ڕۆژی شەممە، حەوتەمی مانگی پوشپەر، ساڵیادی تاوانی بۆردوومانی شیمیایی شاری سەردەشت بوو. کاتژمێر چوار دوای نیوەڕۆی ڕۆژی حەوتەمی مانگی پوشپەری ساڵی ١٣٦٦ لە گەرمەی شەری وێرانکەر و کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێراق، فڕۆکە شەرکەرەکانی حکوومەتی فاشیستی بەعسی عێراق لە کردەوەیەکی تاوانبارانەدا بۆمبە شیمیایەکانیان بەسەر خەڵکی بێ دیفاعی چوار گەرەکی شاری سەردەشت و دەوروبەری دا باراند. ئەو خەڵکەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە دەسپێکردن و و بەردەوامی ئەو جەنگەدا نەبوو، کەوتنە بەر کارەساتێکی مرۆڤی. ئەم روداوە دڵتەزێنە هەموو خەڵکی کوردستانی خەمبار و دڵی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی برینداری کرد.
لەم تاوانە مێژووییەدا، ١٣٠ کەس گیانی لەدەستدا و ١١٤٠ کەسیش بە شێوەیەکی دڵتەزێن بریندار و ژەهراوی بون. ئاسەواری ئەم کارەساتە مرۆییە هێشتا و دوای تێپەڕینی هەموو ئەم ساڵانە لە ژیانی برینداران و بنەماڵە کانیان داماوە و تەنانەت بە هۆی کارکردی گازی شیمیایی بەشێک لەم ئازارانە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە.
بۆردوومانی شیمیایی سەردەشت لە ڕووی بەکارهێنانی جۆری چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ دژی خەڵکی ئاسایی، خاڵی گۆڕانکاری لە شەری کۆنە پەرەستانەی ئێران و عێراقدا بوو. لە ساڵانی پێش ئەوە ڕژێمی بەعس چەندین جار چەکی کیمیایی بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە بەکارهێنابوو. لە بەرەکانی جەنگیشدا بە شێوەیەکی سنووردار و تاقیکردنەوە لە هەندێک شەڕدا بەرامبەر بە سەربازەکانی لایەنی دیکە بەکاری هێنا. بەڵام بەکارهێنانی بەرامبەر بە خەڵکی بێبەرگری شارێک نیشانەی لووتکەی ڕادەی تاوان لەم شەرە کۆنە پەرستانەیە دا بوو. لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە ئەمە یەکەمین جار بوو کە لەلایەن حکوومەتێەکەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی کیمیایی بەرامبەر بە خەڵکی بێبەرگری بەکاربهێنرێت.
حکوومەتی بەعسی عێراق، چەند مانگێک دوای بۆردوومانی کیمیایی سەردەشت، کارەساتی هەڵەبجەی خوڵقاند کە تێیدا نزیکەی ٥٠٠٠ مرۆڤ گیانی لەدەستدا و زیاتر لە ٧ هەزار کەس بریندار و ژەهراوی بوون.
دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و ئەوانەی کە چەکی شیمیاییان نابووە ئیختیار ئەم جەنایەتکارانهوه، بە پێی بهرژهوهندی ئابووریی و سیاسیان ئاگاهانە سەبارەت بەم کارەساتە بێدەنگیان هەڵبژارد و بەم جۆرە دەستی ڕژیمی بەعسیان لە تێکرار کردنەوەی ئەم کارەساتە لە ئاستێکی گەلێک بەرین و خۆفناکتردا لە هەلەبجە بە کراوەیی هێشتەوە. ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی کە خۆیان لە واژۆکەرانی پڕۆتۆکۆلی ” مەنعی بەرهەمهێنان و بەکار بردنی چەکی شیمیایی”ن کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە ژێنێڤ پەسند کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی لە جەریانی ئەم شەڕەدا باکیان نەبوو.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٨ کە بەسەر بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتدا تێئەپەڕێت بێجگە لە مەزڵوم نمایی ڕیاکارانە و بە پیرۆز کردنی شەڕی ٨ ساڵە و خۆ بێبەری کردن لەو جەنایەتانەی کە لە ماوەی ئەم ٨ ساڵەدا ئەنجامی داوە، کارێکی بۆ ئەو هەزاران بریندار و کەم ئەندامە شیمیاییانە نەکردوە. هێشتاش بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە بەدەست ئەو بەڵایەوە کە بەسەریان هاتوە ئازار دەکێشن. ئەم ڕژیمە هەموو ساڵێک لە مەڕاسمە فەرمایشی و شانۆییەکاندا دەست ئەداتە بەهرەبەرداری تەبلیغاتی، لەم کارەساتە و تەنیا شتێک کە ئاوڕی لێ نادرێتەوە ژیان و چارەنووسی قوربانیانی بەجێماوی ئەم کارەساتەیە.
