لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، چینی کرێکار گرفتاری قەیرانێکی قووڵ و فرەڕەهەندە. بێکاریی بەربڵاو، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، دواکەوتنی حەقدەست و نائەمنی پیشەیی، ژیانی ملیۆنان کرێکاری تاڵ کردووە. بهڵام له هەناوی ئهم قەیرانەدا، ئهو ڕۆڵه کاریگەر و چارەنووسسازەی که چینی کرێکار دەتوانێت له پێشهاته سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا بیگێڕێت، زیاتر له هەمیشە ئاشکرا بووە. لەشکری بەرینی بێکاران لە ئێران کە ئاکامی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە، بووەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ گوشارخستنە سەر کرێکارانی لەسەرکار. ئەم دۆخە چەندین دەرئەنجامی لێکەوتووەتەوە: لە لایەکەوە بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری چەوسانەوە و حەقدەستی ڕاستەقینەی گەیاندووەتە نزمترین ئاست و لە لایەکی دیکەوە دەوڵەت و سەرمایەدارانی بێباکانەتر کردووە لە دەستدرێژی بۆسەر مافی کرێکاران.
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە، ڕێژەی بێکاریی لە ئێران لانیکەم پێنج هێندەی وڵاتە پێشکەوتووەکانە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا زیاتر لە نیوەی کرێکارانی یەکە ناحکومییەکان و تەنانەت بەشێکیش لە یەکە حکومییەکان لەگەڵ دواکەوتنی پێدانی حەقدەست و مەترسی بێکاربوون بەرەوڕوون. ئەم دۆخە جگە لە گوشاری ئابووری، کرێکارانی تووشی دڵەڕاوکێیەکی قووڵی دەروونی کردووە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو بە ڕوونی نیشانی داوە کە زیادبوونی دەستدرێژی بەردەوامی سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ سەر مافەکانی کرێکاران، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری ڕاستەوخۆ لەوانە، بێکاریی پێکهاتەیی و نەبوونی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەریی کرێکاران. تەنیا لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئەو ڕێکخراوانەوە دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە ئاکامە وێرانکەرەکانی یاسا و ڕێساکانی سیستەمی سەرمایەداری. لە هەلومەرجێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ناوخۆیی و دەرەکیدایە و هاوسەنگی هێز بە زیانی ئەو گۆڕاوە، دەرفەتێکی گونجاو ڕەخساوە بۆ خۆڕێکخستنی هەرچی خێراتری چینی کرێکار. هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریی نابێ ئەم دەرفەتە لەدەست بدەن بۆ خۆڕێکخستن و لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە هەستیارە سیاسییەی کەوتووەتە سەرشانی بزووتنەوەی کرێکاریی.
لە هەلومەرجی ئێستادا، حزووری ڕێکخراوی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسیدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. نە هیچکام لەو بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنە یاساییانەی ئێران کە لە چوارچێوەی ئەو یاسا بنەڕەتییەی ئێستادا بەدوای ڕێگاچارەدا دەگەڕێن و نە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەی دەرەوەی وڵات کە ئومێدی بە دەستێوەردانی ئیمپریالیستی بەستووە، توانای وەدیهێنانی داواکارییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشیان نییە. تەنیا شۆڕشێکی ڕزگاریخواز دەتوانێت دەستەبەربوونی ئەم داواکاریانە گەرەنتی بکات. بەڵام تا ئەو کاتەی کە هەلومەرجی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە پێکدێت، چینی کرێکار دەست لەسەر دەست دانانێ. حزووری چینی کرێکار وەک هێزێکی ڕێکخراو، تەنانەت لە بواری داخوازییە پیشەییەکان و لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا، سروشتێکی سیاسی هەیە و ڕێژیمیش لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات. مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریی لە پێناو ویست و داخوازییە بەپەلە و هەنووکەییەکان دەتوانێت بەر بە دەستدرێژی سەرمایەداران و دەوڵەت بۆ سەر ژیانی کرێکاران بگرێت و هاوسەنگییەکی هێزی گونجاوتر بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دابین بکات.
