کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە سەر بەستێنی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و جیهان

photo 2025 02 01 10 47 51

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە سەر بەستێنی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و جیهان

یەکەممانگرتنی گشتی لە کوردستان، خۆڕاگریی مەدەنی پەرەدەسێنێت

خۆڕاگری لە بەرامبەر شەپۆلی ئێعدام و دەستبەسەرکردنەکان، ئێستا شێوازێکی زۆر بەربڵاوی بەخۆیەوە گرتووە. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، سکاڵانامە و بانگەشەی پشتیوانی و ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتیش لە کوردستان بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان، هەنگاوێکی زۆر کاریگەرە. ئەمە یەکەمجارە مانگرتن بەمەبەستی پێشگیری بەڕێوە دەچێت. تا ئێستا مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تاوانێک بەڕێوە چووە، هاوشێوەی ناڕەزایەتی بە کوشتنی مەهسا ئەمینی یان ڕێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی ناوبراو. بەڵام ئەمجارە هەنگاوێکی ناڕەزایەتی و پێشگیرانە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە لەسێدارەدان، بەڕێوەچوو. گرتنەبەری ئەم تاکتیکە ئەوە دەردەخات کە بزووتنەوەی نافەرمانیی مەدەنی، وردە وردە لە سروشتی کاردانەوە تێپەڕ دەبێ و سروشتی کرداری پێشوەختە بەخۆیەوە دەگرێت. ئەم هەنگاوە هاوکات لەگەڵ مانگرتن لە خواردنی ڕۆژانی سێشەممەی زیندانیانی سیاسی لە زیاتر لە ٣٤ زیندانی ئێران، بە دروشمینا بۆ ئێعدام، پاڵپشتی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان و سەندیکاکانی کرێکاران و هەروەها کۆکردنەوەی واژۆی کەسایەتییە ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگییە ناسراوەکان، هێزی بزووتنەوەی جەماوەریی دێنێتە مەیدان و ڕۆڵی کاریگەرتری ئەو بزووتنەوەیە زیاتر دەردەخات. ئێمە پێشتریش شاهیدی کاریگەری کەمپەینە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بووین، بەتایبەتی لە بواری ژینگەدا. پێویستە هەڵوەشاندنەوەی دروستکردنی مزگەوتی ناپێویست و دوژمنی ژینگەش لە پارکەکانی تاران، بە ئاکامی ئەم هەوڵە پێشگیرانە جەماوەرییە هەژمار بکرێت. گرنگی ئەم گۆڕانکارییەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی جەماوەریی لەوەدایە کە ڕێگە نەدرێت بزووتنەوە و ناڕەزایەتییە داواکاری تەوەرەکان، لە چوارچێوەی تاکتیکە کۆنەکاندا قەتیس بمێنن و کاریگەریی خۆیان لەدەست بدەن. لە سەر بەستێنی ئەم بارودۆخە نوێیەدایە کە ئیمکانی یەکگرتوویی و لێکنزیکبوونەوەی بەربڵاوتر و دیتنەوەی ڕێکارەکانی یەکخستنی تاکتیکەکانی داهاتوو، گرنگییەکی تایبەتییان دەبێت. ئەگەر دروشمینا بۆ لەسێدارەدانوهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەداندەتوانێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازانە یەکگرتوو بکات، لە بواری بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکانیشدا، دروشمی سەرەکیدەستەبەری کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر، دەتوانێت بەشێکی بەربڵاو لە بزووتنەوەی مووچەخۆران، خانەنشینان و بێکاران، لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بیانکات بە بزووتنەوەیەکی بەهێز. پێویستە هەوڵ بدرێت لە هەناوی ئەم خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی ئێستادا، ڕێکخراو و دامەزراوەگەلێک پێک بێن کە بەردەوامیی و چەسپاندنی دەستکەوتەکانی، مسۆگەر بکەن.

دووەمپەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان لە کوردستان و پێویستی بەدواداچوون بۆ دروشمیزیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن

دوابەدوای مانگرتنی گشتی شکۆدار و بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستیکردووە بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی ئاشکرا و مەدەنی بوارە جیاجیاکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون. ڕژیمی  کۆماری ئیسلامی کە لە یەکڕیزی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان کە  نمونەیەکی درەوشاوەیمان، لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی چوارشەممەدا بینی دەترسێت، دەیەوێت لە ڕێگەی سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە تۆڵە لە جەماوەری مافخواز و تێکۆشەر بکاتەوە. بەڵام ئەم ڕژێمە دەبێ ئەوە بزانێت کە مێژوو و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، چەندین جار ئەوەی سەلماندووە کە هیچ ئاستێک لە سەرکوت، ناتوانێ پێشبگرێت بە خەباتی ئازادیخوازانەی ئەو جەماوەرەی کە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیدا تێدەکۆشێت. یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە کە بەم هەوڵە دزێو و داماوانە، تێکبشکێنرێت. خەبات لەپێناو ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و بەرگری لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، هەنگاوێکی جیددییە لە خزمەت بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێکی کە تێیدا هیچ ئاسەوارێک لە ئێعدام و زیندانیانی سیاسیی بوونی نەبێت. لە وەها هەلومەرجێکدا، یەکگرتوویی کرداری و هاوکاریی بەربڵاو لە دەوری دروشمی داکۆکی لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی جینایەتکارانە، کارێکی بەکردەوە و کاریگەر دەبێت، پێویستە دەستی کۆماری ئیسلامی لەسەر گیانی ئەو ئازیزە دەستبەسەرکراوانە کورت بکرێتەوە. بەڵام تەنیا ئەو جەماوەرە دەتوانێت کارێکی ئاوا مەزن ئەنجام بدات کە سەرەنجام شووشەی تەمەنی ڕژیم لە دەستی بەتوانای ئەواندایە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی دەتوانرێت ڕێژیم ناچار بکرێت کە دەست لەمجۆرە کردەوە نامرۆڤانەیە هەڵبگرێت.

  

سێیەمئاگربەست لە غەززە، دوای جینۆساید و وێرانکردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە

