ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٤ی به‌فرانبار، “ئێلاهه محه‌ممه‌دی” و “نیلووفه‌ر حامدی” دوو ڕۆژنامه‌وانی ئازادیخواز پاش ١٧ مانگ به‌ندكران، به دانانی وه‌سیقه‌ی ١٠ ملیارد تمه‌نی له زیندان ئازاد كران.
“ئێلاهه محه‌ممه‌دی” و “نیلووفه‌ر حامدی” دوو هه‌واڵنێری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق بوون كه پاش قه‌تڵی حكوومه‌تی “ژینا ئه‌مینی” له‌گه‌ڵ “ئه‌مجه‌د ئه‌مینی” باوكی ژینا وتوووێژیان كرد و ڕاپۆرته‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه. ئه‌و دوو ژنه ئازادیخوازه له‌لایه‌ن قازی سه‌ڵه‌واتی بۆ ماوه‌ی ١٧ مانگ له زیندان دا به‌ندكران به‌ڵام كۆڵیان نه‌دا، تاكوو ڕۆژی ڕابردوو به دانانی وه‌سیقه‌ی قورسی ١٠ ملیارد تمه‌نی و به‌شێوه‌ی كاتی ئازاد كران. “ئه‌مجه‌د ئه‌مینی” و “وریا غه‌فووری” له دوو پیامی جیاجیادا، ئازادی ئه‌و دوو هه‌واڵنێره‌یان پیرۆزبایی كرد و “ئه‌مجه‌د ئه‌مینی” ڕایگه‌یاند: ئازادیتان به‌دوای ٤٠٠ ڕۆژ زیندانی سه‌خت و دوور له بنه‌ماڵه، هه‌موومانی شاد كرد و كاممانی شیرین كرد. شایانی باسه كه سپای پاسداران پاش ئازادی ئه‌و دوو ڕۆژنامه‌وانه و تۆڕدانی حیجابی ئیجباری له‌به‌رده‌م زیندان، داوای له ده‌زگای قه‌زایی كردووه په‌روه‌نده‌ی تازه‌یان بۆ ساز بكات.