کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا دەبێ بێبەرامبەر بێت

image 10

خوێندکارانی تازە وەرگیراوی زانکۆی ئازاد لە بوارەکانی پزیشکی و پزیشکی ددان و دەرمانسازیی، بەرامبەر بە زیاتر لە سێ هێندە زیادکردنی کرێی خوێندن بۆ ئەو بوارانە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە گوێرە هەواڵنێری ڕۆژنامەی هەم مەیهەن، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەرەوە لەبەردەم مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی دەستی پێکرد، دواتر ناڕازیان چوونە بەردەم شۆڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی و پاشان بەردەم دامەزراوەی سەرۆککۆماریی، هەروەها چوونە بەردەم وەزارەتی زانست و تەندروستیش، نامەیان نووسیو و سکاڵایان ئاراستەی نوێنەرانی شارەکانیش کرد، بەڵام تا ئێستا هیچکەس وەڵامی نەداونەتەوە. بەشێک لە بنەماڵەی ئەو خوێندکارانە هاوشانی منداڵەکانیاندا لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارن. ڕۆژنامەی هەم مەیهەن لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا لە ژێر ناویبوون بە پزیشک بە بەهای ٣ ملیارد تمەن، هۆکاری ناڕەزایەتی ئەو خوێندکارانە و بنەماڵەکانیانی خستۆتەڕوو. خۆپیشاندەران ئەو خوێندکارە وەرگیراوانەی بوارەکانی پزیشکی زانکۆی ئازادن کە لە ٢٠ی ڕەزبەرەوە، کە ئەنجامی هەڵبژاردنی بواری خوێندنەکەیان هاتۆتەوە، هەروا تەکلیفیان ناڕوونە. کرێی خوێندن لە ٣٢ ملیۆن تمەنەوە گەیشتووەتە ٩٠ و تەنانەت ١١٣ بۆ ١٣٥ ملیۆن تۆمان و بەڕێژەی ٢٠٠% زیادی کردووە، خوێندکارە وەرگیراوەکان تووشی سەرسوڕمان بوون، بنەماڵەکانیان داماون. هەندێکیان نە خانوویان هەیە بیفرۆشن و نە پارچە زەوییەک و کرێنشینن. ئەوانەش کە خانوو و زەوییان هەیە، دەڵێن دەبێ بیفرۆشین بۆ ئەوەی منداڵەکەمان بتوانن پزیشکی بخوێنن. زۆرێک لە ناڕازیان لە شارەکانی دوور و نزیکەوە وەک شیراز، سنە، شەهریکورد، ئەردەبیل، قوم، مەشهەد، ئیسفەهان و هیترەوە دێن.

خوێندکارە وەرگیراوەکان لەوە ناڕازین کە پێشوەختە ئەو زیادکردنەیان پێڕانەگەیاندوون و دوور لە چاوەڕوانی ئەوانە. ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارە وەرگیراوەکان بە هیچ شێوەیەک توانایی ئەوەیان نییە کە ئەو بڕە پارەیە بدەن. لە لایەکی ترەوە ئەوان نەک هەر توانایی گۆڕینی بواری خوێندنەکە یان زانکۆیان نییە، بەڵکوو بە پێی بڕیارنامەی شۆڕای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی، لە ئەگەری بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی سەرتاسەریدا، ساڵی داهاتووش لەو مافە بێبەش. بەرپرسان لەبری دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ ئەو خوێندکارانە، پێیان دەڵێن کە بچن قەرز وەربگرن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو خوێندکارانە و دایک و باوکیان توانایی دانەوەی قەرز و سوودی زۆر بە بانکەکانیان نییە. بەشێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن کە سەرپەرشت و سەرچاوەی بژێوی بنەماڵەکەیان بەم زووانە خانەنشین دەبن، هەربۆیە تەنانەت مافی وەرگرتنی قەرزیش ئەوان ناگرێتەوە. ئەوان دەڵێن، کاتێک بۆ چارەسەری کێشەکانمان دەچینە لای بەرپرسان، هەندێک جار لەگەڵ سوکایەتی و هەڕەشە بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەو خوێندکارانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ساختەکارییەک ڕوویداوە. بەڵام مەسەلەکە زۆر لە ساختەکاری ئەولاترە. لە سەردەمی سەرۆککۆماری ڕەفسەنجانیەوە پرۆسەی پووڵ وەرگرتن و بە کاڵاکردنی سیستەمی پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیدا دەستی پێکرد. هەر لەو کاتەشەوە بێبەشبوونی منداڵانی کرێکارانی کەم دەرامەت و بێکاری ئێرانی یان کۆچبەرانی ئەفغانستانی بە تایبەت لە نێو کچاندا پەرەی سەند. بە وتەی یەکێک لە کارناسان، لەوکاتە بەدواوە و لەگەڵ پووڵ وەرگرتن و بە کاڵاکردنی پەروەردە لە ناوەندەکانی خوێندن، منداڵان و گەنجان و خوازیارانی خوێندن، وەک کڕیار مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