ئەگەرچی دهست و وپێوهندهكانی ئەم کارەساتە کە ڕاستەخۆ لە خوڵقاندنیدا دەستیان هەبووە، لە دەسەڵاتدا نەماون و خراونەتە زبڵدانی مێژوەوە؛ بەڵام بەردەوام دەبێ جەنایەتکارانی تر کە لە ئێراندا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و دەستی کەمیان لە سەدام و هاودەستەکانی نییە و هەموو ڕۆژێك لە ئاستێکی دیكهدا لە هەمان سنووری سەردەشت لەدژی زەحمەتکێشانی کۆڵبەر جەنایەت دەخوڵقێنن و کەسوکاری هەمان ئەو قوربانیانە لە زینداندا ئەشکەنجە و ئازار ئەدەن، بخرینە ژێر گوشار و ریسوا بکرێن.
خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری دنیا و هەروەها مێژوو، بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت بەناوی جەنایەتکارانێکی وەک سەدام و هاودەستەکانیەوە تۆمار کردووە و لە هەمانحاڵدا ناوی ” خومەینی و خامنەیی” و هەموو ئەو جەنایەتکارانەی لە دەسەڵاتیشدا ماون کە لەو قۆناغەدا دەهۆڵی ” شەڕ، شەڕ تا سەرکەوتنیان” دەکوتا، و دەیانویست قودس لە ڕێگای کەربەلاوە داگیر بکەن و بەساتی ڕرژیمی کۆنەپەرەستی هاوشێوەی خۆیان لە هەموو ناوچەکەدا بەرپا بکەن، وەک شەریکی جورم تۆمار کردووە.
بێ گومان لە سبەی ڕۆژی ڕووخانی ئەم ڕژیمەدا، لاپەڕەیەک لە پەروەندەی هەزاران لاپەڕەیی کە جەنایەتەکانی ئەم ڕژیمە دەخاتە ڕوو، بۆ ئەم کوشتارە بە کۆمەڵ و مەزڵومانەیەی ئەو هەزاران ئینسانە تەرخان دەکرێت کە لە کارەساتی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتدا گیانیان بەخت کرد و یان بریندار و کەم ئەمدام بوون. بەڵام بە ڕشتنی فرمێسکی درۆینە لەمڕۆدا خەڵک لەبیریان ناچێتەوە کە خومەینی لەگەڵ دەستپێکی شەڕدا ئەوی وەک نێعمەتی ئیلاهی و بەرەکەتی ئاسمانی ناوبرد و ئەم شەڕەی چالاکانە خستە خزمەت سەقامگیر کردنی حکومەتی ئیسلامییەوە لە ئێران. کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران، بۆ وەرگرتنەوەی گشت ئەو دەستکەوتە دێمۆکراتیکانەی کە لەو دەورەیەدا بەدەست هاتبوون، بۆ کوشتاری بەرینی کۆمۆنیستەکان و سەرجەم نەیارانی و بۆ تێکشکاندنی هەموو داخوازی و چاوەڕوانیەکی سەرچاوە گرتوو لە شۆڕشی ١٣٥٧ پێشوازی لە شەڕ کرد. ئەوان بە درێژەدان بە شەڕ توانیان لە هەمان ساڵەکانی یەکەمدا، خۆڕاگری خەڵکێک کە نەیاندەویست بەم شێوەیە شۆڕشە ڕەواکەیان لە لایەن خومەینی و ڕەوتی ئیسلامیەوە مسادرە بکرێت، خەڵتانی خوێن کرد.
لە ساڵیادی کارەساتی ئینسانی بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشتدا، نەفرەتی خۆمان لە دهستووپێوهندهكان و بەشدارانی خوڵقاندنی ئەم جەنایەتە گەورەیە دەردەبڕین و سڵاو دەنێرین بۆ یاد و بیرەوەری ئەو ئینسانە بێ دیفاعانەی کە لە جەریانی ئەم کارەساتەدا، گیانی ئازیزیان بەخت کرد.