کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

 گرنگی پەرەسەندنی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر لەسەر بەستێنی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”

be7c2d5d 5355 4362 b9ce 2796ee0c

ئەوەی لە دوو خولی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا شاهیدی بووین، دەتوانرێت لە لایەنی جۆراوجۆرەوە شیکاری بۆ بکرێت. بایکۆتی لێبڕاوانەی ئەم گاڵتەجاڕە لەلایەن خەڵکەوە، بەبێ گرنگیدان بە حزووری فریوکارانەی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی، بێگومان خۆی لە خۆیدا، سەرکەوتنێک بوو. تەنانەت ئەو دەنگانەش کە بە قازانجی کاندیدی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی خرایە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، هەرچەندە ئاوێتە بوون بە خۆشباوەڕییەکی زیانبەخش، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵگری جۆرێک لە مۆرکی نەفرەت و بێزاری بوون بەرامبەر بە خامنەیی و دارودەستەکەی. بەڵام لە لایەکی ترەوە، تەواوی پرۆسەی ئەم بەناو هەڵبژاردنە، هەر لە کوژرانی ڕەئیسییەوە بگرە هەتا دانانیمەسعوود پزیشکیانلە جێگای ئەو، نیشانەی قووڵتر بوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانی سیاسییە لەناو چوارچێوەی ئەوەی کە بەبازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتناو دەبرێت. ئەوەی کە دەزگای ڕێبەریی، لەلایەکەوە نزیکترین دۆست و نزیکانی تا دوێنێی خۆی، لەخۆی دوور دەخاتەوە و  شیاوبوونیان ڕەد دەکاتەوە و بە ئاراستەی یەکدەست بوونی دەسەڵات هەنگاو دەنێت، بەجارێک ستراتێژی خۆی گوم دەکات و بۆ پێشگرتن لە نوقم بوون، پەنا دەباتە بەر بەلەمە شکاوی ئەوڕیفۆرمخوازانەی کە هەرخۆی لەدەسەڵات دووری خستبوونەوە، دیارترین نیشانەی ئەم قەیرانەیە. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی له زۆر ڕووەوە له ژێر گوشاری بێوێنەدایە. فاکتەرەکانی وەک پەرەسەندنی ناڕەزایەتی گشتی، داڕمانی ئابووری، لەناوچوونی ژینگە، داخرانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، گەندەڵی بەربڵاو، بەرتەسکبوونەوەی بازنەی دەسەڵات و هەڵوەرینی بەرچاوی ئاستە باڵاکانی ڕژیم، پەرەسەندنی گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا و هەروەها کەمبوونەوەی بەرچاوی کاریگەری و دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامییان خستۆتە دژوارترین هەلومەرجی ژیانی خۆیەوە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، زەمینەی بابەتیی بەهێز خوڵقاوە بۆ گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر. کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینیوە. ڕێژیمی ئیسلامی نەیتوانیوە ڕێوشوێن و شێوازەکانی ژیانی خوازراوی خۆی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا بسەپێنێت. شێوازی ژیانی خەڵک گۆڕاوە. ماهواره، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مۆسیقا و هیترهاتوونەتە ناو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی خەڵکەوە. ڕێگا بۆ چوونی ژنان بۆ ناو یاریگا و مەیدانەکانی وەرزش کراوەتەوە. ئایین بە شێوەیەکی بەرچاو، بە تایبەت لە نێو گەنجاندا کەمڕەنگ بۆتەوە و مزگەوتەکان لە ڕەونەق کەوتوون. فەرهەنگ و هونەر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک مۆسیقا، ئەدەب و سینەما، چوارچێوەی کۆنترۆڵ و سانسۆر و ئایدۆلۆژیای ڕژیمیان تێکشکاندووە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێرانیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە سەردەمی حکوومەتی ئیسلامیدا، نزیکەی دوو هێندە و نیو زیادی کردووە. شەپۆلی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی پەراوێزنشینی لە شارەکان بگاتە زیاتر لە بیست ملیۆن کەس، کە زۆربەیان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن. پەراوێزی شارە گەورەکان بەهۆی ژمارەی زۆرەی دانیشتووانەوە، بوونەتە ناوەندی پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام لەبەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە بەرچاوە کۆمەڵایەتییەدا، پێکهاتە سیاسی، ئایدۆلۆژی و یاساییەکانی ڕێژیم، لەوانە یاسای بنەڕەتی، شۆڕای نیگەهبان، تۆڕی ئیمام جومعەکان وەک بانگەشەکارانی ڕێژیم و ناوەڕۆکی تەبلیغاتەکانیان و باندی گەندەڵ و سەرکوتگەری سپای پاسداران بەو هێز و دەسەڵاتە نیزامییە بەربڵاوە و دەستگرتن بەسەر هەموو بوارە ئابوورییەکاندا، وەک پاڵپشتی سەرەکی ئەو دامودەزگایانە، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. ئەم جیاوازییە، وایکردووە کە ڕۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتدارێتی ڕژێمی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەدا دژوارتر بێت.

لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی سیاسیی ڕێژیم لەم قۆناغەدا، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵکەوە هەیە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژینالە بواری خەباتی قارەمانانەی ژنان لەپێناو ئازادی جلوبەرگ و لە بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکانی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و هیتردا، زیندووە و دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی، بەتایبەتی لە بواری بەدەستهێنانی ئەزموون و گەشەی وشیاری و تا ڕادەیەکیش خۆڕێکخستن دا، حاشا هەڵنەگرن. کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و دانیشتوانی پەراوێزی شارەکان، نەک هەر لە ئاست ئەم گوشارانەی ڕێژیم بەچۆکدا نەهاتوون، بەڵکوو هەر ئێستا لەسەر بەستێنی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی، خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان لەپێناو دەستەبەرکردن و ئەستاندنی مافەکانیان لەم ڕژیمە، درێژە پێدەدەن. جەماوەرێکی کە لەژێر گوشارەکانی بژێوی ژیاندا وەگیان هاتوون، هیچ ڕێگایەکی تریان نییە جگە لەوەی کە پێویستە بۆ دەربازبوون لەو دۆزەخەی کە ڕژێمی ئیسلامی دروستی کردووە، قۆڵی هیمەتی لێ هەڵبماڵن و لێبڕاوانەتر لە هەمیشە، نەبەردی چارەنووسسازی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا، لە دژی سەبەبکاران و خوڵقێنەرانی ئەم هەژاری و نەهامەتیانە، بەرەوپێش ببەن. لەمڕووەوە ئێمە لەسەر پێویستی پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان و پێویستی هاودەنگی و لێکنزیکبوونەوەی هەرچی زیاتری ئەو بزووتنەوانە جەخت دەکەینەوە. بەهێزتربوونی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان، ژینگە پارێزان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە دەوری کۆمەڵێک داواکاری دیاریکراو، ڕەمزی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەیە لە ئێراندا. چونکە لە لایەکەوە بزووتنەوه‌ی داواکاری تەوەرەکان، بە هۆی سیاسەتی سەرکوت و وەڵام نەدانەوە بە ویست و داخوازییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، بە خێرایی دەبنە بزاڤێکی سیاسی و تەواوەتی ڕێژیم تووشی ئاڵەنگاری دەکەن و لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراو و ڕێبەرییەکیش کە زامنی سەرکەوتنی کۆتایین، لە ڕەوتی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە و لەناو جەرگەی ئەو بزووتنەوانەدا شکڵ دەگرێت.