زۆرەملێ نادەن. ژنانی ئازادیخواز بە تووڕهەڵدانی حیجابی زۆرەملێ لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا، وەڵامی هەموو ئەم تەرح و گەڵاڵە ڕەنگاوڕەنگانەیان داوەتەوە. ئەمڕۆ دەتوانین بە ڕوونی ئەوە بڵێین کە ژنانی ئازادیخواز لەم بوارەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و ڕێژیمی ئیسلامی تووشی شکست و داماویی بووە.

ئەزمونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا زۆر بە ڕوونی نیشانی دا کە تەنیا خەبات و هاوپشتی جیهانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەتوانێت بە نەهێشتنی فەرهەنگی کۆنی پیاوسالاری و توندوتیژیی پێکهاتەیی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات تێک بشکێنێت و خەبات و تێکۆشان لەپێناو یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان بە ئاکام بگەیەنێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، پێویستە لەسەر ئەو واقیعییەتە جەخت بکەینەوە کە هێشتا بۆ ڕیشەکێشکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و کۆتاییهێنان بە نایەکسانییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تردا ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشدایە. بێگومان سەردەمی چەوساندنەوە و ستەم لەسەر ژنانیش کۆتایی دێت و سەرەنجام بە ئازادی و ڕزگاری دەگەین و سبەی ڕۆژ مرۆڤایەتی شەرمەزاری ئەو سەردەمە دەبێت کە بەو شێوەیە نیوەی جەستەی کۆمەڵایەتی خۆی چەوساندووەتەوە.

ئەمساڵ لە ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی لەدژی ژنان، بە هەر شێوەیەکی مومکین، هاوهەنگاو لەگەڵ هەڵسووڕاوانی دیکەی مافەکانی ژنان، بە دروشمیژن، ژیان، ئازادی، دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوە ڕزگاریبەخشە دەپارێزین و هاواری ڕزگاریی حەتمی دواڕۆژی ژنان بەرز دەکەینەوە.