هەڵسەنگاندنی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
یەکەم: دیمەنی ڕووداوە سیاسی و مەیدانییەکانی سووریە، بەهۆی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئێران، تورکیە، قەتەر، سعودیە، ئیسرائیل، هەروەها وڵاتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، و ڕووسیە و ئەکتەرە ناوخۆییەکانی وەک بەشار ئەسەد، گروپە ئیسلامییە جیهادییەکان، هێزەکانی سوریای دێموکراتیک و ئەرتەشی میللی سووریە، سەرەنجام لە ٨ی دێسامبر دا کۆتایی بە ٥٣ ساڵ دەسەڵاتی ستەمکاری بنەماڵەی ئەسەد بەسەر سووریەدا هێنا. بەرەی گرووپە ئیسلامییەکانی تەحریر شام لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ڕێگەی سێزدە ساڵەی شەڕی ناوخۆییان بڕی و تا ناوەندی دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق پێشڕەوییان کرد و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. کاروانی ئۆتۆمبیلە تۆزاوییەکانی چەکدارانی ئیسلامیی بەرەی تەحریر شام، بە سیمایەکی پیاوانە و کڵاشینکۆف بە دەست و ڕیش درێژ و بە دروشمی “ئەڵڵاهو ئەکبەر“، کە بەبێ خۆڕاگریی، یەک لە دوای یەک دەستیان بەسەر شارەکانی سووریەدا گرت، نە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ شۆڕش بە مانا ئاساییەکەی هەبوو و نە هەڵگری داواکاری و دروشمێکی ڕوون بوو کە مژدەی داهاتوویەکی باشتر و ڕزگاربوون لە دەست دیکتاتۆری خوێنمژی بەشار ئەسەد ببەخشێت. لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری خەڵکی سووریە، کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان لەسەر شەقامەکان جێژن گرت، بەشێکی دیکەیان کە لە دەست زیاتر لە دە ساڵ شەڕ و ئاوارەیی و سەرکوتی ڕژێمی ئەسەد بێزار بوون، بە گومان و نیگەرانییەوە سەیری داهاتوویان دەکرد. سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی گرووپی ئیسلامیی تەحریر شام، شەڕ و تێکهەڵچوونەکان هەروا بەردەوامە. گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تورکیە، هێرش دەکەنە سەر پێگەی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و شەڕ لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە لە ئارادایە. هاوکات ئیسرائیل ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە و بەشێک لە خاکی سووریەی داگیرکردووە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە تواناییە نیزامی و کەرەستە ستراتیژییەکان و ژێرخانی پیشەسازی سووریە گەیاندووە و تا ڕادەیەکی زۆر وێرانی کردوون.
دووەم: حکوومەتی سووریە، هاوشێوەی دەوڵەت نەتەوە زۆرەملێکانی دیکەی دوای شەڕی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ، لەسەر بنەمای چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەست تاقمێکی دیاریکراودا بە بەهای چەوساندنەوە، هەڵاواردن، سەرکوت و ئینکاری شوناسەکانی تر دامەزرابوو. ئەم پێکهاتەیە خۆی بوو بە سەرچاوەی دژوازی و ململانێی چارەسەرنەکراوی شوناسی ئایینی، زمانی، ئیتنیکی و نەتەوەیی. عەرەبەکان، کوردەکان، تورکمانەکان، ئاشوورییەکان، ئەرمەنییەکان، چیچانییەکان و هەروەها گرووپە ئایینیەکان لەوان موسڵمانانی سوننە و شیعە، مەسیحی، دروزی و ئێزیدییەکان، لە زومرەی ئەو شوناسانەی نیشتەجێی سووریە بوون کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان لەژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی سووریە دا لەگەڵ هەڵاواردن و بێ مافی بەرەوڕوو بوونەوە. بۆ نموونه دەوڵەتی ناوەندی سووریە له ڕێگەی سیاسهتی دژە ئینسانی و نەژادپەرستانەی “تەعریب“ەوە ناوچەی کوردستانی سووریەی لە گەشەی ژێرخان و پیشەسازی بێبەش کرد. ئەم ناوچەیە کە بەهرەمەند بوو لە سەرچاوەکانی وەک پاڵاوگەکانی نەوت و کشتوکاڵی پڕ پیتی کەنارەکانی فورات و ژێرخانی گەشەسەندوو، بە ئەنقەست لە هەژاری و دواکەوتووییدا ڕاگیرا. تا بەر لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١، زۆرێک لە کوردەکانی سووریە تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانی وەک وەرگرتنی ناسنامە، ڕەگەزنامەی سووریە، خاوەندارێتی