ڕەوتی لایەنگری سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژنان و بێگومان کۆمەڵگادا، لە سەرەتای خاکەلێوەوە دەستی بە هەندێک هەنگاوی سەرکوتکارانەی زیاتر کردووە. ئەم کۆنەپەرستە شکستخواردووانە بە ناردنی کورتەنامەی حیجاب، دانانی کامێرای چاودێری و بەکارهێنانی هێلیشات بۆ وێنەگرتن، هەوڵ دەدەن ورەی پاشماوەی هێزەکانیان بەرز بکەنەوە. بەگوێرەی هەندێک لە ڕۆژنامەکان ستادی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر، وێڕای هەندێک نوێنەری سەر بە کەمینەیەکی پارلەمان، دەستیان لە ناردنی ئەم کورتەنامانەدا هەیە. وا پێدەچێت کە ئەوانە سەر بە بەرەی پایداری بن. حیجابی زۆرەملێ لە ئێران، کە لە ساڵی ١٣٥٨ەوە بەرەبەرە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ساڵی ١٣٦٣ بە فەرمی بوو بە یاسا، بووە بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، دابینکردنی دێموکراسی و دروستکردنی سیستەمێکی مرۆڤ–تەوەر. خەبات لەدژی ئەو یاسایە، بووە بە هێمای بەرەنگاری بەرامبەر بە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر ژنانی هاوڵاتی و ئازادی جلوبەرگ، تەنها یەکێکە لە لایەنەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەرینە لەگەڵ کۆنەپەرستی ئیسلامی، سەرمایە و کۆتوبەندەکانی. دوای شۆڕشی ١٣٥٧، حیجاب وەک یەکێک لە سیاسەتە ئیدئۆلۆژییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی هاتەئاراوە. لە سەرەتادا، ژنانی بێ حیجاب لە چوونە ناو ئیدارە دەوڵەتییەکان مەنع کران و ساڵی ١٣٦٣ بە پەسەندکردنی یاسای سزادانی ئیسلامی، پابەند نەبوون بە حیجاب، سزای نەختینە، قامچی و زیندانی لەخۆگرت. خۆڕاگریی بەرامبەر بەو یاسایە و هێرشی مەئمووران و بەکرێگیراوان بۆ سەر ژنان و پیاوانی پشتیوانیان، لەو کاتەوە کەم و زۆر بەردەوام بووە. ئاست و بەرفراوانی خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، ڕژێمی ئیدئۆلۆژیکی تووشی داماویی و سەرلێشێواوی کرد و ڕێکخستنی گەشتی بەدناوی ئیرشاد لە ساڵی ١٣٨٥دا، بەرهەمی ئەم سەرلێشێواوییە بوو.
چڕبوودنەوەی هەنگاوە سەرکوتگەرەکانی کاربەدەستانی ڕژێم لە گەشتی ئیرشاد دا بووە هۆی ئەوەی ژنان خۆڕاگریی خۆیان بە شێوازی کەم–حیجابی، تێکهەڵچوون لەگەڵ مەئمووران، خۆبواردن لە سواربوونی وەنەکان، هاوارکردن و یارمەتی خواستن، دەرببڕن. ئەم کێشمەکێشانە بەردەوام بوون تا ویدا مووەحید ڕۆژێک بەر لە ئاخێزی ناڕەزایەتی کرێکاران و پەراوێزنشینان لە بەفرانباری ٩٦، سەرپۆشێکی سپی بە دارێکدا کرد و لەسەر بەرزاییەک ڕاوەستا و بووە هۆی لەدایکبوونی کەمپەینی “کچانی شەقامی شۆڕش“.
کەمپەینی “چوارشەممە سپییەکان” ١٣٩٧–١٣٩٨ شوێنی کەمپەینەکەی پێشتری گرتەوە. لەو بزووتنەوەیەدا ژنان بە پۆشینی جلوبەرگی سپی و بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ حیجاب، خوازیاری لابردنی حیجابی زۆرەملێ بوون. ساڵی ١٣٩٦ ئاخێزی جەماوەری خەزەڵوەر بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئوسوولگەرا، ئیتر تەماوە ماجەرا” قۆناغی خەباتی پێش خۆی، بۆ ئاستێکی نوێ بەرز کردەوە. لە درێژەی ئەو خەباتەدا ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و دوو ئاخێزی ٩٦ و ٩٨، دوای گیان لەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی بەدەستی فەرماندە و مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، خەرمانانی ١٤٠١ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، لەدایک بوو.
ئەم ئاخێزە مێژووییە کۆی سیستەمی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایە و لەنێویاندا پیاوسالاری جێگیر لە نەریتی ئیدیۆلۆژی ڕژێمی بردە ژێر پرسیار. لەسەر ئەم بەستێنە “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“دا، بەهرەمەند بوون لە خۆشگوزەرانی گشتی کۆمەڵگای کردووەتە ئامانج. کاتێک “ژیان” لە تەنیشت “ژن” وەک بزوێنەری خەبات لە دژی ئاپارتایدی ڕەگەزی و “ئازادی” واتە ڕزگاری مرۆڤ لە کۆت و بەندی سەرکوت دادەنرێت، زەمینەی پەیوەندی “خەبات لەپێناو ئازادی” و “خەبات لەپێناو نان” فەراهەم دەکات. ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا، خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو نانی لێکهەڵپێکاوە.
کاتێک شۆڕش کاری جەماوەرە، بەرەوپێشبردنیشی ئەرکی سەرشانی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگایە. کۆمەڵگا بەسەر چین و توێژی جیاوازدا دابەش دەبێت و هەر چین و توێژێک لەناو ئەم بزووتنەوانەدا خواست و ویستی جیاوازیان هێناوەتە گۆڕێ. هەربۆیە ئێستا شاهیدی پڕبوونەوەی کەلێنی خواستی ئازادیخوازانە و مەدەنی، بە خواستی یەکسانیخوازانە و کۆمەڵایەتین. دەستکەوتی مێژووسازی شکستدانی “یاسای حیجاب” لە درێژەی ئەو خەباتەدا بەدەست هاتووە. ئێستا ژنان وەک پێشەنگ و ئاڵاهەڵگرانی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری، ئێعدام، هەژاری و جینایەتی ئیسلامی و جێگرتنەوەی بە حکوومەتێکی کە تێیدا ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەر بێت، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ناخی کۆمەڵگادا بەرەوپێش دەبەن. لە بەرامبەر شەپۆلی بەرین و بەردەوامی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە ناخی ژیانەوە بەرەو دروستکردنی کەشێکی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا هەنگاو دەنێت، کورتەنامەی حیجاب، دانانی کامێرای چاودێری و بەکارهێنانی هێلیشات بۆ وێنەگرتن لە هاوڵاتیان، وەک پووشی بەربایەکی بەهێز وایە و ئیرادە بۆ درێژەدان بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو خەباتە، پتەوتر دەکات.