هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری دەستنیشانکراو و گوێڕایەڵی ڕێبەر و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەری، کاتژمێر چوار و نیوی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣، بوو بە سەردێری هەواڵەکانی ئێران و جیهان. ڕوودانی ڕووداوەکە و کەوتنەخوارەوەی ئەم هەلیکۆپتەرە کە لەگەڵ دوو هەلیکۆپتەری دیکە بەرەو تەورێز دەفڕین، هەر لە یەکەم ساتەکانەوە، بۆ بەرپرسانی ڕژیم ئاشکرا بوو. پەنابردنەبەر درۆ و چەواشەکاری حکوومەت بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر، هەوڵێک بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەی جەماوەر، خۆ ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو ڕووداوەی کە ببووە هۆی مەرگی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە، پارێزگار و ئیمام جومعەی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بەرپرسی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار و تیمی فڕۆکەوانی. چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی بە ئەنقەستی هەواڵی ناڕاست، جارێکی تر نیشانیدا کە دەسەڵاتی ئیسلامی تا چەندە لە کاردانەوەی خەڵک دەترسێت. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، هێزەکانی ڕژیم بە مەبەستی پێشگرتن لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەکی جەماوەر بەرامبەر بە هەواڵی مەرگی ڕەئیسی، ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران و شارە گەورەکان. دواکەوتنی نائاسایی دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و شاندەکەی یاوەری و لێدوانی جیاواز و دژ بەیەکی بەرپرسانی ڕژیم، گومانی سەبارەت بە چۆنیەتی و ئەگەری بە ئانقەست بوون یان نەبوونی ئەم ڕووداوە دروست کردووە. ڕەئیسی لە نێو ئەندامانی “هەیئەتی مەرگ“ی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧دا، لە زومرەی ئەو کەسانە بوو کە گەیشتە بەرزترین پلەی دەسەڵات. ئێستا بە مەرگی ڕەئیسی، بەداخەوە خەڵکی ئێران ئیمکانی ئەوەیان نەماوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک یەکێک لە جینایەتکارانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، بیکێشنە پای مێزی دادگایەکی عادڵانهی خهڵكیی و محاکەمەی بکەن. ئەو گرتە ویدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند و هەڕەشەکانی حکوومەت، خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە یارییە ئاگرینەکان خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە هەواڵی مەرگی “جەلادی ٦٧“ دەربڕیوە. هەروەها پۆلیسی “فەتا“ش ڕایگەیاندووە کە هەموو چالاکییەکی ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن ئەم دەزگا ئەمنییەتییەوە چاودێری کراون.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیم، بە بۆنەی مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەندامی “هەیئەتی مەرگ“ی قەتڵی عام و کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، سەرەخۆشی خۆی دەربڕی و وێڕای ڕاگەیاندنی پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی و دەستنیشانکردنی محەممەد موخبەر وەک سەرۆککۆماری کاتی، فەرمانی داوە کە بەپێی یاسای بنەڕەتی، لە ماوەی پەنجا ڕۆژی داهاتوودا، هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێ تەنیا چەند مانگ دوای بزووتنەوەی “بایکۆتکردنی هەڵبژاردن“ی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢ و هەروەها گوڵانی ١٤٠٣، جارێکی دیکە حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر جەماوەری ڕاپەڕیودا ڕادەگرێت. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بابەتی لێکۆڵینەوە لە کارنامە و بێتواناییەکانی حکوومەتی یەکدەستکراو لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسەتی دەرەوە و هەروەها هاتنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی ڕژیم بۆ ناو ئەو پرسانە، قەیرانی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی، تاڕادەیەکی زۆر قووڵتر دەکاتەوە. ئەگەری سیناریۆکانی ئەم ڕووداوە هەرچییەک بن، لە ڕوانگەی بزووتنەوەی جەماوەرییەوە، قووڵتر بوونەوەی قەیرانی ناوخۆی حکوومەت لە سەرەوە، دەرفەتێکی نوێ بۆ بزووتنەوە مەدەنی، سنفی و کۆمەڵایەتییەکان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی پرسی خۆ ڕێکخستن و بەڕێکخراوبوون، بە هێزێکی زیاترەوە بەرەوپێش ببەن. شکستەکانی دەسەڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، هەڵوەرین و داڕمانی پێگەی پشتیوانییەکەی و کڕنووش بردنی دەسەڵات لە بەرامبەر زلهێزە دەرەکییەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئیمکانی پێشڕەوی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و پێکهاتنی ئاڵترناتیڤی جەماوەری لە خوارەوە بەهێزتر دەکات.
لەسەر ئەم بەستێنە، پێویستە هەرچی زیاتر لەسەر پێویستی لێک نزیکبوونەوە و یەکڕیزیی بەرینتری بزووتنەوە ئازادیخواز، یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازەکان جەخت بکرێتەوە.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)
دووشەممە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٣/ ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