ماوه‌ی سێ ڕۆژه دارستانه‌كانی توركیا و یۆنان له ئاگردا ده‌سووتێت و سه‌دان هێكتار جه‌نگه‌ڵ له‌ناو چووه و هه‌زاران كه‌س ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه بوون.
به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاكانی توركیا، دارستانه‌كانی چه‌ند ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته وه‌كوو بوورسا، ئێزمیر و ئانتالیا، ماوه‌ی سێ ڕۆژه له ئاگردا ده‌سووتێت و هه‌وڵی هێزه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه بۆ دامركانه‌وه‌ی ئاكامێكی نه‌بووه. به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه سرووشتیه‌وه، هه‌زاران كه‌س ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشتووه و ئاواره‌ی شاره‌كانی دیكه بوون. هاوكات پێنج ناوچه له باكووری یۆنان به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا ئاگری گرتووه و زیانێكی زۆر به ژینگه‌ی ئه‌و وڵاته گه‌یشتووه. به وته‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی یۆنان، ڕووبه‌ڕێكی زۆر له دارستانه‌كانی ئه‌و وڵاته ئاگری كردووه و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی، داوای یارمه‌تیان له وڵاتانی دیكه‌ی ئورووپایی كردووه.