کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چارەنووسی کۆماری ئیسلامی دەبێ بەدەستی خودی خەڵکی ئێران دیاری بکرێت

62847823

دەوڵەتیئیسرائیلدوایوێرانکردنیسەرتاسەریکەرتیغەززەبەبۆردومانییەکلەدواییەکوکوشتنیزیاترلە٤١هەزارکەسلەخەڵکیغەززەوبرینداربوونیزیاترلەسەدهەزارکەس،ئێستاسەرنجیخۆیخستۆتەسەربەرەیلوبنانوشەڕلەگەڵحیزبوڵڵا. کوشتنی سەید حەسەن نەسروڵڵا و فەرماندە پلە یەکەکانی دیکەی حیزبوڵڵا، لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و فەرماندەکانی سپای قودس، تەقینەوەی پەیجەر و ئامێرە بێ تەل و کەرەستەکانی پەیوەندیی گشتی، باڵادەستیی و زانیاریی سەربازیی ئیسرائیلی، بە تەواوی بە کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی نیشان دا. لە ئاکامی ئەم پێشهاتانە دا، کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی دەرکی بەوە کردووە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلی نییە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی ئیسماعیل هانیە، ڕێبەری بزووتنەوەی حەماسیش لە تاران، وردە وردە بە داهاتوو سپێردرا و وەک بڵقی سەرئاو تەقیەوە. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لاوازییە ستراتیژییەکانی ئەوەی کە پێی دەوترا بەرەی خۆڕاگریی و لەسەرووی ئەوانەوە خودی کۆماری ئیسلامی، بە تەواوی ئاشکرا بوو. ڕەوتی ڕووداوەکان ئەوە دەردەخات کە هەرچەندە ئیسرائیل کەوتووەتەبەر نەفرەت و بێزاریی ڕای گشتی و ئەم نەفرەتە نێونەتەوەییە کاریگەرییەکی زۆر جددی لەسەر چارەنووس و داهاتووی ئەم وڵاتە دەبێت، بەڵام لە بواری شەڕدا، پەلاماری ٧ی ئۆکتۆبەر لەلایەن ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماسەوە، دەرفەتێکی بۆ ئەم وڵاتە ڕەخساندووە بۆ ئەوەی جینۆسایدێکی بێبەزەییانە و ئاشکرا لە غەززە بەڕێوە ببات و دوای ئەوە، ئێستا لەناوبردنی باشووری لوبنانی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تانکەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکان تێپەڕیون و بەرەو قووڵایی خاکی لوبنان پێشڕەوی دەکەن. وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی لوبنان کوژراون و شەش هەزار کەسیش برینداربوون. بە وتەی لوبنان، یەک ملیۆن کەس کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

ئەوەی کە وایکردووە نەتانیاهۆ بتوانێت بەم شێوەیە باڵادەستیی نیزامیی خۆی لە ناوچەکەدا نیشان بدات و ڕێوشوێن بۆ ڕکابەرەکانی دیاری بکات، پاڵپشتی چەک و چۆڵ و دارایی بێ درێغی دەوڵەتی ئەمریکایە. ئەرتش و دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو کردەوە جینایەتکارییە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا، بە هاوکاری بێ ئەملاو ئەولای دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن. بەڵام بەردەوامیی ئەم هێرشانە و کەوتنەژێر گوشاری توندی حیزبوڵڵا، ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە لایەنگرانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە نێو فەرماندەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، وردە وردە دەستی باڵا پەیدا بکەن و شەڕ و ململانێی ناوخۆی باڵەکانی رێژیم بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە کۆماری ئیسلامی بکێشرێتە ناو شەڕەکەوە. چارەنووسی شەڕێکی لەو شێوەیە هەرچی بێت، بە زیانی خەڵکی ئێران و شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵک دەشکێتەوە. لەم پێوەندییەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیری دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی سێپتامبر بەرامبەر بە ٩ی ڕەزبەر، پەیامێکی ڤیدیۆیی بەڕواڵەت ڕوو بە خەڵکی ئیران بڵاوکردەوە. ناوبراو پاش هەڕەشە له کۆماری ئیسلامی، لە ئاماژەیەکی ڕیکارانەی بەناو دۆستایەتی لەگەڵ هاووڵاتیانی ئێرانیدا، ئیدیعای ئەوەی کرد کە لە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا پاڵپشتی ئەوان دەبێت. پەیامەکەی نەتانیاهۆ کە بە ڕواڵەت ڕوو لە خەڵکی ئێرانە، هاوکات وەڵامێکیشە بە هەڕەشە و گوڕەشەی تەبلیغاتیی فەرماندە نیزامی و دەستی ڕاستە دەسەڵاتدارەکان لە ئێران.

بەڵام وەڵامی خەڵکی ناڕازی ئێران و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان بۆ ناتانیاهۆی جینایەتکار کە دۆسیەی دزی و گەندەڵییەکانی لە ئێستادا هەڵپەسێردراوە، ئەمەیە: دەست لەسەری خەڵکی فەلەستین و لوبنان هەڵبگرە! زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران هاوشێوەی ئاشتیخوازانی جیهان، خوازیاری ئاگربەستێکی بەردەوام لە فەلەستینی داگیرکراون. ئەوان لە ناخی دڵیانەوە لەگەڵ ئەو ملیۆنان ئینسانەدان کە چەندین جار لەسەر شەقامەکان ئێوە و هێزەکانی ئێوەیان بەهۆی جینۆسایدی فەلەستین ئیدانە کردووە و هەر ئێستاش شەڕخوازییەکانتان لە لوبنان مەحکووم دەکەن. ئاواتی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە سێبەری ڕەشی ئێوەی جینایەتکار و سەرجەم سەرمایەدار و سیاسەتمەدارە دەستی ڕاستییەکان لەسەر سەری خەڵکی ئیسرائیل نەمێنێت بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە لە پەنای خەڵکی فەلەستیندا ژیان بەسەر ببەن. جینایەتکارانی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل، کە ماوەی ٧٥ ساڵە درێژە بە کوشتار و ئاوارە کردنی خەڵکی خۆڕاگری فەلەستین دەدەن و ژیانێکی ئاشتیخوازانەیان لە هاووڵاتیانی ئیسرائیلیش درێغ کردووە، ناتوانن دۆستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بن. خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازانی دژ بە ڕژیم، بە جینایەتکارانی وەک نەتانیاهۆ دەڵێن، ئەوان کە بە خەباتی دەیان ساڵەی خۆیان و ئاخێزەکانی ئەم دواییانەی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بە تایبەتی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیبە ئاراستەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەنگاویان هەڵگرتووە، هەر چەشنە هێرشێکی ڕژێمی دەستدرێژکاری ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، هۆکارەکانی بەهێزتر بوونی ئەو ڕێژیمە پێک دەهێنێت. جەماوەری خەڵکی ئێران خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامین، بەڵام نەک بەدەستی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ئاکامەکەی نەک هەر ئازادی و ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی نابێت، بەڵکوو لە چاڵێکەوە کەوتنە ناو چاڵێکی ترە. چارەنووسی کۆماری ئیسلامی دەبێ بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و بەدەستی خودی شارۆمەندانی ئێران، دیاری بکرێت.