کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کارگەر) وحیزبیکۆمۆنیستیئێران لێک نزیکبوونەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان

vsdfgth

یەکەم: کۆماری ئیسلامی لە ڕووی داماویی و بێدەسەڵاتییەوە پایەکانی خۆی بنکۆڵ دەکات. دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تۆماج ساڵحی و ئەو شەڕەی کە لە دژی ملیۆنان ژن لە شەقامەکاندا خستووەیەتەڕێ، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. ڕوون نییە کە ئامانجی فەرماندەر و بڕیاردەرانی ئەم حوکمە چی بووە؟ ئایا دەیانویست لەم دۆخە نوێیەدا توانایی و پۆتانسێلی جەماوەری ناڕازی تاقی بکەنەوە؟ ئایا هەوڵێک بوو لەچوارچێوەی سیاسەتی سەرکوتێکی ڕێکخراودا بەمەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک و بەتایبەت ژنان و لاوان و ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونیان؟ یان ئەوەی کە دەرکردنی حوکمێکی لەو شێوەیە بۆ تۆماج ساڵحی، بە ئامانجی بێدەنگکردن و ترساندنی کۆمەڵی هونەرمەندان بەڕێوە چووە، وەک ئەوەی کە لە قەتڵی داریوش مێهرجۆیی و وەحیدە محەممەدی فەرەهمی هاوسەرەکەیدا کردیان. بەڵام پاڵنەر و ئامانجی ڕژیم بۆ دەرکردنی ئەم حوکمە هەرچییەک بێت، کاردانەوەکان لەدژی ئەم کردارەی ڕژیم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، گەلێک بەربڵاو و تەنانەت بۆ بڕیاردەرانی ئەو حوکمە، چاوەڕوان نەکراو بوو. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، بنەماڵەی دادخوازان، نووسەران، خوێندکاران و حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بە توندی ئەم حوکمە سەدە ناوەڕاستییەی دەسەڵاتی سەرکوتگەریان ئیدانە کرد و پشتیوانیان لە توماج ساڵحی کرد. ئۆپۆزسیۆنی چەپ و دێموکرات لە دەرەوەی وڵات کۆمەڵێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەربڵاویان بۆ پشتیوانی لە ناوبراو بەڕێوە برد و دامەزراوە نێونەتەوەییەکانیش بەم بزاڤە خۆڕاگرییە بەرینەوە لە دژی ڕژیمی دیکتاتۆری ئیسلامی پەیوەست بوون. تەنانەت زیاتر لە پێنج سەد کەس لە قوربانیی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیش لە بانگەوازێکدا لە ژێر ناویتکایە لە سێدارەمان مەدەنبەرامبەر بەم حوکمە نامرۆڤانەیە، ناڕەزایەتیان دەربڕی. ئەم کاردانەوانە بەڕادەیەک بەربڵاو بوون کە دەزگای دادوەری ڕژیمی ئیسلامی دەستبەجێ ڕایگەیاند کە ئەگەری تانەدان لە ئیجرائاتی پەروەندەی تۆماج دا کراوەیە. ئەوان بۆ جارێکی تر لەوە تێگەیشتن کە چ ئاستێک لە نەفرەت و بێزاری سەبارەت بە دەسەڵاتدارێتی ئەوان، لەناو کۆمەڵگادا پۆنگی خواردووەتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی وەگیان هاتوو، ڕۆڵە وشیار و قارەمانەکانی خۆیان لە بەرامبەر ئەم حکوومەتە مرۆڤکوژەدا، بەتەنیا ناهێڵنەوە. تا ئێرە، حکوومەتی ئیسلامی لەم نمایشی ترساندن و تۆقاندنە دا شکستی خواردووە و بۆی دەرکەوتووە کە مەسەلەی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی، وەک کوشتاری وەحشیانەی دەیەکانی ڕابردوو، بەبێ تەحەمولی هەزینەی قورس، بەسەریدا تێپەڕ نابێت.

