کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕادیکاڵبوونەوەی خەبات و ناڕەزایەتییەکان لەسەر بەستێنی لاوازبوونی ڕژیم

1 3 10

 بزووتنەوەی ژنان، کە خەباتی ژنانی ئازادپۆش مەشخەڵی گەشاوەیەتی، هەروا لێبڕاوانە بەرەوپێش هەنگاو دەنێت. ناڕەزایەتی دژی یاسای حیجابی ئیجباریی کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز، بەمەبەستی جێبەجێکردن، بە ئاگاداری کابینەی پزیشکیان بگات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێت. ئەڵبەتە هێزە سەرکوتگەرەکان لە مێژە کار بەم یاسایە دەکەن و بەکردەوەیان دەرهێناوە، تەنانەت لەو کاتەوە کە هێشتا لە شێوەی پڕۆژەیاسایەکدا بوو، لەمڕووەوە ئەوە پرسێکی نوێ نییە. بەناو نوێنەرانی مەجلیس هەوڵ دەدەن، بە یاساییکردنی، ئەو مردووە زیندوو بکەنەوە. بەڵام ئەو کارە داماوانەی ئەوان، هەر ئێستا کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی گەورەتر کردووە و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای لەدژی، بەهێزتر کردووە. هەرچەندە سەرۆکەکانی پارلمان و دەسەڵاتی گەندەڵی دادوەری جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەو یاسایە دەبێ جێبەجێ بکرێت، بەڵام کابینەی وەزیران و سەرۆکەکەی واتە پزیشکیان، هەندێک ڕەخنەیان لەو بڕیارەی پارلمان گرتووە. جێگری سەرۆک کۆمار لە چاوپێکەوتنێکی تەلەویزیۆنیدا، دانی بەوەدانا کە بە دڵنیاییەوە چەند بەشێک لە یاساکە ناتوانێت بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و داوای هەموارکردنەوەی کردووە. بەڵام لەناو دەوڵەتیش دا ئەو یاسایە، لایەنگرانی خۆی هەیە، کە بە ئاشکرابوونی ناکۆکییەکانی ناو کابینە، لاوازتر دەبێت. ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتیش بە هەندێک جیاوازییەوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە، دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەو یاسایە دەربڕیوە. بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، دژایەتییەکان لەگەڵ ئەم یاسایە، بەهێز و ڕادیکاڵە. ڕۆژنامەنووسان، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هونەرمەندان بە ئاشکرا بۆچوون و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

زیاتر لە ١٤٠ ڕۆژنامەنووس ڕۆژی هەینی ١٦ی سەرماوەز بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا یاسای حیجاب و عیفافیان بەنامرۆڤانەو نموونەیەک لەپێشێلکردنی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانناوبرد و دژایەتیی توندی خۆیان لەگەڵ جێبەجێکردنی، ڕاگەیاند. ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز، ١١١ سینەماکاری ئێرانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەو یاسایەیان ئیدانە کرد و بەڕاگەیاندنی شەڕێکی تەواو لە دژی خەڵکی ئێرانوەسفیان کرد. ئەوان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نووسیویانە: ئەم یاسایە کە تەنانەت منداڵانیش دەگەڕێتەوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سووکایەتی کردنێکی ئاشکرایە بە مافەکانی ژنان و خەڵکی ئێران. هەروەها دە هەڵسووڕاوی سیاسیش ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی یاسای حیجاب، هۆشدارییان دا. ئەوان لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا نووسیویانە کە ئەم بڕیارنامەیە، ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان پێشێل دەکات. بزووتنەوەی ژنان لە سەر بەستێنی بارودۆخی ئێجگار قەیراناوی ڕێژیم لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە بزووتنەوەی دادخوازانیش دا ڕەنگدانەوەی هەبووە و مەئموورانی ڕێژیمیان ناچارکردووە لە بەرامبەر بزاڤە ناڕەزایەتییەکانیاندا بە پارێزەوە هەڵسوکەوت بکەن. دایک و باوکی هومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە بۆ ماوەیەکی زۆر، ڕێگەیان پێنەدرابوو سەردانی  گڵکۆی جگەرگۆشەکەیان بکەن، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەز، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی دادخوازان و تێکۆشەرانی شاری سنە، لەبەرچاوی مەئموورە ئاشکرا و شاراوەکانی ڕێژیم، بە دروشمیژن، ژیان، ئازادی، بەرەو گۆڕستان کەوتنەڕێ. لەوێ، ئارەزوو و فەرشید، دایک و باوکی هومەن، هەرکامەیان لە میانەی قسەوباسێکدا، کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوەکانیان بە بکوژی ڕۆڵەکەیان و باقی شۆڕشگێڕان ناوبرد و ڕایانگەیاند کە بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادیسەرەنجام دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاواتی گیانبەختکردوان، واتە دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری. ئارەزوو لە بەشێکی قسەکانیدا حوکمی لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە توندی ئیدانە کرد و داوای لە جەماوەری خەڵکی ناڕازی کرد کە بە یەکگرتوویی و بەهێزکردنی ڕیزەکانیان، هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان پێک بهێنن.

