کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەندەڵی دامەزراوەیی لە کۆماری ئیسلامیدا

Untitled 53

سەردێڕی ڕۆژنامەی هەم مەیهەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، لە ژێر ناونیشانی: “چی لەبارەی گەندەڵیەوە دەزانیت؟ئاماژەی بە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێش کردووە. لە سەرەتای بابەتەکەدا نووسراوە کە دەوڵەتی ڕەئیسی، بە دروشمی خەبات لە دژی گەندەڵی هاتە سەر کار، بێ ئاگا لەوەی کە هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی دەوڵەتەکەی ئەودا، گەندەڵی لەسەر ئاستی وەزیر دەستی پێکرد. لە درێژەی ئەو بابەتەدا هاتووە کە تەنیا ٣ ساڵ لە تەمەنی ئەو دەوڵەتە تێپەڕی، کە دوو وەزیر زیندانی کران و بەرپرسی دوو دامەزراوەی گرنگی دارایی، لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتی گەندەڵی بەرەوڕوو بوونەوە، واتە ڕیکۆردی گەندەڵی دوای دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد، شکێندرا. هەم مەیهەن، بابەتەکەی بەمجۆرە درێژە پێدەدات: بۆ نموونە یەکێک لەو دزی و گەندەڵیانە، بڕی سێ هەزار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسییەیە نەکراوە. سزای وەزیری کشتوکاڵی ئەو دەوڵەتە، پەیوەندی بە گەندەڵییەکی دیکەوە هەیە و هێشتا نۆبەی لێکۆڵینەوە لە دەۆسییەی چاییدێبش، نەگەیشتووە. نووسەری بابەتەکە بەبێ ئەوەی باس لە زۆرێک لە گەندەڵییەکانی دیکەی وەک گەندەڵیی ئاخوند کازم سەدیقی، ئیمام جومعەی کاتیی تاران و کەسی متمانەپێکراوی خامنەیی بکات، دەنووسێت کە گەلێک بابەتی گەندەڵی تر هەن کە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراون. بە وتەی ناوبراو، داتا ئامارییەکان دەریدەخات کە گەندەڵی لە دەوڵەتی ڕەئیسی دا هیچ باشتر نەببوو، لە کاتێکدا بە دروشمی دژە گەندەڵی هاتبووە سەرکار. بەڵام ئاستی گەندەڵی لە ئێران هێشتا لە ١٤٨ وڵاتی جیهان خراپترە. پێویستە ئەوەشمان لەبیر بێت کە ئەو سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەی کە لە دەست کۆمەڵێک لە ئاخووندەکاندا کەڵەکە بووە، لەژێر هیچ چاوەدێریی و کۆنترۆڵێکدا نییە. ئەم پرسە سەبارەت بە مافیای ئابووریی دەیان ملیارد دۆلاریی خامنەیی، بە بەڵگە و نووسراو پشتڕاستکراوەتەوە.

