١٣ی خەزەڵوەر لە ساڵنامەی ئێراندا وەک “ڕۆژی قوتابی” تۆمار کراوە، بەڵام ئەم بەروارە لە هەناوی خۆیدا دوو گێڕانەوەی تەواو دژواز لەخۆدەگرێت. گێڕانەوەیەکی فەرمی کە کۆماری ئیسلامی بەرەوپێشی دەبات و گێڕانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە لە ناخی ئەزموونی ژیان و خەباتی جەماوەر و خوێندکارانەوە سەرچاوە دەگرێت. مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی قوتابی دەگەڕێتەوە بۆ مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتی پەهلەوی. بەڵام ١٣ی خەزەڵوەر لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بە واتای بۆنەیەکی دیکەش دێت. جیاوازی نێوان ئەم دوو بۆنەیە لە ١٣ی خەزەڵوەردا، لە ڕاستیدا جیاوازی نێوان ڕیزی شۆڕش و دژە شۆڕشە لە ئێران.
لە ڕۆژی ١٣ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٥٧ و لە سەروبهندی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکدا، ژمارەیەک لە قوتابیان بە ڕەواڵی ئاسایی ئەو دەورانە لە حەساری زانکۆی تاراندا کۆبوونەوە و شان بە شانی خوێندکاران خۆپیشاندانیان کرد. هێزەکانی حکوومەتی نیزامی دەوڵەتی” شەریف ئیمامی” تەقەیان لێکردن و لە ئاکامی ئەو ڕووداوەدا ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان گیانیان لەدەست دا. دەوڵەتی شەریف ئیمامی کە کوشتاری خوێناوی ١٧ی مانگی خەرمانانی هەمان ساڵی لە مەیدانی ژاڵەی تارانیش لە کارنامەیدا بوو، ڕۆژێک دوای کوشتاری قوتابیان لە زانکۆی تاران لهسهر كار لادرا. دوای ڕووداوە خوێناوییەکەی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٧، ئەم ڕۆژە وەک “ڕۆژی قوتابی” دیاریکرا.
١٣ی خەزەڵوەر بەپێی گێڕانەوەی دژە شۆڕش: ساڵێک دوای ئەو کارەساتە خوێناوییەی زانکۆی تاران و هەر لەم ڕۆژەدا، لە هەڵمەتێکی ڕێکخراوی حیزبوڵڵاییەکانی لایەنگری خومەینیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران داگیرکرا و ٥٢ دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەکە بە بارمتە گیران. ڕێکخەرانی شانۆگەریی فریوکارانەی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەو کارەیان کە نزیکەی ساڵ و نیوێکی خایاند، باڵیۆزخانەی داگیرکراوی ئەمریکایان کردە ناوەندی ڕاگەیاندنی سیاسەتە دژە شۆڕشەکانی بەرپرسانی ڕێژیم. داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە لە بنەڕەتدا بە فەرمانی خومەینی ئەنجامدرا، لەو ڕووەوە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاشەکشەکردن بە بزووتنەوە چەپ و ڕادیکاڵەکان و سەرکوتکردنی شۆڕش، لەلایەن خومەینییەوە بە “شۆڕشی دووەم” ناوزەدکرا، بەڵام شۆڕشی دووهەم هیچ شتێک نەبوو جگە لە درێژەی سەرکوتی شۆڕشی ئازادیخوازنەی خەڵکی ئێران بە وەسیلەی کۆنەپەرستی ئیسلامیی. دروشمی ” مەرگ بۆ ئەمریکا” کە لەو ڕۆژە بەدواوە لە بەشێوەیەکی بەربڵاوتر و ڕاشکاوانەتر لە لایەن حیزبوڵڵاییەکانەوە دهوتراوه، بوو بە سەرپۆشێک بۆ سەرکوتی هەر چەشنە دەنگێکی نەیار و ناڕازی.