زەوی، خوێندنی بێبەرامبەر، خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی، دامەزراندن لە کەرتە دەوڵەتییەکان، تۆماری هاوسەرگیری و لەدایکبوون و وەرگرتنی پاسپۆرت بێبەش بوون. جگە لە هەڵاواردنی سیستماتیک، ئابووری سووریەش دوای ١٣ ساڵ شەڕی ناوخۆ، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ئەم شەڕە ناوخۆیە بووە هۆی لەناوچوونی ژێرخان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ. زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون. هەر ئێستا زیاتر لە ٩٠%ی دانیشتوانی سووریە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. ئەم هەلومەرجە ناوخۆییە و بەردەوامیی یەکێک لە دەسەڵاتە هەرە ستەمکارەکانی سەردەم، بووە هۆی ئەوەی کە نە لە ئەرتەش و نە لە لایەنەکانی سەر بە حکوومەت و نە لە خودی بەشار ئەسەدیشدا، هیچ ئیرادەیەک بۆ خۆڕاگریی بوونی نەبێت. ئەرتەشی سووریە کە بەهۆی ١٣ ساڵ شەڕی ناوخۆییەوە لاواز و ماندوو ببوو، غافلگیر کرا و هیچ پاڵنەرێکی بۆ بەرەنگاربوونەوە نەما و بە کردەوە داڕما. لەم بارودۆخەدا، هاوپەیمانەکانی بەشار ئەسەدیش نەیانتوانی پێش بە ڕووخانی ڕژێمەکەی بگرن. ڕووسیە کە خۆی گرفتای شەڕ لەگەڵ ئۆکراینە، نەیتوانی هاوکێشەکانی سووریە بگۆڕێت و پێدەچێت بە هیوای وەرگرتنی هەندێک ئیمتیاز لە دەوڵەتی ئەمریکا بە تایبەت لە ئوکراین، پشتی ڕژێمی ئەسەدی بەردابێت. حیزبوڵڵای لوبنان کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا بەڕادەیەکی زۆر لاواز ببوو، تەنانەت توانایی پاراستنی پێگەی خۆی لەدەست دابوو، چ بگات بە پشتیوانی لە بەشار ئەسەد. حکوومەتی ئێران کە جگە لە لەدەستدانی هەزاران هێزی نیزامی لە سوروریە، زیاتر لە ٣٠ ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی وڵاتی لەپێناو پاراستنی بەشار ئەسەد دا خەرج کردبوو، وەک زەرەرمەند و دۆڕاوی سەرەکی ئەم قەیرانە سیاسییە ناسێندرا. ئەم تێچووە زۆر و زەوەندە کە لە سەرچاوەی داهاتی خەڵک و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران دابین کرابوو، دواجار نەیانتوانی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد گەرەنتی بکات.
سێهەم: ئێستا دەسەڵاتی سیاسی سووریە، بەم فرەچەشنی ئیتنیکی و فەرهەنگییەوە، لە دەستی گروپێکی بناژۆخوازی سوننەدایە کە لە ڕووی سیاسییەوە گوێڕایەڵی دەوڵەتی تورکیایە. تائەمساتەوەختەدەوڵەتیتورکیە
وەک یەکێک لە پارێزگاکانی خۆی چاو لە سووریە دەکات و سیاسەتەکانی خۆی دەکات بە ڕێنمای دەسەڵاتدارانی نوێ. گرووپی سەلەفیی بەرەی تەحریر شام کە پێشتر بەهۆی جینایەتەکانییەوە لە لیستی تیرۆری وڵاتەکانی ڕۆژئاوادا بوو، ئێستا جگە لە ناوچە کوردنشین و عەرەبییەکانی ژێر دەسەڵاتی سیستەمی خۆبەڕێوەبەر، کۆنترۆڵی باقی ناوچەکانی سووریای بەدەستەوە گرتووە. ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری ئەم گرووپە، کە لەناو گرووپە ئیسلامییەکانی داعش و قاعیدەدا پەروەردە بووە، لە سەر بەستێنی لاوازبوونی ئیسلامی سیاسیی لە ناوچەکە، هەوڵ دەدات سیمایەکی میانڕەو لەخۆی نیشان بدات. تا ئێستا ئایندەی سووریە ڕوون نییە. ئەگەرچی گرووپی بەرەی تەحریر شام، باس لە دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکان، تەحەمول نەکردنی حیجابی زۆرەملێ و هیتر دەکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سروشت و ڕابردووی ئەو گرووپانە، لە بەڕێوەبردنی پارێزگای ئیدلب و بەتایبەتی پابەندبوونیان بە سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان، ئەستەمە داهاتوویەکی باشتر لە سەردەمی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد، بۆ سووریە چاوەڕوان بکرێت. دەبێ چاوەڕوان بین تا بزانین لە چەند هەفتەی داهاتوودا هاوسەنگی هێز لە سووریە چۆن دەبێت. وڵاتێکی کە لە ئاکامی سێزدە ساڵ شەڕی ناوخۆدا لە ڕووی ئابوورییەوە داڕماوە و زۆربەی ژێرخانە ئابووری و کشتوکاڵییەکانی لەدەست داوە و ئێستاش لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە داعشی و ئەلقاعیدەکانی پێشووتر دایە، داهاتوویەکی نادیاری هەیە.
