کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەندەڵی سەرتاپای ڕێژیمی داگرتووە

47182519 8283 l 4588

گەندەڵی سەرتاپای ڕێژیمی داگرتووە

ڕۆژنامەیئیعتمادلە وتارێكی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمە دا، ملمڵانێی نێوان ڕیفۆرمخوازان و توندڕەوەكانی لەسەر گەندەڵی دوو وەزیری كابینەی ڕەئیسی خستووەتە ڕوو. سەید جەواد ساداتی نەژاد و سەید ڕەزا فاتمی ئەمین، وەزیرانی پێشووی جیهادی كشتوكاڵ و پیشەسازی و كانزا و بازرگانی، لە كابینەی ڕەئیسی دا، بەهۆی ڕۆڵیان لە گەندەڵی ٣ ملیارد و چوار سەد هەزار دۆلاریی چایی دێبش، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. لەو وتارەدا هاتووە: “ڕاگەیاندنی یەکلایی بوونەوەی سزای دوو وەزیری حکومەتەکەی ڕەئیسی، كاردانەوەی توندی لایەنە توندڕەوەكانی بەدوای خۆیدا هێنا.” لە بەشێکی دیکەی وتارەكەدا هاتووە:

ئەم كاردانەوانە لە ژێر بیانووی بەڵگە و پاساوگەلێكدا خرانە ڕوو كە نیشانی دا گەندەڵی لە ئێران، ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی داکوتاوە و هەتا ئەو ڕەگ و ڕەشەیە وشك نەكرێت، گەندەڵی نەک هەر چارەسەر نابێت، بەڵکوو هەرچی زیاتر پەرەدەسێنێت.”

واقیعییەت ئەوەیە كە گەندەڵی سەرتاپای كۆماری ئیسلامی داگرتووە و بووەتە شتێكی پێكهاتەیی.

گەندەڵی ڕیشەی لە پێكهاتە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە چینایەتییەكان، بەتایبەت سیستەمی سەرمایەداریدایە. گەندەڵی نەک هەر مەسەلەیەكی تاكەكەسی یان ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بەرهەمی ڕاستەوخۆی نایەكسانی ئابووری و چەوساندنەوەی چینایەتییە. لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کەڵەکەبوونی سامان و دەسەڵات لە دەست كەمینەیەكی بچووكدا كە سامانەكەیان لە ڕێگەی چەوساندنەوە، خۆدزینەوە لە باج، ڕانتخۆری، داگیرکردنی زەوی و مڵک و ماڵی گشتی و شتی لەو چەشنەوە بەدەست هاتووە، بووەتە هۆی ئەوەی كە گەندەڵی بە پلەی جیاواز تێیدا بوونی هەبێت. ئەم كەمینەیە پێیان باشترە کە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوەدا، لەگەڵ چەند سیاسەتوان و دەڵاڵێكی دزدا سەروكاریان هەبێت و لە ڕێگەی ئەوانەوە لە مامەڵەكاندا لەگەڵ بەربەستی وەرگرتنی باج و چاودێری و بیرۆکراتی بەرەوڕوو نەبن.

كۆماری ئیسلامی حكومەتێكی سەرمایەداریی ئیسلامییە كە کۆمەڵێک ئاخوند خزاونەتە ناو پێکهاتەی دەسەڵات و لات و چەقۆکێشەکانی سپاش بەسەریدا زاڵن. ئەمانە خاوەنی سەروەت و سامانێکی لەڕادەبەدەرن. لەڕاستیدا ئەوانە چونکە باج نادەن و هیچ چاودێرییەکیش بەسەر ڕادەی سامانەكەیانەوە نییە، ڕیشەی سەرەکی ئەو گەندەڵییەن كە سەرتاپای كۆماری ئیسلامی داگرتووە. لە دەوری ئەوانەش کۆمەڵێک ئینسانی دەغەڵکار و تاڵانچی کۆبوونەتەوە كە هەندێكیان تەنیا لە ململانێ و تەسفیە ناوخۆییەكاندا، دەكەونە داوەوە. هەندێک لەو پەروەندانەی كە بوونە ڕۆژەڤی میدیاكان، تەنها لوتکەی ئەو کێوی گەندەڵییەن كە لێرەدا ئاماژە بە چەند نمونەیەكیان دەکەین.

