کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ژنانی ئازاد پۆش

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ژنانی ئازادپۆش

ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، دایکانی دادخواز!

خەبات و تێکۆشانی ئێوە وەک پێشەنگانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیو ڕازاوە بە ناوی ژینا، بووەتە مەشخەڵێکی درەوشاوە لە دژی ئەو حکوومەتە چەوسێنەر، ستەمکار، دژە ژن و دژە زانست و کۆنەپەرستە. بڵێسەدارتربوونی ئەم مەشخەڵە، یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوون و قووڵبوونەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ و ئاسۆی سەرکەوتنی ڕووناکتر کردووە و مژدەی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەبەخشێت. ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شێوازی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ حکوومەتی چەوسێنەر و سەرەڕۆی ئیسلامی، بێ پسانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامە. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێوە کە پێشینەیەکی مێژوویی پتر لە سەد ساڵەیان هەیە، لە ئێستادا یەکێکە لە بەرچاوترین هێماکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە. یاسا و ڕێساکان، ڕێکخراو و دامەزراوەی پان و بەرین و هێزی بێ ئەژماری سەرکوت، زیندانیکردن و ئەزیەت و ئازاری جۆراوجۆر، ئامرازەکانی حکوومەتن لەدژی ئێوە. ئێوە بە فیداکاری و خۆڕاگری لەسەر شەقامەکان، لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، لەناو زیندانەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی پیاوانی ئازادیخواز، توانیوتانە سەرجەم ئامرازەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، تا ڕادەیەکی زۆر لەکار بخەن و بەڵێنی مژدەی ڕزگاریی یەکجاریی ببەخشن. خەبات و خۆڕاگریی سەربەرزانەی ئێوە کە ئاوێتەیە لەگەڵ سەما و جۆش و خرۆش و شادی، لە لوتکەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، گورزێکی گورچکبڕیان لە پیاوسالاریی جێگیر لە ئایینی ئیسلامدا و هەروەها یاسا و نەریتە دواکەوتووەکانی، داوە. خەبات و تێکۆشانی ئێوە جێگە و پێگەی ژنانی لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا بەرزکردۆتەوە و دەیەوێت پەڵەی ڕەش و شەرمەزاریی هەڵاواردن و نایەکسانی، بۆ هەمیشە لە ڕوخساری مرۆڤایەتی بسڕێتەوە.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیست، بە دەرک و تێگەیشتن لە بەها مێژووییەکانی ئەو خەباتانە و جێگە و پێگەیەکی بەرزی کە بەدەستتان هێناوە، جارێکی تر لەسەر ستراتیژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بزووتنەوەی ژناندا، لەم بوارەدا جەختی کردەوە.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئۆکتۆبری ٢٠٢٤

ڕەزبەری ١٤٠٣