کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ئیدانەکردنی دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییە لە کوردستان

Jamil Faranak Rafigh

دوابەدوای مانگرتنی گشتی شکۆدار و بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستیکرد بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێز و کاسبکار لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان و گواستویاننەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەکیشیان بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان کردووە. ناو و شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لەو گیراوانەی کە تا ئێستا بە تەلەویزیۆنی کۆمەڵە گەیشتوون بریتین لە، قوروە: زاهید خالیدیان، واحید خالیدیان، مەریوان: کارۆ عەلیدووست، سنە: ڕەفیق کەریمی، کەماڵ ئاخیرەتی، جەلیل محەممەدی، هێرش زەندی ناوگەڕان، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دوستی، محەممەد سەیف پەناهی، سینا ڕەزایی، محەممەد ئەتڵەسی، ئومێد محەممەدی، دێهگولان: سوهەیلا مەتاعی، سەقز: نەریمان زەندی، میلاد زەندی و ئەمجەد ساڵحزادە. ئەو کەسانە بەبێ فەرمانی دادوەری و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و هاوکات لەگەڵ توندوتیژیی لەلایەن مەئموورانی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. مەئموورانی ڕێژیم ئامادە نین هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان و شوێنی ڕاگیرانیان، بە بنەماڵەکانیان بدەن.

ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ هەڵسووڕاوی مەدەنی و سیاسی بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون. بۆ نموونە تەنیا لە شاری سنە ٩ کەس لەو هەڵسووڕاوانەیان بە بیانووی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پرسە و بەخاکسپاردنی دایکێکی خەباتکار، بانگهێشتی دادگا کردووە. لە مهاباد ١١ کەسیان لە هێرشێکی شەوانەدا دەستبەسەرکرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە یەکڕیزی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان کە  نمونەیەکی درەوشاوەیمان، لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی چوارشەممەدا بینی دەترسێت، دەیەوێت لە ڕێگەی سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە تۆڵە لە جەماوەری مافخواز و تێکۆشەر بکاتەوە. بەڵام ئەم ڕژێمە دەبێ ئەوە بزانێت کە مێژوو و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، چەندین جار ئەوەی سەلماندووە کە هیچ ئاستێک لە سەرکوت، ناتوانێ ڕێگری بکات لە ئیرادەی بەکۆمەڵ، لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا و پێشبگرێت بە خەباتی ئازادیخوازانەی ئەو جەماوەرەی کە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیدا تێدەکۆشێت. یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە کە بەم هەوڵە دزێو و داماوانەیە، تێکبشکێنرێت. ئەم جەماوەرە شایەنی ئەوەن کە لە ئازادی و ئەمنییەت و ژیانێکی ئاسوودە بەهرەمەند بن. بە دڵنیاییەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەنجام لە بەرامبەر ئەم ئیرادە پۆڵایین و خۆڕاگرییە شۆڕشگێڕانەدا شکست دەهێنێت.

کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا دەستدەداتە ئەم هەوڵە دزێو و داماوانە، کە لەگەڵ چەندین قەیرانی قووڵ و چارەهەڵنەگردا بەرەوڕووە. لە ناوخۆی وڵاتدا لەگەڵ شەپۆلی خەباتی داواکاری تەوەری کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و دادخوازان بەرەوڕووە. ئەم ڕێژیمە هیچ شەرعیەتێکی نییە و لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی جەماوەر، ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات. هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەو هێزانەی کە بڕیار بوو قووڵایی ئەمنیەتی ڕێژیم دابین بکەن، یەک لە دوای یەک شکست دەهێنن و چیتر توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی مانەوەی ڕێژیمیان نییە. کۆماری ئیسلامی توانایی بەرپەرچدانەوەی شەپۆلی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری نییە، خەڵکی کوردستان ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە و ڕێژیم ناتوانێت ئەو کەشی ترس و تۆقاندنەی کە مەبەستییەتی، بەسەر کۆمەڵگادا زاڵبکات. کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و بێزار لە کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانە لە کوردستان بێدەنگ نابن. خەڵکی کوردستان، لە هەنگاوێکی مەدەنیدا، بە مانگرتنی گشتی خۆیان لە دژی دەرکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی کە نەک هەر ئەو سزایە، بەڵکوو تەنانەت گرتن و زیندانیکردنیشیان، کردەوەیەکی جینایەتکارانە و دژە مرۆییە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە سەرکوتگەرانە، خوازیاری ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکانین. نابێ ڕێگە بدرێت ڕێژیم بە ئاسانی درێژە بەو دەستگیرکردنانە بدات. پێویستە کە خەبات لە دژی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، لە دوای مانگرتنی گشتی شکۆداری ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان و لە پێناو ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیدا، هەروا بەهێز و بەشێوەی جەماوەریی، بەردەوام بێت. بزووتنەوەی بەرینینا بۆ لەسێدارەداندەتوانێت بە سەرکەوتن بگات، ئەم سەرکەوتنەش تەنیا بە هێزی لەبن نەهاتووی کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و مافخواز، مسۆگەر دەبێت.