کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاوازی ژنان، نەغمەی ئازادی، بەرزتر و بەهێزتر بووە

▪️ ئاوازی ژنان، نەغمەی ئازادی، بەرزتر و بەهێزتر بووە

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سیاسیهەواڵی پەیام، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە ٧ ژنی گۆرانیبێژ لە بێهبەهان لەلایەن ئیتلاعاتی سپا و بەسیجی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا. مەئموورانی بێ ئاگا لە دنیای مۆسیقا، پاش پرسیار و وەڵامێکی زۆر، داوایان لە هونەرمەندان کرد کە واز لە چالاکی مۆسیقایی بهێنن. هەروەها داوا لە بانگهێشتکراوان،ئیلاهە ئەحەدی، مەهسان ئیحتیرامی، نگین مەنسووری نەژاد، ئازەردوخت تاهیرپوور، ڕامەش سەید، موژدە نەسیری و زولفا جەماشیانیکرا کە بەڵێن بدەن بەشێوەی سۆلۆ (تەکخوان) گۆرانی نەڵێن و لە ژەنینی ئامێر و بڵاوکردنەوەی چالاکییە هونەرییەکانیان لە فەزای مەجازیدا خۆ ببوێرن. هەر لەو ڕۆژەدا ١٦١ گۆرانیبێژ، هونەرمەند، چالاکوانی مەدەنی و ڕێکخراو، لەوانە ١٩ ڕێکخراوی ناوخۆی ئێران، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە بە ناوی: “ئاوازی ژنان، نەغمەی ئازادی”. ئەوان لەم بەیاننامەیەدا زۆر بوێرانە کۆماری ئیسلامییان وەک حکوومەتێکی دوژمنی ئازادی و دژە ژن ناوبرد کە لە دەنگی ژنان دەترسێت. ئەوان لە بەشێک لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: “دەیان ساڵە ژنان لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامییەوە لە سەرەتاییترین مافی ئینسانیی خۆیان، واتە گۆرانی وتن و بەشداری ئازادانە لە بواری مۆسیقا، بێبەش کراون.”

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “بەڵام ئەم قەدەغەکردنەش، وەک هەر سەرکوتێکی تر، بە خۆڕاگریی و بەرخۆدان وەڵام دراوەتەوە. ژنانی ئێران نەک هەر بێدەنگ نەبوون، بەڵکوو دەنگی خۆیان کردووە بە ئامرازێک بۆ خەبات و دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی. دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، ژنە گۆرانیبێژەکان لە سێبەر و پەنا و پەسارەکان هاتوونەتە دەرەوە و لەناو زانکۆکان، شەقامەکان، میترۆ، و شوێنە گشتییەکانی دیکە و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەنگی ناڕەزایەتی و بەرخۆدانیان، بەرزتر لە هەمیشە، لە مێژووی خەبات و خۆڕاگریی دا تۆمار کردووە.” واژۆکارانی بەیاننامەکە لە بەشی کۆتاییدا نووسیویانە: “سەرکوتکردنی گۆرانی وتنی ژنان، تاوانێکە دژی هونەر و ئازادی بەیان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و توندوتیژییەکی ئاشکرایە لە دژی ژنان. ئێمە هەر هەوڵێکی حکوومەت بۆ کپ کردنی دەنگی ژنان بە توندی ئیدانە دەکەین و لێبڕاوانە پشتیوانی لە سەرجەم ژنانی گۆرانیبێژ دەکەین.” ئەوان هەر لەم بەشەدا داوایان لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە خەباتکار و کۆمەڵایەتییەکان، ئازادیخوازانی ناوخۆ و دەرەوە، نووسەران، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان کردووە کە: “پشتیوانی بکەن لە گۆرانی وتنی ژنان و خەباتی ژنان لەپێناو ئازادی ئاواز و گۆرانی. هەروەک چۆن خەبات لە دژی حیجابی زۆرەملێ، سیمای ژنی ئێرانی و تەنانەت خەڵکی ئێرانی لە جیهاندا گۆڕی، ئازادی دەنگ و ئاوازی ژنانیش دەبێت ببێتە بزووتنەوەیەکی جیهانی.”

