دەسەڵاتیئیسلامی،
سازشکردن لەگەڵ زلهێزە ئیمپریالیستەکان
هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر
یەکەم– هەڵسەنگاندنی دۆخی بزووتنەوەی کرێکاری
مانگی گوڵان بۆ بزووتنەوەی کرێکاری، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکارە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەمڕووەوە چاوخشاندنێک بەسەر دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە نێوان مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، دەتوانێ لە سەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” گرنگییەکی تایبەتی هەبێت بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەم بزووتنەوەیە. لە پرسی لێکۆڵینەوە لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەشی پیشەسازی بزووتنەوەی کرێکاری ئێران، لە سەر بەستێنی داڕمانی ئابووری، داخرانی شەست لەسەدی یەکەکانی بەرهەمهێنان، دابەزینی گەشەی ئابووری و پەرەسەندنی گرانی، سەرکوت و توندوتیژی فاشیستی و گوشاری ئامانجدار و بەردەوامی نیولیبرالیزمی هار، خەبات و ناڕەزایەتی خۆی درێژە پێداوە. لەمڕووەوە دەکرێ بڵێین کە خەباتی پیشەیی، ئابووری و داخوازی تەوەری کەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و خزمەتگوزاری، لە دژوارترین هەلومەرجدا، لە سەر بەستێنی سەرکوتێکی لەڕادەبەدەر و بوونی لەشکرێکی بەرینی بێکاران و یەدەگی هێزی کار، بەرەوپێشچووە. ئاشکرایە کە ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستدرێژی بێ سنوور و هەمەلایەنەی ڕێژیم بەڕێوە دەچن، سروشتێکی خۆڕاگری و بەرگریکارانەیان هەیە. بەڵام سەرەڕای گوشارە سیاسی و ئابوورییە قورسەکان، خەباتی کەرتە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. چاوخشاندنێک بەسەر خەباتی کرێکارانی کەرتی نەوت، گاز و پێترۆشیمی، بەشی بیناسازی، پەرستاران و خانەنشینان، بە ڕوونی ئەم دۆخە دەردەخات. بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخە لە ڕادەبەدەر نایەکسان و دژوارە، بزووتنەوەی کرێکاری کۆمەڵێک دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت،
١– گەشە و پەرەسەندنی ڕێکخراوبوون لە نێوان کەرتە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا، لە زومرەی یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی چینایەتییە. ئەم پرسە لە نێو مامۆستایاندا بە شێوەیەکی درەوشاوە بەرەوپێش دەچێت. لە نێو پەرستاراندا، گەرای خۆڕێکخستن تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەرەوپێشچوونە. لە بەشەکانی تری بزووتنەوەی کرێکاریشدا، تۆوی ڕێکخراوبوون چەکەرەی کردووە و خەریکە گەشە دەکات. لەمڕووەوە خۆڕێکخستن لە سەر بەستێنی خەباتێکی بەرگریکارانەدا، دەکرێ بە گرینگترین دەستکەوتی بزووتنەوەی کرێکاری ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە قەڵەم بدرێت. هەر ئەم دەستکەوتە زۆر گرنگە، زەمینە بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوو خۆش دەکات. ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی هاوسەنگی هێز لە بارودۆخی ئێستادا، لە سەر بەستێنی داڕمانی ئابووری، هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی لەپێناو گەیشتن بە داواکارییە پیشەییەکانی دا بەدەست نەهێناوە، بەڵام گومان لەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەدا نییە کە هاوکات لەگەڵ ڕێکخراوبوونی بەشە جۆراوجۆرە کرێکارییەکان، ڕەوتە ڕێکخراوەکان جەختیان لەسەر سەربەخۆیی خۆیان لە باڵە حکومییەکان کردووەتەوە و خۆیان لەژێر نفووز و کاریگەریی بزووتنەوە خۆ بەخاوەنزان و بەناو پارێزەرەکان دەربازکردووە و وێڕای پێداگری لەسەر واقعییەتەکانی ناوخۆی وڵات، چارەنووسی ڕێکخراوەکانی خۆیان بە دەستەوە گرتووە.
٢– ویستی لێکنزیکبوونەوەی نێوان کەرتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، زۆر ئومێدبەخشە.