لەڕاستیدا سەروەت وسامانی بێ چاوەدێریی وکۆنترۆڵی بەرپرسانی ڕێژیم،هۆکاری سەرەکی

 گەندەڵییە لە حکوومەتی ئیسلامیدا. دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ڕەفسەنجانی و بنەماڵەکەی بوونە هێمای گەندەڵی. لەو سەردەمەدا ڕادەیەک لە گەندەڵیی بۆ پێشکەوتنی ئابووریی، بە فەرمی و بە ئاشکرا، وەک پێویستیەک دەزانرا. لە سەردەمی خاتەمیش دا ئەم پرۆسەیە بەردەوام بوو تا گەیشتە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد. لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد دا ڕێژەی گەندەڵی ئابووریی زۆر زیادی کرد. لە سەردەمی دەسەڵاتی ناوبراودا نەک هەر گەندەڵکار و دز و ڕانتخۆرەکان پەرەیان سەند، بەڵکوو دزەکانی وەک محەممەد ڕەزا ڕەحیمی جێگری یەکەم و حەمید بەقایی جێگری جێبەجێکار، تەنانەت پێگە و پلە و پایەشیان بەدەستهێنا. خودی ئەحمەدی نەژاد تەنیا لە یەک حاڵەتدا سەد ملیارد تمەنی لە سندووقی بیمەی ئێران وەرگرت. گەندەڵی ١٣ هەزار ملیارد تمەنیی بابەک زەنجانیش هەر لەو سەردەمەدا ڕوویدا. لە سەردەمی ڕوحانیدا دزییەکان گەورەتر بوون. بۆ نموونە دەرکەوت کە سادق لاریجانی بەرپرسی پێشووی هێزی دادوەریی، جگە لە دزی و تاڵان و بڕۆی براکەی، ٦٣ ژمارە حیسابی بانکی هەبوو. بڕی هەزار ملیارد تمەن کە گۆیا وەک سوودی کەفالەت و زیانەکان درابوو بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام خرابووە سەر حسابی تایبەتی خۆی، کاتێک ئاشکرا بوو، وتیان کە سوودی بانکیی ئەوانە مانگانە ٢٠ ملیارد تمەنە. یان دزی و گەندەڵی هۆلدنیگ یاسی سپای پاسداران ساڵی ٩٦ لە سەردەمی ڕوحانیدا ئاشکرا بوو، کە لاپەڕەیەکی دیکەی به گەندەڵییەکانی قاڵیباف و بەشێک لە فەرماندە جینایەتکار و سەرکوتگەرەکانی ئەو هێزە، زیاد کرد.

هەر لەو سەردەمەدا بابەتی گەندەڵی لە کەرتی دەرمانسازی لە مێدیا دەوڵەتییەکاندا بڵاوکرایەوە. سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی کابینەکەی ڕوحانی، وتی کە کاتێک ناوبراو لە ساڵی ٩٧دا ئەو وەزارەتەی وەرگرت، گەندەڵی لە کەرتی دەوا و دەرماندا بەڕادەیەکی زۆر بوونی هەبووهەروەها جگە لەگەندەڵی ٥٠ هەزار ملیارد تمەنیی لە بواری پزیشکیدا،ڕوون نەبوو بڕی ئەو یەک ملیارد دۆلارەی کە بۆ دابینکردنی کەرسە و ئامێری پزیشکی تەرخان کرابوو، لە کوێ خەرجکراوە. ئەوەی کە لەسەر گەندەڵی نووسرا، دڵۆپێک بوو لە دەریایەکی گەورەوە. گەندەڵی بنەمای ئابووریی و هۆکارێکە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی. هەروەها گەندەڵی لە دەستی گروپە مافیا جۆراوجۆرەکاندا، ئامرازێکی بەهێزیشە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان. ئەم گەندەڵییە هێزێکی سەرکوتگەری دواکەوتوو، کۆنەپەرست و ئاتەش بە ئیختیاری لە دەوری بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات کۆکردۆتەوە. ئەو هێزانە لە زیندانەکان و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەباتکارانی ناڕازیی بە تایبەت لە ساڵانی ٩٦ و ٩٨ و لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، ئەوپەڕی دڵڕەقی و وەحشیگەرییان لەخۆیان نیشاندا. بەڵام کۆماری ئیسلامی کە بۆ مانەوەی خۆی، بە تەواوی پشتبەستووە بە هێزە سەرکوتگەرەکانی، ئێستا ئیتر بە ڕژانی ترسی خەڵک لە دام و دەزگا سەرکوتگەر و گەندەڵەکەی، کە مانگرتنی سەرکەوتووانەی ٢٥ی خەرمانان لە کوردستان یەکێک لە دوایین نموونەکانێتی، تەمەنی بەرەو کۆتاییە. بێگومان گەندەڵی لەو ئاستەی ئێستادا، لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامی، سەریهەڵداوە و بە نەمانی ئەو ڕێژیمە و هاتنەسەرکاری حکومەتێکی جەماوەریی، کۆتایی پێدێت.