چوارەم: بەڵام سەرەڕای گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی لە دیمەشق، بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، هەر هێشتاش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک دایە. لە هەمان کاتدا هێزەکانی ئەمریکاش لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە. ئەگەرچی ئەم بەشەی سووریە بەردوام لە ڕێگەی زەوی و ئاسمانەوە لە ژێر هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی تورکیەدا بووە و تەنانەت دەوڵەتی تورکیە چەند شوێنێکی بە کردەوە داگیرکردووە، بەڵام کۆمەڵێک دەستکەوتی کۆمەڵایەتی بەنرخی هەبووە کە بە تەواوی لەگەڵ ئەوەی کە لە ٢٠١١ بەملاوە لە سووریە ڕوودەدات، جیاوازە. سەرەڕای هەر ڕەخنە و تێبینیەک کە ڕەنگە لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئیدارەی خۆسەری دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە هەبێت، بەڵام دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو و بەجۆرێک کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوتای نییە، ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا بەشدارن. ژنان لە ڕووی یاساییەوە لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بەهرەمەندن و لە ئاستە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، نیزامی و ڕێبەرایەتیدا ڕۆڵی چالاک دەگێڕن. کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش بەشێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە ژیاون. سەرەڕای گوشاری بەردەوامی ئەرتەشی تورکیە و تێکدانی ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچەیە بە هێرشی ئاسمانی، ئەم هەرێمە توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی و پشتیوانی جەماوەریی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بە باشترین شێوە ڕێکبخات. ئێستا دەوڵەتی تورکیە دەیەوێت هەموو ئەو دەستکەوتانە لەناو ببات و جگە لە بەکارهێنانی بەکرێگیراوەکانی لە چوارچێوەی “ئەرتەشی ئازادی سووریە” دا، هێزە نیزامییەکانی خۆی لە سەر سنوورەکان کۆکردوەتەوە و لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا خەریکی گفتوگۆ و وەرگرتنی مۆڵەتی چوونە ناو ئەو ناوچەیەیە، ناوچەیەکی کە هێزەکانی ئەمریکاش تێیدا بوونیان هەیە. دەوڵەتی ئەمریکا وێڕای ئەوەی کە بە ڕواڵەت خۆی وەک دۆستی کورد نیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وتووێژ و دانوستانەوە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لە سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەکەی و بەتایبەت یەکێک لە ئامرازە بەرگرییە گرنگەکان، کە بریتییە لە هێزە چەکدارە ڕێکخراوەکانی، بێبەش بکات. بەم شێوەیە ئەمریکا بە کردەوە هاوکاری دەوڵەتی تورکیە دەکات لە چەککردنی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک. ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، هاوئاراستەیی دەوڵەتی تورکییەی پێ باشترە لە پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە ئەو گرووپەی لە دیمەشق دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیە، چاوپۆشی لە مافەکانی خەڵکی کورد و لەناوبردنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی ڕۆژئاوای کردووەتە یەکەم ئامانجی خۆی، لە ئاوا هەلومەرجێکدا، تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان. پشتیوانی هەمەلایەنە و داکۆکیکردن لە خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستانی سووریە بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانیان، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە.