لێکنزیکبوونەوەی نێوان مامۆستایان، پەرستاران، کرێکارانی بەشی گواستنەوە، کرێکارانی کەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و بزووتنەوەی بەرینی خانەنشینانی کەرتە جیاوازەکان، تا دێت بەرفراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە. ئەم لێکنزیکبوونەوانە، لە پاڵپشتی کردنی یەکتر، لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان خانەنشینانی کەرتە جیاوازەکان و فەرمانبەران، لە ڕاگەیاندنە پشتیوانییەکان، ڕاگەیاندنە هاوبەشەکان و هەروەها لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە زیندانیان و بنەماڵەکانیاندا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. بە کورتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی قووڵایی کۆمەڵگا، لق و پۆپە هاوپەیمانییەکانی خۆیان دۆزیوەتەوە و لە ئامێزیان گرتووە. ئەم لێکنزیکبوونەوەیە، لەسەر بەستێنی سەرکوتی توندوتیژی فاشیستیی بەرامبەر بە چالاکانی پیشەیی کەرتە جۆراوجۆرەکان، نیشانەی بوێری و جەسارەت و هێزی ناو هەناوی ئەم بزووتنەوە یەکگرتوو و هاوئاراستانەیە.
٣– گەڵاڵەکردنی ویست و داخوازی ڕوون، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی تری ئەم بزووتنەوەیە. بزووتنەوەی کرێکاری لە کەرتە جیاجیاکانیدا، توانیویەتی ویست داواکارییەکانی خۆی تاڕادەیەک بە ڕوونی گەڵاڵە بکات، بیانگەیەنێتە ئاستی داواکارییە سەرتاسەرییەکان و نیشان بدات کە دەستەبەربوونی ئەو داواکاریانە نەک بە ڕێوشوێنی ئابووری بەڵکوو لە ڕێگەی کردەوەی سیاسیی هاوئاهەنگەوە مومکینە. دەکرێ دروشمی “نە پارلمان نە دەوڵەت بە خەمی خەڵکەوە نین“، بە کرۆکی ئەم هەوڵە هەماهەنگە هەژمار بکرێت. لەمڕووەوە گەڵاڵەکردنی ویست و داخوازی ڕوون لە لایەن سێکتەرە جۆربەجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکارییەوە، یەکێکە لە دەستکەوتە زۆر دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ویست و داواکاری گەلێکی وەک خوێندن، بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر، دەستەبەری کۆمەڵایەتی گشتگیر، ئەمنییەتی کار، شوێنی نیشتەجێبوونی هەرزان و گونجاو، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا پەیمانییەکان، داڕشتنی یاسای کار بە بەشداری ڕێکخراوە سەربەخۆ کاریگەرییەکان، دڵنیابوون لە ئەمنییەتی کار، پێدانی کرێ لە کاتی خۆیدا و هەروەها زیادکردنی کرێ لەسەر بنەمای تێچووی سەبەتەی بنەماڵە، لە زومرەی ئەو داواکاریانەن کە بە بەردەوامی لە خەباتی کرێکاراندا بەرز دەکرێنەوە و بەرەوپێش دەبرێن. دەربڕینی بەشێک لەو داخوازییە ڕوونانە لە وتارەکانی ڕێبەری ڕێژیمدا و داواکاریی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ چارەسەرکردنیان، ئەوە نیشان دەدات کە پەیامی خوارەوە گەیشتووە بە لوتکەی دەسەڵات، ترسی تەشەنەسەندنی لێنیشتووە و خەریکی داڕشتنی پلانە بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونی زیاتر و ئەگەری تەقینەوەی کۆمەڵایەتی. عەلی خامنەیی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ کرێکارانی دەستنیشانکراو لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گوڵان بەبۆنەی هەفتەی کار و کرێکار، نیشانیدا کە دەسەڵات چەندە لە بزووتنەوەی داواکاری تەوەر و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و ئاراستەی بەرەو چەپ وەرچەرخانی قووڵایی کۆمەڵگا