ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕ، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری ڕەجایی بەندەرعەباس ڕووی دا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری فەرمی ئێرنا، ئەم تەقینەوەیە تا ئێستا ١٤ کوژراو، ٦ بێسەروشوێن و ٧٥٠ بریندار لێکەوتۆەتەوە.
هەرچەندە زانیاری ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕووداوەکە لەبەردەستدا نییە، بەڵام گومرگی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە سەرچاوەی تەقینەوەکە، کۆگاکردنی کەلوپەلی مەترسیدار و ماددە کیمیاییەکان لە گۆڕەپانی بەندەرەکە بووە. تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە کە کەمتەرخەمی لە گواستنەوەی ماددە گڕگرتووەکان هۆکاری تەقینەوەکە بوبێت.
بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان، توندی شەپۆلی تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بووە کە زۆربەی بیناکانی دەوروبەر و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل بە توندی زیانیان بەرکەوتووە. بەدوای تەقینەوەکە دووکەڵێکی ڕەشی چڕ بەهۆی ئەم ڕووداوەوە ڕۆژئاوای ئاسمانی بەندەرعەباسی داپۆشی.
وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە کیمیاییەکان وەکو ئەمۆنیاک، دای ئۆکسیدی گۆگرد و دای ئۆکسیدی نایترۆجین لە شارەکەدا، باری نائاسایی ڕاگەیاندووە. قوتابخانە، زانکۆ و ئیدارەکان لە بەندەرعەباس و دەوروبەری داخراون. داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە و پەنجەرەکان داخەن و لە بوونی لە فەزای کراوەدا بەبێ ماسک خۆبپارێزن.
جێی باسە کە بەندەری ڕەجایی بە پێشکەوتووترین بەندەری ئابووری و بازرگانی ئێران دادەنرێت. بەندەری ڕەجایی، کە لە نزیک تەنگەی ستراتیژیکی هورمزە، گەورەترین ناوەندی کۆنتێنەری ئێرانە. بەشێکی گرنگی هاوردە و هەناردەی کۆنتێنەری ئێران و هەروەها ئەو کاڵایانەی کە بۆ ڕووسیا، ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست تێدەپەڕن لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە دەنێردرێن.
گومان و ڕاوبۆچوون لەسەر هۆکاری ئەم ڕووداوە زۆرە، بەڵام هەرچی بێت بێتوانایی حکومەت و دامەزراوە بێ کەڵک و زەبەلاحەکانی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بە ڕوونی نیشان دەدات. لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوە نیشانەیەکی دیکەیە لە گەندەڵ بونی سیستەمێک کە لە هەموو ڕوویەکەوە توشی بن بەست بۆە. ئێستا بەدوای ئەم ڕووداوە، ڕوون بووەتەوە کە بەندەرێک بەم ئاستە لە گرنگی ئابووری بە ئاستێکی نزم لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستن بەڕێوە براوە. ئەوەی جێی داخە ئەو گیانە بێتاوانانەیە کە بەم شێوەیە قوربانی لێنەهاتویی ڕژێمێک دەبن کە گەندەڵی سەرتاپای داگرتووە. هەتا ئەم ڕژێمە مابێت هەر ڕۆژێک دەبێت چاوەڕوانی کارەساتێکی لەم چەشنە لەم یان ئەو گۆشەی ئێران بین. لە تەلەویزیونی کۆمەڵەوە ئەوپەری تەئەسوفی خۆمان بە بۆنەی ئەم روداوەوە رادەگەیەنین و خۆمان بە شەریکی خەمی بنەماڵەی کوژراوەکان دەزانین. هیوای چاک بونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.