کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بینین، مافێکی کە بۆ ملیۆنان کەس بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو

1633758609629467781 780x470 1

بینین، مافێکی کە بۆ ملیۆنان کەس بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ئۆکتۆبر لە ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕۆژی جیهانی بینین ناوزەد کراوە. ڕۆژی جیهانی بینین دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە دۆخی نابینایان و ئەو کەسانەی کە توانایی بینینیان کەمە لە سەرانسەری جیهاندا. ڕۆژێکی کە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی چاو و ئیمکاناتی پێویست بۆ ژیانی سەربەخۆ، نەک هەر ئیمتیاز نییە بەڵکوو مافی هەر مرۆڤێکە. لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەشێک لە دانیشتووان بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە ڕووداوی هاتوچۆ، شەڕ، نەخۆشی، یان کەموکوڕی زگماکی، بەشێک لە جەستە یان دەروونیان تا ڕادەیەک تووشی لەکارکەوتوویی دەبێت و ئەم کەسانە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبنە خاوەن پێویستییەکی تایبەت کە دەبێت لەلایەن کۆمەڵگا و سیستەمی حکوومییەوە ئیمکاناتی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.

  لە بەشێک لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا، خەباتی کرێکاران و چین و توێژە جەماوەرییەکان، گەشەی تەکنۆلۆژیا، بەدامەزراوەییکردنی بەهاکان و فەرهەنگی پێشکەوتنخوازانە، بووەتە هۆی دەستەبەربوونی دەرفەتی پەروەردەیی و پزیشکی گونجاو بۆ نابینایان و کەسانی کەم بینا تا بتوانن سوود لە ژیان و بەهرەکانیان وەربگرن. لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵاتی سەرەڕۆیی زاڵە، لەو وڵاتانەی کە دەرفەت بۆ گەشەکردنی بەهرە جۆراوجۆرەکان ناڕەخسێت، فەرهەنگ، نەریت و ئایین،  نایەکسانی و هەڵاواردنەکان پاساو و پیرۆز دەکەن و زۆربەی هەرەزۆری مرۆڤەکان لەوانە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ناتوانن بە تەواوی توانا و پۆتاسێلە جەستەیی و دەروونییەکانیان بەکار بهێنن. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و بەرنامە نێونەتەوەییەکان دەریدەخەن کە بەشێکی زۆر لە نابینایی لە جیهاندا دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت یان چارەسەر بکرێت. لە ئێرانیش، ئەگەرچی هەندێک دەستکەوت لە بواری پزیشکی چاودا بوونی هەیە، بەڵام ئاستەنگە جدییەکانی وەک نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە بێبەشەکان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی و پەروەردەی گشتی، هەزینەی چارەسەر بۆ بنەماڵە کەمداهاتەکان و نەبوونی وشیاری سەبارەت بە نەخۆشییەکانی چاو و هەروەها گرنگی پشکنینی دەورەیی، هەر ئێستاش بوونیان هەیە و ڕێگە نادەن پێشکەوتنی زانستی پزیشکی چاو بکەوێتە خزمەت زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگاوە.

ئێران لە زومرەی ئەو وڵاتانەیە کە بە بەراورد بە دانیشتوانەکەی، ژمارەی نابینا و کەم بینایی زیاترە و یەکێکە لە ١٦ وڵاتی یەکەمی جیهان لەم بوارەدا. هۆکارەکانی نابینایی لە ئێران، بەیانگەری چیرۆکێکی تاڵە لە بێبەشی، توندوتیژی و سەرکوت لەوانە: نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بۆ خۆپاراستن و چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو، هەژاری و بەدخۆراکی کە هۆکاری زۆرێک لە کێشەکانی بینینن، نەبوونی کۆنترۆڵی ساڵانەی چاو و پشکنینی پێش لەدایکبوون، شەڕ و ڕووداوەکانی هاتوچۆ، کە ساڵانە سەدان کەس تووشی نابینایی دەکەن، تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، تەقەکردن لە کۆڵبەران لە کوردستان و سوختبەران لە بەلوچستان، ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی، کە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی لە قەرەبوو نەهاتوو بە بینایی چاو، تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بە تفەنگی ساچمەیی لە ساڵانی ڕابردوودا کە بە هۆیەوە دەیان گەنج بیناییان لەدەستدا. نابینایان لە ئێران نەک هەر لەگەڵ ئاستەنگی جەستەیی، بەڵکوو لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەستی جددی کۆمەڵایەتی و ئابووریش ڕووبەڕوون. ئەوان لە ماڵەکانی خۆیاندا گرفتارن و ناتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژین و بەشداری کۆمەڵگا بکەن.

کێشە و گرفتی فەرهەنگی، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی، بەشێکی بەرچاو لە ژیانی نابینایانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. بنەماڵەکان بە تایبەتی لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان، سەرەڕای خۆشەویستی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ناتوانن هەلومەرجی پێویست بۆ خوێندن و کار و ژیانێکی سەربەخۆ بۆ ئازیزانی نابینایان دابین بکەن. شارەکانی ئێران پێداویستییەکانی نابینایانی تێدا ڕەچاو نەکراوە. پیادەڕۆی تەسک و پلیکانیی، بیر و چاڵ و قووڵکەی سەرئاواڵە و بەبێ لەمپەر، نەبوونی ڕێڕەوی ڕێنمایی، نەبوونی سەگی ڕێنمایی و هەروەها نەبوونی وشیاریی شۆفێران، هەموو ئەمانە ژیانی ڕۆژانەی نابینایانی کردووە بە ئاڵەنگارییەکی مەترسیدار. لە سەردەمێکدا کە وڵاتانی پێشکەوتوو ئیمکاناتی زیاتر بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن، پەروەردەیی و ژیانی نابینایان دابین دەکەن، حکوومەتی ئیسلامی ئێران تەنانەت تاکە ڕۆژنامەیەکی کە بە ناویئێرانی سپید، بە خەتی برێل بۆ نابینایان چاپ دەکرا، داخست و هەموو ڕۆژنامەنووسەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە. ئەم ڕۆژنامەیە تاکە پەنجەرەیەکی زانیاری سەربەخۆ بوو بۆ کۆمەڵگەی نابینایان.

حکوومەتی ئیسلامی ئێران نەک هەر بەرپرسە لە ئاست پەرەسەندنی ژمارەی نابینایان لە وڵاتدا، بەڵکوو پێداویستییە پزیشکی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیشیان بۆ دابین ناکات. دابینکردنی هەلی کار و پەروەردەی گونجاو، فراوانکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و پشکنینی وەرزیی چاو، پشکنینی پزیشکی ژنانی دووگیان بۆ ڕێگریکردن لە نابینایی منداڵان، دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست لە شوێنە گشتییەکان، دابینکردن و ڕاهێنانی سەگی ڕێنمایی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی گونجاو بۆ نابینایان، لە زومرەی ئەو ئەرکە سەرەتاییانەن کە وەڵامیان پێنادرێتەوە. ڕێژیمی ئیسلامی ئامادە نییە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە کەمئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە قبوڵ بکات. بە بەشێکی زۆر کەم لەو هەزینە زۆر و زەوەندەی کە لەپێناو میلیتاریزم، سەرکوتکردنی خەڵک، تیرۆر و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان خەرج دەکرێت، دەتوانرێت ژیانێکی ئینسانی بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، پرسێکی کە دەبێ یەکێک بێت لە ئەولەوییەتەکانی ئەو حکوومەتەی کە پاش ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی، دادەمەزرێت.