پێنجەم: بە ڕووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی بەرەی تەحریر شام لە دیمەشق و شارە سەرەکییەکانی سووریە، ئەو وڵاتە ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە. تەحریر شام ئەو دەوڵەتەی ئێستای لەسەر بنەمای مۆدێلی “دەوڵەتی ڕزگاری ئیدلب” وەک دەوڵەتێکی کاربەڕێکەر، ڕێکخستووە، مۆدێلێکی کە بە ئاشکرا بۆ بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکان و خەڵکی سووریە قبوڵکراو نییە. ئێستا چۆنیەتی داڕشتنی یاسای بنەڕەتی سووریە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی سیاسی داهاتوو، بووەتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کەشوهەوای سیاسی ئەو وڵاتە. پلانی داڕشتنی یاسای بنەڕەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستا و هاوبەشەکانیانەوە، بە دەستێوەردانی تورکیە و دەوڵەتە بەرژەوەندیخوازەکانی دیکە، لە سەرووی خەڵکەوە، لە ئارادایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یاسایەکی بنەڕەتی دێموکراتیک، تەنیا لە فەزایەکی ئازادی سیاسیی بە تەواو مانا و بە بەشداریی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی جەماوەر لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دێموکراتیکەوە، دەتوانرێت ڕێگای دەرچوونی سووریە لەو قەیرانانەی ئێستا، خۆش بکات. ئەزموونی دامەزراندنی “ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە” دەریخستووە کە تەنانەت لە هەلومەرجێکی هەرە قەیراناویشدا، دامەزراندنی سووریایەکی دێموکراتیک نەک هەر مومکینە، بەڵکوو تەواو کردەییە. سووریە یان دەبێ ڕێگای دێموکراسییەکی ڕاستەقینە بگرێتەبەر، کە بە واتای ڕێگە خۆشکردنە بۆ بەشداری سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی نەتەوەیی و فەرهەنگی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەدا، یان سەرلەنوێ لە گێژاوی شەڕی بەردەوامی ناوخۆدا گرفتار دەبێت.
شەشەم: ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و هەڵسوکەوتی پارێزکارانەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ هێزە لایەنگرەکانی لە ناوچەکە، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقدا پێکهێناوە. عێراق تاکە وڵاتە کە تا ئێستاش ڕژیمی ئیسلامی تیایدا لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدا نفووز و کاریگەری هەیە. بەڵام ئەم کاریگەرییە ڕوو لە کەمبوونەوەیە. لەگەڵ شکستە خێرا و یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێم لە لوبنان و سووریە، هێزە جیهادییە سوننەکان لە عێراق، متمانە بەخۆبوونێکی نوێیان بەدەستهێناوە. بە ئازادبوونی نزیکەی ٦٠ هەزار کەس لە دیلەکانی شەڕی دژ بە داعش کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دێموکراتیکی ڕۆژئاواوە دەستبەسەرن و ژمارەیەکی زۆریان لە سوننەکانی عێراق پێکدێن، توانایی و هاوسەنگییەکی نوێ دێتە ئاراوە. هەر لە ئێستاوە دەنگۆی پەیوەستبوونی پاشماوەی بەعسییەکانی پێشووی عێراق بەم ڕەوتەوە دەبیسترێت. داعشی عێراق ئەمجارە بە ئەزموون وەرگرتن لە بەرەی تەحریر شام لە سووریە، بە فۆرم و سیمایەکی جیاوازتر لە ڕابردوو دەردەکەوێتەوە.
پشتیوانی ئاشکرا و شاراوەی سعودیە و ئیمارات و هتد، بۆ ئەم ڕەوتە دوور لە چاوەڕوانی نییە. موقتەدا سەدر، کەسایەتییەکی ئایینی شیعەی کاریگەر لە عێراق چووەتە ڕیزی نەیارانی ئاشکرای دەسەڵاتی ئیسلامی عێراق و لە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبیش دا دووبەرەکی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێران دروست بووە. ئەم هەلومەرجە بە شێوەیەکی گشتی بووەتە هۆی سەرلێشێواوی دەسەڵاتی ئیسلامی. ئەوان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، یان دەبێت لەسەر پاشەکشەکانیان لە تاران بەردەوام بن و ڕێگەی دانوستان و سازان هاوکات لەگەڵ زنجیرەیەک لە نەرمی نواندنی قارەمانانە بگرنەبەر، یان ئەوەی کە دەبێت درێژە بەم پرۆسەی شکستە یەک لە دوای یەکانە بدەن، تا وەک بەشار ئەسەد، دەگەن بە قۆناغی داڕمانی یەکجاریی.
