فەرماندەی گشتی هێزی ئینتزامی و وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی، ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەو، پۆلیس دەتوانێت بە فەرمی بچێتە ناو خوێندنگاکان. بەپێی ئەم ڕێککەوتنامەیە، هێزە ئینتزامییەکان لە بواری پەروەردەدا کۆمەڵێک دەسەڵاتیان پێدراوە و دەتوانن بە زۆر حیجاب بەسەر خوێندکارانی خوێندنگاکاندا بسەپێنن.
ڕاگەیاندنەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوە ڕایانگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنامەیەکی هاوبەش کە لەنێوان ئەحمەدڕەزا ڕادان فەرماندەی گشتی هێزی ئینتزامی و عەلیڕەزا کازمی وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان واژۆ کراوە، پۆلیس بە فەرمی ڕێگەی پێدراوە بچێتە ناو خوێندنگاکانی وڵات. عەلیڕەزا کازمی لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیەدا، “بە شانازییەوە” خۆی وەک سەربازی ئەحمەدڕەزا ڕادان ناساند و وتی: «بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ پۆلیس، دەتوانین زیاتر لە ڕابردوو کار لەسەر کولتووری خوێندنگاکان بکەین.» کازمی حیجاب و عیفافی وەک یەکێک لە زیانە کولتوورییەکانی ئەمڕۆی وڵات ناوبرد کە پێویستە کارێکی کولتووری هەمەلایەنە و ڕیشەیی بۆ بکرێت.
کۆنتڕۆڵکردنی پەروەردە و خوێندن لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. بەرپرسانی ڕژیم بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بواری پەروەردە و ڕێگریکردن لە شکستی ئایین لە بەرامبەر زانستدا، خوێندنگاکانیان کردووە بە ناوەندی فێربوونی خوڕافات و درۆ و چەواشەکاری ئایینی. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە دژایەتی خۆی لەگەڵ خوێندکاران، زانکۆ و زانست نیشاندا و “شۆڕشی” خوێناوی “کولتووری” ئیسلامیی، هاوکات لەگەڵ کوشتار، زیندانیکردن، ئەشکەنجە و دەرکردنی خوێندکارانی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە، بەڵام بەشداری خوێندکارانی چالاک و قوتابیانی خەباتکار لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژینا” لە ساڵی ١٤٠١دا، بەتایبەتی خوێندکاران و قوتابیانی کچ لە خەبات لەدژی حیجابی زۆرەملێ، سەرەڕای توندوتیژی و وەحشیگەرییە دژە خەڵکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم، نیشانەیەکی ڕوونە لە شکستی بەتەواوەتی پلانەکانی ڕژیم و “شۆڕشە کولتوورییە شکستخواردووە”کەی و جگە لەوەش نیشانەی ئەوەیە کە خوێندکاران و قوتابیان، بەردەوام هێزێکی پتەو و شێلگیری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بوون و ئێستاکەش هەن. بێهۆ نییە کە ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی لەم چەند ساڵەی دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی”ژینا”، بەردەوام لەهەوڵی داڕشتنی سیاسەتی نوێدا بووە بەمەبەستی سەرکوتی ئەو بزووتنەوەیە، کە بە نیزامیکردنی بەڕێوەبەرایەتی و پەروەردە، لە ڕێگەی کۆمەڵێک جینایەتکاری ناسراو و وەرگرتنی هێزە شێوە نیزامی و بناژۆخوازە بەکرێگیراوەکان، لە مەدرەسە و زانکۆکان بۆ سەرکوتی خوێندکاران و بەتایبەتی خوێندکاران و قوتابیانی کچ، لە زومرەی ئەو هەوڵانەن.
ڕژیم بە دەرکردنی سەدان مامۆستای دڵسۆز و پابەند بە زانست و زانیاری و جەماوەر و خەباتی جەماوەری، هەروەها بوار ڕەخساندن بۆ تاقمێکی کۆنەپەرست، دژە زانست و لایەنگری خوڕافات و دواکەوتوویی، وەک موعەلیم و مامۆستا لە قوتابخانە و زانکۆکان و هەروەها دانانی کەسانی وابەستە بە خۆیان وەک بەرپرسی قوتابخانە و زانکۆکان و ژمارەیەک لات و چەقۆکێش وەک هێزی چاوەدێری و پاراستن، هەوڵیداوە بە زەبری زۆر و سەرکوت کۆنتڕۆڵی زانکۆ و خوێندنگاکان پەرەپێبدات و بە بەرتەسک کردنەوەی هەرچی زیاتری مەودای ئازادی کچانی قوتابی، شێوە ژیانی دڵخوازی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنێت.
واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنامەی نێوان وەزارەتی پەروەردە و فەرماندەی گشتی هێزی ئینتزامی، نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیەوێت پلان و ڕێکاری نوێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی هەرچی زیاتری قوتابیان بگرێتەبەر. ئەم بابەتە بەلەبەرچاوگرتنی پێشینە و مێژووی هێزی ئینتزامی لە سەرکوتی خەڵک و بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ناڕازییان، زەنگێکی مەترسییە بۆ پەرەسەندنی پێشێلکردنی هەرچی زیاتری مافی قوتابیان لە خوێندنگاکانی ئێران و نیشانەی هەوڵدانە بۆ جێگیرکردنی پرسی کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی،
لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە. کە ئەمەش بە پێچەوانەی بنەماکانی مافی منداڵان و مافی خوێندنە لە ژینگەیەکی ئازاد و ئەمندا. هاتنی هێزی نیزامی و چاوەدێری بۆ ناو ژینگە پەروەردەییەکان نەک هەر ناتەبایە لەگەڵ ڕۆحی پەروەردەیی و ڕاهێنانی قوتابخانەکان، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێکهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ و زیانێکی دەروونی جددی بە خوێندکاران و بەتایبەت کچانی تازەلاو دەگەیەنێت. قوتابخانە دەبێت ژینگەیەکی ئەمن و ئارام و ئازاد بێت بۆ پەروەردەکردنی هزر و داهێنان و متمانەبەخۆبوون و هەروەها گەشەی ئەخلاقی، نەک شوێنێک بۆ بەکارهێنانی گوشار و سەپاندنی ئەو ستانداردانەی کە لە ڕێگەی ئامرازەکانی زۆر و زەبروزەنگەوە، جێبەجێ دەکرێن.
لە پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی،یەوە حکوومەت هەوڵدەدات لە ڕێگەی چاودێری ڕاستەوخۆی توێژی لاوانەوە، پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی نائارامییەکان بگرێت. لەمڕووەوە قوتابخانەکانی، وەک ناوەند و چاوگەی سەرەکی ناڕەزایەتی، کردۆتە ئامانج. بوونی پۆلیس لەو ناوەندانە دەتوانێت ببێتە هۆی چاودێری بەسەر ڕەفتار و جل و بەرگ و تەنانەت بیروباوەڕی خوێندکاران، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مادەی ١٦ی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەتی تاکەکانە. ئەم ڕێککەوتنامەیە لە ڕاستیدا ئامرازێکە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی ئەمنی هەرچی زیاتر بەسەر لاواندا و هەروەها پێشگیری لە ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو.
بە دڵنیاییەوە خوێندکاران و قوتابیانی خەباتکار، موعەلیمان و مامۆستایانی دڵسۆز و ژنان و پیاوانی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی ئێران، بە یەکگرتوویی و هاوپشتی خۆیان، ئەم پلانە لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستانە، سەرکوتگەرانە و نامرۆڤانەی ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەکەنەوە و ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی هەرچی زیاتر ڕیسوا دەبێت.