دوای پانزە مانگ ئاگربەست لە غەززە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو ئاگربەستە لەسەر بنەمای هەمان ئەو ڕێککەوتنە بوو کە جۆبایدن مانگی ئایاری ڕابردوو بە ڕەزامەندی قەتەر و میسر و لەوانە خودی نەتانیاهۆ و ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕەشنووسەکەی ئامادەکردبوو و حەماسیش مانگی ژوئەن ڕەزامەندی خۆی لەسەر ناوەڕۆکەکەی ڕاگەیاندبوو. بەڵام ناتانیاهۆ بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا و پاراستنی هاوپەیمانییە لاوازەکەی لەگەڵ توندڕەوەکانی ناو کابینەکەی، دژایەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کرد. بەڵام ئەم ئاگربەستە چەند ڕاستییەکی بە ڕوونی ئاشکرا کرد. یەکەم، ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا لە ماوەی پانزە مانگی ڕابردوودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بەردەوامی ئەم جینۆسایدە لە ئەستۆ بووە و بەو هۆیەوە، هاوکار و پشتیوانی سەرەکی ئەم جینۆسایدە بووە. ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ هاوکاری سەربازی و چەک و دارایی و هەواڵگری ئەمریکا نەیدەتوانی زیاتر لە چەند هەفتە درێژە بەم جینۆسایدە بدات. دووەم، ئەرتەشی ئیسرائیل ئامادەیی هەیە بۆ شەڕی کورتخایەن، نەک شەڕێکی درێژخایەن و بەشێنەیی، هەربۆیە هێزەکانی تووشی ماندوویەتی و لەکارکەوتوویی بوون و ئێستا ئەرتەش بۆ بانگهێشتکردنی هێزە یەدەگەکان، لەگەڵ کێشەی جددی بەرەوڕوو بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە ئێستا شەڕەکە تەشەنەی کردووە بۆ بەرەی نوێی وەک لوبنان و سووریەش. سێیەم، بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی جینۆساید لە غەززە، زیانێکی سیاسی زۆر و بێ وێنە بە ناوبانگی جیهانی ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گەیشتووە، کە حوکمی دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆساید لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشووردا و فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ و گالانت لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە بە تۆمەتیجینایەتی جەنگیو هەروەهاتاوان لەدژی مرۆڤایەتی، لە زومرەی نموونەکانییەتی. چوارەم، دەزگای جینۆسایدی ئیسرائیل، سەرەڕای گەیاندنی زیاتر لە پەنجا هەزار کەس زیانی مرۆیی و وێرانکردنی نەوەد لەسەدی بینا و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی فەلەستینییەکان، نەیتوانیوە بگات بە دوو ئامانجی سەرەکی خۆی، کە بریتی بوون لە ئازادکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماس. گومان لەوەدا نییە کە ئەو ئاگربەستەی ئێستا بۆتە مایەی شادی و خۆشحاڵی بەتایبەت بۆ ئەو خەڵکەی کە لە ماوەی پانزە مانگی ڕابردوودا بە هەزاران ئازیز و دارونەداری خۆیان لەم جینۆسایدە دڕندانەیەدا لەدەستداوە. بەڵام  واقیعییەت ئەوەیە کە حەماس لە ڕووی ناچارییەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش لەژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم ئاگربەستەیان قبوڵ کردووە. نە فەلەستینییەکان و نە هێزە دژە جینۆسایدەکانی ئیسرائیل لە غەززە، نوێنەری ڕاستەقینەیان لە دانوستانەکاندا نەبوو. سەرەڕای ئەوەی کە سەرجەم جینۆساید و وێرانکارییەکانی غەززە بە هاوکاری ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەندامانی کابینە و خودی بایدن بەکردەوە دەرهات، بەڵام ئەو هەوڵیدا شانازی ئاگربەستەکە بە ناوی خۆیەوە بکات. هێشتا ڕاستییەکانی پشت ئەم ڕووداوە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەڵگەی زۆر هەیە کە نیشان دەدات نەتانیاهۆ بە ئەنقەست ڕێگەی بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە کراوە هێشتبۆوە، بۆ ئەوەی بەو بیانووەوە سیاسەتی دەستدرێژیکارانەی خۆی لە دژی خەڵکی فەلەستین بەرەوپێش ببات. ئاکامە کردارییەکانی هێرشی حەماس و سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە هەردوولاوە بۆ خەڵکی فەلەستین لە غەززە و تەنانەت لە کەرتی ڕۆژئاواش، کارەساتبار و ماڵوێرانکەر بووە. بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەم ئاگربەستە، خەڵکی غەززە دوای پانزە مانگ مەرگ و وێرانی، هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵدەکێشن و هاوکاری مرۆیی دەگاتە غەززە بۆ ئەوەی لە برسێتی ڕزگاریان ببێت. هەروەها پێویستە ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگیرێت کە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی کە قۆناغەکانی داهاتووی ئاگربەست جێبەجێ بکرێ و سەرلەنوێ جینۆساید دەست پێنەکاتەوە. قۆناغبەندی ئاگربەست و دواخستنی دیاریکردنی ڕێککەوتنەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتووی دانوستانی نێوان لایەنەکان، دەرفەتی ئەوە دەدات بە ناتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی کە بە بیانووی جۆراوجۆر درێژە بە کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی غەززە بدەن. هەر ئێستا ئۆپەراسیۆنی ئەرتەشی ئیسرائیل لە جێنین، لە کەرتی ڕۆژئاوا، دەستیپێکردووە، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە دەوڵەتی نەتانیاهۆ دەیەوێت کەناری ڕۆژئاواش بە هەمان چارەنووسی غەززە دوچار بکات. جگە لەوەش ئەم ئاگربەستە هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین دەستنیشان ناکات. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئێستا، دۆزی فەلەستین جارێکی دیکە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاوتر، لە ناوچەکە و جیهاندا بۆتەوە ڕۆژەڤ و هیچ گەڵاڵە و پلانێکی چارەسەر بۆ ئەم گەورەترین قەیرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانێت چارەنووسی ئەم نەتەوە ستەملێکراو و ئاوارەیە لەبەرچاو نەگرێت.

