١٦ی مانگی گه‌لاوێژ،ساڵهاتی ڕۆژێکی مێژوویی له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگیڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه. ڕۆژێك كه خه‌ڵكی كوردستان له ناڕه‌زایه‌تی به جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی یه‌كپارچه و یه‌كگرتووانه له‌سه‌ر بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه ده‌ستیاندایه مانگرتنێكی گشتی، هێزنواندنێكی شكۆدار كه به هه‌موانی نیشان دا سه‌ره‌ڕای دامركانی خه‌باتی چه‌كداری، بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان زیندووە و له‌پێناو مافه ڕه‌واكانی خۆیدا له خۆڕاگری و خه‌بات به‌رده‌وامه. به‌ڵام ئه‌م ڕۆژه مێژووییه له‌سه‌ر چ به‌ستێنێك شكڵی گرت و چۆن ئاماده‌كاریی بۆ كرا؟
سه‌رله‌ئێواره‌ی ڕۆژی ١٨ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٨٤ی هه‌تاوی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌وڵیاندا یه‌كێك له خه‌باتكارانی شاری مه‌هاباد به ناوی “كه‌ماڵ ئيسفرام” ناسراو به “شوانه سه‌ید قادری” ده‌ستبه‌سه‌ر
بكه‌ن و كاتێك هه‌وڵه‌كانیان بێ ئاكام مایه‌وه، شوانه‌یان دا‌یه به‌ر ده‌ستڕێژی گوولله و برینداریان كرد. جه‌لادانی رژیمی ئیسلامی ئه‌و لاوه برینداره‌یان ئه‌شكه‌نجه كرد، كوشتیان و ته‌رمی شێواوی ناوبراویان به‌وپه‌ڕی بێڕێزییه‌وه به‌ناو شاردا گه‌ڕاند و دواتر ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌یان كرده‌وه. مه‌به‌ستی ڕژیم له‌م كرده‌وه‌یه چاوترسێن كردنی خه‌ڵك بوو، به‌ڵام ئاكامه‌كه‌ی به پێچه‌وانه‌ی ویستی ڕژیم هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه. دانیشتوانی شاری مه‌هاباد كاتێك ئاگاداری ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی هێزه‌كانی ڕژیم بوون، به‌كۆمه‌ڵ چوونه به‌رده‌م ماڵی ئه‌و لاوه خه‌باتكاره و هاوخه‌مییان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و نه‌فره‌ت و بێزاری خۆیان له ڕژیمی ئیسلامی ده‌ربڕی. ڕۆژه‌كانی ١٩ و ٢٠ی مانگی پووشپه‌ڕ خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری شاری مه‌هاباد و به تایبه‌ت لاوان له شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره ده‌ستیاندایه خۆپیشاندان و به دانی درووشم له دژی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان، نیشانیاندا كه هیچ جه‌نایه‌تێكی ڕژیم بێ وەڵام نامێنیته‌وه. ڕۆژی ٢١ی مانگی پووشپه‌ڕ خۆپیشاندانه‌كان له ئاستێكی به‌رینتردا به‌ڕێوه‌چوو و هێرشی هێزه‌كانی ڕژیم له‌گه‌ڵ خۆڕاگریی خه‌باتكارانی ئه‌و شاره به‌ره‌وڕوو بووەوە. هێزه‌كانی ڕژیم ته‌یار به هه‌موو ئامراز‌ێكی سه‌ركوت له زه‌وی و ئاسمانه‌وه هێرشیان کرده سه‌ر خه‌ڵکی تێكۆشه‌ری شاری مهاباد. له ئاكامی ئه‌م تێکهه‌ڵچوونه له نێوان هێزه‌كانی ڕژیم و خه‌ڵكی خه‌باتكار و لاوانی مه‌هاباد ٥٠ كه‌س له خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیر كران. ڕۆژی ٢٢ی پووشپە‌ڕ خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد بۆ نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی زیاتر به‌رانبه‌ر به كرده‌وه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم و میلیتاریزه كردنی شار، هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌ی خۆپیشاندان، دوكان و بازاڕ و ناوه‌نده‌كانی كاریان داخست. دوابه‌دوای خۆپیشاندان و به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی بوێرانه و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له مه‌هاباد، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی له‌دژی كۆماری ئیسلامی، باقی شاره‌كانی كوردستانیشی گرته‌وه. خه‌ڵكی خه‌باتكار و لاوانی شوڕشگێڕ له شاره‌كانی شنۆ، پیرانشار، بانه، سه‌قز، سه‌رده‌شت، مه‌ریوان، سنه، دیوانده‌ره و بۆكان و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه، بۆ پشتیوانی له خه‌ڵكی مه‌هاباد به‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌وه په‌یوه‌ست بوون و وێڕای مه‌حكووم كردنی كرده‌وه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیم چه‌ند داخوازییه‌كیان هێنایه گۆڕێ كه بریتی بوون له: ناساندن و سزادانی بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م جینایه‌تانه، ئازاد كردنی ده‌ستبه‌جێی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان و ڕاگرتنی جه‌نایه‌ت و كوشتار له كوردستان.
كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له‌بری وەڵام دانه‌وه به داخوازییه ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان هێز‌ێكی زۆریان ڕژانده كوردستان و به‌ریان دانه گیانی خه‌ڵك. ئه‌م خه‌باته ئه‌گه‌رچی داخوازیی ڕوونی هه‌بوو، به‌ڵام به شێوه‌ی پڕش و بڵاو له شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چوو و به‌ره‌وڕووبونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌كانی ڕژیم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ساری زۆرتری به خه‌ڵك ده‌گه‌یاند. له شاری سه‌قز چه‌كدارانی ڕژیم ڕیزی خۆپێشاندانی خه‌ڵكیان دا‌یه به‌ر ده‌ستڕێژ و ژماره‌یه‌ك گیانیان به‌ختكرد و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. كاتی ئه‌وه هاتبوو كه هێز و توانای خه‌ڵكی خه‌باتكار له حه‌ره‌كه‌تێكی رێكخراو و هاوئاهه‌نگ دا به دوژمن نیشان بدرێت. كۆمه‌ڵه، رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ڕۆژی ١٦ی گه‌ڵاوێژی ساڵی ١٣٨٤ی وه‌ك ڕۆژی مانگرتنی گشتی له كوردستان ڕاگە‌یاند.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه، كرێكارانی پێشڕه‌و و لاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له شاره‌كان له‌پێناو ئاماده‌كاری بۆ به سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی مانگرتنی گشتی، كه‌وتنه خۆ. دام و ده‌زگاكانی ڕژیم بۆ پێش‌گرتن له به‌ڕێوه‌چوونی مانگرتن، هه‌وڵه‌كانی خۆیان ده‌ست پێكرد. نه‌یارانی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ش له‌ناو ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی كوردستاندا چی بۆیانكرا بۆ ڕێگری له سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بانگه‌وازه درێغیان نه‌كرد. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه ڕۆژی ١٦ی گه‌لاوێژ، خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان به داخستنی دوكان، كارگا و ته‌عتیل کردنی ئیداره و شوێنه‌كانی خۆیندن و باقی ناوه‌نده‌كانی كار، مانگرتنێكی گشتییان له كوردستان به‌ڕێوه‌برد. خه‌ڵكی ناڕازی له شاره‌كانی مه‌هاباد، سه‌قز، بۆكان، سنه، شنۆ، پیرانشار، بانه، سه‌رده‌شت، ڕه‌به‌ت، مه‌ریوان، كامیاران و دیوانده‌ره و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به پێشوازی ئه‌م بانگه‌وازه‌وه هاتن. له شاره‌كانی نه‌غه‌ده و ورمێ‌ش به‌شێكی به‌رچاو له خه‌ڵك له‌م مانگرتنه‌دا به‌شداریان كرد.