دووەم: ئاشکرا کردنی بەڵگەنامەی شێوازی گیان لەدەستدانی نیکا شاکەرەمی لەلایەن دەزگای نێونەتەوەییبی بی سییەوە، دەنگدانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە. بەکرێگیراوانی ڕژیم هەوڵێکی تایبەتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخستووە بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە گوایە ئەو ڕاپۆرتە هەژێنەرە، ناڕاستە و لە لایەنبی بی سییەوە هەڵبەستراوە. بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەش هیچ گومانێک سەبارەت بەو جینایەتەی کە بەسەر نیکادا هات و چۆنیەتی گیان لەدەستدانی، بوونی نەبوو. بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوونتر بووەتەوە ئەوەیە کە ناوبراو ڕێکخەرێکی بوێر و و چاونەترس بووە کە لەلایەن مەئمووران و جینایەتکارانی ڕژیمەوە ناسراوە و بەمەبەستی تێکشاندنی ئیرادەی پۆڵاینی ئەم کچە لاوە، دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەری و بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوویانە. ئێستا ئیتر نیکا بۆتە هێمای بوێری و ئیرادەی پۆڵاین و مانای ژیان. ئەویش هاوشێوەی ژینا بۆتە کچی ئێران.

سێیەم: لە بارودۆخێکدا کە دانوستانەکانی قاهیرە نزییک بووەتەوە لە ڕازی بوونی حەماس بە مەرجی دەوڵەتەکانی میسر و قەتەر بە ڕەزامەندی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە هێرش بۆسەر ناوچەی ڕەفەح و داگیرکردنی دەروازەکانی نێوان میسر و ڕەفەح کە تاکە دەروازەی غەززەیە ڕوو بە جیهانی دەرەوە، هەوڵدەدات ئەم دانوستانانە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بکاتەوە.

گومان لەوەدا نییە کە پلانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ بۆ داگیرکردنی تەواوەتی ڕەفەح، کۆمەڵکوژیی فەلەستینییەکان و وەڕێکەوتنی جۆگەلەی خوێن و کارەساتی جینۆسایدێکی بە تەواو مانای لێدەکەوێتەوە. جگە لەوەش، ئاستی پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە مافەکانی مرۆڤە لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. ڕاپۆرتگەلێکی کە بەیانگەری بەردەوامی جینایەتەکانی شەڕن و ئەو وڵاتانە هەروا بەردەوامن لە ناردنی چەک و چۆڵ و پاڵپشتی دارایی و میدیایی بۆ ئیسرائیل. کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە: “ئێمە لە وردەکارییەکانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لەم دواییانەدا لە کەرتی غەززە دۆزراونەتەوە، تووشی سەرسوڕمان بووین“. لە نەخۆشخانەکانی ناسر و ئەلشەفا دا زیاتر لە ٣٩٠ تەرم دۆزراوەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و بەپێی ڕاپۆرتەکان زۆربەیان ئاسەواری ئەشکەنجە و ئێعدامی سەرپێی و زیندەبەچاڵ کردنیان پێوە دیارە. تا ٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤ لە کۆی ٣٤ هەزار و ٤٨٨ فەلەستینی کە لە غەززە کوژراون، ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵ و نۆ هەزار و ٥٠٠ کەسیشیان ژن بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ٧٧ هەزار و ٦٤٣ کەس برینداربوون کە ٧٥٪یان ژنن و  زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش بێسەروشوێنن یان لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە. شەڕی غەززە و جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری و جیهانی بەرەوڕوو بووەتەوە. بزووتنەوەی خوێندکاران لە سێ سەد زانکۆی ئەمەریکا بۆتە ئاڵا هەڵگری ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو جینۆسایدە ئاشکرا و دڕندانەیە و دیفاع لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین. بزووتنەوەیەکی کە بەهۆی چالاکبوونی هێزی چەپ تێیدا، نیگەرانی دام و دەزگای دەسەڵات و پۆلیسی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە. هەربۆیە بەمەبەستی کۆنترۆڵ کردنی، بەوپەڕی توندوتیژیی و وەحشیگەرییەوە هاتۆتە مەیدان. لە لایەکی ترەوە نەتانیاهۆش کەوتۆتە ژێر گوشاری بیروڕای گشتی لە ئیسرائیل و تەنانەت دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی خۆی. ئەگەری کەوتنە ژێر لێپێچینەوە و بەدواداچوونی نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ڕژیمی ئیسرائیل لەلایەندادگای تاوانی نێو نێودەوڵەتیلە لاهه، دەتوانێت پرۆسەی ڕسوایی دەوڵەتی ئیسرائیل و جینایەتەکانی بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین خێراتر بکات و هاوکێشەیەکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا شکڵ پێبدات.

