مونا مەلەکی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی کورد و خەڵکی سنە کە زیاتر لە چوار مانگە دەستبەسەر کراوە، پاش ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی کرماشان و سنە، بەبێ تەواوکردنی ماوەی چاکبوونەوە و لە دۆخێکی نالەباری تەندروستیدا، گەڕێندرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە.
ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەز، ناوبراو دوای ١٥ ڕۆژ لە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی کرماشان و «کەوسەر»ی سنە، پێش تەواوبوونی قۆناغی چارەسەر و بەدەستهێنانەوەی تەندروستیی تەواو، بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەکان گەڕێندرایەوە بۆ بەندی ژنانی گرتووخانەی ناوەندیی سنە.
