بە گوێرەی هەواڵەکان، شەوی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژ، سزای بڕینی پەنجەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی هادی ڕۆستەمی تەمەن ٣٩ ساڵ، مێهدی شەرەفیان تەمەن ٤١ ساڵ و مێهدی شاهیوەند تەمەن ٢٩ ساڵ، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ (زیندانی دەریا) بەکردەوە دەرهات. ئەو سێ زیندانییە، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٦ بە تۆمەتی “دزی” دەستبەسەر کران و مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨ لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا بە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان مەحکووم کرابوون و دادگای باڵاش مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٩ ئەو حوکمانەی پشتڕاستکردبۆوە. ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بەڕێوەچوونی بڕینی پەنجەی سێ بەندکراوی زیندانی ورمێی، وەک نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ ناوبرد و بە توندی ئیدانەی کرد. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم ڕووداوە یەکێکە لەو نمونە هەژێنەرانەی کە لەژێر ناوی “قەساسی ئیسلامی” بەڕێوە دەچێت. ئەم کردەوانە نەک هەر دادپەروەری ناچەسپێنن، بەڵکوو توندوتیژی لە کۆمەڵگادا زیاتر پەرە پێدەدات. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ئەم کردەوانەی بە “هێرشێکی ترسناک بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ” وەسف کردووە.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی، یەکێکە لە توندوتیژترین وڵاتانی جیهان. حکوومەتێکی کە هەر لە بەیانییەوە تا شەو لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی و بڵندگۆی مزگەوت و تەنانەت لە پۆلەکانی قوتابخانەشدا، قسە لە ماتەمینی و خوێن و شەهیدبوون و سەربڕین و بڕینی ئەندامەکانی جەستە وەک قەساس و سزادان دەکات، زۆر سروشتییە کە توندوتیژی بباتە ناو ماڵ و شەقام و ناوەندەکانی کار. شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقامەکان بەشێکی تەواوکەری توندوتیژییەکانی حکوومەتی ئیسلامییە لە دژی ژنان، لەدژی کەمینە ئایینییەکان و کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش، کە بەردەوام لە هەموو گۆشە و کەنارێکی وڵاتدا شاهیدی دەبین.
حکوومەتی ئیسلامی بە توندوتیژین شێوە شۆڕشی ئێرانی سەرکوت کرد و لە ماوەی چل و شەش ساڵی دەسەڵاتداریدا بە پشتبەستن بە توندوتیژی ڕێکخراو لەناو زیندانەکان، لەسەر شەقامەکان و لە ناوەندەکانی کار، دەسەڵاتی خۆی درێژە پێداوە. توندوتیژی و خوێن و شەهیدبوون، لە زومرەی پایە سەرەکییەکانی ئیدئۆلۆژی ئەم دەسەڵاتەن. زنجیر لێدان، لەخۆدان و زیانگەیاندن بە خۆ، شەلاق لێدان و لەسێدارەدان لە بەرچاوی خەڵک، لە زومرەی ئەو دیمەنانەن کە بەردەوام لەبەرچاوی هەمووان و لەوانە منداڵان بەڕێوە دەچێت. ئەم شێوازانە بەردەوام لە میدیاکانی حکوومەت و لە نوێژی هەینییەکاندا بانگەشەیان بۆ دەکرێت. بەرزنرخاندن و پەرەپێدانی توندوتیژی، تەنانەت چووتە ناو کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانەکانیش.
جگە لە هاندان و پەرەپێدانی توندوتیژی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، دیاریکردنی ئەشکەنجەگەر و پاسەوانانی زیندان لەناو توندوتیژترین کەسەکان، دامەزراندن و بەکارهێنانی توندوتیژترین لات و چەقۆکێش و لۆمپەنەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەکرێگرتنی لات و چەقۆکێشەکان بەمەبەستی هێرشکردنە سەر ژنان و ڕێپێوانی جەماوەری ناڕازی لە دژی ڕێژیم و تەنانەت دامەزراندنی تاقمێک چەقۆکێش و پیاوکوژ لە زیندانەکان دژبە زیندانیانی سیاسی، لە زومرەی پێکهاتەکانی دیکەی ئاساییکردنەوەی ئەم توندوتیژییە پلان بۆ داڕێژراوەن.
هەناردەکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی بۆ ناوچەکە و بەشداریی سپاییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوشتاری دەیان هەزار کەس لە سوریا بەر لە ڕووخانی بەشار ئەسەد، نموونەیەکی دیکەی ئەم جۆرە سیاسەتەن. ئەم سپاییانە کە پەروەردەی مەیدانی ئاگر و خوێنن، کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ئێران، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەکاردەهێنرێن و ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی ئێراندا.
لە ڕاستیدا ئەوەی کە بە بیانووی بێبنەمای بەڕێوەبردنی دادپەروەری لە یاسای ئیسلامیدا هاتووە، بەشێکە لەو توندوتیژییە پلان بۆ داڕێژراوانەی کە لەپێناو مانەوەی ڕێژیمدا بەکاردێت. لە کاتێکدا دزییە ملیارد دۆلارییەکانی بەرپرسانی حکوومەت ئەوەندە بەربڵاوە کە تەنانەت هەواڵەکانی دەگاتە ناو ڕۆژنامە فەرمییەکان، ڕۆژانە دەیان کەس لەسەر دزی بچووک کە سەرچاوەکەی لە هەژارییەوە دێت، دەستگیر دەکرێن و ئەندامەکانی جەستەیان دەبڕدرێت. یاسای قەساس ئەگەرچی پاساوێکی مەزهەبی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتێکی ئاگایانەیە کە تێیدا ترس وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت. ئەگەر بە پێچەوانەوە بوایە و جێبەجێکردنی یاسای قەساس بۆ کۆماری ئیسلامی، بنەمایەکی ئیدئیۆلۆژی و باوەڕیی هەبوایە و ئەم یاسا قێزەونە لە دژی دزەکانی سەر بە حکوومەتیش جێبەجێ بکرایە، زۆربەی هەرەزۆری بەرپرسانی ئەم دەسەڵاتە تەنانەت پەنجەیەکیشیان نەدەما.
خەڵکی ئێران شایەنی ئەوەن لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە تێیدا مرۆڤەکان ناوەندی سەرنج و تەرکیز بن نەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان لە ڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم ڕەوتە وێرانکارەی توندوتیژییە تێک بشکێندرێت. بۆ کۆتایی هێنان بەم توندوتیژییە جێگیرە، بۆ پێشگرتن بەو دەمارگیری و نائارامییە دەروونییەی کە لە ناخی کۆمەڵگادا دەکوڵێت و لە پەرەسەندنی شەڕ و تێکهەڵچوونی سەر شەقامەکاندا خۆی دەنوێنێت، بۆ کۆتاییهێنان بە بێ مافی، هەڵاواردن، گەندەڵی و دزی لەڕادەبەدەر، کۆتاییهێنان بە هەژاری و نەهامەتیی بەردەوام، هیچ ڕێگەیەکی تر بوونی نییە جگە لە ڕووخاندن و لەگۆڕنانی حکوومەتی ئیسلامی.