خەوتن لەناو کارتۆن و بێ ماڵ و حاڵبوون لە ئێران، پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە
وەرزی زستان هەموو ساڵێک نەک هەر سەغڵەتی و سەرما ئاشکرا دەکات، بەڵکوو پەردە لەسەر نادادپەروەرییەکی دیاری دیکەی کۆمەڵایەتیش لادەبات. خەوتن لەناو کارتۆن، بێ ماڵوحاڵی و ژیان لە نزیک گۆڕستانەکان لە ئێران، ئیتر کێشەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکوو ساڵ لە دوای ساڵ ڕەهەندی کارەساتبارتر لەخۆدەگرێت. بەڵام کێشەکە تەنانەت لەوەش بەولاوە ترە. مرۆڤی بێ سەرپەنا، تەنیا “بێ ماڵوحاڵ” نییە، بەڵکوو هاوکات لە ماف و ئەمنییەت و کەرامەت و دەرفەتەکانی ژیانیش بێبەشە. ژیان لە ژێر سەقفێکی ئەمن و دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی خۆشگوزەرانی و فەرهەنگی، مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە. ئەوەی لە بواری پەرەسەندنی دیاردەی خەوتن لەناو کارتۆن لە شارە گەورەکانی ئێراندا زۆرتر بەرچاو دەکەوێت، بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی بنەماڵە و ژنان و منداڵانی بێ ماڵوحاڵ. ئەگەر ساڵانی پێشووتر ئەو ژن و کچانەی لەناو کارتۆندا دەخەوتن ناچار بوون بۆ خۆ دەربازکردن لە مەترسییە کۆمەڵایەتییەکان، جلوبەرگی پیاوان بپۆشن و خۆیان هاوشێوەی پیاوان لێبکەن. ئەمڕۆ ژمارەی ئەو ژن و کچانە هێندە پەرەی سەندووە کە چیتر بە پێویستی نازانن ژن بوونی خۆیان بشاردنەوە. تەنیا کارێک کە کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا کردوویەتی، بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵێک گەرمخانە بۆ پیاوان و ژمارەیەکی زۆر کەمتریش بۆ ژنان لە شاری تاران. بەرپرسانی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە: “خەڵک بە دیدێکی ئەرێنییەوە ناڕواننە ئەو گەرمخانانە و قبوڵی ناکەن بچنە ئەو شوێنانە“.
واقیعییەت ئەوەیە کە خەڵکی بێ ماڵوحاڵ بەهۆی هەڵسووکەوتی نامرۆڤانە، متمانەیان بەم شوێنانە لەدەستداوە. نەبوونی ئیمکانات لەم گەرمخانانە و هەڵسوکەوتی نەشیاو و سووکایەتی ئامێزی بەرپرسانی ڕێژیم بەرامبەر بەو کەسە بێ ماڵوحاڵانە بە جۆرێکە کە ئەوان مانەوەیان لە پارک و شوێنەکانی دیکە پێ باشترە لەوەی کە بچنە ئەو جۆرە گەرمخانانە. لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە مرۆڤەکان لەژێر ستەم و سەرەڕۆیی مەزهەبی دا، بە دڕندانەترین شێوە دەچەوسێنەوە و هەروەها دزی و تاڵان و بڕۆ، گەندەڵی دارایی و ئیداری هیچ سنوورێک ناناسێت، لە وڵاتێکدا کە لەسەر ئۆقیانوسێک لە سامان و نێعمەت هەڵکەوتووە و هەموو ئەو سەروەت و سامانە لە دەستی تاقمێک خوێنمژ و تاڵانچی و پیاوکوژدایە، دوور لە چاوەڕوانی نییە کە ملیۆنان کەس بێ سەرپەنا و بێ ماڵوحاڵ بن. لە وڵاتێکی ئاوادا، بە گلدانەوەی بەشێکی زۆر کەم لەو هەزینە زۆر و زەوەندەی کە لەپێناو پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، دەستێوەردان لە قەیرانە ناوچەییەکان، پەرەپێدانی خورافات، پاراستنی دام و دەزگای پان و بەرینی نیزامی و سەرکوتی جەماوەری ناڕازیی خەرج دەکرێت، دەتوانرێت بۆ هەمیشە کۆتایی بە دیاردەی خەوتن لەناو کارتۆن و بێ ماڵوحاڵبوون بێت.
تا کاتێک کە ئەم دەسەڵاتە لەسەرکاربێ و هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەدەست تاقمێک دز و تاڵانچی و ئینسانکوژدا بێت و ئەو بیانیانەی کە بە خێرایی و وەک قارچک لە زەوی سەر دەردێنن، تەنها لە پێناو چاوچنۆکی و بەدەستهێنانی سوود و قازانجی هەرچی زیاتردابێت، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژەشیان زۆر زیاتر لە ڕادەی دابینکردنی پێداویستییە گشتییەکانی خەڵکدا بێت، کەسانێک بوونیان هەر دەبێت کە لە کەنار شەقام و ژێر پرد و گۆشەی گۆڕستانەکان و لە باشترین حاڵەتدا لەژێر کەپرێک لە پەراوێزی شارەکاندا ژیان بەسەر بەرن. بەسەدان هەزار منداڵ لە شارە گەورەکاندا بوونیان دەبێت کە بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان لەنێو زبڵ و خاشاکدا پەیدا دەکەن و شەو لەسەر شەقام یان لە ناو کارتۆن و لە نزیک زبڵ و خاشاکدا بەسەر ببەن و شارەوانیش کارتی کۆکردنەوەی زبڵیان بۆ دەربکات! لە سیستەمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا، هاوشێوەی هەر سیستەمێکی سەرمایەداریی تر، خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوون کاڵایەکە و وەبەرهێنان لەو کەرتەشدا، بەگوێرەی پەیڕەوی لە یاسای قازانج بەڕێوە دەچێت. هیچ سەرمایەدارێک، بەپێی سروشتی خۆی، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و کەسانی بێ ماڵوحاڵ لە کەرتی خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبووندا بەرهەمهێنان ناکات. بە گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون لە “کاڵا“وە بۆ “ماف“، دەتوانرێت ئەو ئاراستەیە بگۆڕدرێت. ئەم گۆڕانکارییەش پێویستی بە دەسەڵاتدارێتی جەماوەر و تەرخانکردنی سەرچاوە و جۆرێک سیاسەتی زانستی هەیە کە لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا دابڕێژێت نەک قازانجی سەرمایەدارەکان. کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی سەرکوتگەر و پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایەدارانە. ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی حکوومەت و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانییەوە، هەموو سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگای بە بارمتە گرتووە. ئەم ڕێژیمە بە پەیڕەویکردن لە یاساکانی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی ئابووریی و هەروەها ئەو گەندەڵییە داراییە جێگیرەی کە هەر ڕۆژە و گۆشەیەکی لە دام و دەزگا جۆراوجۆرەکانیدا ئاشکرا دەبێت، هۆکاری سەرەکی کێشەی نیشتەجێبوون و هەژاری و دیاردەی خەوتن لەناو کارتۆن و دیان نەهامەتی ترە، هەر بۆیەش بە دڵنیاییەوە ناتوانێت چارەسەریان بکات.