نیگەرانە، ناوبراو لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی لەسەر بابەتەکانی وەک “ئەمنییەتی کار“، “ئەمنییەتی شوێنی کار“، “پەرەپێدانی کارامەیی“، “هاوبەشکردنی کرێکاران لە قازانجی بەرهەمهێنان“، “پشتیوانیکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی“، و ” دەستبەکارکردنەوەی ناوەندە داخراوەکان“، کردەوە. بەڵام لە نێو قسەکانیدا، جەختکردنەوەی ئاشکرا لەسەر ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە مارکسیستییەکان لە ناوەندەکانی کار، نیشانیدا کە بزووتنەوە کرێکارییەکان گەلێک نیگەرانی کردووه. ناوبراو وێڕای مەحکوومکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکان وتی: هەوڵی ڕەوتە کۆمۆنیستەکان بۆ داخستن و ئیفلیجکردنی بەرهەمهێنان هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئەمڕۆکەش بەهەمان پاڵنەرەوە بوونی هەیە، بەڵام چ ئەوکات و چ ئەمڕۆش کرێکارانی ئێمە لە بەرامبەریاندا وەستاونەوە و مشتێکی بەهێزیان لە دەمیان داوە. ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنکاران دەکاتەوە و وێڕای مکووڕبوون لەسەر سازانی چینایەتی، دەڵێت: “لە فەلسەفەی مارکسیستیدا شوێنی کار و ژیان شوێنی ناکۆکی و دوژمنایەتییە و کرێکار دەبێ دوژمنی خاوەن کارگەکە بێت، کە بەم بیرۆکە هەڵەیە ساڵانێکی زۆر خۆیان و جیهانیشیان وەدواخست. بەڵا ئیسلام شوێنی کار و ژیان بە شوێنی بەیەکگرتوویی و هاوکاری دەزانێت“. هەربۆیە لە شوێنی کاردا پێویستە هەردوولا لە دڵەوە هاوکار بن لە پێشکەوتنی کاردا.” ئاشکرایە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێبەری ڕێژیم، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی خەباتی کرێکاران بۆ کۆمۆنیستەکان، ئاسانکارییە بۆ سەرکوتی چالاکانی کرێکاری لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتییە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە.
٤– هاوپشتی و هاوخەباتی لەگەڵ باقی بەشەکانی تری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، یەکێکی دیکەیە لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی داواکاریی– چینایەتی کرێکاری. واقیعییەت ئەوەیە کە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە ڕێبەرایەتی ژنانی بوێر، سەنگەری “حیجاب“یان داگیرکردووە، ڕوخساری شارەکان و پێکهاتەی بنەماڵەکانیان گۆڕیوە و بە خێراییەکی زۆر ڕۆدەچێتە نێو قووڵایی کۆمەڵگاوە. قورسایی ژنانی خوارەوەی کۆمەڵگا، لەوانە ژنانی ماڵەوه، مامۆستا، پەرستار و ژنانی گەڕەکە هەژارنشین و پەراوێزی شارەکان، لەم بزووتنەوەیەدا، ئەم بزووتنەوەی لە بزووتنەوەیەک بۆ “ئازادی جل و بەرگ“ەوە بەرەو بزووتنەوەیەک بە ئاراستەی “نەهێشتنی هەڵاواردنی جۆراوجۆر” و خەبات لە دژی ستەم و چەوسانەوە و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون و هەروەها دەسەڵاتی جەماوەریی پاڵپێوەناوە. لەمڕووەوە لێک هەڵپێکرانی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی دژ بە هەڵاواردن، بە بزووتنەوەی داواکاری– چینایەتی کرێکارییەوە، توانیویەتی ئەم بزووتنەوەیە بەهێزتر بکات و یەکدەنگییەکەی زیاتر بکات و لەسەر بەردەوامبوونی جەخت بکاتەوە. ترس و خۆفی دەسەڵات و سەرجەم کۆنەپەرستان لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، خۆی لەم خاڵەدا دەبینێتەوە. ئەمە بزووتنەوەیەکە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگا و هەڵگری کۆمەڵێک ویست و داخوازی دێموکراتیک و سێکۆلار و پێشکەوتنخوازانە و دژە سەرمایەداری زۆر ڕوون و ئاشکرایە. جێگە و پێگەی کاریگەری بزووتنەوەی داواکاری– چینایەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، ئەم بزووتنەوەیەی لە بزووتنەوەیەک بۆ ڕووخانێکی خێرا و هەندێکجاریش بە قازانجی ڕەوتە لەرزۆکەکان، گۆڕیوە بۆ بزووتنەوەیەک لە شەڕێکی بەشێنەیی، بە ئامانجی داڕشتنی بەرنامەی ڕوون و ئاسۆیەکی دیار و پێکهێنانی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە خوارەوە. تووڕەیی سەرجەم ئەو هێزانەی دەیانەوێت سواری شەپۆلی ئەم بزووتنەوەیە ببن، پێویستە لەم خاڵەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دووەم– خەباتی موعەلیمان لە ژێر سەرکوتدا، لەدژی بە کاڵاکردنی پەروەردە
لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا، موعەلیمان و مامۆستایان، وەک گرنگترین بەشی ئەم بزووتنەوەیە، خەباتێکی بەرفراوانیان لەپێناو بەدیهێنانی خواستی خوێندنی بێبەرامبەر و یارمەتیدانی گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر، بەڕێوەبردووە. واقیعییەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە کاڵاکردنی پەروەردە، زیانێکی قورسی بە پەروەردەی گشتی وڵات گەیاندووە. ئەم هەوڵە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە وازیان لە خوێندن هێناوە و هەروەها بەڕادەیەکی زۆر توانای منداڵانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانکۆ و خوێندنی باڵا کەمکردووەتەوە. بەپێی دوایین ئاماری دەرچووانی ئەمساڵی زانکۆکان، قوتابخانەی بەهرەمەندەکان ڕێژەی دەرچوونیان ٧٢.٥%، قوتابخانە قازانج نەویستەکان ٢٢.٥%، قوتابخانە حکومییەکان ٢.٥% و قوتابخانە شێوە حکومییەکان ٢.٥% بووە. ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بازنەی خوێندنی باڵا خراونەتە دەرەوە. لەسەر بنەمای سیاسەتی بەکاڵاکردنی پەروەردە، تێکشکاندنی ڕێکخراوەکانی موعەلیمان و پەرشوبڵاو کردنی ئەم چینە کرێکارەش، خراوەتە دەستووری کاری ڕێژیمی ئیسلامییەوە. تا ئەو جێگایەی کە بزانرێت، سێ بابەتی وەک ناڕێکخراوبوون، گەشەی ناسەقامگیری کاری (موعەلیمانی پەیمانی، موعەلیمانی گرێبەستی و موعەلیمانی قوتابخانە قازانج نەویستەکان) و هەرزانکردنی هێزی کاری پەروەردەیی، هۆکاری سەرەکین بۆ پەرەسەندنی بەکاڵاکردنی هێزی کار لە کەرتی پەروەردەدا. بەپێی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵناسان، ژمارەی موعەلیمانی گرێبەستی لە ٨ هەزارەوە تا لە ساڵی ١٣٩٥ گەیشتووەتە ٢٧ هەزار کەس. ٢٠٠ هەزار موعەلیم لە قوتابخانە قازانج نەویستەکان وانە دەڵێنەوە. نزیکەی ١٥ لەسەدی موعەلیمان بەشێوەی پەیمانی کاردەکەن. لەم پێوەندییەدا، گەشەی ١٩٣%ی قوتابخانە قازانج نەویستەکان، دابەزینی ئاستی یارمەتییەکانی پەروەردە و نەبوونی خوێندنی بێبەرامبەر، سیستەمی پەروەردەی گشتی ئێرانی کردووە بە کاڵایەکی لۆکس کە ئیتر توێژی هەژار و دەستکورت کەمتر دەستیان پێی ڕادەگات. ٣٣ لەسەدی خوێندکاران لە قوتابخانە ئەهلی و تایبەتەکان دەخوێنن و باقی خوێندکارانیش کە منداڵی هەژاران و چینی کرێکارن، لە قوتابخانە حکومییە ئاساییەکان دەخوێنن کە بەزۆری پۆلەکانیان قەرەباڵغ و ئیمکاناتیان سنووردارە و کوالێتی خوێندنیان نزمە. پرسێکی کە چینایەتی بوونی پەروەردەی گشتی لە ئێران بە ڕوونی دەردەخات.