ئه‌م مانگرتنه شكۆدار و سه‌ركه‌وتوانه‌یه وه‌ك ڕۆژێکی مێژوویی له ژیانی سیاسیی خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستاندا تۆمار كرا. ئه‌م مانگرتنه جارێكی دیكه نیشانی دا كه سه‌ره‌ڕای گشت جه‌نایه‌ته‌كان و پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له كوردستان، ئیراده‌ی خه‌ڵك دژبه ڕژیم قایمتر و ڕیزه‌كانیان یه‌كگرتووتر و پته‌وتر بووه. سه‌ركه‌وتنی ئه‌م مانگرتنه له هه‌مان كاتدا كه ڕیشه‌ی له چه‌ند ده‌یه خه‌باتی پڕ له فیداكاری خه‌ڵكدا بوو، به جه‌ساره‌ت و خه‌باتی شێلگیرانه و یه‌ك مانگه‌ی خه‌باتكارانی مه‌هاباد و باقی شاره‌كانی كوردستان مسۆگه‌ر بوو. ڕژیم كه هێزی خه‌باتی یه‌كگرتوانه‌ی خه‌ڵكی بینی، ڕۆژێک دوای مانگرتن، له هه‌وڵێكی ڕیاكارانه‌دا هه‌یئه‌تێكی له نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ئیسلامی ڕه‌وانه‌ی شاره‌كانی كوردستان كرد تا به‌ناو دڵنه‌وایی له خه‌ڵك بكه‌ن.
ئه‌ندامانی ئه‌م هه‌یئه‌ته به لێدوانی بێ ناوه‌رۆكی به‌رپرسانی ڕه‌سمی وه‌ك ئیمام جومعه و فه‌رماندارانی شاره‌كان، هێندێك نمایشیان وه‌ڕێکخست و به كرده‌وه داخوازییه‌كانی خه‌ڵكیان پشت گوێ خست. به‌ڵام ده‌رسه‌كانی مانگرتنی گشتی چووه سه‌ر ئه‌زموونه‌كانی هێزی له بن نه‌هاتووی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ی شوڕشگێرانه‌ی كوردستانی هه‌نگاوێكی گه‌وره به‌ره‌و‌پێش برد.
به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ئه‌زموونه به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌نده بوو كه جارێكی دیكه خه‌ڵكی كوردستان بۆ ده‌ربڕینی بێزاری و نه‌فره‌تی خۆیان له ئێعدامی “فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر” و هاوڕێیانی، مانگرتنێكی شكۆداری دیكه‌یان له ڕۆژی ٢٣ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ به‌ڕێوه‌برد. ئه‌م سوننه‌ته به‌نرخ و خه‌باتكارانه‌یه، ڕۆژی ٢١ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٩٧ له مانگرتنێگی گشتیی لێبڕوانه، به‌هێز و یه‌كپارچه‌دا دیسان دووپات بۆوه. له‌م ڕۆژه‌دا خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ری ناوچه كوردنشینه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران له ناڕه‌زایه‌تی به ئێعدامی جهنایهتكارانهی “ڕامین حسێن په‌ناهی، زانیار و لوقمان مۆرادی” و مووشه‌كبارانی مه‌قه‌ڕی ناوه‌ندیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك له كادری ڕێبه‌ری و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌م حیزبه گیانیان به‌ختكرد، له‌سه‌ر بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه و حیزبه سیاسییه چالاكه‌كان له كوردستان مانگرتنێكی گشتیی شكۆداری دیكه‌یان به‌ڕێوه‌برد.
ئه‌زمونی مانگرتنی سیاسی گشتی له جه‌ریانی شۆڕشی ژینا دا چه‌ندین جار دووپات بۆه‌وه. ئه‌و شێوه‌ی له ناڕەزایەتی ده‌ربڕین و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بوو به نه‌ریتێكی جێكه‌وتوو له‌و شۆڕشه‌دا. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه ئه‌م ئه‌زموونه له ڕۆژان و مانگه‌كانی داهاتوودا و به نزیك بوونه‌وه له ساڵهاتی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه چه‌خماخه‌ی شۆڕشی ژینا له كوردستانه‌وه لێدرا، له پاڵ شێوه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات و خۆڕاگریی ، ببێ به یه‌كێك له ڕێگاکانی هێزنواندن له ئاستێکی به‌رینی جه‌ماوه‌ریدا.