خامنەیی ڕۆژی شەممە ٢٠ی گوڵان بە بۆنەی حەفتەی بەناو کرێکارەوە، کۆمەڵێک درۆی بێشەرمانەی پێشکەش بە چەند هەزار کرێکاری هەڵبژێردراو کرد. ناوبراو باسی لە پێویستیی بوونی ئەمنییەتی پیشەیی بۆ کرێکاران، ئەمنییەتی شوێنی کار، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کۆمەڵێک ئیمکاناتی تری خۆشبژێوی بۆ ئەوان کرد. ئەم دووڕووییە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی سەرمایەداری ئایینی، زۆربەی هەرەزۆری کرێکارانی ئێرانی تووشی هەژاری لەڕادەبەدەر و بێبەش بوون لە سەرەتاییترین مافەکانیان کردووە. خامنەیی وەک وەلی فەقی، دەسەڵات و چاودێری بەسەر نزیکەی ١٣٠ ملیارد دۆلار لە سەرمایەی ئێراندا هەیە. ناوبراو، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بۆرژوازی ئێران بەگشتی، بە یارمەتی دەزگای دادوەری، کابینە، وەزارەتی هەواڵگری، پۆلیس و سپا و ئۆرگانەکانی دیکەی سەرکوت، هەوڵی داوە تا زۆرترین بێمافی مەدەنی، بژێوی و سیاسی بەسەر کرێکاراندا بسەپێنێت.
چاوخشاندنێک بەسەر کارنامەی ٤٦ ساڵەی ڕژێمی ئیسلامی نیشان دەدات کە درۆکردن لە ئامۆژگاریدا و هەروەها پەلاماری سیاسی، مەدەنی و بژێوی بۆسەر کرێکاران، هەر لە سەرەتاکانەوە بوونی هەبووە. خومەینی ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٣٥٧، ئیدیعای کرد کە: “کرێکاران لە کۆماری ئیسلامیدا، لە مافی کۆبوونەوە و دیفاع لە مافە پیشەییەکانی خۆیان بەهرەمەند دەبن.” یەکەم هێرشی سەرتاسەری حکوومەتی نوێ، ١٧ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ لە دژی ژنان و دووەم هێرشی چەکداری بۆ سەر کرێکارانی بێکار و مافخوازی ئیسفەهان لە خاکەلێوەی ١٣٥٨دا ئەنجام درا. بەردەوامی هێرشی هێزە سەربازی، نیمچە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ سەر کۆبوونەوەکانی کرێکاران، لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا و هەروەها تێکدانی کۆبوونەوە گشتییە هێمنانە و دوور لە تووندوتیژییەکان، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی سەری سازگاری لەگەڵ مافە پیشەیی، مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵک و لەوانە کرێکارانی، نییە. ڕژێم بە پشتبەستن بە زیندان و ئەشکەنجە، توانیویەتی بە سەپاندنی هەژاری لەڕادەبەدەر و دۆخێکی تاقەت پروکێن، وا بکات کە ئەندامانی بنەماڵە کرێکارییەکان بە کوڕ و کچەوە ناچار بن پەنا ببەنە بەر جۆرەها کار بۆ ئەوەی لانیکەمی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. خاوەنکاران و ڕژێمی ئیسلامی بەم شێوەیە هەوڵیان داوە هەموو کاتی بێکاری کرێکارانی ژن و پیاو پڕ بکەنەوە و دەرفەتی بیرکردنەوە و خۆڕێکخستنیان پێنەدەن.