چوارەم: بەربەرکانی لەگەڵ خوازیارانی جلوبەرگی دڵخواز بەپێی تەرحی سەرتاسەرینوور، هەوڵێکی دیکەی دەسەڵاتە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو شۆڕشە بەربڵاوە فەرهەنگییەی کە لە ئاکامی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە وڵاتدا پێکهێناوە. ئامانجی ڕژیم لەم نەبەردەدا بریتییە لە دوو جەمسەریکردنی کۆمەڵگا و لەو ڕێگەیەشەوە یەکگرتوو کردنی هێزەکانی وابەستە بەخۆی و ورە پێبەخشینیان. ئەمڕۆ ئیتر بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا لەم ڕژیمە بێزارن و هەوڵ دەدات بە هەر نرخێک بێت ئەو کەمینەیەی لایەنگری خۆی یەکگرتوو ڕابگرێت و بیانپارێزێت. چاوگێڕانێک بە لیستی بودجەی ناوەندە ئاینییەکان لەو بارودۆخە کارەساتبارە ئابوورییەی خەڵکدا و چاوپۆشیکردن لە دزی و تاڵان و بڕۆی کەسانی سەر بە خۆیان، ئەم ڕاستییە هێندەی تر ئاشکرا دەکات. بەخشینی ٢٥ ملیارد تمەن و نیو (٤٢٥ هەزار دۆلار) بە ٣٦ بەڕێوەبەری شارەوانی لەلایەن زاکانی، سەرۆکی شارەوانی تارانەوە، نموونەیەکی ئاشکرایە لە بەخشینی سامانی گشتی بە شوێنکەوتوان و دەست و پێوەندەکانی خۆیان. هاوکات لەگەڵ شەپۆلی خۆڕاگریی ژنان و کچانی لاو لە بەرامبەر کردەوەی سەرکوتگەرانەی مەئموورانی چەکداری کۆنترۆڵی حیجاب، کامێرا و پسوڵەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، کە تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا ٣٠ هەزار کەس و ٣٦ یەکەی سنفی لەبابەت ڕەچاو نەکردنی حیجاب، هۆشدارییان پێگەیشتووە، ناڕەزایەتی کۆمەڵگەی باوەڕمەندانی ئایینی دژ بە حیجابی ئیجباریش، تادێت زیاتر پەرە دەستێنێت. بەیانییەی چەند ژنێکی بەناوبانگی ئایینی دژ بە کردەوەکانی ڕژیم دەریدەخات کە بزووتنەوەی سیکۆلاری ئازادپۆش خەریکە لە قووڵایی کۆمەڵگادا و تەنانەت لەناو کۆمەڵگەی باوەڕمەندان بە ئایینیش دا جێگەی خۆی دەکاتەوە. حکوومەتی ئیسلامی دەیان ساڵە کە بە تەرح و پلانی سەرکوتگەرانەی جۆراوجۆر، بە بەکارهێنانی کۆمیتەکان، هێزە حیزبوڵڵاییەکان، گەشتی ئیرشاد، مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب و ٢٦ دامەزراوەی مووچەخۆری بەرپرسی پاراستنی حیجاب، بەوپەڕی داماوییەوە هەوڵ دەدات ژنان لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانی خۆیان بێبەش بکات. بەڵام ئاکامی هەموو هەوڵەکانی، تەنیا شکست و ناکامی بووە. نەوەی ئەمڕۆ چیتر ناتوانێت و نایەوێت بە دڵخوازی کۆنەپەرستانی دانیشتووی ناو بەیتی ڕێبەریی، ژیان بکات.

