کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

هۆشداری نووسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی كرماشان سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌نده‌سازی بۆ ژینگه‌پارێزان

هۆشداری نووسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی كرماشان سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌نده‌سازی

كۆمه‌ڵێك له‌ نووسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی كرماشان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٤ی خه‌رمانان،وێڕای ئیدانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژینگه‌پارێزانی خه‌ڵكی گێڵانغه‌رب، سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌نده‌سازی و سناریۆی سپای پاسداران بۆ به‌دنێو كردنی كه‌سایه‌تیه‌ خۆشناوه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ هۆشداریان دا.

له‌ به‌یاننامه‌ی نووسه‌ران و چالاكانی مه‌ده‌نی كرماشان دا هاتووه‌: له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك له‌ چالاكانی ژینگه‌یی خه‌ڵكی شارستانی گێڵانغه‌رب كه‌ ئه‌ندامی كه‌مپه‌ینی ڕزگاركردنی زاگرۆسن، له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ڕۆژ به‌سه‌ر كاتی ڕفاندنیان، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌ندكراوانه‌ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر چاره‌نووس و دۆخی ته‌ندرووستی ئازیزانیان نییه‌ و به‌دواداچوونه‌كانیان بێ ئاكام بووه‌. هۆشدار ده‌ده‌ینه‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ كه‌سانی خۆشناوی ئه‌و پارێزگایه‌ به‌ سیناریۆسازییه‌كانتان به‌دنێو ناكرێن و ڕێز و حورمه‌تیان به‌لای خه‌ڵكه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه‌ ته‌نیا ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانه‌كان، وتوووێژی سازه‌نده‌، ڕێزلێنان له‌ حه‌قی شارومه‌ندی و ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و دووریكردن له‌ هه‌ر چه‌شنه توندووتیژییه‌كه‌. هیوادارین له‌ ڕێگه‌ی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی گه‌له‌وه‌ بتوانین كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد، دادپه‌روه‌رانه‌ و دیمۆكراتیك بۆنیات بنێین.