کۆماری ئیسلامی هەرکە لە ڕێبەندانی ١٣٥٧دا، بە دەسەڵات گەیشت، بە زەبری زۆر گۆرانی وتنی ژنانی بە شێوەی سۆلۆ (تەکخوان) و هونەرنواندنی مۆسیقارە ژنەکانی لە بەردەم پیاواندا قەدەغە کرد. لەگەڵ سەقامگیربوون و بەهێزتربوونی، ئەم سنووردارکردنە بوو بە یاسا و وەزارەتی ئیرشاد بە پشتبەستن بەو یاسایە دەستیکرد بە بانگهێشتکردن و لێپێچینەوە لە هونەرمەندانی ژن و چالاکی مۆسیقای بە پێی شەرع لێ قەدەغە کردن و تەنانەت هەندێکجار ژنانی هونەرمەند دەستبەسەر و زیندانی کران. بەهۆی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەوە، هەموو ژنە هونەرمەندە ناسراوەکان، یان لە ئێران چوونە دەرەوە یان بێدەنگییان هەڵبژارد. ئەو ڕژێمە دژە ژنە بە درێژایی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆی، بەردەوام هەوڵی داوە ڕێگری بکات لە گەشەی مۆسیقا و پەروەردەی ژنانی گۆرانیبێژ و مۆسیقار. ئەم ئاستەنگ و سنووردارکردنانە لە هەندێک بواردا لە دژی پیاوانی مۆسیقاریش بەڕێوە چووە. بەڵام هونەرمەندان و بەتایبەتی ژمارەیەک لە گۆرانیبێژە ژنەکان تەسلیم نەبوون. ئەوان لە ناوخۆدا مانەوە و کاریان لە سەر پەروەردەکردنی هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی ژن کرد و کۆنسێرتی ژێرزەمینیان بەڕێوەبرد.

لە دنیای مۆسیقادا ژنانی دەنگخۆش و مۆسیقار لە ژێر کاریگەری نەریتی پیاوسالاریدا، لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و بەربەست بەرەوڕوو بوونەتەوە. لەمڕووەوە ئەم بوارە بەردەوام مەیدانی خەبات دژی پیاوسالاری بووە. لە ئاکامی ئەم خەباتەدا ڕۆژی ٢٨ی مارسی ٢٠٠٨ بۆنەیەک بە ناویڕۆژی جیهانی مۆسیقای ژنانپێکهات و بە ڕۆژژمێری بۆنەکان زیاد کرا. ژنان و پیاوانی مۆسیقار و ئازادیخواز لەو کاتەوە، لەپێناو لابردنی بەربەستەکان و بەتایبەتی بەربەستەکانی بەردەم ژنان خەبات و تێکۆشانیان کردووە. ئەم خەبات و تێکۆشانە لە حکوومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا قووڵتر بووە و بەتایبەتی لە کاتی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیو دوای ئەو ئاخێزەش بەربڵاوتر و هەمەلایەنەتر بووە.

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، مۆسیقایان خستۆتە خزمەت خەباتی شۆڕشگێڕانە، ئازادیخوازانە و دژبە ڕژێم و بەهاکەشیان داوە. تۆماج ساڵحی و مەهدی یەراحی، شەروین حاجی پوور، عیماد قەویدڵ، مەحموود میرزایی و سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندانی جەماوەری و ئازادیخواز، زۆر بوێرانە بەرگرییان لە پۆشینی جلوبەرگی ئازاد و لەوەش زیاتر لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کرد و بۆ ماوەیەک لە زینداندا مانەوە. ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی تەنانەت هەوڵیدا تۆماج لە سێدارە بدات، تا ببێتە وانەیەک بۆ هونەرمەندە ئازادیخوازەکانی دیکە. بەڵام ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، ئەم دەرفەت و مەجالەی پێنەدا.

چەند گۆرانیبێژێکی ژن کەڵکیان لەو هەلومەرجە نوێیە وەرگرت بۆ ئەوەی مافە پێشێلکراوەکانیان زیندوو بکەنەوە. لەم بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بکەین بە گۆرانیبێژی دەنگخۆش و بوێر، پەرەستوو ئەحمەدی، کە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە جلوبەرگی ئازاد و بەبێ حیجاب، کۆنسێرتی ناسراو بە کاروانسەرای، بە شێوەی سۆلۆ(تەکخوان) پێشکەش کرد. پەرەستوو لەکۆنسێرتی کاروانسەرادا گۆرانیماچم بکەی بە هاوڕێیەتی ئێحسان بەیرەقدار، سوهەیل فەقێ نەسیری، ئەمین تاهیری و ئەمیرعەلی پیرنیا پێشکەش کرد. ئەم هونەرمەندە گەنجە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ی ئێراندا، ئاوازیلە خوێنی لاوانی نیشتمانی پێشکەش کردبوو کە دوای پێشوازی بەربڵاوی خەڵک لەم کارە، مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کرا و دۆسیەی بۆ دروستکرا. کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕۆژانە سەرکوت و لەوانە سەرکوتی هونەرمەندانی ژنی لە ناوخۆدا چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی تەسلیمبوونی سەرشۆڕانەی خۆی لە بەرامبەر ئیمپریالیزمی ئەمریکادا دابپۆشێت. بەڵام لەم بوارەشدا سەرکەوتوو نەبووە و ئەم ڕۆژانە ئاوازی ژنان، نەغمەی ئازادی، بەرزتر و بەهێزتر بووە.