پەروەندەی گەندەڵی بانكی: لەم ساڵانەی دواییدا، چەندین پەروەندەی گەندەڵی گەورە لە سیستەمی بانكیی ئێراندا ئاشكرا بوون. بۆ نموونە، پەروەندەكانی وەکگەندەڵی سێ هەزار ملیارد تمەنیلە بانكی سادرات وپەروەندەی گەندەڵی لە بانكی سەرمایە، لە زومرەی ئەو بابەتانەن كە دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبوو.

پەروەندەی گەندەڵی لە کۆمپانیا دەوڵەتییەكاندا: هەندێك لە كۆمپانیا گەورە دەوڵەتییەكانیش لە پەروەندەی گەندەڵییەوە گلاون. بۆ نموونە، پەروەندەكانی پەیوەست بە گەندەڵی لە كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی نەوت یان ڕێكخراوەكانی سەر بە شارەوانییەكان لە زومرەی ئەو بابەتانەن.

گەندەڵی لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا: زۆربەی هەرە زۆری پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدانیش لەگەڵ تۆمەتی گەندەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم پڕۆژانە دروستكردنی بەنداو، ڕێگاوبان و ژێرخانە گەورەکانی دیكە دەگرێتەوە كە لە هەندێك حاڵەتدا، باس لە تاڵان و بڕۆ و خراپ بەكارهێنانی بودجەی زۆرو زەوەند كراوە.

گەندەڵی لە سیستەمی دادوەریدا: لە هەندێك حاڵەتدا، تۆمەتەكانی گەندەڵی ناو سیستەمی ناسەربەخۆی دادوەریشدا ئاشكرا بوون. ئەم بابەتانە تۆمەتەكانی پەیوەست بە بەرتیل وەرگرتن، واسیتەبازی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەرپرسانی ئەم دەزگایە و زۆرێک لە دادوەران و بەرپرسانی دادوەریی دەگرێتەوە.

ئەوەی کە سەبارەت بە گەندەڵی لە كۆماری ئیسلامیدا ئاماژەی پێکرا، تەنیا دڵۆپێكە لەدەریایەک گەندەڵی، بنەمای ئابووری و هۆكاری مانەوەی كۆماری ئیسلامییە. گەندەڵی لە دەستی گروپە مافیاییە جۆراوجۆرە خاوەن دەسەڵاتەکاندا، ئامرازێكیشە بۆ سڕینەوە و یەکلایی کردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان. هەر ئەم گەندەڵییە هێزێكی سەركوتگەری نەزان، دەمارگرژ و ئاتەش بە ئیختیاری لە دەوری بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات کۆکردووەتەوە. ئەوان بەتایبەتی لە زیندانەكان و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ناڕازی بەتایبەت لە ساڵەكانی ٩٦ و ٩٨ و لە سەردەمی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیدا، ئەوپەڕی بێبەزەیی و دڵڕەقی خۆیان نیشان دا. بەڵام كۆماری ئیسلامی، كە بەمەبەستی مانەوە، بە تەواوی پشتی بە هێزی سەركوتگەری خۆی بەستووە، بە ڕژانی ترسی خەڵك لە دام و دەزگا گەندەڵ و سەركوتگەرەكەی، خۆری تەمەنی ڕوو لە ئاوابوونە. جێگای ئاماژەیە كە گەندەڵی لەم ئاست و ڕادەییەی ئێستادا، لەگەڵ هاتنەسەرکاری ڕژێمی ئیسلامیدا، سەری هەڵداوە و لەگەڵ ڕووخان و جێگرتنەوەی بە حكومەتێكی جەماوەریش تاڕادەیەکی زۆر لەناو دەچێت. بەڵام ڕیشەی گەندەڵی تەنیا بە ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی بەتەواوی وشک نابێت. گەندەڵی خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵە و تەنها لە حكومەتێكی جەماوەریی خاوەن ئامانج و ئاسۆی سۆسیالیستی و یەكسانیخوازانەدا دەتوانرێت بە شێوەیەكی كاریگەر ڕیشەكێش بكرێت.