چوارەمبە دەسەڵات گەیشتنی دۆناڵد ترامپ، لە چوارساڵەی دووەمی سەرۆککۆماریی ئەمریکادا

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ژانویە، دۆناڵد ترامپی ٧٨ ساڵە، وەک یەکەم سەرۆککۆماری ئەمریکا، دوای چوار ساڵ دابڕان، جارێکی تر گەڕایەوە ناو کۆشکی سپی. واقیعییەت ئەوەیە کە دۆناڵد ترامپ کە لە قۆناغی دووەمی پاڵێوراوبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی، توانی بە دەنگێکی زۆر ڕکابەرەکەی شکست پێبێنێت، نەک هەر پشتگیری زۆرینەی خەڵکانی ئایینی و کۆنەپارێزی ئەمریکا و دامەزراوە مەسیحییە ئینجیلیەکان، بەڵکوو پشتیوانی بەشێکی زۆر لە خاوەن کۆمپانیا گەورەکان و ئۆلیگارشی دارایی ئەمریکاشی لەپشتە. حزووری بەرپرسانی کۆمپانیاکانی وەک مێتا، ئامازۆن، تێسلا، ئیلێکس و ئۆبەر، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. بە واتایەکی تر، دۆناڵد ترامپ توانیویەتی زۆر لێهاتوانە هاوپەیمانیدەسەڵاتسەروەتئایینبە قازانجی خۆی ڕێکبخات. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە زیاتر لە ٣٠ کەس لەوانەی کە ترامپ بۆ پۆستە حکومییەکان هەڵیبژاردوون، لە زومرەی ملیاردێرەکانی ئەمریکان. ئەم سێگۆشەیە دەتوانێت بە پەرەسەندنی بیرۆکەی کۆنەپارێزانە و تەنانەت شێوە فاشیستیش، گۆڕانکارییەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا دروست بکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە ڕەوتە پێشڕەو، سیکۆلار، پێشکەوتنخواز و مۆدێرنەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکای تووشی شۆک کردووە و ئەگەری پێکهاتنی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە کۆمەڵگا و لاوازبوونی زیاتری بناغەکانی دێموکراسی لەم وڵاتە، نیگەرانی کردوون. بەڵام ئەوەی بۆ ئێرانییەکان و خەڵکی ناوچەکە گرنگە، بریتییە لە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکەم هەنگاوی ناوبراو واتە گوشار خستنەسەر دەوڵەتی نەتانیاهۆ بۆ قبوڵکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دوای ساڵێک گەمە و خۆڕاگریی. پێدەچێت سیاسەتی ئەم دەورەیەی ترامپ لە ناوچەکەدا جیاوازتر بێت لە دەورەی پێشووی. ڕەنگە بتوانین چەند خاڵێک لەم گۆڕانکارییە لە سیاسەت و هەڵوێستی ترامپ سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل لە دژی فەلەستین لەبەرچاو بگرین، یەکەم ئەوەی کە سیاسەتی ئاشکرا و بێ شەرمانەی جێنوسایدی ئیسرائیل لە غەززە، خەڵکی عەرەب و موسڵمان و گەنجانی ڕۆژئاوای بەجۆرێک تووڕە کردووە کە لە ئەگەری پشتگوێخستنی، دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت بۆسەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی دەوڵەتی ئەمریکا. سیاسەتە کۆمەڵوژییەکانی جۆبایدن بەرامبەر بە ئیسرائیل بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانی عەرەب و موسڵمانی لە ویلایەتە سەرەکییەکانی ئەمریکا بەرەولای ترامپ پاڵپێوەنا. دووەم، دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەکە لەژێر گوشاری ڕای گشتی وڵاتەکانیان، ناتوانن چاو لە  تاوانەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین بپۆشن و ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گوشارەکانی ئەم بەشە لە دەسەڵاتدارانی عەرەب بۆ سەر ترامپ. ترامپ پەیوەندی ئابووری بەربڵاوی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە و پەیوەندی ئەم وڵاتانەش لەگەڵ چین پرسێکە کە ترامپ ناتوانێت لەبەرچاوی نەگرێت. سێیەم، لەناوخۆی ئیسرائیلدا، سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ نەیانتوانیوە کۆمەڵگەی ئیسرائیل و لایەنەکانی ناو دەسەڵاتی ئەو وڵاتە یەکبخات. ئاشکرایە کە ئەم دۆخە لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی ئەمریکاوە چاوپۆشی لێ ناکرێت. بەڵام ئەوەی کە ئایا سیاسەتی ئەو لە بەرامبەر ئێراندا چی دەبێت، وادەردەکەوێت کە ترامپ نایەوێت بچێتە شەڕ لەگەڵ ئێران یان پشتیوانی بکات لە کردەوە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لەدژی ئێران و سەرەتا سیاسەتی هەوڵدان بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن پەیڕەو دەکات.