لە چوارچێوەی ئاوا دۆخێکی نیگەرانکەر و بڕیاری دەسەڵات بۆ تێکشکاندنی خەبات و خۆڕاگری موعەلیمان، بزووتنەوەی موعەلیمانی ڕێکخراوی، لە ململانێی درێژەماوە لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیستیدا، لە لایەکەوە لەژێر گوشاری قورسی دام و دەزگای سەرکوت و لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ گرفتی خەبات و تێکۆشانی درێژخایەن و کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵسووڕاوانی ناو بزووتنەوەکە، بەرەوڕوو بووە و وەک هەر بزووتنەوەیەکی تر پێویستی بە نوێبوونەوە و خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا. گومان لەوەدا نییە کە چالاکوانانی مەیدانی بزووتنەوەکە لە هەموو کەسێک باشتر لەم کێشانە ئاگادارن و توانای ئەوەیان هەیە کە ڕێگایەک بۆ وەڵامدانەوە بە ئاڵەنگارییەکانی بەردەمیان بدۆزنەوە و بزووتنەوەکە بەڕۆژ بکەنەوە، کە ئەمەش نەک بە خێرایی بەڵکوو هەوڵ و تێکۆشانێکی هەنگاو بە هەنگاو و بەشێنەییە کە وەک خۆیان دەڵێن، کۆڵنەدان و بیرکردنەوەی ورد و خۆڕێکخستن مەرجی سەرکەوتنیەتی. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی دۆخی بزووتنەوەی موعەلیمان و کاریگەریی خەباتەکانیان و هەروەها تایبەتمەندی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیانی ئێراندا، پێویستە جەخت لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکرێتەوە:
١– ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان، دامەزراوە گەلێکی پیشەیین، بەڵام بەو پێیەی کە دەسەڵات پرسی پەروەردە بە پرسێکی ئیدئۆلۆژی دەزانێت، ئەم ڕێکخراوانە ناچارن لە چوارچێوەی کار و هەڵسووڕانی پیشەیی خۆیاندا ڕۆڵی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیش ببینن. هەربۆیە دەسەڵات دژ بە پێکهێنانی ڕێکخراوی پیشەیی و خۆڕێکخستنە. ڕێکخراوە پیشەییەکان لە زومرەی بەهێزترین دامەزراوە جەماوەرییەکانن بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزی دەسەڵات و چاوەدێری کردنی کارەکانی و هەر بەم ئەم هۆکارەش، دەیان ساڵە چالاکوانانی پیشەیی بە شێوەیەکی ناڕەوا کەوتوونەتە ژێر گوشار و سزای دڕندانە بۆ ئەوەی چالاکییە پیشەییەکانیان ڕابگرن.
٢– بزووتنەوەی بەربڵاوی موعەلیمان و ڕێکخراوە پیشەییەکانیان بە یەکێک لە بزوێنەرەکانی خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەست و دابینکردنی لانیکەمەکانی پێداویستی ژیان بۆ فەرهەنگیان و سەرجەم مووچەخۆران دادەنرێن. واقیعییەت ئەوەیە کە گوشاری دارایی لەسەر کۆمەڵگەی موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، لە چوارچێوەی داڕمانی ئابووری و هەڵاوسانێکی بەربڵاودا، ئەوەندە زۆرە کە بەبێ خەبات لە پێناو حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تێچووی سەبەتەی ژیانێکی شیاوی ئینسان، گرنگیدان بە پرسی پەروەردەش کەم دەبێتەوە. پێویستە لەسەر ئەو خاڵەش جەخت بکەینەوە کە ئەرکی سەرەکی هەڵاوسان، بریتییە لە بەتاڵکردنی گیرفانی مووچەخۆران. بێ هۆ نییە کە حکوومەتی ئیسلامی بە درێژایی دەسەڵاتدارێتی خۆی، بەرگری لە سیاسەتی هەڵاوسان کردووە. لەمڕووەوە تەرکیزی خەباتی پیشەیی موعەلیمان لەسەر زیادکردنی حەقدەست و دروستکردنی هەلومەرجێکی باشتری ژیان، ئەم هێزە بەرینەی کردووە بە بزوێنەرێکی بەهێز و هەوێنی یەکگرتوویی بزووتنەوەی داواکاری تەوەری موچەخۆران.
