کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بارودۆخی کارەساتباری بێهداشت و سڵامەت لە کۆماری ئیسلامیدا

4885384

  ڕۆژنامەی ئیعتماد لە ژمارەی رۆژی ٥ شەممەیدا ڕاپۆرتێکی هەژێنەری سەبارەت بە بارودۆخی بێهداشت و دەرمان لە تاران و ئوستانەکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان بڵاو کردەوە، کە چەند گۆشەیەک لەوەی لەمڕۆدا لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا ڕوو ئەدات ئاشکرا دەکات. گوزارشگەری ڕۆژنامەکەبەنفشە سام گیسباس لەو بنەماڵانە دەکات کە لە شارەکانی دیکەوە هاتوون بۆ تاران بە هیوای ئەوەی منداڵە نەخۆشەکانیان لەناوەندی تبی منداڵانچارەسەر بکەن. ئەم خەڵکە لە هەوای گەرمی تاران لە پیادەڕەوەکان لەبەردەم نەخۆشخانە دا چاوەڕوانن و بەردەوامیش بە شێوەی جۆراوجۆر وڵامی ڕەد وەردەگرنەوە.

یەکێک لەم بنەماڵانە دەڵێت:” نەخۆشخانەی ئێرانشار دوکتۆری نییە، دوکتۆری نەخۆشخانەی ئێرانشار پێی وتوین بڕۆن بۆ تاران لەبەر ئەوەی ئەو ئامێرانەی کە لە تاران هەن قەت نایانهێنن بۆ نەخۆشخانەی ئێرانشار. ئێستاناوەندی تبی منداڵانپێمان دەڵێت منداڵەکەتان پشوی سوارە و دەبێ ئامێری هەناسەدانی بۆ بکڕم و بیبەینەوە. دەستگای هەناسەدانیش ٨٥ ملیۆن تمەنی دەوێت و منیش نیمە. بە مەدەدکاری نەخۆشخانەکەم وت من داهاتێکم بۆ کڕینی وەها ئامێرێک نییە. ئەو پێی وتم ئێمە ناتوانین تارمەتید بدەین“.

  کرێکارێکی هەمەدانی هاتوە و منداڵە ٥ ساڵەکەی بەهۆی هەڵەی عەمەلیاتەوە تووشی کێشەی جیدی بووە کە نیازی بە ٣ عەمەلی دیکە هەیە.ئەو دەڵێ دەبێ بۆ هەر عەمەلێک ٣٠ ملیۆن تمەن پارە بدەم. ئەو باوکە خەمبارە ئەڵێ:” من کرێکاڕێکی سادەم وەها پارەیەکم نەبوو.”

  گوزاشگەرەکە لە زمان جەڕاحێکی نەخۆشخانە لە یەکێک لە شارە چکۆلەکانی ئوستانی کوردستانەوە دەگێڕێتەوە کە وتویەتی لە ناوچەیەکی بێبەش راگیراوی وەک ئەم ئوستانە کە نمونەوار و دەگمەنە:” ٤ مانگە کە تیخ و دەستکێشی جەڕاحیمان نییە، واتە من کە رۆژانە جارێک یان لە حەفتەدا چەند جار سزاریەنم هەیە، تیخم بۆ عەمەلکردنی نەخۆش لەبەردەستدا نییە! ٤ مانگ لەوەپێش بە هەزینەی خۆم، دوو بەستەی تیخی جەڕاحیم کڕی و بردم بۆ ژووری عەمەل. بیمارستانەکەمان ٥ پسپۆڕی ژنانی هەیە. من ئەم دوو بەستە تیخەم شاردەوە تا بێجگە لەم ٥ کەسە، مابەقی نەتوانن بۆ عەمەل لە نەخوشخانە کەڵکیان لێ وەربگرن بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان بۆ عەمەلی سزاریەن لە نەخۆشخانە بەرەوڕووی کەمبونی تیخی جەڕاحی نەبینەوە. سەبارەت بە دەستکێشیش بارودۆخەکە هەر وایە“.

  ئەو دوکتۆرە سەبارەت بە باقی کەموکوڕیەکان وتی:” کاتێک دایکێکی دووگیان دوای منداڵبوون توشی خوێنڕێژی دەبێ و من دەرمانم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خوێنڕێژیەکەی نییە، ناچارم بۆ زیندوڕاگرتنی، ڕەحەمی دەربێنم. عەمەلی نا ئۆرژانسیمان بە تەواوەتی ڕاگرتوە لەبەر ئەوەی ئامێری پێویستمان بۆ تەشخیسی نەخۆشی ژنان نییە“.