خامنەیی باس لە ئەمنییەتی پیشەیی کرێکاران دەکات. بەڵام ڕژێم و خاوەنکاران بە پشتبەستن بە سیاسەتی ئابووری نیۆلیبراڵی، زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کرێکارانیان ناچار کردووە بەبێ گرێبەست یان بە گرێبەستی کاتی و پەیمانی کار بکەن. پەیمانکاران کە لە سەردەمی ڕەفسەنجانییەوە بوونەتە جێگەی سەرنج و پشتگیری، بە تەواوی دەستیان گرتووە بەسەر شوێنی کار و چارەنووسی کرێکاراندا و کاری کاتی و گرێبەستی سپی واژۆیان بەسەریاندا سەپاندووە. سەبارەت بە حەقدەستیش دەبێت بگوترێت کە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، نرخەکان و تێچووی سەبەتەی بژێوی بنەماڵەکان نزیکەی ٦٠٠ ئەوەندە گرانتر بووە، بەڵام حەقدەستی کرێکاران، تەنیا نزیکەی کەمێک زیاتر لە ٢٠٠ ئەوەندە زیادی کردووە. لاوازیی لەڕادەبەدەری ئەمنییەتی شوێنەکانی کار بە جۆرێکە کە خاوەنکاران و ئیدارەی کار، ئەو ناوەندانەیان کردووە بە قەسابخانە. نموونەی هەرە کارەساتباری ئەوەمان لە ڕووداوی ئیسکەلەی ڕەجایی بەندەر عەباس بینی. بوونی چەند ملیۆن منداڵی کار، کە هەندێکیان تەنانەت ناسنامەشیان نییە، بەرهەمی هەمان ئەو بارودۆخەیە کە ڕژێم و خاوەنکاران بەسەر بنەماڵە کرێکارییەکانیاندا سەپاندووە. قسەکانی ڕۆژی ٢٠ی گوڵانی خامنەیی ڕوو لە کرێکاران، لە بەرامبەر دۆخی مەترسیداری ئەواندا، زۆر زوو، سروشتی درۆینە و دووڕوویانەی خۆی نیشان داوە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی نەفرەت و بێزاری هەرچی زیاتر لە خودی خامنەیی، ئەم ڕژێمە و بۆرژوازی ئێران. نەفرەت و بێزاری کرێکاران لە ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە، هەر لە سەرەتای تەمەنی ڕەشی ڕژێم و سەرەڕای هاودەردییە درۆینەکانی خومەینی لەگەڵ کرێکاران، بووەتە هۆی ئەوەی کرێکاران دەست بدەنە خەباتێکی بەردەوام و پڕ هەوراز و نشێو لە دژی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارەکان.
خەبات و تێکۆشانی ئەوان لەدژی یاسای کاری ئیسلامی و لەپێناو گۆڕینی بۆ یاسایەکی کاری نائیسلامی، کە ئێستا ژمارەیان ساڵانە دەگاتە سەرووی هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریی، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. لە زومرەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە، پێویستە ئاماژە بە مانگرتن و کۆبوونەوەکانی کرێکارانی نەوت، مامۆستایانی ناڕازی و خانەنشینەکان و بەتایبەتی مانگرتنە کرێکارییەکان بکرێت. خەباتی بەردەوام و چەند ساڵەی ئەم چین و توێژە کرێکارییانە دەرخەری درۆ و چەواشەکارانەبوونی قسەکانی خامنەیین. ئەوان لە خەبات و تێکۆشانی درێژخایەنی خۆیاندا، لە سەرەتاوە خوازیاری زیادکردنی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، نەهێشتنی پەیمانکاران، هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان و پاراستنی کەرامەتیان لە ڕێگەی قبووڵکردنی ئازادی ڕێکخستن، ڕادەربڕین، ئازادی زیندانیانی سیاسی و لەوانە هەڵسووڕاوانی کرێکاری زیندانی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانیانە بوون کە بەهۆی بیروباوەڕ و بۆچوونی سیاسییەوە زیندانی کراون. خەبات و داواکارییەکانی کرێکاران لە پێناو باشترکردنی دۆخی گوزەران و دیفاع لە کەرامەتی مرۆیی و مافە دێموکراتیکەکان، تەنها نیشاندەری ڕوویەکی ڕێگەپێدراوە لە دیکتاتۆری هاری کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام لە ناخی ئەم واقیعەدا کۆمەڵێک داواکاری نادیار هەن کە تەنها بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێک دەستەبەر دەبن کە ئامانجی بریتی بێت لە دابینکردنی بێ ئەملاو و ئەولای مافە مرۆییەکانی خەڵک.