پێنجەمدانوستان یان تەسلیمبوون؟  ڕژیم لە بنبەستێکی چارەنووسسازدا

پێشهاتەکانیئەمدواییەلەسیاسەتیدەرەوەیکۆماریئیسلامیوبەتایبەتپلانیدانوستان و وتووێژی چاوکراوەلەگەڵ ئەمریکا، نیشانەی پاشەکشەیەکی ئاشکرا و قەیرانێکی قووڵە، کە ئەم ڕژیمەی لە ناوخۆیدا تووشی سەرلێشێواوی کردووە. دوای ساڵانێک لە دروشمیمەرگ بۆ ئەمریکاو ئیدیعای وەستانەوە لەدژیئیستکباری جیهانی، ئێستا عەلی خامنەیی و کاربەدەستەکانی بە شێوەیەک قسە دەکەن وەک ئەوەی کە خۆیان بۆ خواردنەوەی جامە ژەهرێکی تر و تەسلیم بوون بە داخوازییەکانی ڕۆژئاوا، بە ئەدەبیاتێکی نوێ و پاساوێکی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی خۆیان، ئامادە کردبێت. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، تووشی زنجیرەیەک لە شکست و پاشەکشە بووە. هێزە بە وەکالەتەکانی لە عێراق، سوریه، لوبنان و یەمەن، یەک لە دوای یەک زەبری قورسیان بەرکەوتووە. ئەم لاوازییە نەک هەر لە بەرەکانی شەڕ، بەڵکوو لە بواری دیپلۆماسیشدا بە ئاشکرا دیارە. کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە هەوڵی پاراستنی پاشماوەکانی نفوزی خۆی دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان، لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوادا، دەست بە دانوستان و گفتوگۆ دەکات. لەتۆڵەسەندنەوەی توندەوە تا تەسلیمبوونی بێ شەرت و مەرج؛  کۆماری ئیسلامی دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، چەندین جار جەختی لەسەرتۆڵەسەندنەوەی توندکردەوە، بەڵام ئەوەی لە کردەوەدا ڕوویداوە، هیچ شتێک نەبووە جگە لە هەراوهوریایەکی تەبلیغاتی. ئێستا کە جارێکی تر دەنگۆی دانوستان و گفتوگۆ دەبیسترێت، ئاشکرایە کە ڕژیم لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت شەرت و مەرج بۆ بەرامبەرەکەی دیاری بکات، بەڵکوو تەنیا بەدوای کڕینی کات و کەمکردنەوەی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانەوەیە. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز، دانی بەوەداناوە کە کۆماری ئیسلامی بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەیە بۆ دانوستان. ئەمە ئەو تەسلیمبوونەیە کە خامنەیی ساڵانێکە لە بەرامبەریدا خۆڕاگریی دەکات، بەڵام ئێستا ناچار بووە قبووڵی بکات. سەرەڕای ئەم پاشەکشانە، مەسەلەی سەرەکی بۆ ڕێژیم تەنیا گوشارە دەرەکییەکان نییە، بەڵکوو ئاخێزە جەماوەرییەکانی نێوخۆی وڵاتە. بزووتنەوە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و دواتریش بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادی، ئەوەیان نیشان داوە کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، تەنیا