پێنجەم: لێکنزیکبوونەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێت. لە هەفتەی ڕابردوودا، دیفاعی لێبڕاوانەی ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان و شۆڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینان و کرێکارانی هەفت تەپە لە تۆماج ساڵحی لە لایەک و ناڕەزایەتیی ئاشکرا لە دژی تەرحی سەرکوتگەرانەینوورلە لایەکی ترەوە، نیشانەی ئاشکرای پەیوەندی وشیارانەی بزووتنەوەی داواکاری تەوەرە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لاوانی وڵات. کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان بە ڕوونی دەرکیان بەوە کردووە کە داواکارییە سنفییەکانیان بە قووڵی بەستراوەتەوە بە داواکارییە سیاسییەکانی کۆمەڵگاوە. ئەم لێکنزیکبوونەوە وشیارانەیە، هێماگەلێکی ڕوون و ئومێد بەخشن لە گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی کە لە قووڵایی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە. ئەم بزووتنەوانە هەم لەمڕۆدا دەتوانن بۆ دەستەبەرکردنی مافە لەدەستچووەکانی خۆیان لە لایەن حکومەتی تاڵانچی سەرمایەداری دەسەڵاتداری ئێرانەوە، بەسوود بن و نوێنەرایەتی داواکاری کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینەکان لە ئەستۆ بگرن و هەم لە سبەی ڕۆژی سەرکەوتن بەسەر ئەم دەسەڵاتەشدا، دەتوانن بناغەی بەهێزی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی دابمەزرێنن. گەڵاڵە کردنی ئەم داواکاریانە لەلایەن ئەو بزووتنەوانەوە، نیشانەی وشیاری ئەوان و بەستنەوەی داواکارییە سیاسییەکانە بە داواکارییە ئابووری و بژێوییەکانەوە.

شەشەم: هەژاری لەڕادەبەدەر لە کۆمەڵگادا ڕۆژ بەڕۆژ ڕووخسارێکی ترسناکتر بەخۆیەوە دەگرێت، گرانی، بێکاری، هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی وڵات، گوشارێکی تاقەت پروکێنی بەسەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێراندا سەپاندووەئەم ڕژیمە بە پێداگری لەسەر بەردەوامیی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، دەستێوەردان لە قەیرانەکانی ناوچەکە، پێداگری لەسەر بەرەوپێش بردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و هەروەها خەرجکردنی میلیاردها دۆلار بۆ پەرەپێدانی ناوەند و دامەزراوە ئایینییەکان، هەمووی ئەمانە لە سەر بەستێنی گەندەڵییەکی جێکەوتووی دارایی، چەندین ترلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە و ئاکامی کار و ڕەنجی ئەوانی، بەفیڕۆداوەکاری گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ زیاتر لە ٧٠٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم دۆخە بەنۆرەی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێک دیاردەی نائاسایی و زیانی کۆمەڵایەتی وەک لەشفرۆشی، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان لەناو زبڵدان، خەوتنی منداڵانی کار لەناو کارتۆن و خۆکوشتن و هیترواقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیرانێکی ئابووری چارە هەڵنەگردا خەریکە نوقم دەبێ و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی نییەلە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا، بەمەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی خۆی و دابینکردنی هەزینەی زۆر و زەوەندی دام و دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و پەرەپێدانی خوڕافات، دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە و بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بارودۆخی ژیانی خەڵکی بێبەشی دژوارتر کردووەلە ئاوا دۆخێکدا، تەنیا بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داواکاری تەوەر، دەتوانرێت کۆتایی بەم نەهامەتیانە بهێنرێت. بزووتنەوەیەکی کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی ڕزگاری بەخشی کرێکاران و زەحمەتکێشان بگۆڕێت و ڕێگەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم حکوومەتە گەندەڵ و جینایەتکارە خۆش بکات.

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

١٨ی گوڵانی ١٤٠٣/ ٧ی ئایاری ٢٠٢٤

سرنگون باد رژیم جمهوری اسلامی