حەوتەم: زمانی خامنەیی لە ئاست پاساوکردنی سیاسەتە شکستخواردووەکانیدا بێتوانایە. خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە لایەنگرانی ڕێژیم، هەوڵیدا شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ” مێحوەری خۆڕاگریی” لە لوبنان و سووریە پاساو بکات و ورەیان پێ ببەخشێت. بەڵامناوەڕۆکیڕاستەقینەیقسەکانی،شتێکنەبووجگەلەدانپێدانانبەشکستلەبەرامبەرهێزیئیسرائیلو
ئەمریکا لە ناوچەکە و دەستەوەستانی لە پێوەند لەگەڵ ڕزگارکردنی هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لە “میحوەری خۆڕاگریی“دا. ترس و نیگەرانی خامنەیی و دەورووبەریەکانی لە ئاستێکدایە کە هەر چەشنە باس و لێدوانێکیان لەم شکستە ستراتێژییە بە تەواوی قەدەغە کردووە و بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت. سەرۆکی دەزگای دادوەریش سەرجەم داواکارانی گشتی لەمبارەیەوە بەرپرسیار کردووە و وەزارەتی ئیتلاعاتیش دەستبەکار بووە. خامنەیی و بەرپرسانی سپای پاسداران، تەواوی ئەوەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بە بەهای هەژاری، لەناوبردنی ژێرخان و داڕمانی ئابووری، تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گشتی، پڕچەککردن و ڕێکخستنی تاقم و گرووپە کۆنەپەرستەکانی سەر بە خۆیان لە وڵاتەکانی ناوچەکە، هەزینەیان کردبوو، لە کیس چووە. بۆ پاساوکردنی ئەم دۆخەیە کە خامنەیی هەوڵ دەدات، ئەو شکستە وەک تاکتیکی پاشەکشە لەسەر بنەمای فۆرمولەکانی شەڕ ناو ببات. بەڵام گرنگی مەسەلەکە ئەوەیە کە بەر لە هەموو شتێک ئەمە نەک هەر پاشەکشەیەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو شکستێکی ستراتێژییە. هەروەها لە سەر بەستێنی شکست لە هەموو بوارەکانی تردا، سیاسەتی دەرەوە و بێتوانایی ڕێژیم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکدا ڕوودەدات. ناڕەزایەتیی بەربڵاوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بە تایبەت خانەنشینان، بارودۆخی دژواری ئابووری خەڵک بە ڕوونی دەردەخات. پیسبوونی هەوای تاران و شارە گەورەکانی دیکە لە ئێستادا بۆتە کێشەیەکی جیددی. کەمبوون و بڕانی بەردەوامی کارەبا، لە سەرەتای وەرزی زستاندا، ژیانی خەڵکی لەگەڵ دژوارییەکی زۆر بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئەم دۆخە لە کاتێکدا ژیانی لە خەڵک تاڵ کردووە کە ئێران لە سەر دەریای نەوت و گاز هەڵکەوتووە و خاوەنی بیابانی لوت و بیابانی خوێ و هەروەها گەورەترین بیابانە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆر، کە بە کردەوە نەک هەر کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە، بەڵکوو سەدان ملیارد دۆلاریش لە پێناو وزەی پڕ مەترسی ئەتۆمی دا خەرج کراوە، کە تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر باشتربوونی دۆخی کارەبا نەبووە و لەبری ئەوە، قورسترین سزا نێودەوڵەتییەکان ژیانی خەڵکی بە چەند قات دژوارتر کردووە. ئەوەی کە بەناو “پاشەکشەی تاکتیکی” خامنەیی کردووە بە شکستێکی ستراتێژیک بۆ تەواوەتی کۆماری ئیسلامی، ڕێک ئەو پلان و بەرنامە وێرانکارانەیە.