داواکاری تەوەر نین، بەڵکوو زۆر بە قووڵی دژی پێکهاتەی دەسەڵاتن. ئەم بزووتنەوانە ئەگەرچی بە شێوەیەکی کاتی سەرکوت کراون، بەڵام دەریانخستووە کە ڕێژیم هیچ شەرعییەتێکی لە نێو جەماوەری خەڵکدا نییە. پەرەسەندنی هەژاری، کەلێنی قووڵی چینایەتی، داڕمانی بەهای ڕیاڵ و بچووکبوونەوەی بەردەوامی سەبەتەی بژێوی خەڵک، کەمبوونی ئاو و کارەبا و پیسبوونی ژینگە، ڕژێمی خستووەتە دۆخێکەوە کە تەنانەت بەشێک لە لایەنگرە تەقلیدییەکانیش لێ دوور کەوتوونەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە هەوڵی لاوازکردنی هەرچی زیاتری کۆماری ئیسلامیدان، بەڵام نەک بە مەبەستی گۆڕانکاری بنەڕەتیی، بەڵکوو بە مەبەستی دەستەمۆکردن و بەچۆکدا هێنان و کەمکردنەوەی زیانەکانی ڕژێم بۆسەر بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی جیهانی. لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، کە بەردەوام چاوی هیوایان بڕیوەتە دەستێوەردانی دەرەکی، هەوڵ دەدەن کە ئەم دۆخە بقۆزنەوە و پرسی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی، لە ئاڵوگۆڕێکی قووڵی کۆمەڵایەتییەوە، بکەن بەگۆڕینی ڕێژیملە پێکهاتەی دەسەڵاتدا. ئەم ڕوانگەیە، هەروەک لە ئەزموونە مێژووییەکانی دیکەشدا بینراوە، نەک هەر ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی لێناکەوێتەوە، بەڵکوو تەنیا فۆرمێکی نوێی ستەم و سەرەڕۆیی و نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمڕۆ تاکە ڕێگای ڕاستەقینەی گۆڕانکاری، نەک دڵخۆشکردن بە دانوستانەکانی ڕژیم لەگەڵ ڕۆژئاوا و دەستێوەردانی دەرەکی، بەڵکوو بریتییە لە ڕێکخستنی هەرچی زیاتری بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، ژنان، خوێندکاران و چین و توێژە ستەملێکراوەکانی تری کۆمەڵگا. بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی ئێران دەبێ بەدیلێکی سۆسیالیستی و دێموکراتیک بەرەوپێش ببەن کە بتوانێت پێکهاتەکانی سەرکوت بەشێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت. نابێ خەبات لەپێناو ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، لە پرۆژەیەکدا کورت بکرێتەوە تەنیا بۆ جێگرەوەی ڕێژیمێک بە ڕێژیمێکی تر، بەڵکوو دەبێ ببێتە ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەر بەسەر چارەنووسی خۆیاندا. ڕەنگە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بتوانێت بە دانی ئیمتیاز گەلێک بە ڕۆژاوا، تەمەنی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت درێژ بکاتەوە، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە هیچ ڕژێمێک ناتوانێت خۆی لە ئیرادەی جەماوەرێکی وشیار و خەباتکار دەرباز بکات.