٣– ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر سەربەخۆیی خۆیان لە حکوومەت و دامەزراوە زەردەکانی سەر بە حکوومەت جەخت دەکەنەوە. شێوازی هەڵسوکەوتی ئەم ڕێکخراوانە لەگەڵ هەوڵی بزووتنەوە خۆ بەخاوەن زاناکانی ڕێکخراوی موعەلیمانی سەر بە ڕیفۆرمخوازەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. ئەگەرچی لە نێو موعەلیماندا چەندین مەیل و بۆچوونی سیاسی جیاواز بوونی هەیە.
٤– ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان بە کردەوە یەکێتییەکی سەرتاسەرین. ئەم تایبەتمەندییە، سەرەڕای بوونی دەیان ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمان، زۆر بەرچاوە. هیچ ڕێکخراوێکی تری کرێکاری و تەنانەت خوێندکاریش، تایبەتمەندییەکی ئاوا ئاشکرایان نییە.
٥– ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان، خاوەن یەدەگێکی گەورەی کادیری زۆر وشیارن. سەرەڕای شەپۆلی بەربڵاوی گرتن، بانگهێشتکردن، دەرکردن، دەربەدەرکردن کۆچ پێکردنی زۆرەملێ، لە کەشوهەوایەکی سەرکوتی توندوتیژی فاشیستیدا، ئەم ڕێکخراوانە توانیویانە بەوپەڕی تواناوە پرسی جێنشینکردنی دێموکراتیک، بەرەوپێش ببەن.
٦– ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمان بەهۆی پەیوەندی چالاکانەیان لەگەڵ خوێندکاران و بنەماڵەکانیان، خاوەنی پاڵپشتیی و هێزێکی زۆرن بۆ بە جەماوەری بوون. ئەم پۆتانسێلە بەرفراوانە دەتوانێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەماوەرییە گەورەکاندا، زۆر کاریگەر بێت. مکووڕبوونی موعەلیمان لەسەر “پێویستی پێکهێنانی کۆمیتە سەربەخۆکانی خوێندکاران” ئاماژەیەکی زۆر ڕوونە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، کۆمیتە سەربەخۆکانی خوێندکاران، بە پێچەوانەی دامەزراوە فەرمییەکان، دەتوانن ببنە سەکۆیەک بۆ ڕێکخستنی خۆڕاگریی، خستنەڕووی داخوازی ڕاستەقینە و پەیوەندی بزووتنەوەکانی موعەلیمان و توێژە دەستکورتەکانی تر. ئەم پەیوەندییە دەتوانێت زەمینە خۆش بکات بۆ یەکڕیزی چینایەتی و دروستکردنی هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر بۆ گۆڕینی پێکهاتە پەروەردەییە نایەکسانەکان و بەرگریکردن لە مافی قوتابیان و موعەلیمان.
٧– ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان و چالاکوانانی پیشەیی موعەلیمان، خاوەن هێزێکی یەکگرتووی فراوانن. ئەوان دەتوانن هەوێنی یەکگرتوویی بن لەگەڵ کەرتە کرێکارییەکانی تری وەک پەرستاران، کرێکارانی بەشەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی، کرێکارانی گواستنەوە و ڕێکخراوەکانی وەک کانوونی نووسەران و هاوکات هەوێنی یەکگرتوویی بن لە نێوان هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی نەتەوە ستەملێکراوەکان و هەروەها پەیوەندییان بە بزووتنەوەی خوێندکاریشەوە حاشاهەڵنەگرە. بەم تایبەتمەندیانەوە، دەبینرێت کە سەرەڕای هەڵپەساردن و دەرکردن و گرتن و بانگهێشتکردن و دۆسیەی دادگایی بەردەوامی هەڵسووڕاوانی پیشەیی موعەلیمان، ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمان، بەهێزێکی زیاترەوە بەردەوامن لەسەر داکۆکیکردن لە مافی موعەلیمان و قوتابیان و هەروەها بەرگریکردن لە خوێندنی بێبەرامبەر. ئەم خەبات و تێکۆشانە بووەتە دڕکێک لە چاوی حکوومەتدا. بەشێوەیەکی سروشتی ترسی حکوومەت لە بزووتنەوەی کرێکاری، کە لە لێدوانەکانی ڕێبەری ڕێژیمدا بە ئاشکرا بەرچاو دەکەوێت، سەبارەت بە پرسی مامۆستایان گەلێک لەوەش زیاترە. دانانی کەسێکی نزیک لە بەرەی پایەداری وەک وەزیری پەروەردە، گوزارشت لەم ترس و خۆفە واقیعییە دەکات.
