لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جیهان سەرلەنوێ شایەتی یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بوو.
کەرتی غەززە، ناوچەیەکی کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتووانەکەی لە گەمارۆی هەمەلایەنەی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیلدا دەژین، جارێکی تر کەوتۆتە بەر بۆردومانی بەردەوام. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، تەنها لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا، کە ١٧٤ منداڵ، ٨٩ ژن و دەیان بەسااڵچوویان تێدابوو. ئەم ڕێژەیە ڕۆژی ٢٠ی مارس گەیشتە ٧١٠ کوژراو و هەزار و ٤٢ بریندار کە ٧٠٪ یان ژن و منداڵن. گرووپی بەرگری لە مافەکانی منداڵانی فەلەستین ڕایگەیاند کە بە ئامانج گرتنی بەئەنقەستی ژنان و منداڵان لەم خولەی هێرشەکاندا پەرەی سەندووە. ئەم ئامارە نەک هەر ڕەنگدانەوەی کارەساتێکی مرۆیین، بەڵکوو بەڵگەیەکی ئاشکران لە بەردەوامی جینۆسایدێکی پلان بۆداڕێژراو لە دژی خەڵکی فەلەستین.
کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە، چیتر “ڕووداوێک” یان “زیان و لێکەوتەیەکی لاوەکی” نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە ستراتیژییەکی بەئانقەستی ئیسرائیل بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی خەڵکی فەلەستین. ئەم شەڕە، دژ بە ئەرتەشێک نییە، بەڵکوو دژ بە ژنان، منداڵان، بەساڵاچووان و خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاعە. وێرانکردنی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، ماڵ و تەنانەت کەمپەکانی پەنابەران، بە ڕوونی نیشان دەدات کە ئامانجی ئیسرائیل نەک هەر “بەرگری لە خۆی” نییە، بەڵکوو بریتییە لە لەناوبردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی فەلەستین.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم تاوانانە بەبێ پشتگیریی بێدرێغی ئیمپریالیزمی جیهانی مومکین نەدەبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئورووپا و زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداری جیهان، بە دابینکردنی چەک، یارمەتی دارایی و داڵدەی دیپلۆماسی، بە کردەوە هاوبەشی تاوانەکانی ئیسرائیلن. بە ملیاردها دۆلار یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل، پەسەندکردنی یاسای سەرکوتگەرانە لە دژی بزووتنەوە لایەنگرەکانی خەڵکی فەلەستین و بێدەنگی میدیاکان، هەمووی ئەمانە نیشاندەری هاوکارییەکی سیستەماتیکن لەم جینۆسایدەدا.
دوای چەندین مانگ شەڕی ماڵوێرانکەر، حەماس گەیشتووەتە لێواری لەناوچوون. گرووپێکی کە ئیسرائیل وەک بیانوو بۆ پاساوی هێرشەکانی خۆی دەیناساند، تواناییەکی ئەوتۆی نەماوە. لەلایەکی ترەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە ئیسرائیل ساڵانێک بوو وەک بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی مەودای شەڕ دەیناساند، بەکردەوە دەستی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لەم قەیرانەدا کورت بووەتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئیسرائیل، کۆتایی ئەم هەڕەشانە بە مانای کۆتایی تاوانەکانی نەبوو.
ئێستا کە بیانووەکانی پێشوو، چیتر نەماون، ئەم ڕژێمە هێشتا پەلاماری خەڵکی مەدەنی دەدات و بەردەوام خەڵکی بێ دیفاعی غەززە کۆمەڵکوژ دەکات. ئەم ڕاستییە نیشان دەدات کە ئامانجی ئیسرائیل هەرگیز “بەرگری” یان “بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە” نەبووە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی داگیرکارییە بۆ درکردن و دوورخستنەوەی دانیشتووانی فەلەستین.
بۆسەرجەمهێزەپێشکەوتنخوازەکان،فەلەستینتەنها
مەسەلەیەکی مرۆیی یان مافی مرۆڤ نییە، بەڵکوو مەیدانی خەباتێکی جیهانییە لە دژی زوڵم، داگیرکاری و ئیمپریالیزم. کێشەی فەلەستین، ڕەنگدانەوەی کەلێنێکی قووڵە لە نێوان چینی دەسەڵاتداری سەرمایەداری جیهانی و چین و توێژە ژێردەستەکان. ڕژێمی ئیسرائیل، نەک هەر دەوڵەتێکی داگیرکەرە، بەڵکوو یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئیمپریالیزم بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دەسەڵات بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ڕژێمە، بە پشتیوانی بێوچانی ڕۆژئاوا، هەوڵ دەدات فەلەستین لەسەر نەخشەی جوگرافیا بسڕێتەوە و دەوڵەتێکی ئاپارتاید و ڕەگەزپەرست بسەپێنێت.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم تاوانانە، خەباتی خەڵکی فەلەستین هەروا بەردەوامە. خەڵکی غەززە، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر گەمارۆ، بۆردومان و قاتوقڕیی سەپێنراو، شەرەفی ئینسانی و ئیرادەی خۆیان بۆ ڕزگاربوون لە چنگ کۆت و بەندی داگیرکاری، نیشان داوە.
ئەم خەبات و بەرخۆدانە، نەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی، بەڵکوو نموونەیەکە لە خەباتی سەرجەم گەلانی ژێردەست لە دژی دەسەڵاتێکی زۆردار.
ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستە کە بزووتنەوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە پێشکەوتنخواز و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری جیهان، پاڵپشتی خەڵکی فەلەستین بن. ئەم هاوپشتییە نابێت تەنها لە چوارچێوەی بەیاننامەی هاودەردیدا بەرتەسک ببێتەوە، بەڵکوو دەبێت بە شێوەیەکی کردەیی و کاریگەر لە خەبات دژی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری جیهانیدا، خۆی نیشان بدات. بایکۆتی ڕژێمی نەتانیاهو لە ئیسرائیل، لەقاودانی هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا، پشتگیری لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان و ڕێکخستنی چین و توێژە کرێکارییەکان لە دژی ئەم تاوانانە، هەنگاو گەلێکی پێویستن لەم پێناوەدا.
کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە فەلەستین، نەک “تێکهەڵچوونێک” بەڵکوو بەشێکە لە پڕۆژەی داگیرکاری و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل. خەبات بۆ ئازادیی خەڵکی فەلەستین، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتێکی جیهانی لەپێناو یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕووخاندنی نیزامی ستەمکارانەی سەرمایەداریدا.