  لە کۆماری ئیسلامیدا کە مافیای دەرمان بەسەر موقەدەراتی سڵامەتی شارۆمەنداندا زاڵە تەنیا ٤ تا ٤ و نیو لەسەدی بەرهەمی خالیسی میللی بۆ سڵامەتی شارۆمەندان تەرخان کراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حکومەت لەم نۆ مانگەی دواییدا لە نەوتی هەڕاج کراوی وڵات ١٣٤ میلیارد دۆلار داهاتی هەبووە. بەڵام سەهمی ٤ لەسەدی بۆ كه‌م داهاته‌كانی سیستان و بەلوچستان، کوردستان، ئیلام، ئازەربایجانی غەربی، کۆهگیلۆیە و بۆیه‌رئەحمەد زۆر کەمترە لەوەوی باس کراوە.

بێجگە لە شارۆمەندانی هەژار کە بە هۆی بارودۆخی خراپی بیمە و دەرمان بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە، ژمارەیەک لە ٣٠٠ هەزار پەرستار، کارمەند و پسپۆڕی دامەزراو لە وەزارەتی بێهداشتیش بەرەوڕووی بارودۆخێکی وەها بوونەتەوە کە شیاوی تەحەمول کردن نییە و بە ناچاری کۆچیان کردووە. لەژێر وەها بارودۆخێک دایە کە تەنانەت ڕێژەی خۆکوژی لە نێو کەسانی شاغڵیشدا لەم بەشە ڕوو لە هەڵکشانە.

ڕاگەیەنەرەکانی بەناو ڕیفۆڕمخواز، وەک ئێعتماد لە هەوڵدان هیوایەکی پوچ لە ڕاستای باشتربوونێکی هەمەلایەنەی بێهداشتدا دروست بکەن. ئەوان نووسیویانە دوکتۆر مەسعود پزیشکیان جەڕاحی دڵە و یەکەم سەرۆک کۆماری پزیشکە کە خۆی جێگای هیوایە بۆ چارەسەربوونی کێشەی دەرمان و بیمە پێوەندیدارەکانی پێیەوە. ئەم موژدەدانە لە بارودۆخێک دایە کە خودی پزیشکیان کە توانایی مافیای دەرمان بە باشی دەناسێت هیچ وەعدە و بەڵێنێکی لەم بارەیەوە نەداوە.

  بێهداشت و دەرمانی خۆڕایی مافی سەلمێندراوی هەموو شارۆمەندێکە. کەس نابێ لەبەر دەسترانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی ئازار بکێشێ. شیاو نییە هیچ ئینسانێک بە بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی لە جێدا بکەوێ و بە ئازارکێشانەوە بەرەو مەرگ بچێت. ئینسان لەمڕۆدا شیاوی ئەوەیە کە سەد لەسەد لە سیستمی خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی بە خۆرایی بەهرەمەند بێت. زۆرێک لە کرێکاران لە وڵاتانی تردا لە ئاکامی ساڵانێک خەباتی خۆیان توانیویانە دەوڵەتەکان ناچار بکەن بێهداشت و دەرمانی شارۆمەندان بە خۆڕایی دابین بکەن. ئەگەر کرێکاران و خەڵکی بەشێکی بەرین لە دنیا توانیویانە بە خەباتی خۆیان دەوڵەتانی سەرمایەداری زال بەسەر چارەنوسیاندا ناچار بکەن تا خۆیان لە بەرانبەر دابینکردنی بێداشت و دەرمان و سڵامەتی کۆمەڵدا بە پەرپرسیار بزانن، کرێکاران و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێرانیش دەتوانن بە پشت بەستن بە یەکگرتویی و خەباتی ڕیکخراوی خۆیان، داخوازی بێهداشت و دەرمانی بەخۆڕایی بەسەر ئەم ڕژیمەدا بسەپێنن، تا بەشێک لە حەقدەستە نەدراوەکانی کرێکاران و بەشێک لە سەروەتی بە تاڵان براوی خەڵک بە شێوەی خزمەتگوزاری دەرمانی و بێهداشتی بگێڕنەوە.