  بنەماڵەی دادخوازان ڕۆژی ١٥ی سەرماوەز لە شاری دێهگۆلان، هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی شادان ئەحمەدی گیانبەختکردووی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، سەردانی گۆڕستانی ئەو شارەیان کرد و بە گوڵباران کردنی گڵکۆی ناوبراو، یادی سەرجەم گیانبەختکردوانیان بەرز گرت. بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کە نەیانوێرا هیچ دەستێوەردانێک بکەن، بە نهێنی وێنەی مەراسیمەکەیان دەگرت. هەر لەو ڕۆژەدا، کامیلیا سەجادیان، دایکی دادخوازی محەممەد حەسەن تورکمان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، وێڕای ڕەخنە لە دەرکردنی یاسای سەپاندنی حیجابی ئیجباری، بە بیانووی ئەمر بە مەعرووف، نووسی، ئەمر بە مەعرووفم لەم سەرزەمینە پڕ لە گەندەڵییەدا قبوڵ نییە“. ناوبراو لە درێژەدا وتی، لە مەملەکەتێکدا کە باڵاترین بەرپرسەکانی، کاریان بریتییە لە دزی و تاڵان و بڕۆی موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی گشتی خەڵک و کوشتار و جینایەت و زوڵم و ستەم و ملهوڕی و پێشێلکردنی یاسا، نەک هەر ئەمر بە مەعرووفی قبوڵ نییە، بەڵکوو ئەگەر بێتو کەسێک وەک مەئمووری ئەمر بە مەعرووف لە کچەکانی نزیک بێتەوە، بەڵایەکی بەسەر دەهێنێت کە لە زیندوو بوونی خۆی پەشیمان بێتەوە. ڕۆژی ١٤ی سەرماوەز بنەماڵەی یەحیا ڕەحیمی، کرێکاری کاشیکار و یەکێک لە گیانبەختکردوانی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، چوونە سەر گڵکۆی ڕۆڵە تێکۆشەرەکەیان و گوڵبارانیان کرد. هەروەها ڕۆژی ١٢ی سەرماوەز بنەماڵەی شاهۆ خزری، گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادی لە مەهاباد، لە سەر گڵکۆی ڕۆڵەکەیان کۆبوونەوە و گوڵبارانیان کرد. هەر لەو ڕۆژەدا گڵکۆی سپێهر ئەعزەمی لە کەرەج لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گوڵباران کرا.

بزووتنەوەی ژنان و ئەو دیمەنانەی کە باس کران، لەسەر بەستێنی لاوازتربوونی ڕێژیم، بەش بە حاڵی خۆی، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی بەهێزتر کردووە. بۆ نموونه کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان یەکگرتوو تر و سیاسیی تر بووه. لەم دواییانەدا خانەنشینانی لەشکری، کیشوەری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کرماشان، لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بەرامبەر بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای عیفاف و حیجابی ڕێژیم ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمی حیجابی ئیختیاری، مافی ژنانی ئێرانیان وتەوە، ئەوان وێڕای ئاماژە بە گەندەڵی بەربڵاوی کاربەدەستانی ڕێژیم، خوازیاری ئازادی مامۆستایان و کرێکارانی زیندانی بوون. بێ گومان درێژەی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە دەتوانێت ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی شکۆداری جەماوەریی، ڕاپەڕینێک کە تەکلیفی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە، یەکلایی بکاتەوە و دامەزراندنی حکوومەتێکی شۆڕایی و جەماوەریی، لە دوای ئەو ڕێژیمە گارانتی بکات.