سێيەم– دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناچارە لەگەڵ ترامپ ڕێک بکەوێت
چوارەمین قۆناغی گفتوگۆی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ نوێنەرانی ترامپ لە مەسقەت بەڕێوەچوو. ئەم گفتوگۆیانە لەلایەن ترامپەوە وەک گفتوگۆیەکی ئەرێنی و هیوا بەخش سەیرکراوە. تا ئێرەی گفتوگۆکان ڕوون بووەتەوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بە دەستکەوتێکی هەرچەند کەمیش بێت بە سەرەنجام بگات. دەسەڵاتی ئیسلامی لەوە تێگەیشتووە کە خەرجکردنی بە هەزاران میلیارد لە پیشەسازی ناوەکیدا، هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و هەوڵدەدات ڕێگا بۆ لابردنی گەمارۆکان و دەرچوون لە کێشە ئابوورییەکان خۆش بکات و لەم ڕێگایەوە بە خۆدەربازکردن لەو بنبەستەی ئێستا، خۆی لە بەرامبەر بزووتنەوەی جەماوەریدا تەیار بکات. فەرمولاکردنەکانی عەباس عێراقی لەلایەک و بێدەنگی بەرپرسانی حکوومەت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترامپ و نوێنەرانی لەلایەکی تر، نیشانەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات بە تێپەڕبوون لە هێڵە سوورەکانی خۆی، لەگەڵ بکوژی قاسم سولەیمانی ڕێک بکەوێت و لەو بنبەستەی ئێستای خۆ دەرباز بکات.
بەڵام بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە کە سەرچاوەی ئەم ئاراستەیەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ پێویستە لەسەر ئەو چەند خاڵەی خوارەوە هەڵوێستە بکرێت:
١. دەسەڵاتی ئیسلامی لە هەموو سیاسەتە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆیدا، هەم لە بواری ناوخۆیی و هەم لە بواری دەرەوەشدا، بە سەختی شکستی هێناوە. قبوڵکردنی ئەم شکستە لە ناوخۆ زۆر مەترسیدارە، بەڵام قبوڵکردنی لە بواری دەرەوەدا وەک خواردنەوەی جامە ژەهرێک ئاسانتر هەزم دەکرێت. هەوڵی حکوومەت ئەوەیە کە ئەم شکستە بە شێوەیەک ئاراستە بکات کە بتوانێت تا ڕادەیەک بەر بە هەڵوەرین لەناو لایەنگرانی ڕژێمدا بگرێت. درێژکردنی دەستی دۆستایەتی بەرەولای دەوڵەتی عەرەبستان، کەمکردنەوەی چالاکییە ناوچەییەکان، هەوڵدان بۆ پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان و قبوڵکردنی تێکشکانی سەرجەم هێزەکانی بەرەی خۆڕاگریی، لە زومرەی نیشانەکانی ئەم بارودۆخەن.
٢. دەسەڵاتی ئیسلامی لەناوخۆدا کەوتووەتە ژێر قورسترین گوشارەکانی بزووتنەوەی جەماوەری. سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، کێشە ناوخۆییەکانی حکوومەتی زۆر پەرەپێداوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنانی بێحجاب تابووتی ژنێکی نووسەر بەرەو گۆڕستان بۆ بەخاک سپاردن بە شان هەڵدەگرن، ئاشکرایە کە هێڵە سوورەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی تێکشکاون و “سەنگەری حیجاب” لەلایەن جەماوەرەوە داگیرکراوە. هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکانیش، ڕێبەری ڕێژیم و کاربەدەستانی دیکەی حکوومەت و ئۆلیگارشییە چاوچنۆک و تاڵانچییەکانیشی زۆر نیگەران کردووە. ئەمە فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ ناچاربوونی دەسەڵات بە پاشەکشە لە سیاسەتەکانی دەرەوە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بە کەمترین زیان.