هەشتەم: بزووتنەوەی ژنان، هاوشانی بزووتنەوەی کرێکاریی، یەکێکە لەو بزووتنەوانەی کە ترسی مەرگی خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی ئیسلامییەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە خۆڕاگریی و نافەرمانی مەدەنی ژنانی ئازادپۆش، پڕۆژە یاسای حیجاب و عیفافی کە ئێستا بووەتە یاسا، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردووەتەوە. کۆنسێرتی بوێرانەی پەڕەستوو ئەحمەدی، بەبێ ڕەچاوکردنی “حیجابی زۆرەملێ“، لە بواری خەبات لە پێناو ئازادی جل و بەرگدا، درێژەی خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بوو لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” دا. نواندنی ڕۆژی ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی ئەم هونەرمەندە لاوە لە “کاروانسەرا“، سەرنجی ملیۆنان ئێرانیی لە ئێران و لە سەرانسەری جیهان بەرەولای خۆی ڕاکێشا و بووە هۆی شکڵگرتنی دەیان بزاڤی هاوشێوە لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئێران و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی شادی و خۆشی، کە بوون بە دڕکێک لەچاوی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم هەنگاوە وەڵامێکی ددان شکێن بوو بە هەڵوێستە دژە ژنەکانی خامنەیی و پارلمانتارە کۆنەپەرستەکان و هەروەها کردەوەی دامودەزگا سەرکوتگەرەکان لە دژی ژنانی ئازادپۆش. بزووتنەوەی ژنان جارێکی دیکە، هێزی خۆی لە حزووری ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار بینەری ژن لە یاریگای نەقشی جهانی ئیسفەهان دا، نیشان دا. ئەم ژنانە بە جلوبەرگی ئیختیارییەوە لە پەنای یەکتردا دانیشتن و هاندەری تیمی دڵخوازی بوون. ئەم شارە گەورە کرێکارییە، لە ژێر کۆنترۆڵی کۆنەپەرستترین باڵی ڕژیمدا، هەرگیز ڕێگەی نەداوە هیچ ژنێک پێ بنێتە ناو یاریگایەکەوە کە پیاوانی “نیوە ڕووت” کێبڕکێیان تێدا کردووە. وتارەکەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی سەرماوەزی خامنەیی، دەریخست کە وەلی فەقی، ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگای ئێران نابینێت یان نایەوێت بیبینێت و هەروا لە داوی خەون و خەیاڵی کۆنەپەرستانە و تا سەرئێسقان دژە ژنی خۆیدا گرفتارە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە، ناوبراو لە ژێر گوشاری بزووتنەوەی ژنانی شۆڕشگێڕدا، لەم وتارەیدا نەیتوانی لە یاسای نوێی “حیجاب و عیفاف” بەرگری بکات و هەوڵیدا بە گشت بێژی و لێدوانی ڕووکەش سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئیسلامدا، لایەنگرانی خۆی ڕازی بکات.
نۆیەم: وا پێدەچێت کە ئێستا ڕەوتە نەیارەکانی ناو دەسەڵات وردە وردە هەوڵ دەدەن بەبێ ئەوەی کە بە فەرمی ڕایبگەیەنن، نەک هەر خۆیان لە بەریەک کەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەلی فەقی ببوێرن، بەڵکوو لەگەڵ ئەودا هێڵێکی نوێ بۆ ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر. گرنگترین بنەمای ئەم هێڵە، بریتییە لە پاشەکشەکردن لە سیاسەتی سەڕکێشانەی دەرەوە و هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بەمەبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەگەرچی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە لەبەرچاوگرتنی شکستی سیاسەتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، شکستی سیاسەتی قووڵایی ستراتژیکی ڕێژیم و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی “مێحوەری خۆڕاگریی“، داڕمانی بەردەوام و ڕوو لە پەرەسەندنی ئابووری و ناڕەزایی بەربڵاوی جەماوەری خەڵکی ئێران، بەنیاز نین بەبێ وەرگرتنی ئیمتیازاتی جددی، بچنە ناو دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی. لەم ناوەدا ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی وابەستە بە هێزە دەرەکییەکان، لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا بەدەست ناکارامەییەوە دەناڵێنێ و هەروەها لە هەلومەرجێکدا کە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمیش لەگەڵ شکستێکی سەرشۆڕانە بەرەوڕوو بووەتەوە و هێزە دەرەکییەکانیش خەونی ئاڵۆزیان بۆ ئێران دیتووە، خۆیان بۆ پێشهاتە نوێیەکان ئامادە کردووە. پەیامی تاوانبارێکی