لەو ڕۆژە بەدواوە باندە هاندراوەکانی حیزبوڵڵایی هێرشیان کردە سەر کۆمۆنیستەکان و دەستیانکرد بە خامۆشکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە و سیکۆلار، ئەزیەت و ئازاریان دان، دەستبەسەریانکردن و کوشتیانن. ئەم ڕووداوە سەرەتای سەرکوتی شۆڕشی ئازادیخوازنەی خەڵکی ئێران بوو لە لایەن هێزە کۆنەپەرستەکانی دەسەڵاتدارەوە. شۆڕشێک کە ڕژێمی شا نەیتوانیبوو سەرکوتی بکات، دوای ڕووداوی داگیرکردنی باڵیۆزخانە، بە شێوەیەکی دڕندانەتر لەلایەن ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووەوە بەڕێوە چوو. زۆرێک لە ڕێکخەرانی ئەوکاتی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، دواتر بوونە دامەزرێنەرانی سپای پاسداران و دام و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم و ئەشکەنجەگەر و پاسەوانانی زیندانەکان. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بە گێڕانەوەی نادروست و چەواشەکاری هەوڵدەدات ڕۆژی قوتابی بکات بەناوی خۆیەوە، کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بودجەی پەروەردەی لە پێناو پڕۆژە سەربازی و کۆنەپەرستانەکانیدا کەمکردووەتەوە. زانکۆ و قوتابخانەکان لە هەژاریدا نوقم بوون، کوالێتی خوێندنیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. خوێندکارانی کچ لەگەڵ ئاستەنگ و بەربەستی بەردەوام بەرەوڕوو دەبنەوە و زۆر جار لە دەستڕاگەیشتن بە هەندێک لە بوارەکانی خوێندن بێبەش دەکرێن. قوتابخانەکان بوونەتە فەزایەکی ئەمنییەتی. ئەو خوێندکارانەی کە تەنانەت بچووکترین ناڕەزایەتیش دەردەبڕن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. چاودێری ئەمنی لە قوتابخانەکاندا، ناوەندەکانی پەروەردەی کردووە بە ژینگەیەکی پڕلە خەفەقان. ئەو موعەلیمانەی کە بەهۆی وەدواکەوتنی حەقدەست یان بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار ناڕەزایەتی دەردەبڕن دەستبەسەر و زیندانیی دەکرێن.
ئەم ڕێژیمە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانج و پڕۆژەکانی لە نێو خوێندکارانی ئێراندا، بەردەوام هەوڵی داوە بە جێبەجێکردنی بەرنامەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ناوەندە پەروەردەییەکان، بە گۆڕینی ناوەڕۆکی کتێبەکانی خوێندن و نەهێشتنی هەندێک وانەی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆکان، بە ناردنی ئاخوند و پاسدار بۆ قوتابخانەکان، بە پادگانیکردنی قوتابخانە و زانکۆکان و دروستکردنی بەربەستی جۆراوجۆری ئەخلاقی گەنجان ناچار بە ملکەچبوون، بێدەنگی و پاسیڤ بوون بکات. بەڵام لاوانی ئێران لە زانکۆکان، قوتابخانەکان و دەرەوەی ئەو ناوەندانە، بە خەباتی شێلگیرانە و پڕ جۆش و خرۆشی خۆیان، بەردەوام یەکێک بوون لە سەنگەرەکانی خۆڕاگریی لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامیدا. درەوشاوەترین دیمەنی حزووری پڕ جۆش و خرۆشی قوتابیانمان لە ڕیزەکانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا بینی. لەم شۆڕشەدا دەیان تازەلاوی خوێندکاری کچ و کوڕ لە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆنەپەرستدا سنگیان کردە قەڵغان و گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون و هەزاران کەسیش زیندانی و ئەشکەنجە کران. وەک بڵێی هەموو ئەم تاوانانە بەس نەبووبێت، بەپێی پلانێکی لە پێشدا داڕێژراو بەمەبەستی چاوترسێن کردنی قوتابیان، لە سەدان قوتابخانەی ئێراندا دەستیانکرد بە ژەهراوی کردنی خوێندکارانی کچ. بهڵام هیچکام لهم کردەوه جینایەتکارانە سەرکەوتوو نەبوون و خۆڕاگریی لاوانی ئێران له بەرامبەر ئەو ڕێوشوێن و میتۆدەی که ڕژیمی ئیسلامی دەیەوێت بە زۆر بەسەر خەڵکی ئێرانیدا بسەپێنێت هەروا بەردەوامە. بەدەر لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بۆنەی ڕۆژی خوێندکار، ١٣ی خەزەڵوەر بۆ قوتابیان و خوێندکارانی خەباتکار و تێکۆشەر، وەبیرهێنەرەوەی فیداکاری و گیانبازی ئەو ئازیزانەیە کە لە بەرامبەر هەردوو کۆنەپەرستیی ئیسلامی و سەڵتەنەتی دا سنگیان کردە قەڵغان و شان بە شانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و لە پێناو ئازادیدا گیانیان فیدا کردووە. سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵی داوە تا بە جێگیرکردنی ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا، ساڵڕۆژی قوتابی لە یادەوەرییەکاندا بسڕێتەوە، بەڵام لە سایەی هەوڵی قوتابیان و خوێندکارانی شۆڕشگێڕدا ئەم ڕۆژە بەردەوام زیندوو ڕاگیراوە.