شەشەمکوژرانی دوو کەس لە گەندەڵترین جەلادەکانی دەزگای قەزایی ڕێژیم

کاتژمێر١٠یسەرلەبەیانیڕۆژیشەممە٢٩یبەفرانبار،هەواڵێکسەبارەتبەکوژرانیدوودادوەریبەدناووجینایەتکاریکۆماریئیسلامیبەناوەکانیعەلیڕازینیومحەممەدموقیسەوبرینداربوونیدادوەرێکیدیکەلەدەزگایقەزاییتارانبڵاوبووەوە. ئەگەرچی بێگومان مەرگی ئەم جینایەتکارانە جەماوەر دڵخۆش دەکات، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ لاوازبوونی هەرچی زیاتری ڕژیم، کوشتنی لەم چەشنە و تەنانەت حاڵەتی خوێناوی پاکتاوی ناوخۆیی ڕێژیمیش زیاتر ببن. بەڵام سزای ڕاستەقینەی ئەم تاوانبارانە، ئەو کاتە دەبێت کە لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پەروەندەی جینایەتەکانیان لە دادگا جەماوەرییەکاندا بە وردی بکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە، ئەو نهێنیانەی کە لەگەڵ مەرگیان بە شاراوەیی دەمێننەوە، ئاشکرا بکرێن و ئەوان بە چاوی خۆیان ڕسوایی و شەرمەزاری هەمیشەیی خۆیان لەبەردەم دادگای عادڵانەی جەماوەردا ببینن. سیستەمی قەزایی ئەمڕۆی ئێران کە ئەو دوو تاوانبارە کوژراوە، لە زومرەی کاربەدەستەکانی بوون، یەکێکە لە گەندەڵترین و دژە خەڵکی ترین پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەم سیستەمە دادوەرییە، لەسەر بنەمای نامرۆڤانەترین و کۆنەپەرستانەترین یاساکانی پاشماوەی سەردەمی نەزانیی لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان و دادگا سەدە ناوەڕاستییەکانی ئورووپا، بەڕێوەدەچێت. لەم سیستەمەدا ئەشکەنجەدانی زیندانی بە ناویتەعزیر، دەرگاکانیبەهەشت بەڕووی ئەشکەنجەگەردا دەکاتەوە. دەستدرێژیکردنە سەر کچان بەر لە لەسێدارەدان، پاداشتی قیامەتە. گەندەڵی لەم سیستەمە بەناو دادپەروەرییە ئیسلامییەدا کە یەکێکە لە پایەکانی ئەم ڕژێمە، ڕیشەی داکوتاوە. بۆگەنی گەندەڵی لەم دەسەڵاتەدا، بەجۆرێک وڵاتی داگرتووە کە نەک کوشتنی ڕازینی و موقیسە، بەڵکوو تەنیا لافاوی شۆڕشی جەماوەر دەتوانێت بیشواتەوە.