داواکراوی وەک بنیامین نەتانیاهۆ کە دەستی خۆی و ئەرتەشە داگیرکەرەکەی بە خوێنی دەیان هەزار فەلەستینی سوورە و هۆکار و سەبەبکاری وێرانکارییەکی بەربڵاوە لە فەلەستین و لوبنان و سووریە، بۆ خەڵکی ئێران، نیشانەی نەخشە و پلانێکی مەترسیدارە کە بۆ داهاتووی ئێران لەبەرچاو گیراوە. قسەکردنی جینایەتکاراێکی لەو شێوەیە لەسەر بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، سووکایەتییەکی ئاشکرایە بە شۆڕشی جەماوەریی ژینا. بەڵام ئەم پەیامە بە دڵی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی ئێرانیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و وابسته به پڕۆژەی وڵاتە پاوانخوازەکانە. ئەوان چاوەڕوانی ئەوەوەن کە بە بۆردومانکردنی ژێرخانەکانی وڵات لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل و بە هاوکاری ئەمریکا و هەروەها پەرەسەندنی ناڕەزایەتی گشتی، زەمینەی داڕمانی دەسەڵاتی ئیسلامی بڕەخسێت و ئەوان بتوانن هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆنی وابەستەی سووریە بگەن بە دەسەڵات. ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، بە سەڵتەنەتخواز و موجاهیدینەوە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لە خزمەت بە هێزە دەرەکییەکاندا کاریان کردووە، بە هیوایەی ئەو ڕۆژەی کە بە پشتیوانی ئەو هێزانە بتوانن حوکمڕانی ئێران بەدەستەوە بگرن. بەڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەریخست کە جەماوەری خەڵکی ئێران، فریوی پڕوپاگەندەی ئەو هێزانە و میدیای تەبلیغاتیی وڵاتە ئیمپریالیستییەکان ناخۆن، لەم ڕووەوە پێناچێت ئەو هێزانە لەناو جەماوەری خەڵکدا خاوەنی جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆ بن.
دەیەم: قەیرانی حکوومەتی ئیسلامی و ئاسۆی شۆڕش لە ئێران، بەڵام ئەوەی لە قووڵایی کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، لەگەڵ گەمەی دەسەڵاتە قازانج پەرست و چەوسێنەرەکاندا نامۆیە. ئێستا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران، بە پێشەنگایەتی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و بە دروشم و داواکارییە ڕوون و ڕزگاری بەخشەکانی، لە ئاسۆدا بەدی دەکرێت. بەهێزکردنی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خوێندکاران، دادخوازان، ژینگەپارێزان و نەتەوە ستەملێکراوەکان و هەروەها لێکنزیکبوونەوە و بەهێزبوونی حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەتوانێت پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکانی هاوشێوەی ئەوەی کە لە سووریە ڕوویدا پووچەڵ بکاتەوە. لە هەلومەرجێکدا کە ترسی داڕمان سەرتاپای ڕێژیمی داگرتووە، دوو پێویستی جەوهەری لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەدا، زیاتر هەستی پێدەکرێت. لە لایەک، هەوڵدان بۆ پەرەسەندنی ڕێکخراوی پیشەیی بەربڵاو لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی لێکنزیکبوونەوەی جددی لە نێوان ئەو ڕێکخراوانە و لە لایەکی دیکەوە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی جەمسەرێکی سیاسی بەهێز کە بتوانێت دروشمەکان، بەرنامە و ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بە وردی گەڵاڵە بکات و ڕێبەرایەتی سیاسیی پێشهاتەکانی داهاتوو بگرێتە ئەستۆ. ئێستا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئازادیخواز و داواکاری تەوەر و عەداڵەتخوازانەی جەماوەر، بە ئاشکرا ڕۆچووەتە ناو قووڵایی کۆمەڵگاوە و گوزارشت لە ویست و داخوازیی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات، ئەرکی سەرشانی جەمسەری سیاسی چەپی لایەنگری ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی و دێموکراسی، کە بۆ شکڵ پێدان بە پێداویستییەکانی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا، تێدەکۆشێت ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ یارمەتیدان بە ڕێکخراوبوون لەخوارەوە، هەموو هێزی خۆی لە پێناو گەڵاڵە کردن و خستنەڕووی هەرچی زیاتری ئەو ویست و داواکاریانە بخاتەگەڕ.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
شەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٣/ ٢١ی دێسامبری ٢٠٢٤