٣. سیاسەتی “بەرەو رۆژهەڵات” نەیتوانیوە هیوا و ئامانجەکانی حکوومەت دەستەبەر بکات. نە چین و نە ڕووسیا نەیانتوانیوە و نەیانویستووە وەڵام بە پێویستی و داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی ئێستا هەوڵدەدات بانگهێشتکردنی سەرمایەی ڕۆژئاوا بەمەبەستی وەگەڕخستنەوەی بوارە ئابوورییەکانی وڵات بکات بە ئامرازێکی سەرنجڕاکێش بۆ لایەنە ئەمریکاییەکان.
٤. سیاسەتی ترامپ بۆ هێور هێشتنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانکردنی سێکتەری بازرگانی لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندە عەرەبییەکان لەلایەک و جیاوازی و ناکۆکییەکان لەگەڵ نێتانیاهو لەلایەکی تر، دەرفەتێکی بە کۆماری ئیسلامی داوە تا لەم بارودۆخە سوود بگرێت. وا پێدەچێت کە وڵاتانی عەرەبیش هەوڵ دەدەن ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە ئاکام بگات بۆ ئەوەی بتوانن لە قورسایی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل کەڵک وەربگرن. ئەمە ئەو خاڵەیە کە کۆماری ئیسلامیش هەوڵ دەدات لە قورسایی ئەو وڵاتانە بۆ کاریگەری لەسەر ترامپ کەڵک وەربگرێت.
٥. واقیعییەت ئەوەیە کە قوماری پڕ هەزینەی ناوەکی حکوومەتی ئیسلامی، زیانێکی لە قەرەبوو نەهاتووی بە ئابووری وڵات و بە پلەی یەکەم لە پێگەی ئابووری–کۆمەڵایەتی زۆربەی خەڵکی ئێران گەیاندووە. لەئەنجامی ئەم سەرکێشی و پشتگوێخستنی وەڵامدانەوە بە پێداویستییە ئابورییە ڕاستەقینەکان و ژیانی خەڵک، لە بارودۆخی ئێستای قەیرانی کەمی و بڕانی بەردەوامی کارەبای وڵاتدا، نەک هەر گوشارێکی قورسی خستۆتە سەر کارگە ئابوورییەکان و سیستەمی پەروەردەی وڵات، بەڵکوو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیشی بە شێوەیەکی جددی پەکخستووە. بە واتایەکی تر پیشەسازی ئەتۆمی تەنانەت لە دابینکردنی لانیکەمەی پێداویستییەکانی وزەی وڵاتدا نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت. ئەم ڕاستییە نیشان دەدات لە وڵاتێکدا کە خاوەنی یەدەگی گەورەی وزە و ئیمکاناتێکی جوگرافیایی بێهاوتایە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆری پاک و هەروەها وزەی با، قومارە ئەتۆمییە پڕهەزینەکانی ڕێژیمی ئیسلامی وەک گەمژەیییەکی مێژوویی، نه شیاوی بەرگریکردنە و نە پاساو دەکرێت. ئەمڕۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، بە تەواوی گەیشتوونەتە ئەو ئاکامەی کە دروشمی “واز لە چەکی ئەتۆمی بێنە و بیر لە حاڵ و ڕۆژی ئێمە بکەرەوە” دەرخەری شکستی بە تەواومانای ئەو سیاسەتە بێ ئاکامەیە. ئێمە وەک هێزێکی چەپ کە بەرگری دەکەین لە بەرژەوەندی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە، هەمیشە دژ بەو سیاسەت ئەتۆمییە پڕ هەزینە و مەترسیدارە بووین کە ڕێژیمی ئیسلامی، بە هەژارکردن و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و بێکاری و نەبوونی ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی، پەیڕەوی کردووە. ڕێژیمی ئیسلامی دەبێ بڕوخێنرێت و مافی ئەوەی نییە کە بە دیاریکردنی هێڵی سووری بێ ئاکام بۆ ئاستە جۆراوجۆرەکان، بە قومارە ئەتۆمییە پڕ هەزینە و بێکاریگەرەکەی، یاری بە چارەنووسی خەڵکی ئێران بکات. ژیانێکى شایستەی ئینسان، مافی بێ ئەملاو و ئەولای کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە.
بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
شەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ١٧ی مەی ٢٠٢٥