حەوتەملەم کاتە چارەنووسسازەی ئێستادا، چەپ لە کوێدا وەستاوە؟

چاوخشاندنێکبەسەرپێشهاتەکانیئێستایگۆڕەپانیسیاسیئێران،ئەوەنیشاندەداتکەدەسەڵاتیئیسلامی،سیاسەتیخۆیلەسەردووپایەیپاشەکشەلەسیاسەتیدەرەوەوخۆڕاگرییلەبەرامبەرخەڵکدابنیاتناوە. واقیعییەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە. ئەمەش وایکردووە کە وڵاتە ئیمپریالیستییەکان هەوڵ بدەن ئەم ڕژێمە لاوازە، بەرەو خولگەی سیاسەتەکانی خۆیان ئاراستە بکەن. سەرەڕای جەنجاڵی و هەراوهوریای ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی تەبلیغاتی، پێدەچێت کە وڵاتە پاوانخوازەکان ئەو هێزانە وەک ئامرازێک تەنیا بۆ دروستکردنی گوشار لە دانوستانەکاندا بەکار بهێنن و سیاسەتی ئەو وڵاتانەگۆڕینی ڕژێمنییە، چونکە قوڵایی و کاریگەری دروشمەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیبەجۆرێکە کە ترسی خستووەتە دڵی هەموو دەسەڵاتە پاوانخواز و دژە خەڵکییەکانەوە. لە سەر بەستێنی ئەم هەلومەرجە، هێزە جەماوەرییەکان، چ ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەی کە لەسەر داواکارییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان جەخت دەکەنەوە و چ بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان، بە تایبەت لە نێو چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگادا، بەردەوام لەسەر خۆڕێکخستنی خۆیان پێداگری دەکەنەوە. ڕادەی دەستبەسەرکردنەکان و گوشارە ئەمنییەکان ئەوە دەردەخەن کە دەسەڵاتیش ئەو هێزانەی خوارەوەی کۆمەڵگا بە هەڕەشەیەکی گەورە و جددی بۆسەر خۆی دەزانێت. ئاشکرایە کە ئەم وەرچەرخانەی کۆمەڵگا بەرەو چەپ، پێویستی بە ناوەندێکی بەڕێوەبەرایەتی چەپ دەبێت، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە چالاکانە کە بەردەوام دروشمی ڕوون و داخوازییە ورد و بیرلێکراوەکانی خۆیان گەڵاڵە دەکەن، هێشتا نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پێویستییە سەرەکییە بدەنەوە. چەپی ڕێکخراو لە سەرانسەری ئێران، نە هێزێکی ڕێکخراوەیی بەرچاوی هەیە و نە هێشتا ئەو ئامادەکارییەی کردووە کە بتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی بەدیلێکی کاریگەر بداتەوە. ئەم کێشەیە کاتێک بەرچاوتر دەبێت کە هێزە مەیدانییەکانی ناوخۆی وڵات، چ ئەوانەی کە لەسەر داواکارییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئازادییە مەدەنییەکان جەخت دەکەنەوە، چ ئەوانەی کە داواکارییە چینایەتییەکان بەرەوپێش دەبەن، بۆ ڕێکخستنی هەرچی زیاتری خۆیان، لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە پێویستی ئازادییەکان و جێگیرکردنی دێموکراسی دەکەن. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆمەڵگا بە خێرایی بەرەوپێشەوە دەچێت و ئەم بەرەوپێشچوونە، یارمەتی بەهێزکردنی چەپی کۆمەڵایەتی دەدات و دەتوانێت گەورەترین دەرفەت بۆ چەپی ڕێکخراوەیی بڕەخسێنێت. ئێستا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە، دەرفەتێک بۆ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان ڕەخساوە کە بە ڕەخنەگرتن لە ڕابردووی خۆیان و بەشداری و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان، هاوکار بن بۆ بنیاتنان و ڕێکخستنی ناوەندەکانی دەسەڵاتی کرێکاریی و جەماوەریی لە خوارەوە و هەروەها بە پێکهێنانی هاوپشتی لە نێوان خۆیان و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکاندا، زەمینەی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان خۆش بکەن. پرسیاری بنچینەیی لە بەرامبەر هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان ئەوەیە کە چۆن دەتوانن لەم دەرفەتە مێژووییە کەڵک وەربگرن و ڕەوتی چەپ لە پەراوێزەوە بێننە ناو جەرگەی گۆڕانکارییە خێرا کۆمەڵایەتییەکان؟

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ / ٣٠ی ژانوییەی ٢٠٣٥