سێ داواکاری سەرەکی بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بریتین لە: زیادکردنی حەقدەست بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە: پێویستە حەقدەستەکان بە شێوەیەک دیاری بکرێن کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ژیانێکی ئینسانی بێت، نەک تەنیا لانیکەمێک بۆ مانەوە. پێدانی حەقدەستەکان لە کاتی خۆیدا: دواکەوتنی حەقدەستەکان نەک هەر دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گوشاری ئابووری، بەڵکوو نیشانەیەکە لە ئەگەری داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی بێکاری. دابینکردنی بیمەی بێکاریی گونجاو: لە دۆخێکدا کە بێکاریی بووەتە هەڕەشەیەکی بەردەوام، بوونی بیمەی بێکاریی گونجاو، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە خەباتی پرشوبڵاوی کرێکاریی کەمتر توانیویانە ویست و داواکارییەکانیان بسەپێنن. بۆ گۆڕینی ئەم خەباتە پرشوبڵاوانە بۆ بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری، دوو هەنگاوی بنەڕەتی پێویستە، یەکگرتووبوونی دروشم و داواکارییەکان: جێگیربوونی داواکاری و دروشمی یەکگرتووانە لە نێوان کرێکاراندا، بوار بۆ ڕۆحی هاوپشتی، وشیاری چینایەتی و متمانە بە هێزی بەکۆمەڵی چینی کرێکار خۆش دەکات. ئەم سادەترین شێوازی یەکگرتووییە، هێزی پرشوبڵاوی کرێکاران لە کارگە جۆراوجۆرەکان لە دەوری ویست و داخوازییە گشتییەکانی ئەو چینە کۆدەکاتەوە. پەرەسەندنی تۆڕی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی: لە نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەرییە فەرمییەکان، تۆڕی لێک هەڵپێکراوی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکارییە کە دەبێ ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە. هاوئاهەنگی و هاوکاتبوونی خەبات و ناڕەزایەتییەکان، بەدەستهێنانی هاودەنگی و پشتیوانی یەکتر لە کاتی خۆیدا، تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندی نزیکی ئەو هەڵسووڕاوانەوە مومکین دەبێت.
خەبات و تێکۆشانی ساڵانێکی دوورودرێژ، ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی ڕادیکاڵی پەرەوەردە کردووە کە بە باشی ئاراستەی گشتی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار دەناسن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم تۆڕە بە هەماهەنگی و هاوکارییەکی هەرچی زیاتر وەڵامی پێداویستییەکانی خەبات بداتەوە. تێکۆشەرانی کۆمۆنیستی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە هەستیارە سیاسییەی کە لەسەر شانیانە، هەوڵبدەن حزووری سەربەخۆی ئەو چینە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، دەستەبەر بکەن. ئەوان دەبێت ئاستی وشیاری سەبارەت بە بنەماکانی ستراتێژی سۆسیالیستی لە ناو بزووتنەوەی کرێکاریدا هەرچی زیاتر پەرە پێبدەن.
خەباتی یەکگرتووانە و سەرتاسەری کرێکاران، نەک هەر ڕێگری دەکات لە دەستدرێژی چینی سەرمایەدار و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مافەکانی کرێکاران، بەڵکوو کەشی خەباتکارانەی ناو کۆمەڵگا بەردەوام دەکات و بەرەوپێشچوونی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێم مسۆگەر دەکات. چینی کرێکاری ئێران بە پشتبەستن بە ئەزموونی زۆر، بوونی هەڵسووڕاوانی بارهاتوو و ویست و داخوازییە ڕوونەکانی، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێشهاتەکانی داهاتووی ئێراندا بگێڕێت. گەرەنتی ئەم ڕۆڵە بەندە بە ڕێکخراوبوون، ویست و داواکاریی یەکگرتووانە و خەباتێکی سەرتاسەریی.