زیاتر لە سێ هێندە زیادکردنی کرێی خوێندنی زانکۆی ئازاد کە ماوەیەکی زۆرە بە شێوەی سووکتر لە زانکۆکانی تردا بەڕێوە دەچێت، درێژەی هەمان سیاسەتی بە کاڵاکردنی خوێندنە لە ئاستێکی باڵاتردا. ئەم بابەتە لە هەمان کاتدا بەو مانایەیە کە تەنیا منداڵانی ئەو تاقمە بۆرژوا، ڕانتخۆر، گەندەڵکار و قاچاخچییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانی دەکرێن، دەتوانن لە بوارەکانی وەک پزیشکی و هیتردا بڕوانامە وەربگرن. لە زانکۆکانی ڕێژیمدا، بەدەر لە ڕاسپاردە کەسییەکان، پشکی بەرچاو لە هەندێک بوار و بەتایبەتی بواری پزیشکی دا، بۆ بنەماڵەی کوژراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، تەرخان کراوە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بەشێک لە پزیشکەکان گرنگی زیاتر بە پارە و داهات دەدەن تا لە گیانی نەخۆشەکان و گەندەڵیی و بەرتیل وەرگرتنیان کردۆتە دیاردەیەکی ئاسایی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازی وەرگرتن و لەوانە بابەتی بەکاڵاکردنی پەروەردە لە بوارە پزیشکییەکاندا. کێشەی زانست و خوێندنی پزیشکی و پیشەی پزیشکیش، تەنیا لە زۆربوونی کرێی خوێندن و تەنانەت بە چینایەتی کردنی خوێندن لە زانکۆکانی ئێراندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو ئاوێتە کردنی ئەو بوارە بە خوڕافات و بۆچوونی کەسانی وەک میسباح یەزدی و میر باقریش، بەشێکی ترە لە گرفتەکان. ئەوانەی کە بۆچوونەکانیان لە کۆماری ئیسلامیدا پراکتیزە کراوە، لە بەرامبەر تەبابەت و زانستی پزیشکی ئەمڕۆیدا  پرسی تەبابەت و زانستی ئیسلامییان دەهێنا گۆڕێ، وەک ئەوەی کە گۆیا ئەوانە ڕۆژئاوایی و شەیتانن و بەڵا و نەهامەتییەکی زۆر لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. جگە لەوەش، ئەوان سەردانی نەخۆشی ژن بۆلای پزیشکی پیاویان مەنع دەکرد. بەڵام کارەساتەکە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە ئاخوندێکی دەسەڵاتداری وەک خامنەیی و هاوبیرەکانی، تەنانەت لە زۆر بابەتی پزیشکی تایبەتی تردا دەستێوەردانیان کردووە و هەرئێستاش دەیکەن. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، خامنەیی بە دروستکراوی ئەمریکا ناوی برد و هاوردەکردنی ڤاکسینەکانی بەرهەمهاتووی ئەو وڵاتەی بۆ ناو ئێران قەدەغە کرد. دوابەدوای ئەو فەرمانەی خامنەیی، بەرپرسانی پەیوەندیدار، هاتنی دوکتۆرە خۆبەخشەکانیان بە مەبەستی هاوکاریی و چارەسەری ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا ببوون، قەدەغە کرد و پزیشکانی بێ سنووریان دەرکرد. ئەوەی کە ئەو جینایەتە مێژووییە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەس لە دانیشتووانی ئێران، بەڕوونی دیار نییە، ڕەهەندەکانی ئەم تاوانەش وەک زۆرێک لە تاوانەکانی تر، تەنها دوای ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕژێمە لەلایەن جەماوەرەوە ئاشکرا دەبێت. ئەوکات ئیتر ئیمکانی خوێندنی بێبەرامبەریش لە هەموو ئاستەکاندا بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات دابین دەبێت.